سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەتوندی ئیدانەی هێرشەكانی ئەم دواییەی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات
هەروەها رایدەگەیەنین كە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە بەهیچ شێوەیەك خزمەت بە دۆزی كورد ناكەن، بەڵكو بە پێچەوانەوە دەبنە هۆی لەباربردنی پرۆسەی ئاشتەوایی بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆزە.
هاوكات داواش لە توركیا دەكەین كە كاردانەوەكەی بۆمبارانكردنی ناوچە سنووریەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق نەبێ، لەبەر ئەوەی بۆمبارانەكە بووە هۆی ئەوەی زەرەر وزیانی گیانی و ماڵی بە هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە بكەوێ.
جارێكی دی بە توندی ئەو هێرشانەی پارتی كرێكارانی كوردستان ئیدانە دەكەین و رێگاش نادەین خاكی هەرێم وەكو پێگەیەك بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەكار بهێنرێ.
هەروەها بڕوابوونی پتەوی خۆمان بە گرتنەبەری رێگاچارەی ئاشتییانە و لێكگەیشتن و دایەلۆگ دووپات دەكەینەوە وەكو شێوازێك بۆ گەیشتن بە قۆناغێك كە تێیدا كۆتایی بە خوێنڕشتن بهێنرێ.
وتەبێژێك بەناوی
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
21/6/2010