پاراستنی باشووری كوردستان ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقیی هەموو لایەكمانە

پاراستنی باشووری كوردستان ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقیی هەموو لایەكمانە

كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێكی ناسك و هەستیاردان و، گەلی كوردستان بە قۆناخێكی زۆر چارەنووسسازدا دەرباز دەبێت، ئەم قۆناخە چارەنووسسازە پێویستی بە یەكێتی نەتەوەیی و یەكڕیزی نیشتمانی هەیە، بەداخەوە ماوەیەكە بارودۆخی ناوخۆیی كوردستان باش نییە و پەیوەندی نێوان پارچەكانی كوردستان و حیزبەكان لە ئاستێكی خراپدایە، لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە دەسەڵاتی باشووری كوردستان ناكۆكن و ئەوەندەی رەچاوی بەرژەوەندی حیزبی دەكەن نیو ئەوەندە رەچاوی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی ناكەن، لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان كێشەیان هەیە و رێكناكەون، لە باكووری كوردستان لە لایەك رژێمی توركیا پرۆسەی ئاشتی بە بنبەست گەیاندووە و لەلایەكی دیكەوە لایەنە سیاسییەكانی باكوور ناكۆكن، هەماهەنگیی نەتەوەیی بۆ پشتیوانی و هاوكاری یەكدی وەكو پێویست نابیندرێت، لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش سەرەڕای هەوڵەكان بۆ یەكگرتن و یەكدەنگی، یەكڕیزی و هەماهەنگی و كارنامەیەكی هاوبەش نییە، بۆ دەربازكردنی ئەم رەوشە نالەبارە پێویستە هەموو لایەكمان بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی لەبەرچاو بگرین و كار بۆ یەكێتی نەتەوەیی و یەكڕیزی نیشتمانی بكەین، بێگومان ئەم بارودۆخەی كوردستان لە هەموو لایەكمان دەخوازێ كەوا نزیكی یەكدی بین، بۆیە پێویستە لە نزیكترین كاتدا كار بكەین بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی فراوان بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكان و بۆئەوەی لە كۆبوونەوەكەدا نەخشە رێگایەك بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكان دابڕێژین.
پاراستنی باشووری كوردستان ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقیی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە
باشووری كوردستان كە جێی ئومێدی هەموو كوردستانییانە، لەدوای راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ بە كۆمەڵێ هەورازو نشێودا تێپەڕیوە، وەكو ئەزموونی حوكمداری گەلی كوردستان بێ كێشەو بێ گرفت نەبووە، بەڵام سەرەڕای ئاستەنگەكان توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێ، بێگومان لە تەواوی جیهاندا حكومەت نیە بێ گرفت و بێ كێشە بێت، بەڵام كێشەو گرفتەكان لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە جیان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی تێگەيشتن لە سیستەمی حوكمداری لە هەر كۆمەڵگەیەكدا.
سەرەڕای هەموو كیشە و گرفتەكان پێشڤەچوونەكانی باشوور بەردەوامن، لە زۆر لاوە هەوڵدەدرێت گرفت و كێشەی زیاتر بۆ باشوور دروست بكرێت، لەلایەك هەڕەشەو هەڵوێستەكانی حكومەتی عێراق كەوا رۆژانە هەوڵدەدات خواستی خۆی بسەپێنێتە سەر حكومەتی كوردستان، دوا دژایەتی عێراقییەكان بە (سوننە و شیعەوە) بۆ گەلی كوردستان سیناریۆ و شانۆگەرییەكەی پەرلەمانی عێراق بوو لە بەرەبەیانی ١٢ - ١١ - ٢٠٢٠ كە دەنگیاندا بۆ تێپەڕاندنی یاسای وەرگرتنی قەرزو كورتهێنانی بودجە، لەلایەكی دیكەوە هەرەشەو پاڵەپەستۆی وڵاتانی ناوچەكە و ناكۆكیی ناوخۆیی نێوان لایەنە سیاسییەكان ئەمانە هەموو وایان كردووە كە باشووری كوردستان رووبەڕووی كۆمەڵێ قەیران ببێتەوە، بۆ دەربازكردنی ئەم رەوشەی باشوور پێویستە هەموو هێزو لایەنەكان هاوكاربن و بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی رەچاوبكەن و لەڕێی دیالۆگ و لەیەكترگەیشتنەوە چارەسەری ئەو گرفتانە بكەن كە دێنە پێشەوە، بێگومان بۆ ئەمەش راوێژێكی نەتەوەیی و نیشتمانی راشكاوانە پێویستە.
باشووری كوردستان ؛ سەرەڕای قەیران و گرفتەكان بۆتە ماڵێك بۆ كوردستانییان و، لەهەمان كاتدا بۆتە پەناگەیەكی ئارام بۆ تەواوی تێكۆشەران و ئازادیخوازان و لایەنە سیاسییەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان، ئەمەش وادەكات كە بەرەڤانیكردن و پاراستنی باشووری كوردستان ببێتە ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقی تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان و تەواوی كوردستانییان، لەسەر هەموو لایەكمانە لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن هەوڵبدەین پارێزگاری لەو بەشە ئازادكراوەی كوردستان بكەین و هاوكارو پشتیوانی بین.
لە باشووری وڵاتدا دەسەڵاتێكی كوردستانی هەیە و هەموو كورد بەچاوی ئومێدەوە لێی دەڕوانن، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نیشتمانی هەموو لایەك هاوكار و پشتیوان بین و خەبات بكەین بۆ پاراستن و چەسپاندن و پێشڤەبردن و سیستماتیككردنی دەزگاو دامەزراوەكانی باشووری كوردستان، لێرەوە بانگ لە هەموو لایەنە كوردستانییەكان دەكەین، كەوا هاوكاربن و رەچاوی هەستیاری بارودۆخی كوردستان بكەن و، وەكو ریزگرتن لە خوێنی پاكی شەهیدان و قارەمانێتی پێشمەرگە و خۆڕاگری گەلی كوردستان؛ لە هاتنە پێشی هەر ناكۆكییەكدا ؛ ناكۆكییەكانیان لەسەر مێزی دیالۆگ و لەیەكترگەیشتن چارەسەر بكەن، لەبەرئەوەی سەردەم سەردەمی دیالۆگ و لەیەكترگەیشتن و لەهەڤهاتنە، نەك سەردەمی پەنابردنە بەر هەڕەشەو توندو تیژی.
هەموو لایەك ئەوە دەزانین كەوا هیچ كۆمەڵگەیەك بێ كێشەو گرفت نییە، كوردستانیش وەك هەر كۆمەڵگەیەكی زیندوو كۆمەڵێ كێشە و گرفتی هەن، كێشەو گرفتەكانی كوردستان باكگراوندێكی سیاسی و مێژووییان هەیە، رەنگدانەوەی واقیعی دووبەرەكی و ناكۆكیی سیاسیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستانن، بۆیە چارەسەری ئەم پرسە پەیوەستە بە چارەسەری گرفت و ناكۆكیی مێژوویی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بۆ ئەمەش پێویستە لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان هەوڵی جددی بدەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان لەسەر بنەمای لەیەكترگەیشتن و، بە دیدگایەكی سەردەمییانە سیاسەتی نوێی جیهان بخوێننەوە و لەجیاتی بەرژەوەندی تەسكی حیزبی رەچاوی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی بكەن.
پێویستە PKK رەچاوی تایبەتمەندی باشووری كوردستان بكات و رێز لە یاسا و رێساكانی بگرێت
مایەی نیگەرانی هەموو لایەكمانە كەوا ماوەیەكە گرژی كەوتۆتە نێوان دوو هێزی سەرەكی باشوورو باكووری كوردستان (پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان PKK)، ئەمەش شەقامی كوردستانی نیگەران كردووە، PKK كەوا بانگەشەی پێكەوەژیان و ئاشتی و تەبایی و دیموكراتی و پاراستنی یەكڕیزی گەل و سەرجەم هێزو لایەنەكانی كوردستان دەكات پێویستە ئەمڕۆ لەهەموو كاتێك زیاتر لەپێناو یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی تێبكۆشێت و رەچاوی رەوشی باشووری كوردستان بكات، بەتایبەت لەم رەوشە هەستیارەی ئەمڕۆ كە كوردستان و ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبن، پێویستە هەموومان بە گیانی برایەتی و تەبایی و بەیەك گوتاری سیاسی یەكگرتوو لەسۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتییەوە بەرەنگاری هەرەشەو مەترسییەكان و هەموو كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم پێشكەوتنی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان ببینەوەو هەنگاو بنێین بەرەو یەكڕیزی و كاری كوردانە، بۆ ئەمەش پێویستە PKK رێز لە یاساو رێساو بڕیارەكانی حكومەتی كوردستان بگرێت و، خۆی بەدوور بگرێت لە هەر كارێك كە كیشە بۆ باشووری كوردستان دروست بكات، پێویستە PKK رەچاوی تایبەتمەندی باشووری كوردستان بكات و ئەو راستییە لەبەرچاو بگرێت كە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان بەرپرسیارێتی خەڵكی كوردستانیان لەسەر شانە و، لەهەمان كاتدا كۆمەڵێ ئیلتیزاماتی ناوچەیی و نێوەدەوڵەتییان هەیە و لەپێناو پاراستن و زامنكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان ناكرێ دەستبەرداریان بن، دەكرێت هەموو ئەو گرژی و گرفتانەی كە هەن، بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن؛ بەبێ پەنابردنە بەر هێرشكردن بۆ سەر یەكدی چارەسەر بكرێن، وەك ئاماژەمان پێدا سەردەم سەردەمی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنە، بارودۆخی كوردستانیش بارودۆخێكی زۆر هەستیار و ناسكە، لە لایەك هەرەشەی وڵاتانی دەوروبەرمان لەسەرە، لە لایەكی دیكەوە قەیرانی ئابووری و ناعەدالەتی و كۆمەڵێ قەیرانی دیكەی ناوخۆییمان وایكردووە ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان ئاڵۆز و زەحمەت بێت، لەهەمان كاتدا تیرۆریستانی داعش خۆیان رێكخستۆتەوەو رۆژانە هەڕەشە لە ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان دەكەن و فرسەت دێنن و هێرش دەكەنە سەر ئەو ناوچانە، هەروەها بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك كارەساتێكی مرۆیی رووبەڕووی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی بۆتەوە، سەرەڕای ئەمانە وەك بۆ هەموو لایەكمان روونە تا ئێستاش كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراق چارەسەرنەكراون، بۆیە ناكرێت لە رەوشێكی وادا كێشە و قەیرانی دیكە بۆ باشووری كوردستان دروست بكرێت، پێویستە سەركردایەتیی PKK بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ رەوشی باشووری بكەن و لە پەیامەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بگەن، كەوا بەردەوام جەختدەكاتەوە سەر ئەوەی كە هەموو لایەك پارێزگاری لە رەوشی باشووری كوردستان بكەن و، رەچاوی تایبەتمەندیی پارچەكانی كوردستان بكرێت و، بۆ كاری نەتەوەیی هاوكارو پشتیوانی یەكدی بن.
پەیمانێكی نەتەوەیی بۆ تەحریم و تەجریمكردنی شەڕی كورد و كورد
لە رەوشێكی وادا و بۆ خاوكردنەوەی گرژییەكان و رێگرتن لە توندوتیژی و شەڕ بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان داڕشتنی پەیمانێكی نەتەوەیی زۆر پێویستە، لەبەرئەوەی تا ئێستا نەخۆشیی گەورەی كوردان یەكدی قبووڵنەكردنە، بۆیە پێویستە پەیمانێكی نەتەوەیی دابڕێژرێت و لەو پەیمانەدا پرەنسیپە نەتەوەییە سەرەكییەكان دیاربكرێن و هەموو لایەكیش پەیمان بدەن كە پێیەوە پابەند دەبن و، رەچاوی تایبەتمەندی هەر بەشێكی كوردستان بكەن و لایەنە سیاسییەكان دەست نەخەنە كاروباری بەشەكانی كوردستان و هەر لایەنەو گۆڕەپانی خەباتی خۆی بناسێت و، لە كاری نەتەوەییدا هاوكارو پشتیوانی یەكدی بن، هەروەها خاڵی سەرەكیش لەو پەیماننامەیەدا پێویستە تەحریم و تەجریمكردنی شەڕی كوردو كورد واتە (كورد كوشتن) بێت و، پێویستە شەڕی كوردو كورد وەكو خیانەتی نەتەوەیی سەیر بكرێت، هەروەها لە پەیمانی نەتەوەییدا پێویستە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پەیمان بە كورد بدەن، كەوا لە كاتی كێشە و ململانێی حزبی پەنا بۆ چەك نەبەن و لەڕێی دیالۆگ كێشەكانیان یەكلایی بكەنەوە، بێگومان بوونی پەیمانێكی نەتەوەیی لەم شێوەیە لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان سەرەتایەك دەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەم نەخۆشیی یەكدی قبووڵنەكردنە و زۆر نەخۆشیی دیكەش، لەبەرئەوەی زۆر جار كە مرۆڤ لەیەكدی دوور دەبێت و لەڕێی كەسی سێیەمەوە شتی پێدەگات، شتەكان وەك خۆیان بە دروستی ناگەن، زۆر لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش وان، بەڵام ئەگەر پەیمانێكی نەتەوەیی هەبوو، هەموو لایەنەكان پێیەوە پابەند بوون، متمانەش دەگەڕێتەوە نێوان لایەنەكان و وردە وردە تەمی گومانەكانیش دەڕەونەوە و خەمی نەتەوەیی و كاری نەتەوەییش وادەكات لە یەكدی نزیك ببینەوە و گیانی یەكدی قبووڵكردنیشمان زیاتر بێت.
پێكهێنانی (ئەنجومەنی باڵای سیاسیی كوردستان)
پێویستە لەسەر هەموو ئاستەكاندا بەخۆماندا بچینەوەو سوود لە هەڵەكانی رابردوومان وەربگرین و كاربكەین بۆ رێكخستنەوەی ناوەندی سیاسی و ناوماڵی كوردستان و یەكخستنی بڕیاری سیاسیمان لەم پێناوەشدا پێویستە (ئەنجومەنی باڵای سیاسیی كوردستان) پێكبهێنین و هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو ئەنجومەنەدا كۆببینەوەو هیچ لایەك پەراوێز نەخرێت و، لەوێوەوە هەموو لایەك كار بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی بكەین و بەیەكگرتوویی بڕیار لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان بدەین، لەبەرئەوەی هێزی ئێمە لە یەكڕیزی و یەكدەنگیماندایە، هەر كاتێ یەكڕیزو یەكدەنگ بووبین، بەهێزبووین ؛ هەر كاتێكیش پەرش و بڵاو بووبین، بێهێز بووین وەك ئێستا، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا هەموو لایەكمان هاوكارو پشتیوانی یەكدی بین و لەپێناو گەلی كوردستان جلی تەنگی حزبایەتی باڤێژین جلی كوردایەتی لەخۆ كەین، شانۆگەرییەكی رۆژی ١٢ - ١١ - ٢٠٢٠ ی پەرلەمانی عێراق ئەوەی بەدەرخست كە عەرەبی عێراق بە سوننە و شیعەوە وەك هەمیشە هەموو لە دژی كورد یەكدەگرن و یەكدەنگن، ئەی باشە ئێمەی كورد بۆ یەكنەگرین بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو سیاسەتە شۆڤێنییەی عەرەبی عێراق؟ هەموو لایەكمان بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی كاربكەین، ئەگەر ئەوەمان نەكرد خۆمان زیانمەند دەبین، بۆیە بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە ئەمڕۆ گرنگە و سبەی درەنگە.
دەزگاكانی راگەیاندن پێویستە لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بن، نەك كاركردن بۆ بێڕێزیكردن و ناوزڕاندنی یەكدی
گەلی كوردستان لە ماوەی رابردوودا و تا ئێستاش زەحمەتییەكی زۆری كێشاوە و قوربانییەكی زۆری داوە، بە هەزاران لە رۆڵەكانی گەلی كوردستان لەپێناو خاك و خەڵكی كوردستان گیانی خۆیان بەخشیوە، ئەو زەحمەتی و قوربانییانە بۆ ئەوە نەبووە، لایەنە سیاسییەكان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان پشت لەو گەلە وڵاتپارێزە بكەن و رووبەڕووی ئەو هەموو قەیران و زەحمەتییانەی بكەنەوە، گەلی كوردستان بە تەواوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانەوە شایانی رێزگرتن و خزمەتكردنی زیاترە، لەسەر هەموو لایەكمانە بەو ئاراستەیە كاربكەین و خزمەتی زیاتری گەلەكەمان بكەین، بۆ ئەوەی گیانی شەهیدان و ویژدانی خۆمان ئاسوودە بكەین.
ئەم رەوشەی ئێستای كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر یەكڕیزی و یەكدەنگی و بەیەكەوە كاركردنمان لێدەخوازێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان بگەڕێنەوە سەر مێزی دیالۆگ و لەوێوە چارەسەری كێشەكانیان بكەن، و ناوەندی سیاسیی كوردستان رێك و یەكبخەنەوە، نەك لە راگەیاندنەوە پەنا بۆ بێڕێزیكردن بە یەكدی ببەن، هەڵمەتی راگەیاندن پێویستە لە خزمەتی بارودۆخی ئێستای كوردستاندا بێت، نەك بۆ بێڕێزیكردن و ناوزڕاندنی یەكدی، پێویستە هەرچی زووە ئەو هەڵمەتی راگەیاندنەی كە هەیە رابگیرێت و بخرێتە خزمەت چۆنیەتی قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و بەیەكەوە كاركردن.
پێویستە هەموو لایەكمان خەمێكی جددی لە ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان بخۆین و نەخشە رێگایەكی كوردستانییانە بۆ چۆنیەتی دەربازبوون لە قەیرانەكان دابڕێژین و كاری لەسەر بكەین، با خەمی هەموو لایەكمان خەمی خاك و خەڵك بێت نەك خەمی دەسەڵات و گیرفان.





((سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK)).
Top