پرەنسیپی سەروەریی یاساو مافەکانی مرۆڤ و پەیوەندییان بە کێشەی توندوتیژی و ناسەقامگیریی سیاسی.. ھەرێمی کوردستان بە نموونە
August 30, 2020
وتار و بیروڕا
پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان سەروەریی یاساو مافەکانی مرۆڤ و کێشەی توندوتیژی و ناسەقامگیریی سیاسیی ھەیە، بە پلەی سەرەکی یەکێک لە دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی لادانە لە پرەنسیپ، بۆیە بە پێویستی دەزانین خوێندنەوەیەک بکەین بۆ چەمکی سەروەریی یاساو مافەکانی مرۆڤ و پەیوەندییان لەگەڵ یەکدیدا، دواتر شیکردنەوەی ناوەرۆکی کێشەی توندوتیژیی سیاسی و ھۆکارو جۆرەکانی، دواجار سەقامگیریی سیاسی و ھۆکارو شێوازو دەرئەنجامەکانی، لە کۆتاییشدا دەست نیشانکردنی پەیوەندیی سەروەریی یاساو مافەکانی مرۆڤ و گیروگرفتی توندوتیژی و ناسەقامگیریی سیاسی، سەرەتا ئاماژە بەوە دەکەین کە سەروەریی یاساو مافەکانی مرۆڤ قۆناغێکی گرنگە لە پێشکەوتنی بیری مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی گشتی و یاسایی بە شێوەیەکی تایبەتی، ئەمە لەوە بەدیاردەکەوێت کە سەروەریی یاسا پەیوەندییەکی قووڵی ھەیە بە بابەتی مافەکانی مرۆڤەوە، ناتوانین بە ھیچ شێوازێک لێکیان جودابکەینەوە.
یاسا سەروەر نابێت ئەگەر ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ نەگیرێت، ئەو مافانەش ھیچ زەمانەتێکیان نییە بەبێ سەروەریی یاسا، چونکە یاسا میکانیزمێکی گرنگە بۆ ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵگاکان و گرنگییەکی تایبەتی ھەیە لە قۆناغەکانی مێژووی ئەو کۆمەڵگایانە، بە تایبەتی ئەوانەی بەرەو ژیانی دیموکراسی و سیاسی وئابووری و کۆمەڵایەتی دەچن، بۆیە یاسا پەیوەندییەکی قووڵی ھەیە بە سیستەمی سیاسی وئابووری و کۆمەڵایەتی، چونکە پرەنسیپەکانی یاسا بنچینە پێویستییەکانی ئەم سیستەمە سیاسییە دابین دەکەن، بۆیە ھەر پێشێلکارییەک لەم بوارەدا ئاسەواری بۆسەر کۆمەڵگا دەبێت، ئاماژە بەوە دەکەین کە پرەنسیپەکانی یاسا دامەزراوەو کەسەکان دەگرێتەوە، ھەمووان دەبێ بە یەکسانی پەیوەستی یاسا بن، لە ئەدەبییاتی یاسا پێی دەگوترێت( مەشروعییەت)، چونکە دەبێ دامەزراوەکان لە ھەڵسوکەوتیان پشت بەم پرەنسیپانە ببەستن، ئەمەش بە چاودێریکردنی کارو کردەوەکان ئەنجام دەدرێت، لە ھەمان کاتدا دەبێ کەسەکانیش پەیڕەوی یاسا بکەن و پێوەی پابەند بن، چونکە ئەمە پەیوەستە بە بەرژەوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، دەبێ جۆرە ملکەچییەک ھەبێت بۆ یاسا لەسەر بنەمای پرەنسیپی پلەبەندیی یاسایی، سەرەتا لە دەستوور دوای ئەو بە یاسا و ڕێساو ڕێنماییەکان و دەبێ لە فۆرم و ناوەڕۆکەوە پەیڕەو بکرێت، لە ھەمان کاتدا ئاماژە بە خاڵێکی گرنگی سەروەریی یاسا بە شێوازێکی ڕەھا ناکرێت، چونکە ھەندێ شێوازی یاسایی ھەیە وا دەکات کە ئەم ڕەھاییە نەبێت، بۆ نموونە دەسەڵاتی تەقدیریی ئەوەی یاسا جێبەجێ دەکات کە چەند ئۆپشنی ھەیەو باشترین ئۆپشن ھەڵدەبژێرێت، ھەروەھا باری نالەبار کە حاڵەتێکی پرەنسیپەکانی یاسا دێتە ئاراوە، ناتوانن چارەسەری بکەن، لەسەر ئەم بنەمایە چونکە مەترسیی ھەیە، لە دەرئەنجامدا پەیوەندیی سەروەریی یاسا بە سروشتی قۆناغی تازەی گەلان گرنگە، پێویستە لەگەڵ ئەم بنچینە پێویستییانە بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی قۆناغەکە بگونجێت.
دەربارەی مافەکانی مرۆڤ بابەتێکی یاسایی ھاوچەرخە، کۆمەڵێک دەقی یاسایی پەیوەستن بە مافی مەدەنی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتووری، لەوانە مافی بنچینەیی و مافی نابنچینەیی، ھەروەھا مافی مەدەنی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەیە، ھاوکات مافی تاکەکەس و مافی بەکۆمەڵ ھەیە، ھەر چۆن مافەکان دابەش بن، ئاماژە بەوە بکەین کە مافی مەدەنی و سیاسی و مافی مرۆڤ لە بەشداریکردن لە حوکمڕانی وڵات و کۆبوونەوە و پێکھاتەی حزبەکان و مافی دەربڕینی بیروڕا، ھەروەھا مافی مرۆڤ لە ڕەگەزنامەو ھاتوچوو و ئاسایشی تاکەکەسی و ڕزگاربوون لە ھەر مامەڵەیەکی نامرۆڤایەتی. مافی مرۆڤ مافەکانی ئابووری دەگرێتەوە لە موڵکییەت و کارکردن و کرێی خوێندن، مافەکانی کۆمەڵایەتی بریتین لە پێکھێنانی خێزان و شوێنی گونجاوی نیشتەجێ بوون و سوودوەرگرتن لە ھەموو خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵ، ئەمە لە جاری گەردوونی مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨ دەرچووە، دوای ئەو قۆناغێکی دیکەی گرنگ دەستی پێ کرد، دوو ڕێکەوتننامە، ڕێککەوتننامەی مافەکانی مەدەنی و سیاسیی مرۆڤ ساڵی ١٩٦٨ ، کە باس لەو مافانە دەکات، ھەروەھا ڕێککەوتننامەی مافەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتووری ھاتە کایەوە لە ساڵی ١٩٦٦، لەسەر ئەم بنەمایە یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ دەرچوو، زۆر لە یاساکانی ناوخۆو یاساکانی نیشتمانی پەیڕەوی ئەم یاسایە دەبن، ئەمانەش سەرچاوەیەکن لە سەرچاوەکانی سیستەمی بنەڕەتیی دادگای دادوەریی نێودەوڵەتی، بۆیە دەبێ لەسەر ئەم بنەمایە پێشێل نەکرێن، بۆچوونەکانی مافەکانی مرۆڤ سێ نەوەن، نەوەی مافەکانی مەدەنی وسیاسی و نەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتووری و نەوەی مافی گەلان لە پێشکەوتنی ئابووری و سیاسی، ئەگەر بێینە سەر پەیوەندیی ئەم پرەنسیپە بە کێشەی توندوتیژی و ناسەقامگیریی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەین کە توندوتیژیی سیاسی چالاکییەکە مەبەستی وەرگرتنی ھەڵوێستێکە بەرامبەر کۆمەڵایەتی و ئابووری، ئەمەش چەند شێوازێک دەگرێتەوە لەوانە شێوازی خۆپیشاندان و گردبوونەوەو ئەنجامەکانی، ھۆکارەکانی توندوتیژیی سیاسی پەیوەستن بە ژینگەو پێکھاتەی کۆمەڵ و ھەستکردنی ھاووڵاتیان بە نامۆبوون بەرامبەر بە سیاسەتی حکومەت، پێیان وایە کە سیاسەت و حکومەت بە دوو ئاراستە بەڕێوە دەچن، بۆیە دیاردەیەکی دوژمنکاری بۆ دەسەڵات دەست پێ دەکات، واتا ھیچ شێوازێک نییە پەنای بۆ بەرن تەنیا توندوتیژی نەبێت، لە بەرامبەردا حکومەت پەنا دەبان بۆ گرتن و ئەوانیش خۆپیشاندان سازدەکەن، لێرەدا فاکتەرە ئایدیۆلۆجییەکان ڕۆڵی خۆیان دەبینن، سەرکردەکان و ڕێکخستن ڕۆڵی خۆیان دەبێت.
دووجۆر توندوتیژیی سیاسی ھەیە، توندوتیژیی دەسەڵات، توندوتیژیی ئەو کردەوانەی ھاووڵاتیان پەنای بۆ دەبەن، توندوتیژیی ڕەسمی و جەماوەری ھەیە، ئەم توندوتیژییە خۆپیشاندان و گردبوونەوەیە، ڕاپەڕین و ڕووبەڕووبوونەوەیە، تەنانەت بەرەو کودەتاو شۆڕشیش دەچێت، ھەر چۆنێک بێت توندوتیژیی سیاسی پشت دەبەستێت بە پلەی پێشکەوتنی کۆمەڵ، واتا لە کۆمەڵە پێشکەوتووەکان شێوازێکەو لەوانی دیکە شێوازی جیایە، ئەمە دەوەستێتە سەر چۆنێتیی ڕێکخستنی دەستووریی یاسا بۆ ئەم مەسەلانە.
ئەگەر باسی ناسەقامگیریی سیاسی بکەین، دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە ململانێ لە کۆمەڵگا مەسەلەیەکی سروشتییە، بەڵام کە لە شێوازە دامەزراوەییەکان دەردەچێت و شێوازی دیکە وەردەگرێت، ئەوکاتە ناسەقامگیریی سیاسی سەرھەڵدەدات، بۆیە ناسەقامگیریی سیاسی گۆڕانکاریی بەپەلەی لێ دەکەوێتەوە، شەرعییەت جۆرە پاشگەزبوونەوە دەبینێت لە سیستەمی سیاسی، پەنا نابردرێت بۆ شێوازە دەستووری و یاساییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دەسەڵاتیش ناتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات، چونکە پەیوەستە بە ژینگەی ئەم دەسەڵاتە سیاسییەوە. شێوازەکانی سەقامگیریی سیاسی و پاشگەزبوونەوەی دامەزراوەیی گرنگە چ لە ڕووی حکومەتەوەو چ لە حزبەکان، لووبییەکان، پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری، ئەوانە کە تووشی پاشگەزبوونەوەیەکی دامەزراوەیی دەبن، چەند قەیرانێک پەیدا دەبێت، لە سەروویانەوە قەیرانی شەرعییەت، کە سیستەمی سیاسی ناتوانێت قەناعەت پەیدا بکات لای کۆمەڵگا، لە ئەنجامدا ئەو سیستەمە وای لێ دێت کە متمانە نەمێنێت لەنێوان دەسەڵات و ھاووڵاتیان ، ناچار پەنا دەبەن بۆ توندوتیژیی سیاسی و ڕێز لە یاساو ڕێساو ڕێنماییەکان نەگیرێت، قەیرانێکی دیکە پەیدا دەبێت پێی دەڵێن قەیرانی ھاوبەشبوون، یان بەشداریبوون، ئەو چالاکییەی کە ھاووڵاتی پەنای بۆ دەبات بۆ کارکردن لە ژیانی سیاسی لە دەوڵەت و مافی ھاووڵاتی لە چاودێریی بڕیارە سیاسییەکان، ئەمەش جۆرە پاشگەزبوونەوەیەکی تێدایە، کە خۆی لە مەسەلەکانی ھەڵبژاردن و ڕاگەیاندن و گردبوونەوەو مافی ئۆپۆزسیۆن دەبینێتەوە، قەیرانێکی دیکە دێتە ئاراوە، ئەویش قەیرانی نەتوانایی دامەزراوە حکومییەکان لە ڕووی ڕێکخستنی و ئابوورییەوە لە بەڕێوەبردنی کێشەکان بە تایبەتی قەیرانەکان، ھەروەھا جۆرە قووڵاییەک لە نێوان دەستەبژێری حوکمڕانی و جەماوەر دەست پێ دەکات، فاکتەرە ئابوورییەکان وەک قەیرانی ئابووری و زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوان، بێکاری، قەرزی دەرەکی، بەرزبوونی نرخەکان، ھەڵاوسان، کەمیی مووچەو کرێیەکان، وا دەکەن کە ئەم کێشەیە پەیدا بێت، ھەندێ مەسەلەگەلی دیکەش ھەن کە پەیوەستن بە یەکبوونی نیشتمانی بە فاکتەری جوگرافی یان ڕەگەزی یاخود زمانەوانی، یان پێکھاتەی کۆمەڵ. فاکتەری دەرەکیش کاریگەریی ھەیە لەم ڕووەوە، چونکە میکانیزمی سیاسی ھەیە بۆ دەستێوەردان لە ناوخۆدا بۆ نموونە پێکھێنانی حزبەکان، یان ئابووریی مەرجدار، کودەتا سەربازییەکان، کۆمپانیای فرەڕەگەزیش ڕۆڵی گرنگ دەبینێت.
ناسەقامگیریی سیاسی زۆر شێوازی ھەیە، بۆ نموونە ناسەقامگیریی سیاسی لە بواری حکومی کە زوو زوو حکومەت دەگۆڕێت، ھەروەھا ناسەقامگیریی سیاسی لە بواری دەستێوەردانی میلیتاری لە کاروباری حکومەت، پێشێلکردنی دەستوور، دەرئەنجامی ناسەقامگیری یان ڕاپەڕینە یان خۆپیشاندانە یان شۆڕشە، چاکسازی چارەسەری ئەم کێشانە ناکات، چاکسازی ھەندێ میکانیزمە، ھەروەھا کودەتا چارەسەر ناکەن، مەترسی ئەوەیە شەڕی ناوخۆ دەست پێ بکات، کە ئاسەواری مەترسیداری دەبێت، گرنگترین شێواز بۆ ئەم مەسەلەیە شێوازی خۆپیشاندانە، خۆپیشاندان وەک زانستێک ئێستا لە ئەدەبییاتی ئەمنی دەخوێندرێت، سەرەتاو ناوەندو کۆتایی خۆپیشاندان و دروشم و دەرئەنجامەکان، باری سایکۆلۆجیی خۆپیشاندەران ئەمانە ھەموویان گرنگن و ڕۆڵی خۆیان دەبینن، لەوانەیە دیاردەی کوشتنی سیاسیشی تێ بکەوێت، ھەروەھا دیاردەی بەبارمتەگرتن و تەقاندنەوەو شەڕی پارتیزانی ھەبێت لە شوێنێک واتا لێدەو ڕابکە، دەرئەنجامەکانی زۆر مەترسیداران، وا دەکات پەنا بۆ خەرجییەکانی ئەمنی و بەرگریی نیشتمانی ببرێت، دووربکەونەوە لە خەرجی ئابووری و گەشەپێدانی، دیاردەی نیگەرانیی کۆمەڵایەتی پەیدا دەبێت و دەبێتە ھۆی کۆچکردنی عەقڵ لە وڵات، لە ناوخۆش چەقبەستیی دەسەڵات سەرھەڵدەدات، حکومەت بەسەر پەرلەماندا زاڵ دەبێت، ڕەنگە سیستەمی تاکڕەویی حزبیش بیت، لە ئەنجامدا دیموکراسییەت شکست دێنێت، لە بواری سیاسەتی دەرەوەش جۆرە بێھێزی و دوودڵی و دروستکردنی قەیرانی دەروە دێتە ئاراوە. دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە پرەنسیپی سەروەریی یاساو مافەکانی مرۆڤ و پەیوەندییان بە کێشەی توندوتیژی و ناسەقامگیریی سیاسی، ئەم توندوتیژی و ناسەقامگیریی سیاسییەش یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی مەترسیی پێشێلکردنی پرەنسیپی سەروەریی یاساو مافەکانی مرۆڤە، بۆیە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ ھەیە لەنێوان ئەم پرەنسیپەو ئەم گرفتە.
لە ھەرێمی کوردستان باکگراوندی مێژوویی ھەر لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، گۆڕانکارییەک لە باری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ھەرێمی کوردستان ھاتە کایەوە، ژیان ڕێکخرا بە کۆمەڵێک یاسا کە پەیوەستن بە پێکھێنانی حزبە سیاسییەکان و ھەڵبژاردن و مافی خۆپیشاندان و گردبوونەوە، واتا خاڵێکی وەرچەرخان بوو، چونکە پێش ئەو سیستەمێکی تۆتالیتاری لە حوکمڕان بوو، کە ئەم شتانە نەبوون، بەڵام دوای ڕاپەڕین ئەم مەسەلانە ھاتنە کایەوە، لە ھەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک پرەنسیپەکانی تێدا پەیڕەو دەکرا، ھەرچەندە ھەندێک قۆناغی مەترسیدار ھەبوون، وەک شەڕی ناوخۆو کاریگەریی لەسەر ھەڵسوکەوت و دواڕۆژی دیموکراسییەت، بەڵام ھەر چۆن بێت بوونی نۆ کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا چوار خولی پەرلەمان، میکانیزمەکانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، پێکھێنانی حکومەت و پەنابردن بۆ کەسانی متمانەدارو تەکنۆکرات لە حوکمڕانی، ئەمانە ھەموو فاکتەری پۆزەتیڤن، بەڵام لە ھەمان کاتدا پێویست بەوە دەکات کە ئاماژە بە خاڵی دیکە بکەین کە پێویستە بە توێژینەوەو شیکردنەوەو ھەڵسەنگاندن لەسەری ھەڵوەستە بکەین، ھەندێ یاسا پێویستیان بە گۆڕانکاری ھەیە، لە ئەنجامی بارودۆخێکی تازەو قەیرانی ئابووری و ھەندێ پەتاو نەخۆشی کە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگا ھەیە، ھەروەھا لە ئەنجامی بوونی دروستکردنی دوژمنکاریی دەسەڵات، وا دەکات داڕێژەری بڕیاری سیاسی پەنا بۆ ئەم مەسەلەیە ببات، ئایا بە چاکسازی چارەسەر دەکرێت یان بە شێوازەکانی دیکە؟ بە ڕای من چاکسازی یەکێکە لە میکانیزمەکانی چارەسەر، بەڵام پێویستیمان بە میکانیزمەکانی دیکەش ھەیە، کە بریتین لە خۆڕێکخستنەوەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، بوونی دەستوور وەک سەقفێک بۆ دامەزراوەکانی دەسەڵات، کە نەبوونی دەستوور وا دەکات کە ژیان بە پچڕ یچڕ بەڕێوە بچێت، بۆیە دەبینین ماوە ماوە دیاردەی خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، ھەندێکیان داواکاری توێژیان ھەیە، ھەندێکیشیان لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی پەیوەست بە سیستەمی حوکمڕانی و مەسەلەکانی ھەڵبژاردن، ھەر چۆن بێت ئەم دیاردەیە تا ڕادەیەک داڕێژەری بڕیاری سیاسی لە ھەرێم بە عەقڵ و لۆژیک مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، ھەروەھا چارەسەری بە پەلە ھەیە بۆ کێشەکان، خۆشبەختانەش نەگەیشتووینەتە ئاستی گرتنی فراوانی ھاووڵاتیانی بەشداربوو یان ئاراستەکردنیان بۆ دادگا، ئەم مەسەلەیە زۆر گرنگە، بۆیە بە گرنگم زانی ئاماژەی پێ بکەم.