لە مەراسیمى سەد ساڵەى پەیماننامەى (سیڤەر) دا : سەربەخۆیى كوردستان فاکتەرى چەسپاندنى ئارامییە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا

لە مەراسیمى سەد ساڵەى پەیماننامەى (سیڤەر) دا : سەربەخۆیى كوردستان فاکتەرى چەسپاندنى ئارامییە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا

غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتی YNDK رۆژی ١٠ / ٨ / ٢٠٢٠ لە رێوڕەسمی یادکردنەوەى سەد ساڵەى پەیماننامەى (سیڤەر)دا، کە ئەنستیوتى کورد لە پاریس ئامادەسازى بۆکردبوو، لە شاری (پاریس)ی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو، لە رێگەى ڤیدیۆ کۆنفراسەوە بەشداریکرد و وتارێکى پێشکەشکرد و، رایگەیاند کەوا جێبەجێنەکردنى پەیماننامەی سیڤەر بۆتە هۆكاری ئەوەى كە تا ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ناوچەكە هێمنی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت و شەڕو خوێنڕشتن درێژەى هەبێت، هەروەها وتى سەربەخۆیى كوردستان فاکتەرى چەسپاندنى ئاشتى و ئاسایش و ئارامییە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. ئەمەش دەقى وتارەکەیە :

بەڕێزان کۆمیتەى رێڤەبەرى سەد ساڵەى پەیماننانەى (سیڤەر) ...
خوشكانى ئازیز ... برایانى بەڕێز ...
ئامادەبووانى خۆشەویست ...

سڵاوى سەرخۆبوون و ئازادیتان لێبێت و، هەموو لایەك بەخێربێن سەرسەرو سەرچاوان.
بەڕێزان ؛ ئەمڕۆ ئێمە کە هەموومان لێرەدا لە كۆبوونەوەیەكی زۆر گرنگ و لە رۆژێكی دیرۆكیدا كۆبووینەتەوە، بۆئەوەی باس لە پەیماننامەیەكی گرنگ بكەین كە پەیوەست بووە بەداهاتووی كورد، ئەویش پەیماننامەى سیڤەرە، ئێستا و دواى سەد ساڵ بە هیواوە سەیرى ئەو پەیماننامەیە دەکەین، ئەمڕۆ (10 / 8 / 2020) ؛ رۆژێكی گرنگ و دیرۆكییە لە مێژووى گەلى کوردستاندا ، سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەى (سیڤەر)دا تێپەڕدەبێت، لە رۆژێکى وەکو ئەمڕۆدا لە (10 / 8 / 1920) پەیماننامەى سیڤەر مۆڕکرا، لەو پەیماننامەیدا کۆمەڵێ ماف كە پەیوەست بوو بەداهاتووی كورد بۆ گەلى کوردستان دیارکرا، بەڵام دواتر پەیماننامەکە وەک خۆى جێبەجێ نەکرا و خەونەکانى گەلى کوردستانیش لەباربران، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا و دواى سەد ساڵ کورد بە هیواوە سەیرى ئەو پەیماننامەیە دەکەن.
وەكو خۆتان دەزانن گەلی كوردستان بەدرێژایی مێژوو لە خەبات و تێكۆشان و بەرخوداندا بووە لەپێناو وەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی خۆیدا و، گەورەترین زوڵمی مێژووییش كە لە گەلی كورد كرابێت رێكەوتننامەى (سایكس - پیكۆ) بووە لە ساڵی 1916دا، دواى ئەوەى کوردستان لە ئەنجامى شەڕى چاڵدێران دابەشى سەر هەردوو ئیمراتۆریەتى عوسمانى و سەفەوەى کرا، جارێكی دیكە و سەرلەنوێ کوردستان بەپێى رێکەوتننامەى (سایکس - پیکۆ) دابەشی سەر (عێراق و توركیاو سوریاو ئێران) کرا، راستە ئەو ریکەوتننامەیە بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ئەو ناوچەیە بوو، بەڵام لەهەمان کاتدا زوڵمیکى گەورەش بوو لە کورد و گەلى کوردستان کرا، بێگومان گەلی كوردستان هەر لەسەرەتاوە رێكەوتننامەی (سایكس - پیكۆ)ی ڕەتكردەوەو پێی ڕازی نەبوو.
دوای چوار ساڵ لە رێكەوتننامەی (سایكس - پیكۆ) هەوڵێك هاتە ئاراوە كە ئەویش پەیماننامەی (سیڤەر) بوو، بەپێی ئەو پەیماننامەیە لە بەندەكانی (62 و 63 و 64) كۆمەڵێ ماف بۆ گەلی كوردستان دیاركرابوو، بەپێی ئەو پەیماننامەیە دەبوایە دوای ساڵێك گەلى كوردستان وەك هەر گەلێکى دیکەى ناوچەکە خۆى خۆى بەڕێوەببات و، دواتر هەوڵبدات لەسەر خاکى خۆى بینای وڵاتی خۆی بكات و، هەوڵ بدات وەك چۆن لە رابردوودا رۆڵێكی كارای هەبووە لە بیناكردنی شارستانییەتی ناوچەكەدا بەهەمان شێوە لەداهاتوودا رۆڵێكى كارا ببینێت لە بیناكردنی كۆمەڵگایەكی مۆدێرن و پێشكەوتوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام بەداخەوە ئەو پەیماننامەیە جێبەجێنەكرا و، ئەوە بوو پەیماننامەی لۆزان كە لەساڵی 1923 هاتە پێشەوە ئەو پەیماننامەیە ئەو خەونەی كوردی لەباربرد کە لە سیڤەر بەرنامەڕێژى بۆ کرابوو، جارێكی دیكە لە (لۆزان) زوڵم لە گەلی كوردستان كرایەوە، كەمالییەكان زوڵمێكی گەورەیان لەگەلی كوردستان كرد كە مافی رەوای گەلی كوردستانیان نەدا و، نەیانهێشت ویلایەتی موسڵ خۆبەڕێوەبەری رابگەیەنێ، دواتر کە ویلایەتی موسڵ لەساڵی 1925 كە بەعێراقی عەرەبییەوە لكێندرا جارێكی دیكە ئەو خەونەی كورد لەباربرا.
ئێمە ئەگەر تێبینی بكەین لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا، كە پەیماننامەی سیڤەر جێبەجێنەكرا، ئەوە بۆتە هۆكاری ئەوەى كە تا ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ناوچەكە هێمنی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت و شەڕو خوێنڕشتن لە رۆژهەڵاتى ناڤیندا درێژەى هەبێت، جێبەجێکردنى پەیماننامەى (سیڤەر) فاکتەرێکى سەرەکییە بۆ چەسپاندنى ئاشتى و هێمنى و ئارامى لە رۆژهەڵاتى ناڤین و بگرە جیهانیشدا، بێگومان پێویستە هەموو لایەک ئەو راستییە بزانن کە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان و گەیشتنی گەلی كوردستان بەمافە رەواكانی خۆی گەورەترین فاكتەری چەسپاندنی هێمنی و ئارامییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، تەنها و تەنها لەو رێگەیەوە دەتوانرێ ئەو هێمنی و ئارامییەی كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیخوازێت لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بچەسپێ وەدەست بهێنرێت، واتە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان فاکتەرى چەسپاندنى ئاشتى و ئارامییە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا.
ئەگەر ئێمە تێبینی بكەین دەبینین كە ئەو پەیماننامە گرنگەی سیڤەر جێبەجێ نەكراوە، ئەوە هۆکارى سەرەکى بووە کە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناڤین هێمنی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت، ئەمەش شەرمەزارییەكی گەورەیە بۆ تەواوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە ئەمڕۆ نەتەوەیەكی زیاتر لە (50) ملیۆن مرۆڤ لەهەموو مافێكی خۆی بێبەشكراوە و، لەلایەن چوار دەوڵەتی ناوچەكە (عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا) دەچەوسێندرێتەوەو مافەكانی پێشێل دەکرێت، بۆیە لەسەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتى پێویستە جارێكی دیكە هەوڵبدات بۆ زیندووكردنەوەو کاراکردنەوەی پەیماننامەی سیڤەر و، هاوكاربێت بۆ ئەوەی دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت.

ئامادەبووانى بەڕێز ...
بۆ زیندووکردنەوەو کاراکردنەوەى پەیماننامەى سیڤەر ؛ ئێمە وەكو گەلی كوردستان پێویستیمان بەوە هەیە كە لە داهاتووێكی نزیكدا بۆردێكمان هەبێت و، وەک ئەرکێکى نەتەوەیى و بەپەلە پێویستە (بۆردی كاراكردنەوەی پەیماننامەی سیڤەر) دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگەی ئەو بۆردەوە كاربكەین و جارێكی دیكە ئەو پەیماننامەیە زیندووبكەینەوەو هەوڵبدەین لەو رێگەیەوە داوای مافە رەواكانی خۆمان بكەین، بۆئەمەش پێویستە هەرسێ ماددەی (62 و 63 و 64)ی پەیماننامەی سیڤەر كارا بكەینەوەو بەپێی ئەو ماددانە داوای مافە رەواكانی خۆمان بكەین، لەو پێناوەشدا پێویستە هەموو تاكێكی كوردستان بەو ئاراستەیە كار بكات، لەهەمان کاتدا پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بزاڤێکى خورت بکەین، بۆئەوەى بتوانین كاریگەریمان لەسەر ناوەندە بڕیاربەدەستەکانى ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتانی دیكەش هەبێت، لەم رووەوە رەڤەندی كورد دەتوانێت رۆلێكی كارا بگێرێت، لێرەوە داوا دەكەین کەوا رەڤەندی كورد زیاتر رێكبخرێت و بەشێوەیەکى ئۆرگانیزەکراو ئاڕاستەى كارو خەبات بكرێت، هەروەها لەناوخۆی كوردستانیش پێویستە هەموومان پێكەوە هەوڵبدەین و بەو ئاراستەیە كاربكەین، لەبەرئەوەی زیندووكردنەوەی پەیماننامەى (سیڤەر) هۆكارێكى گرنگ دەبێت بۆ نزیكبوونەوەمان لە گەیشتن بە مافە رەواكانمان.

جارێكی دیكە هەموو لایەك بەخێربێن سەرسەرو سەرچاوان، ئومێد دەكەين لەچەند ساڵی داهاتوودا ئێمەیش وەكو نەتەوەكانی دیكە بە سەربەخۆیی خۆمان بگەین و ببین بە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆمان.
بێتەدى هیواو ئاواتى گەلى کوردستان، بێتەدی كۆماری كوردستان، لەگەڵ رێزو خۆشەویستى دووبارەمان بۆ هەموو لایەک.
بژی كورد.. بژی كوردستان.

براتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
١٠ / ٨ /٢٠٢٠
Top