کورد خۆی زوڵمی لە خۆی کرد

کورد خۆی زوڵمی لە خۆی کرد

هەندێک هەڵە رەنگە تەنها لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیان یاخوود بۆ یەک جار باجی بدەیت و ببێتە هۆی زیان پێ گەیاندنت و لەکیسچوونی دەستکەوتێک یان دەست کەوتەکانت. لەساڵی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ کەماوەی دوای ڕاپەڕین بوو راستە بەهۆی پشتیوانی هێزە هاوپەیمانەکان و دابین کردنی ئاسمانێک بوو بۆ پارێزگاری.بەڵام ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ ئەم هەرێمە خۆی بۆ خۆی سەربەخۆ بوو هیچ بەشێک نەبووین لە عێراق بەمانای ئەوەی بەشداربین لە حوکم کارگێڕی و ئیداری.هەرچەندە لەو ماوەیەدا بەداخەوە کێشە ناوخۆیەکان و شەڕی ناوخۆ نەیهێشت بیر لە سیاسەت و گوتار و دامەزراندنی حکومەتێکی نیشتمانی بکەینەوە،بەڵام گرفتەکە ئەوەبوو کە نەمانتوانی درێژە بەو سەربەخۆییە بدەین ،ئەگەر بشوترێت ڕەنگە بە فشاری ئەمریکا و دەرەکی بوبێت کە دوای ڕووخانی سەدام دەبوو بچویناینەوە بۆ بەغداد و لە کابینەکەی بریمەر کە ئەنجومەنی حوکم بوو بەشداربووینایە ،هەرچەندە من باوەڕم وایە ئەگەر خۆمان پلان و خۆئامادەکرن و داوامان هەبوایەو سوربوینایە لەسەر مانەوەمان بەو سەربەخۆیە لەوکاتەدا ئاسانتر بۆمان جێ بەجێ دەبوو،هەر ئەو کاتە بای بای مان لەبەغداد بکردایە .بەڵام بەداخەوە نەک ئەمە نەکرا ئەویش بەهۆی نەبوونی یەکڕیزی نیشتمانی و نەبوونی ئەو خواستەو تموحی چوون بۆ بەغداد و دەست کەوت ،ئەویش دیسان لەبەر دەسەڵاتی حیزبی و هەرحیزبە دەیوسیت بەشی خۆی بپچڕێت لە بەغداد . تا ئەوەش کە چووینەوە ڕاستە هەڵە مێژویەکە بوو کە هەتا هەتایە رەنگە باجی بدەین،بەڵام چونەکەش چۆن چووین؟ هەڵە بوو.کورد کۆنەبویەوە بە ئەجنداو پلانەوە بڕوات و سەقفی داواکاریەکانی تاکوێ بگات،نەهاتین بەیەک گوتاری و یەک داوایی و داوای قەرەبووی ئەو هەموو کارەساتە بکەین بەسەر کوردا هاتوە، تاکو کۆڵی بەغداد هێندە قورسبکەین رۆژێک دەستی نەگاتە بنی هەمانەکە کەتەنها قوتی هاوڵاتیانی پێویستە بیدات ئەویش بیکاتە کارتی یاریە سیاسیەکانی و دژایەتیەکانی. کوەیت بەراوردکە بە قوربانیەکانی هەرێمی کوردستان کامە بوە قوربانی؟ تا ئێشتاش قەرەبوو لە عێراق وەردەگرێت.کوا دۆسیەی قەرەبووی ئەنفال،کیمیاباران، رووخان و تێکدانی شارو لادێکان.ئەمە جگە لەوەی پرسە چارەنوسازەکانی وەک مافە دەستوریەکانی هەرێم مادەی ١٤٠ ،ناوچە جیناکۆکەکان هەر پەراوێزخران و بیرچوونەوە.چونکە بەداخەوە لەسەرتای چوونمان بۆ بەغداد ئەمانەمان نەکردە کارتی فشار، بەڵکو لەوەتەی هەیە دانوستان وڕێک کەوتنەکان ئەوەندەی باسی ئەوپۆستانە بوە کورد وەری دەگرێت لە بەغداد و بچووک ترین داواکاری کە موچەیە، ئەوەندە ئەو فایلە قورسانەی قەرەبوو مافەکانی تری کوردمان نەکردە داواکاری بۆ بەغداد تا نەتوانێت ئاوا بەئاسانی بەتەنها رەت کردنەوەی بچووک ترین و دوا داواکاری کورد کە قوتی هاوڵاتیانە لێی دەرچێت. بۆیە دەبوو کورد لە مەنتیقی هێزەوە داوای بای بای یان هەموو مافەکانی کوردی بکردایە. ئێستا تازە خواست و داواکاری هەر حیزبە بەجۆرێکە هەریەکە بە ئاوازێک دەخوێنێت هەریەکە گوتاریکی هەیە و خەریکە نەک لە بەغداد دەبین لە هەرێمەکەش دەبین. دوا وتەشم ئەویە تەنها بە یەکڕیزی و یەک ئەجنداو پلان و داواکاری یان بای بای بەغداد یان هەموو داواکاریەکان بکرێتە مەرجی گەڕانەوەو سەقفی داواکاریەکان بەرزکرێتەوە تا ئاستیک بەغداد رەتیشی کردوەوە تەنها هەندێکی بکات نەک هەمووی.
Top