پەتای کۆڕۆنا و ناچار کردن بە گۆڕانکاری

پەتای کۆڕۆنا و ناچار کردن بە گۆڕانکاری

ڤایرۆسی كۆرۆنا کە لەگەڵی دەژین وەک بەشێک لە جیهانی گرفتار، چۆن لە پڕێكا دونیای داخلی تەنگوچەڵەمەیەكی ئەوتۆ كرد هەموو چالاكییەكانی مرۆڤی وەستاند. هەر لە چالاكیی بەرهەمهێنانەوە تا گەشتوگوزار و تەنانەت چالاكیی تەندرووستی و ناوەندە زانستییەکان. پەیوەندیی نێوان وڵاتان لەڕووی ترانزێت و هاتووچۆوە بەهەموو شێوەكان وەستاوە، بەشێكی زۆر لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان لە دونیا ئاستی كاری خۆیان لە هەندێك بواردا هێناوەتە خوارەوە، كرێكارەكانیان ئیزن داوەتەوە. ئەمە بووەتە مایەی دەنگوباس و لێكدانەوەی جیاجیای چاودێران و دەزگاكانی ڕاگەیاندنی دونیا و ناوخۆ، وایكردووە بۆچوونێك دروست ببێت كە گرانی و قاتوقڕی ڕوو لە جیهان دەكات، خواردن نامێنێت و لەوانەیە كۆمەڵگای كوردستانیش یەكێك بێت لەو كۆمەڵگایانەی دەكەوێتە ژێر هەڕەشەی ئەو قاتوقڕییە. ئەمە تەسەورێكە ئێستا وا خەریكە درووستدەبێت. ئەمە چەند ڕاستە؟
پێویستە پرسیاری سەرەكی ئەوە بێت ئاخۆ هەڕەشەی كۆرۆنا بەردەوام وەك ئێستا هەموو دونیا لەژێر چنگی خۆی دەهێڵێتەوە؟ وەك دەزانین كۆرۆنا ڤایرۆسە، دەورەیەكی كۆمۆنی هەیە، واتا دایرەیەكە دوایی كۆتایی دێت، لەو دایرەیەدا ماوەی زەمەنی لە مانگێكەوە بۆ دوو مانگی پێویست بووە. ئەو وڵاتەی كە ئیلتیزام بە كەرەنتینە یان مانەوە لەماڵدا بكات و بەشێكی زۆری هاتووچۆكان وشوێنە بوەستێنێت، ئەتوانێت بەرەنگاریی پەرەسەندنی كۆرۆنا ببێتەوە و هاووڵاتیانی خۆی بپارێزێت.
تا ئێستا ناوەندەكانی پزیشكی و زانستی تایبەت بەو مەجالە نەیانتوانیوە ڤاكسێنی كۆرۆنا بدۆزنەوە بەڵام هەموو توانای زانستیی دونیا و تاقیگەكانیان بێ ڕاوەستان، ئەوە چەند مانگە خەریكی گەڕانن بۆ ڤاكسێنی ئەم ڤاریرۆسە. من گومانم نیە سەرەنجام عەقڵی بەشەر، قودرەتی زانست و تەكنەلۆژیای نوێ بەسەر ئەم تەنگوچەڵەمەیەدا زاڵ دەبێ و بەزوویی دەرمان یان ڤاكسینی بۆ دەدۆزنەوە، بەڵام تا ئەوكات ئایا هەموو ناوەندەكانی بەرهەمهێنانی خواردن لە دونیا دەوەستن؟ تا ئێستا خۆی نەوەستاون، بەڵكو ئەو بازاڕانە وەستاون كە مەوادی خۆراكییان تێدا دەفرۆشرا وەک میوە و تەڕە و سەوزە كە لە هەندێ وڵاتدا بینیمان لەبەر ئەوەی هاتووچۆ وەستابوو، ئەویش ئامادەكرابوو بۆ ناردنە وڵاتێكی دیكە گرفتی تێكەوت، بەشێكی زۆر لەوانە تووشی زەرەر و زیان بوون، بەڵام بە گشتی شتێك نیە بە ناوی وەستاندنی بەرهەمهێنانی خواردن.
لەلایەكی دیكەوە پێویستە بە بیر خۆمانی بێنینەوە، زانست وە تەكنەلۆژیای ئەم زەمانە پێش كۆرۆنا كۆتایی بە نەبوون و كەمبوونی خۆراك لە دونیادا هێناوە. ئێستا هەموو جۆرەكانی خۆراك لە سەوزەوە تا دەگاتە میوە و وشكە و خواردنەكانی پێویست، خواردنی گۆشتی و غەیری ئەوانیش، بەشێوەیەكی فراوان لەسەرانسەری دونیا هەن و بە ئاسانی دەگەنە هەموو جێگاكان. ئەمە بەرهەمی تەكنەلۆژیای نوێیە، هی كشتوكاڵی دیجیتاڵ و بەسەرمایەی گەورەیە، ئەو ناوەندانە بۆخۆیان كاردەكەن. كەمێك گرفتی هاتووچۆی تێدەكەوێت بەڵام پێموایە خەریكە وردە وردە ئەو گرفتە تێدەپەڕێنین. بۆیە وێناچێت هیچ هەڕەشەیەك لەسەر بەردەوامیی بازاڕی خواردن هەبێت. لەوانەیە لە هەندێك وڵات و لە وڵاتی ئێمەش ئەگەر باش كۆنتڕۆڵ نەكرێت بازاڕی دانوستاندن نرخ بەرزبكاتەوە. ئەگەر حكومەت دەوری كۆنتڕۆڵێ‌ واقیعیانە ببینێت ئەمەش لێی كەم دەبێتەوە. بۆیە هیچ ترسێك ڕەوا نیە كە وابزانێت لە دونیا خواردن بە حەددێك كەمدەبێتەوە كە گرانی لێ بكەوێتەوە.
ئایا سیستەمی بازاڕی ئازاد (سیستەمی لیبراڵی) تووشی داڕمان بووە؟ و نەیتوانیوە لە بەرامبەر پەتای كۆرۆنا خۆی بگرێت. هاووڵاتییەكانی ئەو وڵاتانەی بەو سیستەمە بەڕێوەدەچوون تووشی ترس و تۆقینێكی زۆر بوون، خەڵك بە لێشاو پەلاماری سووپەرماكێتەكانیان داوە و هەرچی هەبووە ئەیانكڕی. ئەوە خراوەتە ژێر چاوی ڕەخنە. جارێ هەموو سیستەمەكان لە بەرامبەر تەنگوچەڵەمەی كۆڕۆنا تووشی تەنگژە و هەندێك چۆكیشیان لەرزی و هەندێك چۆكیان دادا. هەر لە سیستەمی دیكتاتۆریی كۆمۆنیستی چینییەوە بگرە تادەگاتە سیستەمی لیبراڵی و سیستەمە مامناوەندییەكانی شەرق یان ئەوەی كۆن پێیاندەگوت جیهانی سێیەم كە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریكای لاتین دەگرێتەوە و ئێمەش بەشێكین لەو سیستەمە.
پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵ و پێشكەوتنی زانست و گواستنەوە و پازدان بۆ قۆناغی هۆشی دەستكردArtificial intelligence یان (العقل الاصطناعی) ئەوەی پێی دەگوترێت هۆشی مەصنوعی پێش كۆرۆنا هەنگاوێكی زۆری بڕیبوو و موناقەشەیەكی زۆری لەسەرە و ژمارەیەكی زۆر لە زانایانی بواری زانستەكانی كۆمەڵایەتی پێشبینییان دەكرد كە گۆڕان بەسەر سیستەمی لیبڕاڵی دابێت كە پێشكەوتووترین سیستەمی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگاكانی ئەم زەمانەیە. كاتێك باسی سیستەمی كۆمۆنیستی چین و كۆریای باكوور یان سیستەمی دینی دەكرێت وەک ئێران عێڕاق، دەبێ بزانین ئەوانە سیستەمی خاوەن داهاتوو نین، ئەوانە لە قۆناغێكی ڕاگوزاردا دەژین، دیكتاتۆرین بە مانای كەلیمە، لەوێ سیستەم بۆ بەرژەوەندییەكانی ئایدۆلۆژیای خۆی بڕیاردەدات هەتا ئەگەر بە گیانی ملیۆنان لە دانیشتوانی وڵاتەكەش تەواو ببێت. ئامانجەكانی ئایدۆلۆژیا و بەرنامەكانی ئابوورییان بۆ گرنگە نەک گیانی مرۆڤەكان. هەربۆیە كاتێك چین ئەو ڤایرۆسەی تێدا بڵاوبۆوە زانیارییەكانی بەشێوەی ڕاست نەدایە جیهان. بۆیە سیستەمی جیانی دوای تەنگوچەڵەمەی كۆرۆنا ئەگەری زۆرە گۆڕانی بەسەردا بێت. وەك باس دەكەن (نابێ ئینسان هەر لە ئێستا پێشگۆیی بكات) ئەو گۆڕانە لەوانەیە لەسەر ئەزری واقیع لە ژیانی كۆمەڵگاكان ڕووبدات ئینجا ئەو تەكنەلۆژیا و عیلمە نوێیەی هەیە وەك پێشنبی دەكرا بزانین چ دەورێك دەبینێت.سیستەمی دیجیتاڵ و ئالگۆریتمەكانی داخلی كاركردن لەسەر هۆش و عەقڵی ئینسان بوون و دەتوانن ئۆرگانەكانی لەشی ئینسانیش كۆنتڕۆڵ بكەن. ئەگەر ئەوانە لە داهاتوودا وەكو بەشێك لە سیستەمی سیاسی بەكاربێن، پێشبینی ئەوە دەكرا كە سیستەمی دیموكراسی گۆڕانی بەسەردا بێت، چونكە دیموكراسی بۆ ئەوەیە كۆمەڵگا بەو ئیتجاهەدا بڕوات كە زانایانە موافەقەتی لەسەردەكا لەڕێی نوێنەرەكانییەوە. ئەو سیستەمە هەڵبژاردنەی كە لە سیستەمی دیموكراسی هەیە پێش ئێستاش باس دەكرا كە لە قۆناغی عیلمی پێشكەوتوودا بە ئالگۆریتمی جیاجیا دەكرێ بزاندرێ هەمووهاوڵاتیان بێ ئەوەی قسە بكەن و ڕەئی بدەن، بزانرێت مەیلیان بە كام لایەندایە و بۆ كام كەس ڕەئی دەدەن و بۆ كام مۆدێلی ژیان پتر موافقن یان دژی وەستاون. لێرەدا سیستەمێکی نوێ بۆ نەتیجە لێ هەڵێنجان دێنێتە گۆڕێ كە لە كۆتاییدا یاری هەڵبژاردن و هەڵمەتی ریكلامكردن بۆ حیزب و كەسایەتییەكان گۆڕانی زۆری بەسەردا دێت و وەكو خۆی نامێنێت، هەتا لەوانەیە شتێك بە ناوی حزب و بەرەكان وەكو ئێستا نەمێنێت.
ئێستا سیستەمی تەكنیكی نوێی پشت بەست بە ئالگۆریتمەكانن بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆڕۆنا بەكارهاتوون. بۆ نمونە لە وڵاتانی وەكو ئیسرائیل و ئەمریكا و چین و نەمسا، ئالگۆریتمی نوێیان خستۆتە نێو تەلەفۆنەكانەوە كە دەتوانن لە ڕێگەی مۆبایلەوە بزانن هەڵگری ئەو تەلەفۆنە تووشی كۆرۆنا بووە و لە چ قۆناغێكدایە یان ساغ و سەلیمە. هەروەها كاتێك كەسێک دەچێت بۆ شوێنێكی گشتی لەڕێگەی مۆبایلەوە بە پێی ئەو ڕەنگانەی كە دیاریكراون دەردەكەوێت نەخۆشە یان هەڵگری ڤایرۆسەكەیە و جارێ نەخۆش نەكەوتووە یان ساغ و سەلامەتە و دەکرێ تێپەڕێت. وردە وردە وای لێدێت وڵاتێك كە ڕێگەی بۆ پێشكەوتنی پیشەسازی و تەكنەلۆژیای نوێ و كەفائەتی عیلمی كردبێتەوە دەتوانێت لەو ڕێگەیەوە سەلامەتیی هاووڵاتییەكانی خۆی بپارێزێت. ئەمەی كە ئێستا ناچار بوون سیستەمی ئالگۆریتم بەكاربێنن بۆ كۆنترۆڵی سەلامەتیی مرۆڤ، ئەوە نیشاندەدات كە دونیا و كۆمەڵگەكان ئامادەن بۆ ئەو هەنگاوە گەورەی بەرەو پێشەوەی بنێن. بە تەئكید ئەوكاتیش سیستەمی سیاسی و حزبی و سەركردەكان گۆڕانی زۆریان بەسەردا دێت، هەموو نەخۆشییەكانی جیهانگیر كە بە درێژایی مێژووهەڕەشەیان لە بەشەر كردبێت ، بوونەتە مایەی گۆڕانكاری خێراتر. لەو بوارەدا نموونە زۆرن و خەڵك زیاتر تاعوونی سەدەی حەڤدەهەمی بەبیردێتەوە كە چۆن یارمەتی پێشكەوتنی ڕێنسانس و شۆڕشی تەكنەلۆژی دا لە ئەوروپا.
ئایا كاتێ ئەم هەڕەشەیە كۆتایی هات، جیهانگیری یان گلۆبالیزم كۆتایی دێت و ناسیۆنالیزم شوێنی ئەو دەگرێتەوە؟
..و هەر وڵاتە خەریكی كاروباری خۆی دەبێت؟ جارێ ئەوە بیركردنەوەیەكی زۆر سادە و بێ ئاگایانەیە، دونیا بە ئەندازەیەك پێشكەوتووە كە ناتوانێت ئەو پەیوەندییەی كە بە یەكەوە هەیەتی بیپچڕێنێت. ئەو پێشكەوتن و خێر و خۆشییەی كە دونیا بە خێرایی دەستیدەکەوێت بەرهەمی گلۆبالیزمە. بەڵام ئایا ئەویش داخلی قۆناغێكی نوێ دەبێت؟ ئایا وڵاتان لە مەودوا بەرژەوەندییەكانی خۆیان باشتر دەپارێزن؟ بەڵام دەبێ شتێكمان لەبیر بێت ئەویش هیچ وڵاتێك ناتوانێت هەموو پێداویستییەكانی خۆی دابین بكات ئەگەر بێت و بە تەنیا هەموو کەرستەکان بەرهەمبهێنێ. هەر دەوڵەتی چین یان ئەمریكا ئەگەر لەبەرچاو بگرین، ئەو بەرهەمی پیشەسازی كە هەیانە لەسەرانسەری دونیادا بڵاوبۆتەوە. بۆ نموونە بازاڕ هەر ئەو بازاڕی خواردن و میوەی كە هەیە گەر تەماشای راپۆرتەكان بكەین، دەوڵەتێكی وەكو چین یان ئەمریكا بنكەكانی خۆی لە ئەفریقا و ئەمریكای لاتین و ئەوروپا تەوزیع كردووە و بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ دەستكاریشیان بكات. كەواتە پێشكەوتنی عیلمی و پێشكەوتنی تەكنەلۆجیای ئەم زەمانە، هەروەها پێشكەوتنی فەرهەنگی و رۆشنبیری كە دانیشتوانی دونیا لێی بەرخوردارن هی گلۆبالیزمە.
هەڵبەت ناسیۆنالیزم دەمێنێ و كەمێك بەقوەتتر دەبێت بەڵێ، بەڵام ناسیۆنالیزمێكی نوێ دەبێ وهەر ئێستا سەروسیمای ناسیۆنالیزمی نوێ دەركەوتووە. ناسیۆنالیزمی نوێ ئەوەیە كە تەواو ئینسانی بێت و هەموومافەکانی ئینسانییەتی بە دەرەجە یەك بۆ وڵاتی خۆی بوێت بە هەموو پێكهاتەكانییەوە. ئێستا كەم وڵات هەیە یەك نەتەوە بێت، یەك دین و یەك مەزهەب بێت. بۆیە ناسیۆنالیزمی دیکە دەبێ لەسەر بنەمای نیشتمانی دابڕێژرێتەوە نەك لەسەر بنەمای یەك نەتەوە، یەك زمان، یەك نەژاد كە ئەمەیان قۆناغی بەسەرچووە و شەڕی جیهانیی دووەم لەسەر ئەساسی ئەوناسیۆنالیزمە خراپە درووستبوو. خۆ ئەگەر ناسیۆنالیزم بریتی بێت لە كرانەوەی كۆمەڵایەتیی وڵاتێك، و دەرگا بكەنەوە بەشێوەیەكی ئەوتۆ كە بەخێرایی ئەو وڵاتە لە ڕووی توانایی بەشەری و توانای تەكنەلۆژیاوە پێشبكەوێت، ئەوكات پلانی خۆی و ستراتیژی خۆی بە نەوعێك دابنێت یان ستراتیژ خۆی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بەشێوەیەك دابنێت كە لەو دونیای وا تێكەهەڵكێشدا بەرژەوەندیی وڵاتی خۆی و سنوورەكانی خۆی بپارێزێت، لەگەڵ ئەو پەیوەندییە نێودەوڵەتی و جیهانییەی كەوا هەیەتی. بەڵێ ئەم جۆرە پێداچوونەوەیە نەک هەردەكرێت بەڵکو پێویستیشە بۆ دیموكراسی و ڕۆڵی مرۆڤ لە بەڕێوەبردنی خۆیدا، هەروەها بۆ پاراستنی وڵات بە ناوی ناسیۆنالیزم لە دوای ئەو تەنگوچەڵەمەی دونیا تووشی بووە. پێداچوونەوە و كامڵكردن دەبێت بەڵام ڕووخان نابێت. پێویستە تێبگەین ئێستا زیاتر لە هەموو قۆناغێكی دیرۆک، كۆمەڵگای بەشەری بەیەكەوە بەرەو پێشكەوتنە، بەرەو گەشەسەندنە و پڕۆسەكە پڕۆسەیەكی تەكامولییە، یەكتر تەواو دەكەن. بۆیە شتێك بە ناوی بەتەنێ دەتوانم یان بەتەنێ وڵاتێك دەتوانێت پێشكەوێت و خۆی داببڕێت لە هەموو دونیا وجودی نیە وهەر بیركردنەوەیەك لەو چەشنە، تەنیا گۆشەگیری و نەزانی تووشی وڵاتەکەی دەكات.
لە سەرەتاوی ئەم نووسینە ئاماژەم بە پێداویستییەكان كەمێك کرد کە هەر ئێستا تووشی تەنگوچەڵەمە بوونە، لە بابەت خۆراك و پێداویستییەكانی تری ڕۆژانە، بەڵام وا پێشبینی دەکرێ لە سێ مانگدا دونیا بەسەر ئەو ئاستەنگەدا زاڵ بێت.پێویستە باوەڕمان بە عەقڵی ئینسان و ئاستی بەرزی عیلم و قوەتی تەكنەلۆژیای ئەم زەمانە هەبێت كە بە خێراییش پێشدەكەوێت. ئێستا خودی تەكنەلۆژیای زیرەك بۆتە تەواوكەری مێشكی بەشەر، بۆ پێشكەوتنی خێرا، بۆیە خێرایی پێشكەوتنی عیلم بە ئەندازەیەكە لە هەوڵ و تەقەللای مرۆڤ زیاترە، هەموو هەوڵ و تەقەللای مرۆڤی تێكەڵ كردووە لەگەڵ ئەو تەكنەلۆژیایەدا كە لە زۆر بواردا لە دەست و مێشكی ئینسان دەقیقتر و سەریعتر و پڕ بەرهەمترە. هەڵبەت لەڕووی بیركردنەوەی عەقڵدا هەر ئینسانە كە حاكم دەبێت. مەسەلەی هۆشی دەستكرد كە لە هەموو بوارەكاندا لە دامودەزگا گەورەكانی بەرهەمهێنانی دەقیقی دونیادا هەیە و لە ژیانی ئێمەشدا كە لە پەراوێزی بازاڕی جیهاندا دەژین، هەموو ئەو كۆمپیوتەر و مۆدیلە نوێیانەی مۆبایل و كەرەستەی ناوماڵ دێن كە دەبینین هەموویان ڕۆژ ئۆتۆماتیكتر و زیرەكتر دەبن، بەو مانایە كە وەزیفەكان و كارەكانی مرۆڤ ئەنجام دەدەن بێ ئەوەی زۆر پێویستیان بە دەخالەتی ئێمەوە هەبێت. ئەو ماشینە بە هۆشانە تەنیا ئامانجەكانیان بۆ دیاریدەكرێ و هەندێ پەیامیان پێ دەدرێ و كاری خۆیان دەكەن. ئەوە لە جیهانی ئێستادا لە ڕیزی پێشەوەی پێشكەوتندایە، باس زۆرە لەسەر ئەوەی هۆشی دەستكرد و ئەو رۆبۆتە زیرەكانەی كەوا درووستی دەكەن لە هەرە بچووكەوە تا گەورەكانیان جیا لەوە بۆ خزمەتی بەشەر بەكاردێت، لەبابەتیی كشتوكاڵ و گواستنەوە و بەرهەمهێنانی تەكنیكی، ئایا بۆ كۆنترۆڵكردنی بەشەریش و بۆ تەندرووستی مرۆڤیش بەكاردێت؟ هەڵبەت هەر ئێستا لە زۆر بواراندا بۆ تەندرووستی بەشەر بەكاردێ. هەروەها بۆ كۆنترۆڵكردنی تەندرووستیش بەكاردێت و هاتۆتە بواری موعالەجەكردنی پزیشیكیش بە تایبەتی لە بوارەکانی پشکنین و رەفتاری و دەروونیدا و بەرەو پێشەوەیە. هەڵبەت ئەوە پەیوەندی بە كۆرۆناوە نیە، هەندێ مەترسی لە هۆشی دەستكرد هەستی پێدەكرێت ئەگەر كۆنترۆڵ نەكرێت لەوانەیە لە مستەقبەلدا كارەساتی گەورە بەسەر كۆمەڵگاكاندا بێنێت. ئەمە ڕاستە و گومانی تێدانیە كە ناوەندەكانی عیلمی خۆیان ئەو پرسیارە گەڵاڵە دەكەن، لە خەمی چارەسەركردن و دیاریكردنی ڕێڕەوی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای نوێدان كە زەرەر بە بەشەر نەگەیەنێت. بۆ نموونە هەر ئەو چەكە ئەتۆمییانەی ئێستا لە جیهاندا هەیە ئەگەر بە هۆشی دەستكرد كۆنترۆڵ بكرێن، هەڕەشەیەكە جددیە و لەوانەیە ژمارەیەك تەقینەوەی گەورە لە هەموو دونیادا درووستبكات كە كارەساتەكەی لە كۆرۆنای ئێستا زۆر زۆر زیاترە و تێكڕای دانیشتوانی دونیا دەكەوێتە بەر هەڕەشەی گەورە. دوای ئەو قۆناغە ئایا دونیا بیر لەوە دەكاتەوە هەندێك لەو كێشانە چارەسەر بكات وە دڵنیایی بدات بە بەشەر؟ من پێموایە دەبێت لەوەشدا گەشبین بین ئەگەر كێشەش لە سەرانسەری دونیادا هەبێت، لەم قۆناغی تەئریخییەی ئێمەی تێدا دەژین، كێشەكان جانبی ئینسانی و پاراستنی مرۆڤی یەكجار تێدا بەرزە. ئێمە ئەو قۆناغەمان بەجێهێشتوونە كە دەوڵەتی گەورەی خاوەن دەسەڵاتی تەكنەلۆژیای بەرز لەسەر بنەمای “ئایدۆلۆژیای خەتەرناك” بەڕێوەبچن وەك فاشیزم و نازیزم و هەروەها دەوڵەتی دینی كە ئێستا هەنە بەڵام تەكنەلۆژیایان لەدەستدا نیە.
زۆر چاودێر كێشەی نێوان ئەمریكا و چین و ڕووسیا لە مەسەلەی كۆڕۆنایەدا هەڵدەسەنگێنن، جارێ هەموو بەشەر بە یەكەوە زەرەری بینیوە و هاوكاریی زانستی و دەرمانییش تا ڕادەی توانا لە نێوان دەوڵەتاندا بە هەموو ئایدۆلۆژیاكان هەیە. بەڵێ ئێستا وا وردە وردە دەستیپێكردووە چین و ئەمریكا یەكتر تاوانبار دەكەن، ڕووسیا جموجۆڵی خۆی لە ئەوروپا دەستپێكردووە وە دەیانەوێت یەكتر لەڕووی سیاسییەوە لە ناو ڕای گشتیی دونیا بخەنە ژێر گوشار بۆ ئەوەی دوای تەنگوچەڵەمەی كۆڕۆنا جارێكی دیكە دونیا ڕێکبخرێتەوە و جیهان لە حاڵەتی یەك جەمسەری دەربچێت. ئێستا ئەمریكا جەمسەری سەرەكییە، هەرچەندە جەمسەری هەرە بەدەسەڵات نیە. لە ناو خودی ئەمریكاشدا موناقەشات زۆرە لەسەر ئەو جەمسەرەیان كە باش كارەكانی خۆی ئەنجام نادات، شارەزاییەكی تەواوی لە كێشەكانی دونیادا نیە. پلان و ڕوانگەی جیاجیای بۆ بەرژەوەندی ئەمریكا یان بۆ بەرژەوەندی مرۆڤایەتی لە ناو سیاسەتی ئەمریكادا پێكەوە لە زۆرانبازیدانە. سەرەنجام ئێمە دەبینین دوای كۆتاییهاتنی ئەو تەنگوچەڵەمە تەندرووستییە جیهانییە، شەڕێك ڕووینەداوە هەتاوەكو لەسەر بنەمای هێز دونیا دابەش بكرێتەوە و جارێكی تر دەستكاری یاساكانی نێودەوڵەتی بكرێت و زلهێزەكان گۆڕانیان بەسەردا بێت. وێناچێت هیچ فشارێك هەبێت نەتەوە یەكگرتووەكان دوای كۆرۆنا دەستكاری بكرێت. نە ئەمریكا زۆر لاواز بووە و نە ئەوروپا بەشێوەی سەرەكی، ئەوەی زۆر لاوازبووە، نیزامی چەند جەمسەری ئێستا كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ئەو پەتایە و تەنگوچەڵەمە ئابوورییەکە و تەنگژەكانی دیكەی نیە.
ئەو لێكدانەوانەی ئێستا تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ كۆرۆنا، ڕاستە لە زۆر لایەنەوە ئایدۆلۆژیا و برەودانی بەكاردێت، بۆ نموونە چەپەكان دەیانەوێت فەشەلی ئەمریكا پیشانبدەن، لیبڕالەكان دەیانەوێت ئۆباڵی تیاچوونی خەڵكێكی زۆری چین و كۆنترۆڵنەكردنی ئەو ڤایرۆسە بەسەر نیزامی كۆمۆنیستی تۆتالیتاری چەپدا بسەپێنن. ڕووسیا بەو حاڵەتی تایبەتی خۆی كە وڵاتێكی دیموكرات نیە بەڵام بەرژەوەندیی جیهانی خۆی هەیە و لەڕووی چەكەوە دەستڕۆیشتووە ، بە تایبەتی زۆر بەناوبانگە لەوەی لە سۆسیال میدیا هەوڵدەدات رای گشتی دونیا بخاتە ژێر كاریگەریی خۆی و کاربخاتە سەر هەڵبژاردنەكان و پرۆژەكانی ئەوروپا و ئەمریكا بخاتە ناو كەناڵی شکست پێهێنانەوە. ئەمەیان لە وڵاتی ئێمەشدا بە تایبەتی ئەوانەی كە لایەنگیری ئیسلامی سیاسی و ئایدۆلۆژیای دینین، هەموو لایەنەكان تاوانبار دەكەن و پێیانوایە هەموو سیستەمەكان دەڕووخێن و وا لە خەڵك دەگەیەنن كە دوای ئەوە دونیایەكی تر دەستپێدەكات كە من هەرچەند گوێیان لێ دەگرم، وەسفێك و تەعریفێكی دیاریكراویان بۆ ئەو دونیایەی دوای كۆرۆنا نیە.
كۆمەڵگە تەقلیدییەكان و كۆمەڵگەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەمریكای لاتین، لەوانیش كۆمەڵگەی كوردستانی ئێمە، بە دەوڵەتانی دیكەشەوە كە كوردستانیان بەسەردا بەش كراوە، دەكەونە ژێر گوشار بۆ پێشكەوتن و بۆ ئەوەی كە بە ركێفی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای دونیا ڕا بگەن. بۆ ئەوەی بە ركێفی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا ڕا بگەن كۆمەڵگا تەقلیدییەكان دەبێ كرانەوەیەكی باشی كۆمەڵایەتی بكەن، دامودەزگای زانستی پێشبخەن وەك قوتابخانە و زانكۆكان، هەروەها بازاڕ لەسەر بنەمای ئابووری واقیعبینانە كە بگونجێ لەگەڵ پێشكەوتنی وڵاتەکەمانبنیاد بنێن. ئەوەش گۆڕانكارییەكی گەورە دەخوازێت كە لە كۆمەڵگەكانی سوننەتیدا ڕووبدات. یەكێكی دیكە لەو گۆڕانكارییانەی كە كۆمەڵگە تەقلیدییەكان بەسەریاندا دێت، گۆڕانێكی زۆری فەرهەنگی یان بیروباوەڕی و نەریت و عادەت دەبێت.
مانگێكە هەموو ناوەندەكانی كۆبوونەوەی گشتی هەر لە ناوەندی دینییەوە تاكو ناوەندی كۆمەڵایەتی و عەشایەری و تەرفیهی و گوزەرانی و بازرگانی ڕاوەستاون. كەواتە كاتێك ئینسان دەكەوێتە ژێر هەڕەشە هەموو بوارەكانی ژیان، بە بوارە موقەدەسەكانی دینیشەوە، مزگەوت و كەنیسە بێت یان شوێنەكانی دیكەی كۆبوونەوەی لایەنگرانی دینەكانی دیكە تا دەگاتە ڤاتیكان و مەكە و مەدینە و هەتا قودس، لە دونیاشدا ناوەندەكانی گەورەی دیكەی پیرۆز بۆ دینەكان كەرەنتیە كراون. ئەمە جاری یەكەمە هەڵپەساردنی دین و فەرهەنگ لە مێژوودا روودەدات. كەواتە ئەوە مرۆڤی ئێمە فێردەكات هیچ بیروباوەڕێك لە سەلامەتیی ئینسان بەرزتر نیە، كاتێك ئینسان دەكەوێتە مەترسییەوە هەموو بیروباوەڕ و دامودەزگاكانی كۆمەڵایەتی دەبێ بە جۆرێك ڕێکبخرێنەوە كە خزمەتی كرانەوەی سەلامەتیی مرۆڤ بكەن. ئەگەر لەو دامودەزگایانەدا پەروەردە بە نەوعێك بووبێت كە رێگە لە پێشكەوتنی عیلمی و تەكنیكی بگرێت، رێگە لە كرانەوەی تواناكانی بەشەر و كرانەوەی كۆمەڵایەتی بگرێت، ئەوا دەبێ دەستكاری بكرێن. هەربۆیە من پێشبینی دەكەم كە داب و نەریت و باوەڕەكانی دینی و كۆمەڵایەتی و تەقلیدی لە كوردستان، ئەو ڕێوڕەسمانەی كە دەست و پێ گیر بوون، ئەو باوەڕە خورافییانەی كە ئینسان (بە تایبەتی ئەو بەشە لە وڵاتی ئێمەدا یەكجار زۆرن كە خوێندەوارییەكی كەمیان هەیە یان لەوانەیە كەمێك مابن كە خوێندەوارییان نەبێت) پێیانوابێ بەپێی هەندێك باوەڕی خۆیان هەر بەڵایەك بێت بەخوای دەسپێرن و بە دوعا بۆی دەنێرن و چاوی لێ دەنوقێنن لەوانەیە بەڵایەکە بەرت نەكەوێت، ئەوە هەمووی داڕما. ئێستا ئەگەر نەپارێزرێن پیاوانی دینی پێشی خەڵكی دیكە تووشی نەمان و نەخۆشییەكە دەبن. تەجرەبەی كۆرۆنا نیشانی دا ناوەندەكانی دینی لە جیهانی ئیسلامیدا مەركەزی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە بوون. ئەو بەڵایەی توشی ئێران و باشوری عێراق بووە، هەمووی بۆ ئەو ناوەندە دینییانەی كە زیارەتی تێدا دەكرێت و خەڵكەكەیان هان دەدا لە زیارەت کردن بەردەوام بن گوایە بەپێی باوەڕی دینی دەپارێزرێن، بوونە مایە تا ئەو پەتایە بە هەموو وڵاتدا بڵاوبێتەوە. وەك دەبینین ئێستا ئێران چۆكی داداوە لە بەرامبەر ئەو دروێنە گیانیەی كۆرۆنا لە هاووڵاتیانی ئەوێی دەكات، سەركردەكانی دینیشی تووش كردووە. هەروەك لە ڤاتیكان و لە عێراقیشدا وایە. بۆیە ئەم كرانەوە چاوەڕوان کراوەی لە هەموو بوارەکانی كولتوری و دینی بە هەموو شێوەكانی ڕوودەدات دەبێ چاوەڕوانی بین.
ئەمە ئەو گۆڕانانەیە كە هەندێكی چاوەڕێ دەكرێت ڕووبدات و هەندێكی ڕوو
Top