هەڵسەنگاندێکی بایۆگرافی، سایکۆگرافی، جیۆگرافی

هەڵسەنگاندێکی بایۆگرافی، سایکۆگرافی، جیۆگرافی
کەبۆنی بەهار خۆی دەکات بەماڵدا یادگارییەکان دەمانبەنەوە بۆ منداڵی و خەیاڵەکان دەڕوات بۆ بۆ بۆنی کانیاوەکان و خونچەی گوڵەکانی سەر ڕێگاکانی عەنەب و جوانی کێوەکانی شنروی و باڵامبۆ و ئاوازی گۆرانیەکانی وشیاری حەمەفەرجی نانەواو، نۆکاو فرۆش و سەموون فرۆشەکانی گەڕەک وگۆرانیەکەی "بەلەنجەو بەلەنجەو بارە سێو باری کردوە لە شارەکەی هەڵەبجە" و بۆنی گوڵە پەنجەخانمەکانی سەر دیواری حەوشەی ماڵەکانی گەڕەکەكانی شار کە بەلایدا دەچوین بۆ ناوەندی هەڵەبجەی کچان و، لەبەردەمی سەراوقوتابخانەکەماندا بۆنی گۆشتە برژاوەکە کە هەموو بەیانیان پیاوێک لەسەر مەقەڵیەک دەیبرژاندو لەسەر ڕێگەکەو پیاون کۆدەبونەوە لەدەوری و هەریەکە بە نانێکەوە سەرەیان بۆ دەگرت.

ئیتر خەیاڵت ناچێت بۆ دوای ئەوە چی بوو، گوڵەکان چۆن هەڵوەرین؟ قوتابخانەکان چۆن داخران؟ بارە سێوەکەی هەڵەبجە چۆن گۆڕا بە بۆنی سیوێکی گەنیو؟ نازدارەکان بۆ کوێ چوون؟ ئەمە هەمیشە پرسیار دروست دەکات ئەم شارە بە خەردەل سوتێنرا و لە ١٩٧٤ ەوە بریندارکراوەو تا ئێستاش نەزیفەو چاک نەبوەتەوە بۆچی هەرزیندوە؟ شارێک بۆمباران، کیمیاباران، سەدان ئاوارەیی، شەڕی ناوخۆ، ڕاگواستن و نوگرە سەلمانی بەسەرهاتوە بۆ لەخەیاڵولەواقعیشدا هێشتا هەر زیندوە؟.

ڕەنگە شارێک بێت لە هەموو شارەکانی تری کوردستان و عێراق زیاتر ئاوارەیی و تۆپباران و قوتابخانە داخران و دڵشکانی بینیبێت، کەچی بۆ ٢٠٢٠ دەبێتە یەکەمین شار لەسەر ئاستی وڵات کە خوێدندەوارو خاوەن بڕوانامەی بەرزی هەیە؟.

ئەمە تێڕامانێکی دەوێت کە لەپێکهاتەو سروشتی ئەم شارە بکۆڵینەوەبایۆگرافی، جیۆگرافی، سایکۆگرافی...هتد، بگەڕێنەوە بۆ میژوو، کۆنترین گەڕەکی شار کە گەڕەکی جولەکانە، کۆنترین مزگەوتی شاریش لەهەمان گەڕەکی جولەکە نشینەکانە، بناغەی پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی لەوێوە دانراوە کە بناغەیە بۆ مانەوەی شار بە ئارامی و بەردەوامی ژیان.

بگەڕێنەوە بۆ پیشەوەری کۆنترین گەڕەکی شار بازاری پیشەوەرەکانی تێدابوە، بوونی پیشەوەری کە واباس دەکەن جۆراوجۆر بوە کە جولەکەکان دایان هێناوە، هۆکار بوە بۆ ڕاکێشانی خەڵکانی دەوروبەری شارەکە لە گوندو لادێکان بێن شت بکرن و ئەوانەشیان بیری مەدەنی و پیشە و خوێندەواری فێربوون هاتون لەوێ نیشتەجێبوون.

ئەوانە بونەتە پێک هێنەری بەشێکی دانیشتوانەکەی، نامەوێت لەبەر نەبوونی ڕەزامەندی تایبەتی کەسەکان ناو ناهێنم کە بەشێک لەکەسە ناسراو بنەماڵەکانی شار ناوبانگەکەیان پیشەیەکەواتە نیشانەیە بۆ ئەوە کە باپیرانیان پیشەیەکی دیاریان هەبوە لەو شارەدا.

جگە لەوە وەک چیرۆکەکان پێمان دەڵین لە هەورامانی ئێرانیشەوە خەڵکە نەجیب و بەگزادەکان و خاوەن پارەکان بەهۆی بوونی ئەم بازاڕەوە سەردانی هەڵەبجەیان کردوەو ژن و ژن خوازی ڕوویداوە لە نیوانیانداو بەهۆیەوە چەند بنەماڵەیکەی بەگزادە هاتوون نیشتەجی بوون، بۆیە بەگەکان ئێستا پێکهێنەری بەشێکی بایۆگرافی ئەم شارەن.

بێگومان بەگزادەکان زۆربەیان کەسی خویندەوارو بنەماڵەو وەجاخزادەو خاوەن شەهامەت و پیاوماقوڵ بوون. جگە لەوەی شێخەکانی بەرزنجەو بنەماڵي شێخەکان کە سەڕچاوەکەیان گوندی عەبابەیلێ بوە بەهۆی نزیکی لەم شارە رۆژانە هاتون و چوون بۆ شارو ئەوانیش خەڵکانی خویندەوارو بنەماڵەو خاوەن پێگەو کەسایەتی بوون و خزمایەتیشیان بەهۆی شێخایەتی لەگەڵ تیرە شێخەکانی تری ناوچەکانی شارەکانی تری عێراق و ئیران هەبوەو بەهۆی ئەوانەوە چەندین کەسایەتی دیاری شێخانی بەرزنجە و شێخانی تر هاتونەتە ئەم شارەو، هەندێکیان نیشتەجێ بوون کەسانی چاوکراوەو خاوەن سەرمایەو پارەبوون منداڵەکانیان ناردوەتە دەروەی هەڵەبجە بۆ خوێندن و بونەتە هۆی گواستنەوە شارستانیەتی شوینەکانی تر بۆ ئەم شارە.

با باسی کۆچی جافەکان بکەین لە ٨٠٠ کان کە لەگەرمیانەوە بەسەرۆکایەتی "وەسمان پاشای جاف" دێنە هەڵەبجەو ئیتر تیرەی جاف دەبێتە بە شێک لە پێکهاتەی دانیشتوانی هەڵەبجە، جافەکان نەک بنەماڵەن و خاوەن دەسەڵات وهێزن بەڵکو شاعیرانی هەڵەبجە کە دیارترینیان "تاهیر بەگی جاف و ئەحمەد موختار جافە" دەبنە سیمای ئەدەبی بۆ ئەم شارە.

لەولاشەوە رۆڵی ژن کاتێک "عادیلە خان" دەبێتە یەکەم پاشای ژن لەم شارەو بگرە لەسەر ئاستی عێراقیش، ئیتر ڕوئیای ئەم شارە بۆ تواناکانی ژن درێژ دەبێتەوە تا هەنوکە کە تاکە شارێکە لە عیراق و کوردستان سەرۆکی شارەوانی و سەرۆکی زانکۆ وقائیمقامەکەی ژنە.

بوونی مەلایەکی ژنیش بەناوی "خانم" کە حوجرەی هەبوە کە ئێستایش مزگەوتەکەی هەربەناوی خانمەو ماوە، ئیتر دەرگا بۆ خویندنی ژن و کچ لەم شارە واڵا دەکات. ئێستاش ئەم شارە بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی ژنی ناوازەو سەرکەوتوو کە بناغەکەی لەوێوە سەرچاوەی گرت.

با بچینە سەر ئەو ئایدیایانەیاخود ڕەوتە فیکریانەی لەهەڵەبجەدا رۆڵیان هەبوە، نزیکی ئەم شارە لە بیارەو مەدرەسەی بیارە و بیری تەسەوف و نە‌قشبەندی و کە لە پێش هەموو ڕەوتەکانی تر ڕۆڵی بەرچاویان هەبوە لە ناوچەکەو دروستکردنی چەندین کەڵەپیاو و زاناو بیرمەندو شاعیر کە بناغەی خوێندن و خوێندەواری وئاین پەروەری بیری نەتەوەیی ئەم شارەبوون.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شیوعیەت کەسە دیار وبەشێک لە شێخوکەسایەتیە خوێندەوارو دیارەکانی ئەم شارە دەبنە هەڵگری ئەو فیکرە، بیری شیوعیەتیش وەک دەزانین بیرێکی کراوە و گرنگی بە خوێندەوارو خوێندن دەدات. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی چەندان کەسی بیرمەندو خوێندەوارو رۆڵی دەبێت لە پێکهێنانی ڕوئیایەکی کراوە بۆ خەڵکی هەڵەبجە بەدرێژایی مێژوو کە هەرئەوان بوون لە پەنجاکاندا سینەمایان لەهەڵەبجە دامەزراند کە بوە سەرەتایەک بۆ بیری رۆشنبیری.

لەلایەکی ترەوە لە پەنجاکاندا بیری ئیخوانی کەیەکەم چروسکەی لەهەڵەبجەدا دەکات، سەرباری ئەوەی خەڵکی هەڵەبجە خۆی خەڵکێکی کوردو دینداری ڕاستگۆیانە بوە، بیری ئیخوانیش بیرێکە گرنگی بە پەروەردەیەکی قوڵی تاک لەسەربنەمای خوێندنەوە و میانەڕەو تێرامان و فیکر دەدات، ئەمەش دەبێتە بنەمایەک بۆ دروستکردنی چەندین زاناو بیرمەند بەفیکری ئیسلامی کە ئەگەرچی زۆر شتی بە کلتوری کوردی جیاوازبوە بەڵام من لەوێوە دەڵیم: ئەم ٣ رەوتی تەسەوف، ئیخوانی و شیوعیەت دەبنە بنەمایەک بۆ دروستکردنی خەڵکی قوڵ و ئایدیا کراوەو خوێنەر و خاوەن ئایدیا. کە بێگومان بوونی خەڵکێ کە خاوەن ئایدیا بێت وبخوێنێتەوە پێکهێنەری شارستانیەتیێکی باشن بۆ شار.

بۆیە ئەم پێکهێنەرە بایۆگرافیانەی خەڵکی ئەم شارە لەگەڵ سروشتە جوانەکەی و شارو جیۆگرافیەکەی کە وەک سەرەڕێی کاروان بوە بۆ بازرگانەکانی دەوروبەرو پانتایەکی فراوان لەدەشتی شارەزور لە بەردەمیداو دەریاچکەی سیروانلەنزیکیەوە سروشتێکن کە لە ڕووی سایکۆلۆژیەوە بیرێکی کراوەو مرۆڤێکی کراوەو بەرچاو ڕوون دروستدەکات.هەر ئەمەی ئەم شارە نامرێت و هەرزیندوە.
Top