هۆكار و ئاسەواری پێشێلكارییەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

هۆكار و ئاسەواری پێشێلكارییەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان
لە هەموو راپۆرتە جیهانییەكانی سەنتەر و رێكخراوەكانی داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان مەسەلەی پێشێلكاری و جۆرەكانی پێشێلكاری و ئەژماركردنی و بەردەوام ناساندنی فۆڕم و شێوازی نوێ بە باتێكی گرنگ وەرگیراوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی دووبارەبوونەوەی پێشێلكارییەكان و زۆربوونی رێژەكەی، بەتایبەتی لە كاتی رووداو و ململانێكان و ژینگە نائارامەكان، ئەوەتا بە پێی داتایەكی یونسكۆ لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ساڵی ٢٠١٨ لە سەرتاسەری جیهان ١٠١٠ رۆژنامەنووس كوژراون، كە ئەمە ژمارەیەكی مەترسیدارە، لەلایەكی دیكەیشەوە لەوە مەترسیدارتر نەدۆزینەوە و بە سزانەگەیشتنی ئەنجامدەرانی تاوانەكەیە كە بە پێی هەمان راپۆرتی یونسكۆ ٩ كەس لە ١٠ بكوژی ئەو رێژە بەرزە نەدۆزراونەتەەوە و لە سزا دەربازبوون، كە ئەمە نەك تەنیا مەترسییە بۆ سەر گیان و سەلامەتیی خودی رۆژنامەنووس، بەڵكو مەترسیی گەورەیە بۆ سەر ئازادیی رادەبڕین، چونكە ئەنجامدانی تاوان بە دەستی شاراوە، مەترسیدارترە لە دەستی ئاشكرا و تۆقاندن و ترس و پاشەكشەی كاری رۆژنامەگەری لێ دەكەوێتەوە. ئەوەی مەبەستمە لەم كورتە وتارەدا باسی بكەم ئەو هۆكارانەیە كە لە پشت بوونی پێشێلكارییەكانی بەرامبەر رۆژنامەنووسانە لە هەرێمی كوردستان كە ئاماژە بە هەندێكیان دەكەم.
1. یاساكان و جێبەجێنەكردنیان و كاركردن بە یاسای دیكەی نزیك لە یاساكانی رۆژنامەگەری و یاساكانی سزادانی عێراقی، بە نموونەی یەكێك لە دەستكەوتە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان و سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دادەنرێت، دەرچوواندن و بوونی یاسای ژمارە ٣٥ رۆژنامەگەریی ساڵی ٢٠٠٧ تا راددەیەكی باش ئازادیی بۆ رادەربڕین و كاری رۆژنامەگەری فەراهەم كردووە، بەڵام بەداخەوە زۆرجار دادگاكان (بە مەبەست، یان بێ مەبەست) پەیڕەوی ناكەن، لەلایەكی دیكەوە یاسای دیكەی وەك خراپ بەكارهێنانی ئامێری ئەلیكتڕۆنی بە هۆی بڵاوكردنەوەی بابەت و نووسینەكانی رۆژنامەنووس لە سایت و پەیجەكان، بیانووی داوە بە دەست دادگاوە، كە لە یاسای ژمارە ٣٥ ـەوە بڕوات بۆ كاركردن بە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێری ئەلیكتڕۆنی.
2. جیاكاری لە پێدانی زانیاری و جێبەجێنەكردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری و واڵا نەبوونی سەرچاوەكانی زانیاری لە بەردەستی رۆژنامەنووسان بۆ دەستخستنی زانیاری و جیاكاری لە نێوان كەناڵەكان لە پێدانی زانیاری بە پەیامنێرەكانیان، كە ئەمە رۆژنامەنووس دەخاتە بەردەم دوو بەرداشی گوشاری دەزگاكەی بۆ بردنەوەی زانیاری و دەوڵەمەندكردنی راپۆرتەكەی، لەلایەكی دیكەوە شەڕ لەگەڵ سەرچاوەی زانیارییەكە بۆ دەستخستنی زانیاری كە دواجار رۆژنامەنووسەكە دەبێتە قوربانی.
3. ژینگەی میدیاییمان ژینگەیەكی سیاسیی حزبییە و زۆربەی كات رۆژنامەنووس دەبێتە ئامانجی لایەنی بەرامبەر نەیاری پارتەكەی، یان كەناڵەكەی كە كاری بۆ دەكات، لە كاتێكدا لەم هەرێمەدا بارودۆخی رۆژنامەنووس لە ئاستێكی باشدا نییە و رۆژنامەنووسەكان زۆربەیان بە مووچەیەكی كەم، یان خۆبەخش، یان بۆ دەستكەوتنی بژیوی ژیان كاردەكەن و بەشێك نین لە ململانێكان، بەڵام دووبارە باج و قوربانیی ململانێی پارتەكەی، یان كەناڵەكەی، ئەو دەیدات.
4. نەبوونی پێداویستییەكانی سەلامەتیی كاركردن لە جلوبەرگ و كڵاو و پێڵاوی تایبەت و كەلوپەلەكانی پاراستن لە گوللە و گازە بەكارهاتووەكانی ناو ژینگەی ململانێ و جەنگەكان.
5. نائاگابوونی رۆژنامەنووس بە یاسا و شوێنەكانی وەك ناوچەكانی درەوەی هەرێم و پارچەكانی دیكەی كوردستان، زۆرجار رۆژنامەنووسی كوردی دەزگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ رووماڵ دەچنە ئەو ناوچانەی شارەزاییان تێیدا نییە، بۆیە یان دەگیرێن، یان بریندار دەبن، یانیش دەكەونە ناوچە مەترسیدارەكان و شوێنە لوغمڕێژكراوەكان.
6. پڕۆفیشاناڵبوون لەوەی كە رۆژنامەنووس بەردەوام پێویستی بە خول و راهێنان هەیە، تا ئاگادار بێت بە تەكنیكی نوێ و یاسا تازە دەرچووەكان و ماف و ئەركی خۆی لە كاتی رووماڵ و ژینگەی رووداوەكان بزانێت، كە ئەمەش تا راددەیەك لەم هەرێمە لە ئاست پێویستدا نییە و كەناڵ و دەزگاكان بە بەشێك لە ئەركی خۆیانی نازانن بەرامبەر رۆژنامەنووسان.
7. كەمیی هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەك دەزگا ئەمنییەكان و رانەهێنان و نەناساندنی پۆلیس و ئەو هێزانەی كە ئەركی كۆنتڕۆڵكردنی ژینگەی رووداوەكانیان هەیە بە ماف و ئەركەكانی خۆیان و چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووس لە ژینگەی رووداوەكان.
ئاسەوارەكانی بەردەوامیی ئەم پێشێلكارییانە:
1. مەترسی بۆ سەر ئازادیی رادەربڕین و فەرامۆشكردنی یاسای ژمارە ٣٥ هەیە كە دەستكەوتێكی گرنگی هەرێمی كوردستانە.
2. پاشەكشەی رۆژنامەنووس لە هەندێك كار و چالاكی.
3. زۆربوونی كەیسی رۆژنامەنووسان لە دادگاكان و زیندانەكان و بەرزبوونەوەی رێژەی پێشێلكارییەكان لە راپۆرتی پێشێلكارییەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسان، كە ئەمە بە خاڵێكی لاواز دەكەوێتەوە بۆ هەرێمەكەمان و هەروەها ئیحراجبوونی سەندیكای رۆژنامەنووسانی لێ دەكەوێتەوە لە بەردەم رۆژنامەنووسەكاندا.
4. بواردان بۆ دەستی دەرەكی و بواردان بە ئەو كەسانەوە كە دەیانەوێت لە رێگەی میدیا و كێشەكانی رۆژنامەنووسەوە ئەم هەرێمە لەكەدار بكەن و پشێوی دروست بكەن .
ئەمانەو رەنگە هۆكار و ئاسەواری زۆرتر هەبێت كە من ئاماژەم پێ نەدابن.

Top