بەرەڤانیکردن لە رۆژئاوای کوردستان ئەرکی ھەموو لایەکمان

بەرەڤانیکردن لە رۆژئاوای کوردستان ئەرکی ھەموو لایەکمان

ماوەیەکە رژێمی داگیرکەر و کورد کوژی تورکیا بە جۆرەھا چەک لە زەمین و ئاسمانەوە ھێرشی کردۆتە سەر رۆژئاوای کوردستان و دەست لە تەڕ و وشک ناپارێزێ و زۆر وەحشیانە کەوتۆتە کوشتنی ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە و وێرانکردنی گوند و شار و شارۆچکەکان، بەشی زۆری وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەڵەتی ئەو ھێرش و دەستدرێژییانەی لەشکری تیرۆریستی تورکیایان ئیدانە و شەرمەزار کردووە، بێگومان تاوانی تورکیا لەم دەستدرێژییانە چەند بێت ئەمریکاش بەقەد تورکیا لە ئەنجامدانی ئەم تاوانانە تاوانبارە، لەبەرئەوەی ترامپی سەرۆکی ئەمریکا چرای سەوزی بۆ تورکیا ھەڵکردووە.
لەشکری تورکیا لەشکرێکی تیرۆریستە لەبەرئەوەی تەواوی ئەو پێناسانەی بۆ کردەوەی تیرۆریستی ھەن ھەموویان لەسەر لەشکری تیرۆریستی تورکیا جێبەجێ دەبن، لەشکرێکە ترس و تۆقاندن لەنێو خەڵکی سڤیلدا بڵاودەکاتەوە، ژن و منداڵ دەکوژێت و ژێرخانی رۆژئاوا وێران دەکات، دەستدرێژی دەکاتە سەر ماڵ و حاڵی خەڵک، ھێرشی کردۆتە سەر وڵاتێکی دیکە و سنووری بەزاندووە، چەندەھا تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە، چەکی قەدەغەکراوی بۆ جینۆسایدکردنی خەڵکی سڤیل بەکارھێناوە، ئەمانەو چەندان تاوانی قێزەونی دیکە.
من وەک کوردێک کەوا وێرانکاری وڵاتەکەم و جینۆسایدکردنی نەتەوەکەم دەبینم ناتوانم بێدەنگ بم، بۆیە بەھەموو شێوەیەک دژی لەشکرکێشی رژێمی داگیرکەر و کوردکوژی تورکیا دەوەستمەوە، ئەوەش بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی ھەموو کورد و کوردستانییەک دەزانم، ھاوسۆزی من بۆ نەتەوەکەمە بۆ ھیچ حزب و لایەنێکی سیاسی نیە، رەخنەو سەرنج و تێبینی زۆرم لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی رۆژئاوا و باشووری کوردستانیش ھەیە، بەڵام ئێستا ئێمە لەبەرامبەر ھەڕەشەی دڕندندەترین دوژمنی کورد داین، بۆیە پێویستە ململانێ سیاسییە نێوخۆییەکان بخەینە لاوەو وەک کورد و وەک کوردستانییەک ھەڵسوکەوت بکەین دژ بەم دوژمنە دڕندندەیە کە تورکیایە بوەستینەوە.
دوو ساڵ لەمەوبەریش لە ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کەوا لەشکری عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ھێرشی دڕندانەیان ھێنا سەر کوردستان بەھەمان شێوە دژیان وەستامەوە و راستییەکان و دەستدرێژییەکانی لەشکر و میلیشیاکانی حەشدی شەعبیمان گەیاندە زۆربەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ناوەندی عەرەبی و نێودەوڵەتی، بەڵام جێگەی داخ بوو وەک ئێستا زۆربەی سکرتێر و سەرکردەی حزبەکانی کوردستان بێدەنگیان ھەڵبژارد.
ئێستا کەوا گریانی دایک و باوکی شەھیدێک یا ھاواری ژنێک یا منداڵێکی برینداری رۆژئاوای کوردستان دەبیستم لە ناخەوە دەھەژێم و، ناتوانم بەرامبەر تورکی فاشیست و مرۆڤ کوژ بێدەنگ بم، لە ھەمووشی ناخۆشتر کەوا ھەندێ کەس و لایەن ھەن زۆر بێویژدانانە پشتیوانی لە کەسێکی مرۆڤکوژو تیرۆریستی وەک ئەردۆغان دەکەن، لەسەر ھەموو کوردێک پێویستە ئەو کەس و لایەنانەش بناسێت کەوا پشتیوانی کوشتنی کوردان و وێرانکردنی وڵاتەکەی دەکەن، بۆئەوەی ریسوا و رووڕەشیان بکەن.
ھەموو لایەک دەبێ ئەو راستییە باش بزانین تورکیا ئامانجی لەناوبردنی نەتەوەکەمانە بە خاک و خەڵکەوە، دوای رۆژئاوا ھێرشدەکاتە سەر باشووری کوردستان، لەبەرئەوەی بەھەموو شێوەیەک دژی ھەر دەستکەوت و پێشکەوتنێکە بۆ گەلی کوردستان، بۆیە پێویستە ھەموو تاکێکی کوردستان ئەو راستییە بزانێت و تورکیا بە دوژمنی سەرسەختی خۆی بزانێت، ناکرێ بە شەرم و ترسەوە سیاسەت بکەین و لە ئاست جینۆسایکردنی نەتەکەمان و سڕینەوەی خاکەکەی بێدەنگ بمێنین.

٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩
Top