رێبازی بارزانیی نەمر نهێنیی سەركەوتنی كابینەی نۆیەمە

رێبازی بارزانیی نەمر نهێنیی سەركەوتنی كابینەی نۆیەمە

بە سەرنجێكی خێراو راگوزەری بۆ ئەو هەوڵانەی خراونەتەگەڕ لەپێناو لەدایكبوونی كابینەی نۆیەم كە بەرنامەكەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو راگەیاند، دەكرێت بڵێین: ئەم كابینەیە لە هەناوی ئەزموونەكانی هەر هەشت كابینەی رابردووەوە سەریهەڵداوە، بەتایبەتیش ئەو دەستكەوتانەی كە پێشتر وەدیهاتوون، سەرجەمیان پێگەو رۆڵی هەرێمیان لەسەر ئاستی ناوخۆو ئیقلیمی و نێودەوڵەتی گۆڕیوە، هاوكات بنەماو فاكتەرو سیماكانی بنیاتنانی دەوڵەتێكی سەردەمییانە هەڵدەگرێت، لەبەرامبەر تەحەددیگەلێك كە دەبنە ئاستەنگ و هەڕەشە بۆ ئایندەیەگی گەشاوە، بەڵام كابینەی نۆیەم گەشبینە بەوەی دەتوانێت چارەسەری كێشەكان بكات و هەموو ئەو تەحەددییانە وەلاوە بنێت كە دێنە بەردەم جێبەجێكردنی بەرنامە چوار ساڵییەكەی.
ئیرادەو گەشبینیی كابینەی تازە پێش هەموو شتێك لە بەرنامەكەیدایە كە لەلایەن زۆرینەی خەڵكی هەرێمەوە پشتگیریی لە سەرۆكی كابینەكە دەكرێت، هەروەها پاڵپشتی و پشتیوانیی بەڕێز مسعود بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەندێ لایەنی سیاسیی كارا، بەو ئاراستەیەی كە پێویستە ئەزموونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بپارێزرێت بۆ پێشخستن و گەشەسەندن پشتیوانی لێبكرێت. تاكو ببێتە زامنی بەهێزكردنی پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.
بەرنامەی حكومەتی هەرێم بۆ چوار ساڵی داهاتوو بریتییە لە (سەروەریی یاسا، شەفافییەت لە كاردا، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە هەموو شێوەكانیەوە، رێكخستنی بەڕێوەبردنی دامەزراوە یاساییەكان، دامەزراندنی دەستەی راوێژكاران، گرنگیدان بە خزمەتگوزاریی هاووڵاتیان، رێكخستنی بەرگری بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، رێكخستنی كەرتی نەوت و غاز، گرنگیدان بە سەرچاوەكانی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، بەرەنگاربووونەوەی قۆرخكاری، پشتگیریی كەرتی تایبەت، پاراستنی ژینگە، گرنگیدان بە مێژوو و كەلەپوورو شوێنەوار، پشتگیریكردنی پەروەردەو لاوان و خێزان و كەسوكاری شەهیدان)، ئەمانە هەموویان گەشبینی لای هاووڵاتیان بە ئایندەی هەرێم زیاتر دەكەن.
بەرنامەی حكومەتی تازەی هەرێم رەنگدانەوەی واقیعی وڵاتەكەیە، ئەمەش مانای وا نییە كە رێگای بەردەم جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە ئاسانە و بە گوڵ چنراوە، بە حوكمی واقیعی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.
رێگای بەردەم حكومەتی كابینەی نۆیەم لە جێبەجێكردنی بەرنامەكەی، زۆر پرسیار دەخاتە بەردەم شەقامی كوردستانی، كە رەنگە ژمارەو تەوەرەكەیان لە ژمارەو تەوەری بەرنامەی كابینەكە زیاتر بێت، وێڕای ئەمەش، هاووڵاتیان بە گشتی و پسپۆران لە بوارەكانی پەیوەست بە لایەنی زانستی و پراكتیكی گەشبینن بە سەرخستنی بەرنامەكە، لەمیانی هەڵێنانی هەنگاوی واقیعی و بەرنامەداڕێژراوی دیراسەكراو كە پاڵپشتی سەرخستنیەتی، بە ئومێدی هێنانەكایەی سیستەمێكی دادپەروەری حوكمڕانی كە كلیلی ئەم سەركەوتنەیە و پێگەی لەنێوان هاووڵاتیان و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەرزدەكاتەوە. بۆیە لەسەر حكومەتی هەرێم پێویستە ئەو چەند رێكارانە بە كردەوە پیادەبكات:
أ- پاراستنی هەرێم لە قەیرانە دروستكراوەكان كە ئاستەنگ بوون لەبەردەم هەر هەشت كابینەی حكومەت لەمیانی ئەم رێكارانە:
1. رێگەگرتن لە چالاكییە نەرێنییە ئابوورییەكان، قۆرخكاری و كۆنتڕۆڵكردن كە كاریگەرییان هەبوو بۆ سەر ئابووریی هەرێم و دەرگاكانیشیان داخست لەبەردەم كەرتی تایبەت كە بەشداری بكات لەگەڵ كەرتی گشتیی حكوومی لە پەرەپێدان و پەرەسەندنی بنەماكانی بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی لە هەرێمدا.
2. دابەشكردنی بوودجەی هەرێم بە شێوەی دادپەروەرانە بەسەر وەزارەت و دامەزراوەكان كە هاوسەنگ بێت لەگەڵ قەبارەو ئەرك و رۆڵی هەر یەكەیان و كردنەوەی سەرچاوەی دیكەی داهات، قەدەغەكردنی بەهەدەردانی سامانی گشتی لە رێی كاراكردنەوەی دەستەكانی چاودێری و دەستپاكی و جێبەجێكردنی پرەنسیپی (ئابووری نیوەی ژیانە)، ئەمەش بە كەمكردنەوەی خەرجیی گشتی و زیادكردنی قەبارەی وەبەرهێنانی پرۆژە بەهەمهێنەرەكان كە خزمەتی هاووڵاتیان بكەن، وا باشترە ئەو پرۆژانە لە گوندەكان دابمەزرێن تاكو ناوچەكە ببووژێننەوە، هاوكات گوندنشینان هانبدرێن بگەڕێنەوە زێدی باب و باپیرانیان، دیارە ئەمەش دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی ئابووری و ژیانی گوندنشینان.
3. كاركردن لەسەر پێویستبوونی فەراهەمكردنی ئاسایشی ئاو بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك، هەروەها دابینكردنی هەلی كار لە رێی گرتنەبەری پرۆژەكانی ئاودێری كە لە رێی گلدانەوەی ئاو دەست پێ دەكات بە رێی بەنداوەكانەوە، دواتر بۆ ئاودانی كشتوكاڵی و گۆڕینی رێڕەوی ئاو و سوودوەرگرتن لێی وەك داهاتێك بۆ هەرێم، چونكە ئاو بنەمایەكی گرنگی بنیاتنانی دامەرزاوەكان و ژیانە، بۆیە پێویستە پەلەبكرێت لە دەركردنی یاسای ئاو لە پەرلەمانی كوردستانەوە، كە ببێتە بنەمایەك لە بەڕێوەبردن و رێكخستنی ئاو و دابەشكردن و پاراستنی لە پیسبوون و بەفیڕۆدان، لێرەدا پێویستە (بۆرد-دەستەیەكی سەربەخۆ و پسپۆڕ) بۆ ئاو دابمەزرێت كە سەر بە ئەنجومەنی وەزیران بێت، چی دیكە دامەزراوەكان و بابەتی ئاو نەخرێتە سەر ئەم وەزارەتە، یان ئەویان، دواتر دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی رۆڵی دامەزراوەكانی ئاو لە هەرێم و لێكەوتەو كاریگەرییەكانیش لەسەر جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەتی هەرێم بە نەرێنی رەنگدەداتەوە.
شارەزایی جیهانی لە بەڕێوەبردنی ئاودا ئاماژە بۆ گرنگیی رۆڵی كادیری ئافرەت دەكات لە سەركردایەتیكردنی كەرتی ئاو بە حوكمی مامەڵەكردنی ئافرەت لەگەڵ ئاودا و زانینی گرنگییەكەی بە بەراورد بە پیاوان، بۆیە پێویستە بەڕێوەبردنی ئاو بە پلەی یەكەم بخرێتە ئەستۆی ئەو ئافرەتانەی كە شارەزایی زانستییان هەیە لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاودا، ئەمەش بەو مانایە نییە كە رۆڵی ئافرەت لە بوارەكانی دیكەی بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی حكومەت و كەرتی تایبەت فەرامۆش بكرێت.
4. گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و چالاكیی مرۆیی و پشتگیریی داهێنان، هاوكات كاراكردنی رۆڵی كەرتی تایبەت لەو بوارانەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی دابینكردنی هەلی گونجاو بۆ پەرەپێدانی بەرهەمهێنان و گۆڕینی ئەو كەرتانە بە سەرچاوەگەلێكی گرنگی داهاتی هەرێم.
5. پشتگیریكردنی بەرهەمهێن و بەرهەمی خۆماڵی –كوردستانی و گەڕان بەدوای بازاڕ بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆو پاراستنی بە یاسا لەجیاتی ئەوەی بازاڕەكان پڕبكرێن لە بەرهەمی وڵاتانی دیكە.
6. رێكخستن و ئازادكردنی سیاسەتی بازرگانی بە یاسا لە هەرێمدا، لەگەڵ یەكخستنی جێبەجێكردنی سیستەمی گومرگ و باج لەسەر بەرهەمی هاوردە.
7. پشتگیریكردن و پەسندكردنی وەبەرهێنانی كوردستانی لەجیاتی وەبەرهێنانی دیكە، كە دەبێتە هۆی زیادكردن و بەهێزكردنی ئینتیمای نیشتمانی و تەرخانكردنی داهاتەكانیان بۆ بنیاتنان و پەرەپێدانی هەرێم، بۆیە پێویستە بەپێی بەرنامەو پرۆژەكانی پلاندانان جێبەجێ بكرێن كە وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان لەم بوارەدا پێشكەشی دەكەن.
8. تازەكردنەوەی سەركردایەتییەكانی حكومەتی هەرێم لە وەزیرو بەڕێوەبەرو راوێژكاران لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی شوێنی ئەو بەرپرسانە (لەبەر هەر هۆیەك بێت) لە وەزارەتەكان و دامەزراوەكان لە رێی بریكارەكانەوە پڕنەكرێتەوە وەك چۆن لە كابینەكانی پێشوودا هەبوو، بەڵكو وا چاكە لە رێی دەستەی راوێژكارانەوە چارەسەربكرێت، بەمەبەستی هەڵبژاردنی شیاوترین كەس لە رووی پسپۆڕی و شارەزایی و پیشەییەوە بۆ ئەو ئەركە.
9. دانانی پلانێكی گشتی و سەرتاسەری و داپەروەرانەو یاساییانە لە پرۆسەكانی چاكسازی و چارەسەركردنی كێشەكانی گەندەڵی بە هەموو شێوەكانیەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی سەقامگیریی زیاتر لە هەرێمی كوردستان.
10. كاركردن بۆ هێنانەكایەی میدیایەكی پرۆفیشناڵ و نیشتمانی بۆ راپەڕاندنی ئەركەكانی و لەسەروویانەوە سانسۆر لەنێوان هاووڵاتیان و حكومەتدا، هاوكات لەپێناو بەهێزكردن و پەرەپێدانی ئینتیمای نیشتمانی و نەتەوەیی لە ریز دانیشتووانی هەرێم، ئەمەش هۆكارە بۆ بەرتەسككردنەوەی رووبەری بێسەروبەری و پاشاگەردانی، نەخاسمە لە حاڵەتی سەرهەڵدانی قەیرانەكان كە ناوبەناو دێنەپێشەوە بە هۆكاری مرۆیی و سروشتی.
11. یەكخستنی گوتار و هەڵوێستەكان لەهەمبەر رووداوەكاندا لای سەركردایەتی و حكومەتی هەرێمدا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا.
12. پێویستە (دەستەی راوێژكاران) پێكبهێنرێت و راستەوخۆ سەربە ئەنجومەنی وەزیران بێت، لە پسپۆڕییەكان پێكبێت و لەژێر یەك خێوەتدا كاربكات، ببێتە بناغەو بنەمایەكی زانستی و پراكتیكی لە هەڵسەنگاندن و دیراسەكردن و لە پلانڕێژی و دیاریكردنی رێگەچارەكانی سەرجەم كێشە ناوخۆیی و ئیقلیمییەكان، دیارە ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر بەهێزكردنی حكومەتی هەرێم، وەك هاندەرێكیشە بۆ راپەڕاندنی بەرنامەكەی كە بۆ چوار ساڵی داهاتوو داڕێژراوە، لەمیانی بەدواداچوونی جیددی ئەركی وەزارەتەكان و رۆڵیان لە جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت و كاركردن بەپێی یاسای وەزارەتەكان، لەگەڵ پێویستبوون بە جەختكردنەوە لەسەر دروستكردنی دامەزراوەكانی سەر بە هەر وەزارەتێك، ئەمەش بە وەك ئەوەی لە یاسای وەزارەتدا هاتووە، مەبەستیش دابەشكردن و رێكخستنی دەسەڵات و مافەكانی ئەو دامەزراوانەیە.
13. گرنگیدان و نزیكبوونەوە لە لاوان بە مەبەستی دابینكردنی هەلی كاری گونجاو و پاڵپشتیكردنیان لە هاوسەرگیری و نیشتەجێكردندا، لەگەڵ گرنگیدان بە خێزان، بەو پێیەی خانەی بنەڕەتیی بنایاتنانی كۆمەڵگەن، هاوكات پاراستنی خێزان لە شۆڕشی خێرای تەكنەلۆجیا و كاریگەریی بۆ سەر رەسەنایەتی و مێژوو و كەلەپووری خێزان، كە لەم ماوەیەدا كاریگەریی زۆری كردۆتە سەری لە كوردستاندا.
14. گرنگیدان بە پەككەوتەو كەمئەندامان و كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراو و ئاواران.
15. بەرەنگاربوونەوەی بێكاری و تەمبەڵی بە هەموو شێوەكانیەوە كە كاریگەریی نەرێنی كردۆتە سەر خێزان و كۆمەڵگە و فەرمانبەران، ئەمەش بە جیاكردنەوە ئەنجام دەدرێت لە (ماف و ئەرك و پاداشتدا) لەنێوان كەسی بەرهەمهێن و نابەرهەمهێندا.
16. بەرەنگاربوونەوەی دەست بەسەرداگرتن و زێدەڕۆییەكانی سەر موڵكی گشتی و تایبەت و پاراستنی مافی هاووڵاتیان و هەڵوەشاندنەوەی زێدەڕۆییەكان لە رێی كاراكردنەوەی رۆڵی یاسا و دادگاكاندا.
17. پاراستنی ژینگەو سروشت و دارستانەكان و هەمەجۆریی بایۆلۆجی و ئاژەڵی و رووەكی و رێگەگرتن لە بەهەدەردان و چالاكیی زیاد لە پێویست، هەروەها دامەزراندنی پاراستنگەی سروشتی كە جوانیی بە جووڵە و چالاكیی گەشتیاریی دەبەخشێت لە هەرێمی كوردستاندا.
18. گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ پاراستنی هەرێم و هاووڵاتیان لە كارەساتە سروشتییەكان (زەمینلەرزە، لافاو هەرەسهێنان و رووچوونی زەوی و گەردەلوولی لماوی) هاوكات لە كارەساتی مرۆیی (ئاگركەوتنەوە، خنكان، هاتوچۆ، دەردو نەخۆشی) كە بە هۆی چالاكیی مرۆڤ روودەدەن.
جێیەجێكردنی بەرنامەی حكومەت بەپێی ناوەڕۆكی ئەو بڕگانەی باسمان كردن، هۆكارە بۆ چاكسازی و قووڵكردنەوەی متمانەی هاووڵاتیان بە حكومەت و دەسەڵات، ئەویش بە گێڕانەوەی هەیبەتی هەرێم و پاراستنی لەبەرامبەر هەر هۆكارێك كە ئەم هەیبەتە لەكەدار دەكات.
ب: پەیوەندیی نێوان بەغداو هەولێر:
پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا بەهێز بكرێن لەپێناو وەدیهێنانی مافی هاووڵاتیان و زامنكردنی مافەكانی سەروەریی حكومەتی هەرێم وەك ئەوەی لە دەستووردا هاتووە، دیارترین ئەو خالانەش ئەمانەن:
1. كاركردن بۆ پێكهێنانی دەستە تایبەتییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا بۆ دیراسەكردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری پراكتیكی كە مافەكانی هەرێم بەپێی دەستوور زامن بكرێن لە دۆسێیەكانی (نەوت و غاز، داهاتی گومرگەكان، بوودجە، جێبەجێكردنی ماددەی 140، مافەكانی هێزی پێشمەرگە، بەشداریكردنی هەرێم لە دەسەڵاتی فیدڕاڵ و گشت دامەزراوەكانی ئەم دەسەڵاتە).
2. پێویستە كاربكرێت بۆ زامنكردنی (پشكی هەرێم لە بوودجەی گشتی لە چوار ساڵی داهاتوودا) تاكو كابینەی نۆیەم بتوانێت بكەوێتە سەر پێ و بەرنامەكەی جێبەجێ بكات كە خزمەت بە هاووڵاتیان بكات و ئاسایش و سەقامگیری و پەرەپێدان لە هەرێمی كوردستان بەهێز بكات.
3. رازیكردنی كوتلە سیاسییەكانی لایەنگیر و ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم كە پشكداربن لە پشتگیریكردنی كابینەی نۆیەم و هەڵوێستەكانی بەرامبەر خكومەتی فیدڕاڵ، بۆ ئەمەش پێویستە (نووسینگەیەكی حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستی وەزارەت لە بەغدا) دابمەزرێت بە هاوكاریی لەگەڵ دەسەڵاتەكانی دەستووری و حكوومی و دادوەریدا لە هەولێر و بەغدا، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتی پراكتیكی و یاسایی لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، هاوكات رێگە لە هەندێ لایەن دەگرێت كە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا قووڵتر بكەنەوە، كە دواجار كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر هاووڵاتیانی هەرێم و حكومەتە سەركەوتووەكەی.
4. بەردەوامبوون و بەدواداچوونی پەرلەمانی كوردستان بە بەرنامەی حكومەتی هەرێم و كاركردنی جیددی لە تەواوكردنی ئەو یاسایانەی ماونەتەوە كە بێ ئەو یاسایانە ئەرك و كارەكانی وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێم پەكدەخرێن، هاوكات چالاكییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتەكان و حكومەتی فیدڕاڵدا ئاسانتر دەكات.
ج: لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی:
1. بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و تەرخانكردنی تواناكان بە یەكەوە بۆ زامنكردنی ئاسایشی هەرێم، كە بەمەش ئایندەی هەرێم لە بنیاتنان و پەرەپێدان و پێشكەوتن بەهێزتر دەبێت.
2. كاری جیددی بۆ بەتینكردنی هاوكاری لەگەڵ دەوڵەتانی ئیقلیمی بە شێوەیەك سەلامەتی و سەروەریی هەرێم زامن بكات لە رێی بەهێزكردنی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری، هەروەها پێگەو توانا ئابوورییەكانی هەرێم لە(نەوت و غازو سامانەكانی دیكە) بۆ ئەو وڵاتانە دەربخات، كە دەكرێ بەم سامانە زۆر كێشەی نێودەوڵەتیی دەوروبەری هەرێم چارەسەربكرێن، هاوكات ببێتە فاكتەری سەقامگیریی ناوچەكە بەگشتی، هەر كاتێكیش ئەو دەرفەتە گونجاوە هاتەپێش لە دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستاندا.
3. دووركەوتنەوە لە جموجۆڵ و ململانێی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی كە ناوچەكە بۆ شەڕ پەلكێش دەكەن، لە بەرامبەر هەوڵدان بۆ بەتینكردنی سەقامگیری و سەلامەتیی ناوچەكە كە دەرفەتی گونجاو بەدەست دێنێت و لە وەدیهێنانی خواست و ئامانجەكانی گەلەكەمان بەكاری دەهێنێت.
كۆتایی و سەرئەنجام:
گەشبینی و دانایی لە هەڵوێستەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمدا لەوەدایە كاتێ لە بەرنامەی حكومەتەكەیدا ئاماژەی بەو قسەیە كرد (كرداری زۆر و قسەی كەم)، ئەمەش لەو پەندە كوردییەدا خۆی دەنوێنێت (سەد قسە بە قوربانی یەك كردار بێت)، هەروەها چالاكیەكانی مەلا مستەفا بارزانی-مان دێنێتەوە یاد كە لێدوانەكانی كەم بوون، بەڵام ئەو كردارە مەیدانییانەی كە مێژوو تۆماری كردن، بوونەتە شانازی بۆ خۆی و بۆ نەوەكانی، هیوادارین نەوە دڵسۆزەكەی بارزانی (سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەت) و ئێمەش هەموومان سوود لە ئەزموونی بارزانیی نەمر وەربگرین هەم لە قسەو هەمیش لە كردەوەكانی، تاكو ببنە پاڵپشت بۆ زامنكردنی پێكەوەژیان و خۆشگوزەرانی و حوكمڕانیی دادپەروەرانەو بەهێزكردنی تەبایی و پشتیوانیی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی تازە لە كاتی ئاشتی و قەیرانەكاندا، ئەمەش نهێنیی سەركەوتنەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتە، هاوكات زاڵبوون بەسەر هەموو ئاستەنگ و ئاریشە پێشبینیكراو و پێشبینی نەكراوەكان كە رەنگە بێنە رێی كاروانی چوار ساڵەی حوكمڕانی و مێژووش گەواهیدەری ئەمەیە.







راوێژكاری ئاسایشی ئابووری پاراستنی هەرێمی كوردستان
Top