خوێندنەوەیەك لەدیدی ئاسایشی نەتەوەییەوە . . . بەرنامەی كابینەی نۆیەم شیكردنەوە وهەڵسەنگاندن

خوێندنەوەیەك لەدیدی ئاسایشی نەتەوەییەوە  . . .   بەرنامەی كابینەی نۆیەم شیكردنەوە وهەڵسەنگاندن
ئەگەر لە روانگەی ئاسایشی نەتەوەییەوە خوێندنەوەیەك بۆ بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین، ئەوا دەبێت لەسەرەتاوە ئاماژە بۆ ئەوە بكەین كە بەرنامەی كابینەی نۆیەم، بەرەنجامی رێككەوتنێكی سیاسیی لایەنە بەشدارەكانی حكومەتە، بۆیە هەم بەرنامەكە بەرنامەیەكی هاوبەشە، هەمیش جێبەجێكردنیشی بەرپرسیاریەتێكی هاوبەشەو، بەرنامەكەش لە 8 تەوەری سەرەكی پێكهاتووە كە بریتین لە: (چاكسازی، خزمەتگوزاری، كارگێڕی، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی، ئازادی و دیموكراتی و پێكەوەژیان، پەیوەندییە هەرێمییەكان، پەیوەندییە نیودەوڵەتییەكان).
باشترین دەستپێك بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم بەرنامەیە بە دیدی ئێمە دوولایەنە كە بریتین لە:
1. شیكردنەوەی هەیكەلییەتی دامەزراوەكان لە ناو ئەم بەرنامەیەدا.
2. شیكردنەوەی بابەتی تەوەرەكانی بەرنامەكە.
لێرەوە ئەگەر سەرنج لە تەوەرەكانی ئەم بەرنامەیە بدەین، ئەوا دەتوانین بە چاوخشاندنێكی خێرا بەمجۆرە پۆلێنی بكەین:
لەبواری چاكسازی 13 تەوەری لە خۆی گرتووە كە بوارەكانی (كارگێڕیی گشتی، رۆتینی دامودەزگاكان، قۆرخكردنی وەزیفی، شەفافیەتی دارایی، سیستمی خۆراك و دەرمان، سیستمی باج، چاودێریی پەرلەمانی، سیستمی بەرگری و ئاسایش و سەروەریی یاسا و.. هتد) دەگرێتەوە. ئەگەر سەرنج بدەین ئەمانە هەموویان ئەركی قورسن، هەروەها بەرنامەكە فرەلایەن و گشتگیرە، هاووڵاتیشی كردۆتە مەحەك بۆ كۆی پرۆسەكانی چاكسازی.
لە تەوەری خزمەتگوزارییشدا كە بوارەكانی وەك ( تەندروستی، ئاو و كارەبا، پەروەردە، كەرتی تایبەت، ژینگە، ئاوەدانكردنەوە، توێژینەوەی زانستی و خوێندنی باڵا و سیستمی ئەلیكترۆنی و...هتد) دەگرێتەوە، ئەمانەیش 14 پرسن و پەیوەستن بە دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان بە شێوەیەكی فراوان، بەڵام دیسان ئەم تەوەرەش گشتگیر و هەمەلایەنە.
پرسێكی دیكەی گرنگ سەبارەت بە چۆنیەتی رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵییە، ئەم پرسە سنووردار كراوە بە حكومەت، واتە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەك حزبە سیاسییەكان ئەم ئەركە لە ئەستۆ دەگرن و بۆ رێكخستنەوەی ئەم پەیوەندییانەش دەستووری عێراق حەكەمی نێوان هەردوولا دەبێت، ئەو پرسە گرنگانەشی كە پێویستە لەنێوان هەردوولا چارەسەر بكرێن، بریتین لە (كێشەی ناوچە جێ ناكۆكەكان و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق، مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان، چارەسەری كێشەی پێشمەرگە و كێشەی نەوت و گاز و پشكی هەرێم لە دامەزراوەكانی دەوڵەتی فیدڕاڵیدا، هەروەها مەسەلەی یاسای دادگای فیدڕاڵیش لە عێراقدا).
لە بواری ئازادی و دیموكراتی و پێكەوەژیان، ئەمە پرسێكی گرنگە بۆ پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان و هەروها پرسی بنەما دیموكراتییەكان سەبارەت بە ئازادییە سیاسییەكان، ئەمەش لایەنێكی گرنگە لە ژیانی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان.
تەوەری سیاسەتی ئابووری و دارایی، هەوڵدان بۆ هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی ئابووریی داهات لە كوردستاندا و رێكخستنەوەی سیستمی بانكی، ئەمانەش پرسی گرنگن و كاریگەریی گەورەی لەسەر ئاستی پەرەپێدان و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان دەبێت.
لە بواری دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و دابەزاندنی دەسەڵاتەكان، هەوڵدان بۆ پشتگیری لە لامەركەزییەتی پارێزگاكان هەنگاوێكی گرنگە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هەیكەلی دامودەزگاكان لە هەرێمدا.
هەوڵدان بۆ دووبارە رێكخستنەوەی پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمی لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندیی هاوبەش و هەرێم ببێتە بەشێك لە چارەسەر بۆ كێشەكان، ئەمەش فاكتەرێكی دیكەی گرنگە بۆ سەقامگیری لە كوردستاندا.
دیارە بۆ جێبەجێكردنی ئەم بەرنامە گشتگیر و هەمەلایەنە هیچ سەقفێكی زەمەنی دیاری نەكراوە، ئەمەش واتە ماوەی 90 رۆژ یان شەش مانگ یان ساڵێك كە هەندێك حكومەت دیاری دەكات، لەم بەرنامەیە هیچ كاتێك دیاری نەكراوە، بۆیە دەبێت بگەڕێینەوە سەر ئەوەی كە ئەم كابینەیە تەمەنی چوار ساڵە، ئەگەر بەشێوەی یاسایی و دەستووری خۆی بەڕێوەبڕوات، بۆیە كابینەی نۆیەم شێوازێكی دینامیكیی نەرمی داوە بەخۆی و دەیەوێت بە درێژایی چوار ساڵی داهاتوو هەوڵەكانی چڕ بكاتەوە بۆ ئەوەی ئەم بەرنامەیە جێبەجێ بكات.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا چ لایەنێك ئەركی شیكردنەوەی هەیكەل لەئەستۆ دەگرێت؟ ئایا وەزارەتەكانن، یان دەستە سەربەخۆكان، یان دامەزراوەی پەرلەمانی و دادوەری، یان دامەزراوە سیاسییەكان، یان حزبەكان، كۆمەڵگەی مەدەنی، راگەیاندن، یان ناوەندەكانی توێژینەوە رۆڵێك دەگێڕن؟
بێگومان ئەم دامەزراوانە هەموویان رۆڵی خۆیان لەو پرۆسەیەدا دەگێڕن، بەڵام دەبێت ئەوەمان لە بیر بێت، رۆڵی جیاواز دەگێڕن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بە پلەی یەكەم چاودێری پەرلەمانی، ئەدای وەزارەتەكان، رای گشتی، خوێندنەوەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان رۆڵی گرنگ دەگێڕن لە شیكردنەوەی هەیكەلیەتی ئەم كابینەیەدا.
لایەنێكی دیكە كە گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بكەین، ئەوەیە كە ئەم كابینەیە رووبەڕووی چەند تەحەددییەك دەبێتەوە كە بە بۆچوونی ئێمە بریتی دەبن لە:
تەحەددی ئاسایش و سەربازی.
تەحەددی سیاسیی پەیوەست بە سیاسەتی ناوخۆی هەرێم.
تەحەددی ئابووری.
تەحەددی ئیقلیمی مەبەست لە وڵاتانی (توركیا، عێراق، ئێران و سوریا)یە.
لەگەڵ ئەوەی كابینەی نۆیەم لەم ناوچە ئاڵۆزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جۆرێك لە سەقامگیری سیاسی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لەبەرامبەر ئەو رووداوانەی چوار ساڵی رابردوو كە بریتی بوون لە تەحەددی (ئاسایش و سەربازی، ئابووری، سیاسی) ئەو پرسیارە دێتەئاراوە: ئایا ئەو رێككەوتنەی لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لەم كابینەیە لەسەری رێككەوتوون، لەسەر ئەساسی میساقێكی شەرەفە، یان بەرژەوەندیی هاوبەش پێكەوە كۆی كردوونەتەوە لە پێكهێنانی ئەم كابینەیەدا؟ ئەمەش لایەنێكی گرنگە لە پرسی هەڵسەنگاندن بۆ كابینەی نۆیەم.
هەروەها سەبارەت بە شێوازی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ تەحەددییە ئیقلیمیەكان، ئەمەشیان دۆسێیەكی ئاڵۆزە، دەبێت هەر دۆسێیەك بە جیا بخوێندرێتەوە و دیراسەت بكرێت، هەر بۆ نموونە: ئاشكرایە كە دۆسێی توركیا جیا لە دۆسێی ئیران، هەروەها هەردووكیشیان جیاوازن لە دۆسێی پەیوەندییەكانی هەرێمی و حكومەتی فیدڕاڵی و هەر سێ دۆسێیەكەی پێشووش جیاوازن لە دۆسێی سووریا..، ئاشكرایە ئەم دەوڵەتانە هەر یەكەیان كێشەی خۆیان هەیە، زۆر جار كێشەكانی خۆیان هەناردەی هەرێم دەكەن و تەسفیەی نێوان خۆیان لە هەرێم دەكەن، كە ئەمەش تەحەددی زۆر گەورەن.
لەسەر ئەم پرسە و سەبارەت بە چالاككردنی رۆڵی دیپلۆماسیەت، ئەدای نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و دەبێت دیپلۆماتیەتی خۆمان چالاك بكەین و هەوڵبدەین نوینەرەكانمان بۆ ئەم ئەركە باشتر ئامادە بكەین، ئەمەش چ بە مەشقپێكردن بێت، یان بە پسپۆڕی و تەكنۆكراتی، دەكرێت لە چوارچێوەی پەیمانگایەكی دیپلۆماتی ئامادەیان بكەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو نوێنەرایەتییانە پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە.
لە رووی ئاسایش و بەرگرییەوە، بوونی پسپۆڕی ئەكادیمی مەسەلەیەكی گرنگە.
سەبارەت بە رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا، راستە دەستوورمان كردۆتە بنەما بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام گرنگە ئەوانەی نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان دەكەن لەبەغدا، پێشتر بە بەرنامەی ئامادەكراوەوە بچنە بەغدا و بە وردی دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراقیان هەر لە پەرلەمان و حكومەت و دەستەكان خوێندبێتەوە.
كەواتە ئەگەر لە دیدوبۆچوونی ئاسایشی نەتەوەییەوە هەڵەسەنگاندنی بۆ بكەین، ئەوا وای دەبینین بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرنامەیەكە بۆ قۆناخی بونیادنانەوەیەكی تازە لەسەر بنەمای شیكردنەوەی هەیكەلی و شیكردنەوەی بابەتییانە بۆ ئەو بابەتانەی لەم بەرنامەیەدا هاتوون، كە هەموویان گشتگیر و هەمەلایەنن، بەڵام بەرنامەكەش بەرنامەیەكی هاوبەشی هەر سێ لایەنی (پارتی و یەكێتی و گۆڕانە) كە بەشدارن لەم كابینەیە و ئەوەی ئەم سێ لایەنەشی كۆكردۆتەوە، هێڵە گشتییەكانە، بۆیە دوای پێكهێنانی كابینەكە دەست بەكاربوون، ئەوا بەرنامەكە دانراوە بۆ ئەوەی:
1. دووبارە بونیادنانەوەی هەیكەلی دامەزراوەكان.
2. چارەسەری یاسایی سەرلەنوێ بە دەركردنی یاسای نوێ، یان هەمواركردنەوەی ئەو یاسایانەی پێویستیان بە هەمواركردنەوە هەیە.
3. چالاككردنی رۆڵی پەرلەمانی كوردستان، بەتایبەتیش چاودێریی پەرلەمانی بۆ كارەكانی حكومەت.
4. رۆڵی هاووڵاتیان و ئەو حزبە سیاسییانەی كە لە حكومەتدا بەشدار نین، واتە رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینن، بەداخەوە وا دەبیندرێت كە ئۆپۆزسیۆن لاوازە و ناتوانێت كاریگەری لەسەر داڕشتنی بریار هەبێت، بۆیە گرنگە ئۆپۆزسیۆن رۆڵێكی كارای لە پەرلەماندا هەبێت، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە، ناتوانێت ئەو رۆڵە بگێڕێت، بۆیە دەبێت پشتگیریی ئۆپۆزسیۆن بكرێت، چونكە ئۆپۆزسیۆن گرنگە.
لایەنێكی دیكە كە جێگەی پرسیارە، ئەوەیە: ئایا ئەم بەرنامەیە قۆناخییە، یان رەهەندێكی ستراتیژی هەیە؟ ئەوەی هەتا ئێستا، لەم بەرنامەیە دەخوێندرێتەوە، دەتوانین بڵێین: ئەم بەرنامەیە چارەسەرێكی قۆناخییە بۆ ئەو كێشانەی ئێستا دەستنیشان كراون، بەڵام بە جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیە كاریگەری لەسەر رەهەندە ستراتیژییەكەی دەبێت و لەوانەیە سیمای ئەو حوكمڕانییەی ئومێدی بۆ دەخوازین لە 5-10 ساڵی داهاتوو بە تەواوەتی دەربكەوێت.
فاكتەرێكی دیكەی گرنگ كە كاریگەری لەسەر شێوازی جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیە دەبێت، ئەوەیە كە پێكهاتەی ئەم كابینەیە لە رووی تەمەنەوە جیاوازن، كاراكتەرە سەرەكییەكان لەنێوان گەنجان و خاوەن ئەزموونی سیاسی و ئەزموونی وەزیفی و جاروباریش بەرەو تەكنۆكرات چووە. بەڵام ئەوەی گرنگە بیخەینە بەرچاو، ئەوەیە كە ئەركی راپەڕاندنی كارەكان بە رێكوپێكی هەمووی لەسەر شانی خودی وەزیر نییە، بەڵكو ئەركەكە دەكەوێتە سەرشانی ئەو تیمەی كە لەگەڵ وەزیر كاردەكەن و ئەو تیمە دەتوانێت رۆڵی وەزیرەكان چالاك بكات، بۆ ئەمەش خودی یاسای ئەنجومەنی وەزیران كە یاسایەكی كۆنی ساڵی 1993 یە، پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، وەزارەتەكان كە 19 وەزارەتن، یاسای هەموو وەزارەتەكان پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە .
لێرەدا پرسێكی دیكەی گرنگ سەرهەڵدەدات: ئایا ئەو كارانەی ئەم بەرنامەیە دیاریكردن بە كەسانی سیاسی، یان دەوڵەتمەدار دەكرێن؟ بە بۆچوونی من ئەم كارانە بەو دەوڵەتمەدارانە دەكرێت كە توانای بەڕێوەبردنی قەیرانەكانیان هەیە. بۆیە لەم روانگەیەوە دەكرێت بڵێین: گەشبینییەكی رێژەیی نەك رەها بەم بەرنامەیە هەیە، هەنگاوە سەرەتاییەكان پەیوەستن بە رێكخستنەوەی دەوام لە فەرمانگاكان، كەمكردنەوەی رۆتین، جێبەجێكردنی سیستمی ئەلیكترۆنی، ئەمانە هەنگاوی باشن، بەڵام زیاتر بە پەنابردن بۆ ئەقڵی تەكنۆكرات و ئەكادیمییەكان و سوودوەگرتن لە ئەزموونی سەنتەرەكانی توێژینەوە.
ئاشكرایە راگەیاندنیش رۆڵێكی گرنگی هەیە، لەبەر ئەوەی راگەیاندنیش بەرپرسیارە لە شیكردنەوەی پرسەكان، یان چۆن مامەڵە لەگەڵ تەنگژەكان دەكات .
ئەوەی دەمێنێتەوە گوتاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەوەی ئایا گوتارەكەی لە ئایندەدا چۆن دەبێت؟ بێگومان ئەزموونی 27 ساڵی رابردووی حوكمڕانی قۆناخی جیاجیای بۆ ئێمە ئاشكراكردووە، بەڵام ئەم قۆناخەی كابینەی نۆیەم دەتوانین بڵێین ئارامییەكی سایكۆلۆژی دروست كردووە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سایكۆلۆژیەتی هاووڵاتی ئێمە لە ژێر ئەو گوشارە دەروونی و سیاسی و ئابوورییانەدا پارچە پارچە بووە، بەڵام بەرنامەی ئەم كابینەیە وا دەكات ئارامییەكی سایكۆلۆژی لای هاووڵاتیان دروست بكات، دەتوانێت وا بكات دامەزراوەكان كاری خۆیان بكەن، بەڵام گرنگە لە سەرەتاوە روانگەیەك بۆ چاودێری هەبێت.
ئەوجا وەك پێشتر ئاماژەم پێ كرد، ئەوانەی دەبنە داینەمۆ بۆ جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیە بە تەنیا وەزیرەكان نین، بەڵكو ئەو بازنانەن كە دوای وەزیرەكان دێن، بۆیە گرنگە بزانرێت ئەو بازنانە چۆن لەگەڵ ئەم بارودۆخە تازەیە خۆ دەگونجێنن، چۆن كاروبارەكان بەڕێوەدەبەن، بۆ ئەمەیان من پێموایە لەوانەی پێداچوونەوەیەك بە كاركردنیان و دووبارە هەڵەسەنگاندنەوەیان لەسەر بنەمای متمانە و لێهاتوویی كارێكی زۆر پێویست بێت .
لە ئێستادا لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیە، ئێمە بەرەو حوكمڕانییەكی باش لە هەرێمدا هەنگاو هەڵدەگرین، ئەم هەنگاوانە و لەگەڵ كاتەكە و ئەو كەسانەی كاروبارەكان هەڵدەسووڕێنن و رێوشوێنەكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، هەموویان پێوەرن بۆ ئەوەی بڵێین حكومەتی داهاتوو دەبێتە حوكمڕانییەكی باش.









پسپۆر لە ئاسایشی نەتەوەیی
Top