غەفوور مەخموورى لە کۆنگرەى گشتیى پارتى کریستیانى نەرویج لە ئۆسڵۆ: تاکە چارەسەری پرسی گەلى كوردستان سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەتە
June 3, 2019
وتار و بیروڕا
میدیا _ ئۆسڵۆ:
رۆژانى ١ و ٢ / ٦ / ٢٠١٩ سكرتێری گشتیی YNDK لە شارى ئۆسڵۆى پایتەختى نەرویج بەشدارى کۆنگرەى گشتیى (پارتى کریستیانى نەرویج) ی كردو لە وتارێکيدا وێرای هیواى سەرکەوتن خواستن بۆ کۆنگرەکە، داوای کرد پشتیوان و هاوکارى گەلى کوردستان بن بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیى کوردستان.
ئێوارەى رۆژى هەینى رێکەوتى ٣١ / ٥ / ٢٠١٩ ، غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK لەسەر بانگهێشتنى پارتى کریستیانى نەرویجى بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەى گشتیى پارتەکە گەیستە ئۆسڵۆ و، لە فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى ئۆسڵۆ لەلایەن بەڕیزان (ئیریک سەلە سەرۆکى پارتى کریستیانى نەرویجى و ژمارەیەک لە ئەندامانى سەرکردایەتى پارتەکەوە) بەگەرمى پێشوازى لێکرا، دواتر رۆژانى شەممە و یەکشەممە رێکەوتى ١ و ٢ / ٦ / ٢٠١٩، غەفوور مەخموورى سكرتێری گشتیی یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK، لە شارى ئۆسڵۆى پایتەختى نەرویج بەشدارى کۆنگرەى گشتیى (پارتى کریستیانى نەرویج) بوون، کۆنگرەکە بە ئامادەبوونى بەڕێز ئیریک سەلە سەرۆکى پارتەکە و ژمارەیەکى زۆر لە شاندى وڵاتانى ئەوروپى و ئەفریقى و بیانى و شاندى کوردستان دەستى بەکارەکانى کرد، ئەمەو لە كۆنگرەكەدا وتارى YNDK لەلایەن سكرتێری گشتیی YNDK پێشکەش کراو، سكرتێری گشتیی YNDK لە وتارەکەیدا داواى هاوکارى و پشتیوانى بۆ پرسى گەلى کوردستان کردو، وتى: (كۆنگرەكەتان لەكاتێكدا دەبەسترێت كە رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردایە و چاوەڕوانی هاتنە پێشی زۆر ئەگەرو پێشهات دەكرێت، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئێمەی نەتەوە بندەستەكان و پێویستیمان بە هاوکارى پشتیوانى ئێوە دەبێت، ئێمەى گەلى کوردستان کەوا نیشتمانەکەمان دابەش و داگیرکراوە و زوڵمیکى مێژووییمان لێکراوە، چەندین ساڵە لە خەبات و بەرخودان داین لە دژى داگیرکەران و، لەم پێناوەشدا قوربانى زۆرمان داوە.)، سکرتێرى گشتیى YNDK لە وتارەکەیدا جەختى کردەوە سەر پرەنسیپى پێکەوەژیان و هاوکارى نێوان گەلان و وتی : (باوەڕى تەواومان بە پێکەوەژیان و رێزگرتنى نێوان پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکان هەیە، داوا لە هەموو لایەک دەکەین کەوا دووربکەوینەوە لە رق و دووبەرەکى و کاربکەین بۆ چاندنى تۆوى خۆشەویستى و برایەتى لە نێوان گەلاندا، بێگومان تەنها بە بڵاوکردنەوەى کلتورى خۆشەویستى و برایەتى گەلان دەتوانین وابکەین ئاشتى و ئارامى باڵ بەسەر جیهاندا بکێشێت.)، هەروەها مەخموورى لە وتارەکەیدا جەختى کردەوە سەر سەربەخۆیى کوردستان وتى: (دەمانەوێت راشکاوانە ئەوە بە هەموو لایەک رابگەیەنین کەوا چارەسەرى پرسى رەواى گەلى کوردستان فاکتەرى سەرەکییە بۆ هێنانەدى ئاشتى و ئارامى لە رۆژهەڵاتى ناڤین و تەواوى جیهاندا، بێگومان چارەسەری بنەڕەتى و ریشەیى پرسی گەلى کوردستان لە سەربەخۆیی كوردستاندا دەبینینەوە، بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو لایەکتان دەکەین کەوا لەم پێناوەدا هاوکار و پشتیوانمان بن.)، ئەمەش دەقى وتارەکەیە:
وتارى غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK لە کۆنگرەى گشتیى پارتى کریستیانى نەرویج (Partiet De Kristne)
بەڕێز ئیریک سەلە سەرۆكی پارتى کریستیانى نەرویج
بەڕێزان ئەندامانی كۆنگرەی گشتیى پارتى کریستیانى نەرویج
ئامادەبووانى بەڕێز ...
سڵاوێكی گەرم ...
بەڕێزان؛ سەرەتا سوپاسى براى بەڕێزمان کاک ئیریک سەلە و سەرکردایەتى پارتى کریستیانى نەرویج دەکەین بۆ بانگهێشتکردنمان بۆ ئەم کۆنگرەیە و، بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و ئەندامانی كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی هەڤاڵانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بەبۆنەی بەستنی كۆنگرەی گشتیى پارتەكەتان (پارتى کریستیانى نەرویج) جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی ئازیزو خۆشەویست دەكەین و، هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازین و ئومێد دەكەین ئەم كۆنگرەیەتان ببێتە فاكتەری پێشڤەچوون و خاڵی وەرچەرخان و سەركەوتنی زیاتر لەپێناو خزمەتكردنی پرسە مرۆڤایەتى و دیموکراتییەکان.
بەڕێزان، كۆنگرەكەتان لەكاتێكدا دەبەسترێت كە رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردایە و چاوەڕوانی هاتنە پێشی زۆر ئەگەرو پێشهات دەكرێت، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئێمەی نەتەوە بندەستەكان و پێویستیمان بە هاوکارى پشتیوانى ئێوە دەبێت، ئێمەى گەلى کوردستان کەوا نیشتمانەکەمان دابەش و داگیرکراوە و زوڵمێکى مێژووییمان لێکراوە، چەندین ساڵە لە خەبات و بەرخودان داین لە دژى داگیرکەران و، لەم پێناوەشدا قوربانى زۆرمان داوە، بێگومان خەبات و تێکۆشانى ئێمەى گەلى کوردستان لەپێناو چەسپاندنى ئاشتى ئارامى بووە.
خوشکان ... برایان ...
ئێمەى گەلى کوردستان رۆژانە لەلایەن داگیرکەران (عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا) رووبەڕووى زوڵم و چەوساندنەوە دەبینەوە، ئەوەتا حکومەتى عێراق لە رابردوودا جۆرەها زولمى لە ئێمە کرد هەر لە بە عەرەبکردن و راگواستن و شاڵاوە بەدناوەکانى ئەنفال و کیمیابارانکردنى هەلەبەجە و بادینان و بلیسان و گەرمیان تا دەگاتە زیندەبەچاڵکردنى ژن و منداڵ و پیر و گەنج و وێرانکردن و سوتاندنى گوند و شارۆچکەکانمان، ئێستاش حکومەتى عێراق سیاسەتى بەعەرەبکردن و پەراوێزخستن و سیاسەتى برسیکردن لەدژى باشوورى کوردستان جێبەجێ دەکات، هەروەها ئێران رۆژانە لە رۆژهەڵاتى کوردستان گەنجەکانمان لە سێدارە دەدات، تورکیا سیاسەتى قڕکردنى خەڵک و وێرانکردنى گوندو شارەکانمان لە باکوورى کوردستان پیادە دەکات، سوریاش بەم حاڵە خراپەى ئێستاشییەوە ئامادە نیە دان بە بوونى گەلى کوردستان بنێت لە رۆژئاواى کوردستان و لەلایەن سوریاوە هەموو شتێک لە کورد قەدەخە کراوە، سەرەڕاى زوڵمى ئەو چوار دەوڵەتە داگیرکەرە، تیرۆریستانى داعش ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە شەڕێکى نەخوازراویان سەپاندە سەر گەلى کوردستان، بەڵام سوپاس بۆ خوا هێزى پێشمەرگەى کوردستان توانى کوردستان بپارێزێت و تیرۆریستان تێکبشکێنێت، شەڕى ئێمە لە دژى تیرۆریستانى داعش شەڕێک بوو بۆ پاراستنى کەرامەتى مرۆڤایەتى سوپاس بۆ خوا کەوا تێیدا سەرکەوتوو بووین.
بەڵێ؛ ئەوە رەوشى کوردستان و دڕندەیى دەوڵەتە داگیرکەرەکانى کوردستان و تیرۆریستان بووە بە درێژایى مێژوو، سەرەڕاى هەموو ئەو ناخۆشى و هێرشانە خەبات و خۆڕاگرى و بەرخودانى گەلى کوردستان لە هەر چوار بەشى کوردستان بەردەوامە و لە پێشڤەچووندایە.
ئامادەبووانى بەڕێز ...
دواى ئەوەى حکومەتى عێراق دەستوورى عێراقى پێشێل کردوو و بەردەوام بوو لە دژایەتیکردنى گەلى کوردستان، سەرکردایەتى سیاسیى کوردستان بڕیارى ئەنجامدانى ریفراندۆمى دا بۆئەوەى گەلى کوردستان بڕیارى خۆى بدات، ئەوەبوو ریفراندۆممان ئەنجامداو، رۆژى 25 / 9 / 2017 گەلى کوردستان بە تەواوى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکان روویان لە سندوقەکانى دەنگدان کردو بە رێژەى 92.73% خەڵكی كوردستان بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیى کوردستان دا، واتە گەلى کوردستان بە هەموو دنیاى وت ئێمە دەمانەوێ لە چوارچێوەى نەخشەى دەستکردى عێراق بێینە دەرەوە ببینە خاوەن دەوڵەتى خۆمان، دەوڵەتى کوردستان.
ئەنجامدانى ریفراندۆم لەلایەن گەلى کوردستان وەکو پرۆسەیەکى دیموکراسییانە بەپێى پرەنسیپەکانى (مافى مرۆڤ و مافى چارەى خۆنووسین و بنەما دیموکراتییەکان) ئەنجامدرا، واتە گەلى کوردستان پرۆسەیەکى دیموکراسییانەى ئەنجامداوەو تاوانێکى نەکردووە تاکو سزا بدرێت و پشتى تێبکرێت، نابووا کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى رێى بە عێراق و وڵاتانى ناوچەکە بدابووا کەوا گەلەکۆمەکى لە گەلى کوردستان بکەن و سزاى بە کۆمەڵى بەسەردا بسەپێنن و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیش سەیرکەربێت و بێهەڵوێست بمێنێتەوە.
بێدەنگى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنى ئاسایش و وڵاتانى زلهێز لە ئاست تاوان و دەستدرێژییەکانى حەشدى شیعى و سوپاى عێراق بەرامبەر بە گەلى کوردستان لە 16 / 10 / 2017 و داگیرکردنەوەى کەرکوک و مەخموور و خانەقین و شوێنەکانى دیکە، ئەم هێرش و دەستدرێژییانەى عێراق بۆ سەر گەلى کوردستان، باوەڕبوونى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و وڵاتانى ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان و خودى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان UN ى بە پرەنسیپەکانى (مافى مرۆڤ و مافى چارەى خۆنووسین و بنەما دیموکراتییەکان) خستە ژێر پرسیارەوە، بێدەنگى ئەو لایەنانە بەرامبەر بەو زوڵمەى لە گەلى کوردستان کرا و دەکرێت ئەوەمان پێدەڵێن کەوا پرەنسیپەکانى (مافى مرۆڤ و مافى چارەى خۆنووسین و بنەما دیموکراتییەکان) لەلایەن ئەو وڵات و لایەنانەى بانگەشەى بۆ دەکەن بنەمایەکى پوچیان هەیە و تەنها دروشمن و هیچى دیکە!!
ئەو بێهەڵوێستییەى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى جارێکى دیکە ئەو راستییەى سەڵماندەوە کەوا ئێمەى گەلى کوردستان بێدۆستین و تەنها چیاکان دۆستمانن، ئەم واقیعە تاڵە لەسەر سەرکردایەتى سیاسى کوردستان و هەموو لایەکمان فەرز دەکات کەوا وردبینانەتر لەجاران بیربکەینەوەو بە مامەڵەو سیاسەتى خۆمان بەرامبەر بە هەموو لایەک دابچینەوەو، کارنامەیەکى نوێتر بۆ کارو خەباتى داهاتوومان دابڕێژین و مامەڵەیەکى تەندروست لەگەڵ ئەم واقیعە بکەین و بۆ کارى داهاتوومان سوودى لێوەربگرین.
ئێمەى گەلى کوردستان لەکاتێکدا کەوا خراپە و زوڵمى هەندێ وڵات و ناوەند رەخنە دەکەین، لەهەمان کاتدا هیچ کاتێک چاکەى دۆستانمان لەبیر ناکەین بۆیە لێرەوە سوپاسى هەموو ئەو وڵات و ناوەند و کەسایەتییانە دەکەین کەوا لە کاتى ریفراندۆم پشتیوان و هاوسۆزمان بوون، بە ناحەزانمان دەڵێین خەباتى ئێمە بۆ سەربەخۆیى کوردستان بەردەوام دەبێت و، دۆستانیشمان دڵنیا دەکەینەوە کەوا بەرەو داهاتوویەکى گەش هەنگاودەنێین و لە کاتێکى نێزیکدا ئاهەنگى سەرکەوتن دەگێڕین.
میوانى ئازیز ...
ئێمە وەكو یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK باوەڕى تەواومان بە پێکەوەژیان و رێزگرتنى نێوان گەلان و پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکان هەیە، داوا لە هەموو لایەک دەکەین کەوا دووربکەوینەوە لە رق و دووبەرەکى و کاربکەین بۆ چاندنى تۆوى خۆشەویستى و برایەتى لە نێوان گەلاندا، بێگومان تەنها بە بڵاوکردنەوەى کلتورى خۆشەویستى و برایەتى گەلان دەتوانین وابکەین ئاشتى و ئارامى باڵ بەسەر جیهاندا بکێشێت.
لێرەوە؛ دەمانەوێت راشکاوانە ئەوە بە هەموو لایەک رابگەیەنین کەوا چارەسەرى پرسى رەواى گەلى کوردستان فاکتەرى سەرەکییە بۆ هێنانەدى ئاشتى و ئارامى لە رۆژهەڵاتى ناڤین و تەواوى جیهاندا، بێگومان بۆ ئەمەش چارەسەری بنەڕەتى و ریشەیى پرسی گەلى کوردستان لە سەربەخۆیی كوردستاندا دەبینینەوە، بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو لایەکتان دەکەین کەوا لەم پێناوەدا هاوکار و پشتیوانمان بن لەپێناو هێنانەدى ئەو ئامانجەمان.
لەكۆتاییدا، سڵاو لە خەبات و تێکۆشانى پارتى کریستیانى نەرویج دەكەین و بە چاوی رێزەوە سەیرى هەڵوێستەکانتان بەرامبەر پرسى گەلى کوردستان دەکەین و، سوپاسێکى تایبەتى برامان بەڕێز ئیریک سەلە دەکەین کەوا وەکو پێشمەرگەیەکى خۆبەش بەرەڤانى و پشتیوانى لە دۆزى رەواى گەلى کوردستان دەکات، دووبارە هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوانمان.
لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەماندا .
هەر بژین و سەركەوتووبن.
* سكرتێری گشتیی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
2 / 6 / 2019 ئۆسڵۆ _ نەرویج