سۆشیال میدیا (( بەشی حەفتەم)) ئالوودەبوون

سۆشیال میدیا                (( بەشی حەفتەم))              ئالوودەبوون

سەرباری كێشەكانی دیكەی فیزیكی و كۆمەڵایەتی و كولتووری و نامۆبوون، ئالوودەبوونیش كە هۆكاری بەشێكی زۆری ئەم كێشانەشە، كاریگەرییەكی دیكەی نەرێنییە كە رووبەڕووی بەكارهێنەرەكانی دەبێتەوە. بەپێی توێژینەوەی دەزگایەكی ئەمریكی كە لە ساڵی ٢٠١٧ ئەنجام دراوە، رێژەی ٢٩٪ی گەنجانی تەمەن ١٨-٢٤ ساڵ ئالوودەی بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوون، لە كاتێكدا رێژەكە لە تەمەنی سەرووی ٢٥ ساڵدا نزمترە. ئەو توێژینەوەیە ئەوەشی دەرخستووە كە تەمەنی ١٨-٢٤ لە ساڵی ٢٠١٥ سێ بۆ چوار كاتژمێر كاتیان لە رۆژێكدا بۆ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تەرخان كردووە، لە كاتێكدا ئەو رێژەیە لە ساڵی ٢٠١٧ لە رۆژێكدا بۆ سێ تا پێنج كاتژمێر بەرز بۆتەوە. ئەو توێژینەوەیە دەریخستووە كە تێكڕای تەمەنەكان لە ئەمڕۆدا كاتێكی زۆر بۆ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تەرخان دەكەن، توێژینەوەكە هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە لە ٣٤٪ی ئەو ریژەیەی توێژینەوەكە وەریگرتوون لە گەنجان، باوەڕیان وایە كە ئەگەر بەردەوام ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانە بەكار نەهێنن، ئەوا زانیارییان لە كیس دەچێت، بە رێژەی ٢٢٪یشیان پێیان وایە كە ناتوانن بەردەوام ئاگاداری ئەو نامە و كۆمێنتانە بن كە بۆیان دێت، لە رێگەی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییەی بەكاری دەهێنن. هەر ئەو گەنجانەی بۆ ئەم توێژینەوەیە راپرسییان لەگەڵ كراوە، بە رێژەی ٤١٪ ئاماژەیان بەوە كردووە كە چێژ دەبینن لەو كاتانەی كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوڕێ و كەسوكاریان بەسەری دەبەن، بەڵام بە نەرێنی شكاوەتەوە لەسەر كاتی خەو و پشووەكانیان. لە داتای دیكە و توێژینەوە جیهانییەكاندا ئەوەشیان بۆ سەلماندووین كە لە ئێستادا تا رێژەی نۆ كاتژمێر لە رۆژیكدا تاك سەرقاڵی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە واتە ئالوودەی بووە، بەتایبەتی گەنجانیش بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئالوودەن، ئەمەش رێژەیەكی زۆری تەمەنە، چونكە ئەگەر تاك بە تێكڕای دوو كاتژمێر لە رۆژێكدا تۆڕی كۆمەڵایەتی بەكاربهینێت، نزیكەی چوار تا پێنج ساڵی تەمەنی دەكات، كە ئەمە دووری دەخاتەوە لە چالاكی و لایەنەكانی دیكەی ژیان .بەرزبوونەوەی ئەم رێژەیە لە ئالوودەبوواندا بەردەوام كاریگەریی لەسەر ژیانی نۆرمە ئاساییەكەی مرۆڤ دادەنێت، كە چەندین بواری دیكە فەرامۆش دەكات، وەك خوێندن، پەیوەندیی كۆمەڵایەتی، بەشداریی فیزیكیی بۆنەكان، تەندروستی، هەروەك ئەو كەسانەی بەكارهێنەرن و ئالوودەبوون، لە چەند نیشانەیەكدا دەناسرێنەوە، وەك: خەوی ناخۆش و نائارام، قەڵەوی، كەمبوونەوەی توانای چالاكییە فیزیكییەكان، كەمبوونەوەی سەركەوتنەكان لە قوتابخانەو كارەكاندا، هەست بە تاوانكردن و ئیهمالی، نادڵخۆشی و قەلەقی و بێمتمانەیی، خەمۆكی، كەمباوەڕیی بەخۆ، هەستكردن بە ئازاری سەرو سەرئێشە و،،،هتد.
چارەسەری ئەم حاڵەتانە زۆربەی كات ئەوەیە كە تەنیا بۆ ماوەیەك لێی دووربكەونەوە، یان كەمكردنەوەی كاتەكانی بەكارهێنان و خۆسەرقاڵكردن بە كارو چالاكیی دیكەوە.
سەرباری ئەوەی جۆرە نوێیەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەك ئەوانەی پێشوو نییە كە تەنیا پێدانی زانیاری بێت، بەڵكو دیزاینەكەی بە شێوەیەك كراوە، كە كات بەسەربەر و سەرنجڕاكێش و بەزمەساتە، جگە لەوەی كە هەموو هەلەكانی بەكارهێنان هەر لە زانیاری خێراوەرگرتن و كارلێكی بەردەوام و ئاڵوگۆڕكردنی تێكست و وێنە و ڤیدیۆ و بیروبۆچوون و راكان، هاوكات وایكردووە كە مرۆڤ كاتێك تۆڕی كۆمەڵایەتی بەكاردەهینێت، هەست بە تێپەڕبوونی كات ناكات، واتە جۆرێك لە زیندووێتی فەراهەم كردووە، خەریكە بڵێین وای لە تاك كردووە كە هەموو چالاكییە نەریتییەكانی دیكەی ژیان فەرامۆش بكات و هەست بە بۆشاییەك نەكات، تا دەگاتە ئەو كاتەی نیشانەكانی نامۆبوون و دابڕان و پەراوێزبوون و كێشەكانی دیكەی تەندروستی و فیزیكیشی لێ دیاری دەدات.

Top