لە روانگەیەكی قورئانەوە: بێ بوونی نیشتمان گەلیش بوونی نابێت

لە روانگەیەكی قورئانەوە:  بێ بوونی نیشتمان  گەلیش بوونی نابێت
ئایەتەكانی قورئان زۆر مانای گشتی و تایبەت و مانای مێژوویی هەڵدەگرن، بەڵام بە وردبوونەوە لێیان زۆر مانای دیكەش دەردەكەون، كە دەكرێت لە چەند خاڵێكدا ئاماژەیان پێ بكەین:
یەكەم: یەكێك لە ماناكانی ئایەتی:
[ أَلَمْ تَرَ إِلَى الَّذِينَ خَرَجُوا مِن دِيَارِهِمْ وَهُمْ أُلُوفٌ حَذَرَ الْمَوْتِ فَقَالَ لَهُمُ اللَّهُ مُوتُوا ثُمَّ أَحْيَاهُمْ..]
رەنگە ئەوە بێت كە گەلی بێ خاك و نیشتمان، گەلێكی روو لە مردنە، یان بێ خاكی، هەڵبژاردنی مردنە، بۆیە ئەوانەی لە ترسی مردن وڵاتی خۆیانیان بەجێ هێشت، هەر بەو كارەیان مردنیان هەڵبژارد.
لێرەوە ئێمەی گەلی كوردستان وەكو هەموو مرۆڤێكی سەر ئەم زەمینە، مافی سرووشتی و خواپێداوی خۆمانە كە خاك و نیشتمان و زێدی باب و باپیرانی خۆمانمان خۆش بوێت، بەتایبەت كوردستانی ئێمە كە وێڕای ئەوەی جگە لە خۆمان، خەڵكان و گەڕیدە و پسپۆڕ و مێژوونووسانێكی زۆر، شایەدی ئەوەی بۆ دەدەن كە خاوەنی زۆر سیفات و تایبەتمەندێتی جۆراوجۆر و كەم وێنەیە، خوای گەورەش لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژە بۆ شوێنی بەرچاو و هەڵكەوتووی كوردستان دەكات، وەك خاكێكی پڕ خێر و بەرەكەتی نەبڕاوە كە شایانی ئەوە بوو ببێتە شوێنی نەجاتبوون و لانكەی دووەمی مرۆڤایەتی لە دوای تۆفانی سەردەمی (نوح)ەوە تا كۆتایی ژیانی مرۆڤ لەسەر ئەم زەوییە، بۆیە كوردستان لەو رۆژەوە، لە روانگەی بڵاوبوونەوەی مرۆڤ بەسەر ئەم گۆی زەوییەدا، بۆتە چەق و سەنتەری دیمۆگرافیی بازنەی ژیانی مرۆڤایەتی.
دووەم: یەكێك لە ئاماژەكانی ئایەتی:
[قِيلَ يَا نُوحُ اهْبِطْ بِسَلَامٍ مِّنَّا وَبَرَكَاتٍ عَلَيْكَ وَعَلَىٰ أُمَمٍ مِّمَّن مَّعَكَ] .
لەوانەیە ئەوە بێت كە وێڕای ئەوەی كوردستان خاوەنی خاكێكی پڕخێر و بەرەكەت و فەڕی هەمیشەییە، لەهەمان كاتیشدا نیشتمانی ئاشتی و پێكەوەژیانە بۆ كوردو گشت ئەو گەلانەی كە تیایدا دەژین، هەر وەكو خوای گەورە فەرمووی: (بسلام منا).
سێیەم: بەدەر لەم هەموو تایبەتمەندییە كەم وێنەیەی كە نیشتمانی ئێمە هەیەتی، نیشتمان و زێدی باب و باپیران لەلای هاووڵاتیانی هەمیشە خۆشەویستە و مرۆڤ هیوای هەموو خێر و خۆشییەك بۆ نیشتمانی خۆی دەخوازێت، كاتێكیش لە نیشتمانی خۆی دەربكرێت، ئەوا هەموو ساتێك گەڕانەوە بۆ وڵات و نیشتمان بە ئاوات دەخوازێت.
بۆیە كاتێك كە دەسەڵاتدارانی قورەیش، پێغەمبەر و هاوەڵانیان لە (مەككە) وەدەرنا، پێغەمبەر - دروودی خوای لەسەر - ئەوەندە لەبیری شادبوونەوە بوو بە (مەككە)، ئەو كاتە دڵنیا و ئارام بوو كە خوای گەورە بەڵێنی گەڕانەوەی پێ دا بە ئایەتی:
[إِنَّ الَّذِي فَرَضَ عَلَيْكَ الْقُرْآنَ لَرَادُّكَ إِلَىٰ مَعَادٍ]
واتە دەتگێڕینەوە بۆ (مەككە).
هەر لێرەوە موژدەیەكی گەورە هەیە بۆ هەموو ئەوانەی كە لەسەر خاكی خۆیان دەردەكرێن، كە رۆژێك دادێت بە ژووانگە و نیشتمانی خۆیان شاد ببنەوە، چونكە خوای گەورە ناوی ئەوش وێنەی كە مرۆڤ تیایدا لە دایك دەبێت بە (معاد) ناو دەبات واتە ئەو شوێنەی كە بۆی دەگەڕێتەوە.
چوارەم: هەروەها بەسەرنجدان لە ئایەتی:
[وَلَوْ أَنَّا كَتَبْنَا عَلَيْهِمْ أَنِ اقْتُلُوا أَنفُسَكُمْ أَوِ اخْرُجُوا مِن دِيَارِكُم مَّا فَعَلُوهُ إِلَّا قَلِيلٌ مِّنْهُمْ] ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە ئەم ئایەتانە ئەگەرچی لەبارەی رووداوگەلێكی مێژوویی و تایبەت بە هەندێك نەتەوە و هەندێك حاڵەتی دیاریكراودا هاتوون، بەڵام لە هەموویاندا ئەو هێماو ئاماژانە دەردەكەون و وەردەگیرێن كە بێ نیشتمانی و دەركردنی خەڵكی لە خاكی خۆی، بەرامبەرە لەگەڵ كوشتنی ئەو كەسەدا، وەك بڵێی چ كوشتنی مرۆڤ، یان دەركردن لەخاكی خۆی.
دەبا ئەركی هەموومان بێت وەك گەلی كوردستان كە زیاتر و زیاتر ئینتیما بۆ خاك و نیشتمان زیندوو رابگرین.

Top