میدالیای كوردستان بۆ داهێنان
January 15, 2019
وتار و بیروڕا
وا پێویست دەكات كە هەمووان كاربكەن، بەڵام هەمووان وەك یەك نین و دەرناكەون، هەیانە هەوڵدەدات بۆ ئەوەی زیاتر پێشبكەوێت و رەوش و تواناكانی چاكتر بكات، هەشیانە پاڵدەداتەوەو دەحەسێتەوە، بەڵام نایەوێت پێشبكەوێت.
هەندێ هاووڵاتی هەن بەشداری لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی جیاوازی سوودمەند بە كۆمەڵگە دەكەن بە هەموو چین و توێژەكانەوە، لە بوارەكانی پەروەردەو تەندروستی و چاودێریی كۆمەڵایەتی، لەپاڵ ئەو خزمەتگوزارییانەی كە ناوی وڵات بەرزدەكەنەوە، بۆ نموونە وەرزش و میدیاو ...تاد. هەرێمی كوردستان زۆر پێویستی بە دامەزراندنی سیستەمێك هەیە بۆ رێزگرتن لەو داهێنەرانەو هاندانی كەسانی دیكە بۆ كاركردن بە شێوەی جیاواز لەپێناو خزمەتكردنی هەرێم و كۆمەڵگەكەیان، بۆیە ئەم پڕۆژەیە پێشنیار دەكەین.
«میدالیای كوردستان بۆ داهێنان»
چوارچێوە یاساییەكە:
پەرلەمانی كوردستان یاسای میدالیای كوردستان بۆ داهێنان لە هەرێمی كوردستان دەدربكات و تێیدا میكانیزم و دەستكەوتەكان و ئەو بوار و مەرجانە بۆ پێدانی میدالیاكە دەستنیشان بكات.
میدالیاكە:
میدالیا بریتییە لە خەڵاتێكی دیاریكراو لەسەر ئاستی هەرێم بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگە لە رێی ئەو خەڵاتەوە رێز لە تاك و كەسایەتییەكانی كەرتی تایبەت و خەڵك و كۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە حكوومییەكان بگیرێت، ئەوانەی شوێن پەنجەیان دیارە لە خزمەتكردنی كۆمەڵگە و هەرێمدا لەم بوارانەدا: تەندروستی، پەروەردە، چاودێریی كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، هونەر، وەرزش، ئاسایش و.. تاد.
گرنگیی میدالیاكە:
گرنگیی ئەم میدالیایە رێزلێنانە لە دەستپێشخەرییەكانی كۆمەڵگە بۆ تاكەكانی كوردستان، بە مەبەستی هاندانیان بێت تاكو زیاتر پشتیوانیی كۆمەڵگە بكەن، لەپاڵ كاری دامەزراوەیی بە رێگایەك كە لە بەرژەوەندیی كۆمەڵگەدا بێت.
ئەو چالاكییانەی كە میدالیاكەیان تێدا دەبەخشرێت:
1. چالاكییەك و كارێكی جیاواز بۆ خزمەتی كۆمەڵگە بە هەموو پێكهاتەكانیەوە.
2. چالاكییەك و كارێك كە ببنە هۆكارێك بۆ رزگاركردنی گیانی ئەوانەی رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە لە ئەنجامی رووداو و كارەساتە سرووشتییەكان.
3. چالاكییەك و كارێك كە ببنە هۆكارێك بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و هەرێمەكە دووربخاتەوە لە ئەگەری مەترسیی كردەوە تیرۆریستییەكان.
4. چالاكییەك و كارێكی پزیشكی، یان تەندروستی ببنە هۆكارێك بۆ ئەوەی چین و توێژێكی گەورەی كۆمەڵگە لێی سوودمەند بێت و رەوشی تەندروستی و پزیشكیی هاووڵاتیان چاكتر بكەن.
5. چالاكییەك و كارێكی وەرزشی كە ناوی هەرێم لەسەر ئاستی نیشتمان و جیهان بەرزبكەنەوە.
6. چالاكییەك و كارێكی پەروەردەیی كە خزمەتگوزارییەكانی پەروەردە بۆ هەموو هاووڵاتیان چاك بكات.
7. چالاكییەك و كارێكی میدیایی كە ناوی هەرێم لەسەر ئاستی نیشتمان و جیهان بەرزبكاتەوە.
ئەمانە هەندێ نموونە بوون: رەنگە چالاكیگەلێكی دیكەش هەبن باسمان نەكردبن.
شایستەبوونی میدالیاكە:
میدالیاكە تەنیا بەرامبەر ئەو كارو چالاكییە جیاوازو نائاساییانە دەبەخشرێت كە سوودی دیاریكراویان بۆ كۆمەڵگە دەبێت.
هەیكەلبەندیی كاركردن:
هەیكەلبەندیی كاركردن بۆ بەخشینی میدالیاكە بەم شێوەیە بێت:
1. پێكهێنانی لیژنەیەك، یان ئەنجومەنێك بۆ ئەم مەبەستە لە ئەنجومەنی وەزیران لە كەسانی بێلایەن و ناسراو لەسەر ئاستی هەرێم و ناسراویش بن لە رووی تواناو لێهاتوویی و دەستپاكییەوە.
2. پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی لاوەكیی پسپۆڕ لەو بوارانەی كە باسكران.
میكانیزمی كاركردن:
1. پاڵاوتن لەلایەن چەند كەسێك و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كۆمەڵە و وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانەوە پێشكەش بە لیژنە لاوەكییە پسپۆڕەكان بكرێت كە هاوپێچ بكرێت بەو بەڵگەنامانەی شایانبوونی كەسەكە دەسەلمێنن.
2. لیژنە لاوەكییە پسپۆڕەكان لە ناوی بەربژێران و بەڵگەنامە پێشكەشكراوەكان بكۆڵنەوەو ئەو ناوانە هەڵببژێرن كە مەرجەكانیان تێدایە و پێشكەشی لیژنەی باڵای بكەن.
3. لیژنەی باڵا ناوە پێشنیاركراوەكان لە لیژنە لاوەكییە پسپۆڕەكان وەربگرێت و بیانپشكنێت و بە وردی لێیان بكۆڵێتەوە و لە بەڵگەنامەكان دڵنیا ببێت.
4. لیژنەی باڵا بە شێوەی نهێنی لیستی ناوی بەربژێران لە هەموو چالاكییەكاندا پێشكەش بە بەڕێز سەرۆكی وەزیران بكات، تاكو بە شێوەی نیمچە كۆتایی بڕیاری لێ بدات.
5. بەڕێز سەرۆكی وەزیران لیستەكان بۆ بەڕێز سەرۆكی هەرێم بنێرێت تا بڕیاری لێ بدات.
كات وماوەی دیاریكراو:
1. پاڵاوتن پێشكەش بە لیژنە لاوەكییەكان بكرێت لە مانگی ئەیلوولی هەموو ساڵێكدا، ئەوانیش راسپاردەكان لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمدا بۆ لیژنەی باڵا بەرزبكەنەوە.
2. لیژنەی باڵا لیستێك بە ناوی بەربژێران لە كۆتایی تشرینی دووەم پێشكەش بە بەڕێز سەرۆكی وەزیران بكات.
3. بەڕێز سەرۆكی وەزیران لیستێكی نافەرمی بە ناوی بەربژێران پێشكەش بە بەڕێز سەرۆكی هەرێم بكات، تاكو بە شێوەی فەرمی بڕیاری لێ بدات.
4. بەڕێز سەرۆكی هەرێم بڕیار لەسەر لیستەكە بدات و لە وەقایعی كوردستان لە مانگی كانوونی یەكەمدا بڵاوبكرێتەوە.
5. سەرۆكایەتیی هەرێم رێوڕەسمێكی تایبەت بۆ ئەم بۆنەیە لە دواهەفتەی كانوونی یەكەم رێكبخات و تێیدا سەرۆكی هەرێم میدالیاكان ببەخشێتە بەربژێران.
باری نائاسایی:
1. دەكرێ میدالیا ببەخشرێتە ئەو فەرمانبەرانەی لە دامەزراوەكانی حكوومی یان نیمچەحكومیدا كاردەكەن دوور لە بواری پسپۆڕییان كە مووچەی لەسەر وەردەگرن، بەمەرجێ كە دەستپێشخەرییەكان، یان خزمەتگوزارییەكان پێشكەش بە گەورەترین توێژی كۆمەڵگە بكرێن.
2. میدالیا بەخشراوەكە لە كەسەكان وەربگیرێتەوە، ئەگەر ئەنجامدانی تاوانی نامووسبەر، یان بەدڕەوشتی، یان بەهەدەردانی سامانی گشتییان لەسەر بسەپێندرێت.
دەتوانرێت ئەم پێشنیارە دەوڵەمەند بكرێت لەمیانی بەشداریكردنی پەیوەندیدارو پسپۆڕانی ئەم بوارە.