مسرور بارزانی و سووریا پاداشتی هەڵوێستی نەتەوەیی میدالیای شانازییە

مسرور بارزانی و سووریا پاداشتی هەڵوێستی نەتەوەیی میدالیای شانازییە
لە سەرەتای سەرهەڵدانی راپەڕینەكانی گەلانی سووریا، گەلانی ناوچەكە و جیهان بە چاوی ئومێدەوە دەیانڕوانییە داهاتووی سووریا و رزگاربوونی لە دیكتاتۆرییەت و زۆر وڵات و لایەنیش لەو باوەڕەدا بوون كەوا سەرۆكی سووریا و رژێمەكەی پەند لە راپەڕین و گۆڕانگارییەكانی تونس و میسر و لیبیا وەردەگرن و بۆ پاراستنی سووریا لە وێرانكاری و خوێنڕشتن دەستبەرداری حوكم دەبن، بەڵام ئەوەیان نەكرد و بە ئاگر و ئاسن رووبەڕووی خەڵكی راپەڕیو و هێزە چەكدارەكانی سووریا بوونەوە، ئەوەتا دەبینین لە ئەنجامدا رژێمی سووریا نیوەی وڵاتەكی خۆی وێرانكردووە و بە هەزاران هاووڵاتیی خۆی كوشتووەو گازی قەدەخەكراوی كیمیاوی لە دژی گەلی خۆی بەكارهێناوەو زیاتر لە ملیۆنێك هاووڵاتیی سووریای ئاوارەو دەردەبەدەری وڵاتان كردووەو ئابوورییەكەی داڕووخاوەو، لە ناوخۆدا متمانەی لای گەلی سووریا نەماوەو، لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیشدا خۆی گۆشەگیر و بێڕێز كردووە.
رۆژئاوای كوردستان وەك بەشێك لە جوگرافیای سووریا كەوتە ژێر كاریگەریی رووداوەكان و لەسەرەتای سەرهەڵدان و راپەڕینەكانی گەلانی سووریا؛ گەلی كوردمان لە رۆژئاوای كوردستان زۆربەی شارو شارۆچكەكانی رۆژئاوای كوردستانیان ئازادكردو لە هێرشی تیرۆریستان پاراستیان، بە حوكمی ئەوەی كەوا رۆژئاواو باشووری كوردستان پەیوەندییەكی دیرۆكی و بەتینیان هەیە و، لە سەرەتای كاری سیاسیی رۆژئاوا رێبەرایەتی شۆڕشی كوردستان و خودی (مستەفا بازانیی نەمر) پشتیوانی بزاڤی سیاسیی رۆژئاوا بوون و یەكەم پارتی سیاسی لە رۆژئاوای كوردستان (پارتی دیموكراتی كوردستان _ سووریا) لە ساڵی ١٩٥٧ بە رێنمایی و پشتیوانیی بارزانیی نەمر دامەزراوە، بارزانیی نەمر لە رێی دامەزراندنی ئەو پارتە ئامانجی ئەوە بوو كەوا نەتەوەی كورد لە رۆژئاوای وڵات یەكبخات و پارتێك هەبێت پێشەنگایەتی خەباتی رۆژئاوا بكات، بۆیە بە وردی چاودێری رەوشی رۆژئاوای كوردستانی دەكردو رێنمایی سەركردەكانی دەكرد، كەوا هەوڵبدەن لە دەوری یەكدا كۆببنەوەو هێزو توانای خۆیان یەكبخەن و بە یەكدەنگی داوای مافی نەتەوەیی خۆیان لە دەسەڵاتدارانی سووریا بكەن. مستەفا بارزانیی نەمر مامەڵەیەكی تایبەتی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان دەكرد، هەر بۆیە تا ئێستاش زۆربەی هەرە زۆری خەڵكی رۆژئاوای كوردستان رێز و خۆشەویستییەكی زۆریان بۆ مستەفا بارزانیی نەمر و بارزانییەكان هەیە.
لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییە دیرۆكییە سەرەڕای بوونی رەخنەو سەرنج و تێبینی لەسەر چۆنیەتی بەڕیوەبردنی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و رێبەرایەتیی بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام هەوڵیداوە ناكۆكیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوا چارەسەر بكات و نەیانهێڵێت، بۆ ئەم مەبەستەش رۆڵ و هەوڵەكانی سەرۆك مسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستان لەبەرچاون، پشتیوانییە سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییەكانی سەرۆك مسعود بارزانی هەر لە هەوڵەكانی بۆ لێكنزیككردنەوەی لایەنەكانی رۆژئاوا تا دەگاتە گەیاندنی دەنگی رۆژئاوا بە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و ناردنی پێشمەرگە و پێداویستیی سەربازی بۆ كۆبانێ، ئەوانە هەموو خاڵی درەوشاوەن لە دیرۆكی نوێی كوردستاندا، جەنابیان هەوڵێكی زۆریان دا و بەردەوامن بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان یەكڕیز و یەكدەنگ بن بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردن و پاراستنی رۆژئاوای كوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش كاتێكی زۆری خۆی بۆ رۆژئاوای كوردستان تەرخان كردووەو لە خەمی پاراستنی رۆژئاوادایە و لەم پێناوەشدا چەندین كۆبوونەوەی لە نێوان لایەنە ناكۆكەكانی رۆژئاوا رێكخستووە و لە ئەنجامدا (رێككەوتننامەی هەولێر) و دواتریش (رێكەوتننامەی دهۆك) بە هەول و دەستپێشخەری وسەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی لە نێوان (تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكرات TEVDEM) و (ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا ENKS) ئیمزاكران، بەڵام بەداخەوە هەردوو لایەن پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكان نەبوون، ئەگەر دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا هاوكاری سەرۆك مسعود بارزانی بووان بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكان و سوودیان لە رێنماییەكانی جەنابیان وەربگرتبایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەزموونی رۆژئاوا زۆر پێش دەكەوت و قورسایی سیاسی و سەربازی و لەنێو هاوكێشە سیاسییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان زێدەتر دەبوو، لە رووی ئابووری و دیپلۆماسی و ئیدارییشەوە دەوڵەمەندتر دەبوو، لەسەر ئاستی نەتەوەییش هاوسۆزو پشتیوانی زێدەتر دەبوو.
سەرەڕای هەوڵ و پشتیوانییەكانی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ پشتیوانیكردنی رۆژئاوای كوردستان، هاوكات مسرور بارزانی (راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی كوردستان) هاوكار و پشتیوانێكی كارای رۆژئاوای كوردستان بووەو هەوڵیداوە مەینەتییەكانی رۆژئاوای كوردستان و زوڵم و چەوساندنەوەیان لەلایەن رژێمی سووریاوە بە ناوەندە نێودەوڵەتییە بڕیار بەدەستەكان بگەیەنێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە چەندین دیدار لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا پرسی رۆژئاوای كوردستان یەكێك بووە لە خاڵە گرنگەكانی ئەجێندای كۆبوونەوەكانی، چ لە ئەوروپا و چ لە ئەمریكا..
جێی وەبیرهێنانەوەیە مسرور بارزانی كاتێ سەردانی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپای كرد، بە بایەخەوە باسی لە رۆژئاوای كوردستان كردو داوایكرد كەوا وڵاتانی ئەوروپا رۆڵیان هەبێت لە پشتیوانیكردن و پاراستنی رۆژئاوای كوردستان، ئەو داوایەی مسرور بارزانی لە پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا وایكرد كەوا ئەوروپییەكان و بەتایبەت فەرەنسا پشتیوانیی زیاتری رۆژئاوای كوردستان بكەن، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا كاتێك یەكێك لە ئامادەبووان روو دەكاتە مسرور بارزانی و دەڵێت: «هەفتەی داهاتوو دەچم بۆ سووریا و بەشار ئەسەد دەبینم، چیت هەیە پێی بڵێم؟» مسرور بارزانی پێی دەڵێت: «لە بەشار ئەسەد بپرسە كوردەكانی سووریا بۆ بێناسنامەن.» بەڵێ ئەو پەیوەندی و پشتیوانییە دیرۆكییەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و پشتیوانییەكانی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ رۆژئاوای كوردستان رژێمی سووریای هەناسەتەنگ كردووە، بۆیە لای خۆیەوە ناوی مسرور بارزانی خستۆتە لیستی تیرۆرەوە! بە باوەڕی من ئەوە میدالیای شانازییە بۆ مسرور بارزانی، بێگومان پاداشتی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی میدالیای شانازییە، رژێمی سووریا باش دەزانێت كەوا مسرور بارزانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا سەنگ و قورسایی خۆی هەیە و كەسایەتییەكی گوێلێگیراو حیساب بۆكراوە و، دەتوانێ رۆڵێكی مەزن بگێڕێت لە گەیاندنی مەزڵوومییەتی كوردانی رۆژئاوا بە جیهانی دەرەوە، ئەو كارانەی كەوا لەم پێناوەدا ئەنجامیداون، بەرهەمەدار بوون.
سەرەڕای ئەمانەی كە باسمانكردن، مسرور بارزانی وەك كەسایەتییەكی سیاسیی وردبین و دووربین و خودان هزرو رامان و بەرنامە لە كاركردندا، وەك راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی كوردستان لە ماوەی رابردوودا زۆر سەركەوتووانە توانیویەتی كوردستان بپارێزێت و هێمنی و ئارامی بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، لە كاتی هێرش و پەلاماری تیرۆیستانی داعش بۆ سەر كوردستان وەك پێشمەرگەو هاوكارێك لەگەڵ جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام لە سەنگەری بەرگریكردن لە خاكی كوردستان و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان مایەوەو رۆڵی كاریگەرانەی خۆی بینی لە وەستانەوە دژ بە تیرۆریستان و تێكشكاندنیان، مسرور بارزانی وەك پێشمەرگەیەكی چاونەترس بەردەوام شەڕی تیروریستانی كردووە و، لە خەمی پاراستنی تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان و قووڵكردنەوەی زیاتری گیانی بەیەكەوە ژیان بووە و، پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی لە پێشینەی كارەكانی خۆی داناوە، شێوازی كار و خەباتی مسرور بارزانی وایكردووە كەوا لە لایەن دۆست و دوژمن حیسابی وردی بۆ بكرێت، دۆست بە چاوی هیواوە لە داهاتووی مسرور بارزانی بڕوانێت و، دوژمنیش بە ترسەوە سەیری هەنگاوەكانی بكات، ئەمەش وایكردووە ببێتە ئەو كەسایەتییە گەنجەی كەوا پێگەیەكی بەهێزی لە ناوخۆ و ناوچەكەو وڵاتانی عەرەبی و ئاستی نێودەوڵەتی هەبێت، هەر بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین لەدوای ئەوەی كەوا پارتی دیموكراتی كوردستان؛ مسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی كوردستان پاڵاوت، بەشێك لە میدیا ناوخۆیی و عەرەبییەكان كەوتنە هێرشكردنە سەر بەڕێزیان، هەوڵەكانی رژێمی سووریاش بۆ دژایەتیكردنی مسرور بارزانی لەو چوارچێوەیەدان.
هەر دژایەتیكردنێكی مسرور بارزانی لەلایەن دەوڵەتێكی تیرۆریستیی وەك سووریا كەوا خۆی تیرۆری دەوڵەت پێڕەو دەكات، جێگەی بایەخ نییە و مەزنترین شانازییە بۆ مسرور بارزانی، ئەو كاتەی مسرور بارزانی لە سەنگەری پاراستنی كوردستان و هاووڵاتییانی كوردستاندا بوو، ئەوكات رژێمی سووریا ژن و منداڵ و پیرو پەككەوتەی سووریای دەكوشت و گازی كیمیایی لە دژیان بەكار دەهێنا، رژێمێكی وەك سووریا كەوا نیوەی هاووڵاتییانی خۆی دەربەدەر كردبێت و نزیكەی ملیۆنێك هاووڵاتی خۆی كوشتبێت و وڵاتەی خۆی وێران كردبێت، ئەوەی تیرۆریستان نەیانكردبێت، ئەو كردبێتی چۆن لە رووی دێت باسی كەسایەتییەكی وەك مسرور بارزانی بكات؟!
بێگومان روانینی رژێمی سووریا بۆ كەسایەتییەكی تێكۆشەری وەك مسرور بارزانی لای گەلی كوردستان جێگەی بایەخ نییە، لەو سەردەمەدا رژێمی سووریا گەورەترین تیرۆریستە و رژێمێكە لە كردەوەی تیرۆریستیدا كاری وای ئەنجامداوە كەوا رێكخراوە تیرۆریستییەكان ئەنجامیان نەداوە، وەك ئەو كردەوە تیرۆریستییەی كەوا لە (غۆتە) ئەنجامیدا، رژێمێك وڵاتەكەی كردبێتە وێرانەو كورسی دەسەڵاتەكەی لەسەر دەریایەك خوێن و قەڵایەك لە ئێسك و پروسكی هاووڵاتییانی بێت، چۆن لە رووی دێت باسی لیستی تیرۆر بكات؟! سەرانی رژێمی سووریا لەجیاتی ئەوەی خەریكی دژایەتیكردنی مسرور بارزانی بن، با بچن خەریكی ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكەیان بن، نەك زیاتر وێرانكردنی، با بچن خەریكی سپیكردنەوەی رووی رەشی خۆیان بن، كەوا لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەكەو نێودەوڵەتیدا، هێندە رووڕەشن رووی هیچ ئاوەدانییەكیان نەماوە.





سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
Top