لە چوار ساڵی داهاتوو كوردستان قۆناخە سەختەكان دەرباز دەكات

لە چوار ساڵی داهاتوو  كوردستان قۆناخە سەختەكان دەرباز دەكات
لە دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان؛ جەماوەرو هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان چاوەڕوانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستانن، بۆ ئەوەی لە چوار ساڵی داهاتوودا ئاستەنگەكانی ئێستا تێبپەڕێنن و ژیانێكی شایستەتر بژین.
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، لە دواكۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی خۆیدا كاندیدی خۆی بۆ سەرۆكایەتی كوردستان و سەرۆكایەتی حكومەتی كوردستان دیاریكرد، كە بریتین لە بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان) و بەڕێز (مسرور بارزانی بۆ سەرۆكی حكومەتی كوردستان)، بێگومان هەردوو كاندید پەروەردەو قوتابی بەردەستی بەڕێز سەرۆك مسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردسانن و، لە هەمان كاتدا دوو كاراكتەری كاریگەری گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان و ناوچەكەن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا پەیوەندییەكی باشیان هەیە و خاوەن پێگەی بەهێزی خۆیانن، كاندیدكردنی هەردوو بەڕێزان بۆ ئەم قۆناخەی ئێستای حوكمڕانیی كوردستان، ئومێدێكی زۆر بە جەماوەری كوردستان دەبەخشێت، كەوا بە گەشبینییەوە بڕواننە داهاتووی كوردستان.
بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی) كەوا لە ماوەی رابردوودا سەرۆكی حكومەتی كوردستان بووە، سەرەڕای ئابڵوقەكانی سەر كوردستان توانیویەتی پەیوەندییەكی پتەو لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرو زۆبەی وڵاتانی جیهان بنیات بنێت و، بەرژەوەندیی زۆر لە وڵاتانیش بێنێتە كوردستان، كە ئەوەش هۆكارێكی گرنگ بووە بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی كوردستان و دامەزراندنی پڕۆژەی ستراتیژی لە كوردستان، بەتایبەت لە بواری دەرهێنان و هەناردەكردنی (نەوت)دا، جگە لە بواری دیپلۆماسیدا (نێچیرڤان بارزانی) لە ماوەی سەرۆكایەتیكردنی كابینەكانی حكومەتی كوردستان رۆڵێكی كارای بینیوە لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەو بنیاتنانەوەی كوردستان و، هەوڵەكانی بۆ تێكشكاندنی گەمارۆكانی سەر كوردستان تا رادەیەكی زۆر سەركەوتوو بوو، لەدوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ بە هەموو شێوەیەك ناحەزانی كوردستان هەوڵی كەوتنی حكومەتی كوردستانیان دا، بەڵام (نێچیرڤان بارزانی) رووبەڕووی هەڕەشەو پیلانەكان وەستایەوەو خۆڕاگرانە هەوڵی تێكشاندنی هەڕەشەو پیلانەكانی سەر حكومەتی كوردستانی دا، لەم رووەوەش هەنگاوی گرنگی نا، بەتایبەت لە رووی دیپلۆماسییەوە، توانی لە ماوەیەكی كەمدا گەمارۆی دیپلۆماسیی سەر كوردستان تێكبشكێنێت.
بەڕێز (مسرور بارزانی) كەسایەتییەكی وردبین و دووربین و خودان هزرو رامان و بەرنامەیە لە كاركردندا، ئەمە وادەكات كارنامەی حكومەتی داهاتووی كوردستان كارنامەیەكی دەوڵەمەند و پڕ چارەسەر بێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەو ئاستەنگانەی كەوا ئێستا لە بەردەم حكومەتی كوردستاندان، (مسرور بارزانی) وەك راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی كوردستان لە ماوەی رابردوودا زۆر سەركەوتووانە توانیویەتی كوردستان بپارێزێت و هێمنی و ئارامی بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، سەرەڕای كارەكەی خاوەن پەیوەندییەكی بەتینە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرو وڵاتانی عەرەبی و زۆبەی وڵاتانی جیهان و نزیكی ناوەندە بڕیاربەدەستەكانی جیهانیشە، لە كاتی هێرش و پەلاماری تیرۆیستانی داعش بۆ سەر كوردستان، بەردەوام وەك پێشمەرگە و هاوكارێك لەگەڵ جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە سەنگەری بەرگریكردن لە خاكی كوردستان و پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان مایەوەو رۆڵی كاریگەرانەی خۆی بینی.
لە سەرخستنی پرۆسەی (ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان) ؛ مسرور بارزانی رۆڵیكی گرنگی بینی و هاوكارێكی كاریگەری سەرۆك مسعود بارزانی بوو، بە خەبات و خۆڕاگری سەرۆك مسعود بارزانی و پرۆسەی ریفراندۆم سەركەوت. ئەگەر رووداوەكانی دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر روویان نەدابا، ئێستا كوردستان لە رەوشێكی زۆر پێشكەوتووتردا دەبوو، بۆ هەڵوەشاندنەوەی پیلانەكانی دوای ١٦ی ئۆكتۆبەریش (مسرور بارزانی) بە سیاسەتی وردبینانەو دووربینانەی خۆی توانی رۆڵێكی كارا بگێڕێت و خەونی ناحەزان لە گۆڕ بنێت.
هەردوو كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان، كەوا كاندیدی سەرۆك مسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستانن، وەك لە پێشەوەدا ئاماژەمان پێدا پەروەردەو شاگردی بەردەستی سەرۆك بارزانی-ن، وزە و توانای كاریان لە هێزی كاری سەرۆك بارزانی وەردەگرن. سەرۆك مسعود بارزانی وەك رێبەری بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستان و مەرجەع و داینەمۆی پرۆسەی سیاسیی كوردستان، توانی لە ماوەی رابردوودا بە هەموو جیهان بڵێت گەلی كوردستان خاوەن ئیرادە و بڕیاری خۆیەتی و دەیەوێت بە ئازادی بژیت، سەرۆك بارزانی لە دیرۆكی نوێی كوردستاندا مەزنترین شانازی مێژوویی بۆ گەلی كوردستان تۆمار كرد، كە ئەویش ئەنجامدان و سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم بوو، لە رێی پرۆسەی ریفراندۆمەوە بە هەموو جیهانی راگەیاند كەوا بڕیاری گەلی كوردستان ئازادی و سەربەخۆیی كوردستانە، نەك دیلی و ژێردەستەیی.
لای هەموو لایەكمانە روونە دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم چۆن دوژمنان و ناحەزانی كوردستان كەوتنە پەلامارو هێرش بۆ سەر كوردستان و جۆرەها گەمارۆی ئابووری و دیپلۆماسی و بازرگانییان خستە سەر كوردستان، ئەوەی كوردستانی پاراست و خۆڕاگرانە رووبەڕووی هەڕەشەكان وەستایەوە سەرۆك مسعود بارزانی بوو، لە هەمان كاتدا بەڕێزان (نێچیرڤان بارزانی) و (مسرور بارزانی) وەك دوو هاوكاری سەرۆك بارزانی رۆڵی كاریگەرانەیان بینی لە تێكشكاندنی پیلانەكان، بۆیە دەتوانین بڵێین كاندیدانی سەرۆك بارزانی بۆ سەركردایەتیكردنی قۆناخی داهاتووی حوكمڕانیی كوردستان بە سوودوەرگرتن لە سیاسەتی حەكیمانە و كوردانەی سەرۆك بارزانی دەتوانن داهاتوویەكی پڕ لە ئاوەدانی و هێمنی و ئارامی بۆ كوردستانیان فەراهەم بكەن.
بێگومان عێراق و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین بە رەوشێكی زۆ ناسك و هەستیاردا دەرباز دەبن، ئەوەش راستەوخۆ كاردەكاتە سەر رەوشی سیاسیی كوردستان، بۆیە ئەركی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی حكومەتی كوردستان قورس دەبێت، بەتایبەت لە چۆنیەتی خۆگونجاندن لەگەڵ هاوكێشە سیاسییە ئاڵۆزەكانی ناوچەكە، بۆ ئەمەش پێویستە لایەنە سیاسییەكان و راگەیاندن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و جەماوەری كوردستان هاوكار و پشتیوانی حكومەتی كوردستان بن و، رەچاوی ناسكی و هەستیاریی بارودۆخی كوردستان بكەن.
پێویستە هەردوو بەڕێزان كاك نێچیرڤان بارزانی و كاك مسرور بارزانی سوود لە ناتەواوییەكانی كابینەكانی پێشووی حكومەتی كوردستان و پرۆسەی سیاسیی كوردستان وەربگرن و بە دیدگایەكی نوێوە بۆ چارەسەری كێشەو گرفتەكان بڕوانن و ناتەواوییەكان دەرباز بكەن، بۆ ئەمەش پێویستە بەر لەهەر شتێك هەوڵی بە دامەزراوەیی و سیستماتیككردنی دەزگا و دامەزراوەكانی كوردستان بدەن و، بە چاوی یەكسان سەیری هەموو هاووڵاتیانی كوردستان بكەن و، پێویستە لە دانانی ستافی كاری سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتیی حكومەت و وەزارەت و دەزگا و دامەزراوەكانی كوردستان شارەزایی و لێهاتوویی و دڵسۆزی كەسەكان بە بنەما بگرن، نەك بنەمای حزبیبوون، كارێكی وابكەن كەوا حكومەتی كوردستان ببێتە حكومەتی هەموو خەڵكی كوردستان، نەك حكومەتی ئەم حزب و ئەو حزب.
حكومەتی كوردستان پێویستی بە خوێنی نوێ هەیە، پێویستە بیر لە نۆژەنكردنەوەو داڕشتنەوەی تەواوی ستافی وەزارەت و دەزگاو دامەزراوەكانی حكومەتی كوردستان بكرێتەوەو خوێنی نوێی تێكەڵ بكرێت و، بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستان بە بنەما وەربگیرێت، نەك بەرژەوەندی حزبی، بۆیە پێویستە حكومەت لە كەسانی گەندەڵ و مشەخۆر و نەشارەزا پاكبكرێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستمان بە بڕیاری بوێرانەو یەكلاكەرەوە هەیە.
بێگومان ئەركی هەرە لە پێشی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی كوردستان و دابینكردنی هەلی كار و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و چاككردن و پێشخستنی سێكتەرە حزمەتگوزارییەكانە، بەتایبەتی سێكتەری كارەبا، پێویستە حكومەت باشتركردنی ئەم بوارانە بە بنەما بگرێت و هەنگاوی جددیشی بۆ بهاوێت.
لە چەند ساڵی رابردوودا پڕۆژەی رەشنووسی (دەستووری كوردستان) ئامادەكرا و پەرلەمانی كوردستان پەسەندی كرد، بەڵام بە هۆی روانینی جیاوازی لایەنە سیاسییەكان بۆ چەند پرسێك، نەخرایە راپرسییەوە، پێویستە سەرۆكایەتیی كوردستان و سەرۆكایەتیی حكومەتی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ئەم پرسە یەكلا بكەنەوەو، كاربكەن بۆ داڕشتنەوەی (دەستووری كوردستان) بە شێوازێكی سەردەمییانە و پاشان بخرێتە راپرسییەوە و پەسەند بكرێت، بەمەش كوردستان دەبێتە خاوەن دەستووری خۆی و زۆر كێشەی یاساییشمان بۆ چارەسەر دەبێت.
زۆر گرنگە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان پلانێكی تۆكمەی هەبێت بۆ ئەوەی كوردستان لە وڵاتێكی بەكاربەرەوە بكاتە وڵاتێكی وەبەرهێن، ئەوەش بە گرنگیدانی زیاتر و پێشخستنی كەرتی نەوت و كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری دەبێت، بۆیە پێویستە هانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی بدرێت بۆ پێشخستنی ئەو كەرتانە و بنیاتنانی پرۆژەی ستراتیژی لەم بوارانەدا، ئەمەش دەبێتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ بووژانەوەی ئابووریی كوردستان و كەمكردنەوەی بێكاری و پشت بەخۆبەستن.
لە رووی سیاسییەوە؛ پێویستە حكومەتی كوردستان كرانەوەیەكی نوێی بە رووی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەبێت و، كەشێكی وا دروست بكات، كەوا هەموو حزبەكانی كوردستان حكومەت بە هی خۆیان بزانن، ئەوانەی كە بەشدارن لە حكومەت و ئەوانەشی كە بەشدار نین، پێویستە مامەڵەیەكی گونجاویان لەگەڵدا بكرێت، نەك دەرگا بۆ هەندێ حزب بكاتەوەو، لەسەر هەندێ حزبیش دەرگا دابخات. زۆر گرنگە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بیر لەوە بكاتەوە ناوەندی سیاسیی كوردستان رێكبخاتەوەو لەو پەرش و بڵاوییە رزگاری بكات، بۆ ئەمەش دامەزراندنی (ئەنجومەنی سیاسیی كوردستان) كە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بگرێتە خۆ چارەسەرێكی گونجاوەو، لەهەمان كاتدا دەبێتە پاڵپشتێك بۆ سەرۆكایەتی و حكومەتی كوردستان.
ئەركیكی دیكەی گرنگی حكومەتی كوردستان یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی دیكەی پاراستنی كوردستانە، بۆ ئەمەش پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان هاوكارو پشتیوانی حكومەتی كوردستان بن. بێگومان پاراستنی كوردستان پێویستی بە هێزێكی پڕچەك و مەشقكراو و یەكگرتوو هەیە، بۆیە پێویستە لەم رووەوە هەنگاوی جددی بهاوێژرێت.
كاری رەڤەندی كوردستان لە دەرەوەی وڵات پەرش و بڵاوەو ئۆرگانیزە نەكراوە، بێگومان رەڤەندی كوردستان هێزێكی كاریگەرن بۆ ناساندنی زیاتری پرسی كوردستان بە وڵاتانی دەرەوەو لوبیكردن و دروستكردنی فشار لەسەر ناوەندە بڕیار بەدەستەكانی وڵاتان بۆ پشتیوانیكردنی زیاتری دۆزی رەوای گەلی كوردستان، بۆیە پێویستە حكومەتی كوردستان بیر لەوە بكاتەوە لە داهاتووی نزیكدا بەرنامەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی هەبێت بۆ ئۆرگانیزەكردن و یەكخستنی تواناكانی رەڤەندی كورد لە دەرەوەی كوردستان، لەم پێناوەشدا دەكرێ نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی كوردستان زیاد بكرێن و لە زۆربەی وڵاتان بكرێنەوە، بۆ ئەوەی سەرەڕای كاری دیپلۆماسی خۆیان لەم بوارەشدا رۆڵ ببینن.
ئەو خاڵە سەرەتاییانەی كە باسمانكردن، دەستپێكێكی گرنگ دەبن بۆ كاری داهاتووی سەرۆكایەتیی كوردستان و كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان، بۆیە پێویستە بەهەند وەربگیرێن و كاریان لەسەر بكرێت. سەرەڕای ئەمانە توانا و لێهاتوویی بەڕێزان (نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی) و پشتیوانی و ئەزموون و سیاسەتی خۆڕاگرانەو كوردستانییانە و حەكیمانەی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ ئەوان، ئاماژەیەكی گرنگن كەوا لە چوار ساڵی داهاتووی كوردستان كاری گرنگ و مەزن ئەنجام دەدرێن و، كوردستان قۆناخە سەختەكان دەرباز دەكات و بەرەو خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ئارامیی زیاتر هەنگاو دەنێت، بۆیە پێویستە بە گەشبینییەوە بۆ ئایندە بڕوانین.





سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
Top