پێشڤەچوون! کۆمەڵگا و نەتەوە و وڵات چۆن گەشەدەکەن، بەچی پێشدەکەون؟

پێشڤەچوون! کۆمەڵگا و نەتەوە و وڵات چۆن گەشەدەکەن، بەچی پێشدەکەون؟
ئەمە بووە بە مەتەڵ و هەمیشە تەقەڵای هەڵێنانی دەدرێ؛ کەچی هەوڵەکان، لە زۆربەی حاڵەت، بێ ئاکام یان دەرئەنجامی شێواویان دەبێ.
سەرەتا، پێشڤەچوون دیاردەیەکی مێژوویی- کۆمەڵایەتییە شێوەی پڕۆسەیەکی هەمیشەیی وەرگرتووە، لەگەڵ دەسپێکی ژیانی مرۆڤایەتیدا بووە و هەر بەردەوامیشە... هەموو شێوازە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگایانی سەردەمی ئێمە بەرهەمی ئەم پڕۆسەیەن؛ لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ بەگەڕخستن و پەلەپێکردن و هاندانی، پێویستی بە تەقەڵا و دەستوبردی مرۆڤە، دەنا پڕۆسەکە خاو و سست دەمێنێتەوە... بۆیەش دەگوترێ کە پێشڤەچوون لەخۆوە سەرهەڵنادات، دەبێ دایهێنی.
کەواتە مرۆڤ سەرەتا و سەرچاوە و داهێنەری پێشڤەچوونە – بنەما و مۆتیڤەکەشی بۆ ئەمە حاجەت و پێداویستییەکانیەتی کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندان... پێویستییەکان نەبوونایە گؤڕان و پێشڤەچوونیش نەدەبوون.
بۆ سەردەرکردن لە بابەتی پێشڤەچوون دەبێ، پێش هەموو شتێک، تێگەیشتنی تەواومان هەبێت بۆ پڕۆسەی مێژوویی، ڕەوت و قۆناغەکانی، تایبەتمەندی و جیاوازییەکانی لەگەڵ هی کۆمەڵگا و نەتەوەکانی دی؛ ئینجا، کۆمەڵگا و سستەمە کۆمەڵایەتییەکەی باش بناسین، شارەزای کولتوور و توخم و ڕەگەزەکانی و پەیوەندییەکانی نێوان ئەندامانی بین، هەروەها میکانیزمی کارلێککردنی هەموو ئەمانە بزانین.
لەم ڕووەوە، کورد مێژوویەکی درێژی بڕیووە و تیایدا بە چەندین قۆناغی مێژووییدا تێپەڕیووە- هەر لە قۆناغی کۆیلایەتییەوە - دەوڵەتانی گووتی، کاسی، لولویی، میدیا... ئینجا لەنێو قەوارەی دەوڵەتانی هەخامەنشی، ئەشکانی، ساسانی و بێزەنتی کە هەموو ئەمانە لە زانستدا بە دەوڵەتانی چاخی کۆیلەداری دانراون و تیایاندا «کۆیلەداری» شێوازی سەرەکیی دەسەڵاتداری و موڵکایەتی و دەوڵەمەندی بووە؛ دواتریش قۆناغی دەرەبەگی (فیۆدالی) کە سەرەتاکانی لە کۆتایی ڕۆژگاری ئەخمینی و دەسپێکی دەوری ئەشکانی دەرکەوتن و تیایدا دیاردەی قەڵەمڕەویی خێڵ و تایفە (ملوک الطوائف) سەریهەڵدا و سەرانسەری ناوچەکە و بەتایبەتیش ئێرانی گرتەوە کە موڵکایەتیی زەوی بوو بە هەرەگرنگ بۆ بەدەسهێنانی سامان و دەسەڵات، بەمەشەوە شپرزەیی و پەرتوبڵاویی ناوچەکان بوو بە سیمای گشتیی جۆری حوکمڕانی و بەڕێوەبردن- پەیوەندیی کۆمەڵایەتیش لەسەر ئەو بنچینەیە دامەزران لەنێوان خاوەن زەوی (دەرەبەگ) و جوتیاران و بێ زەوییەکاندا کە لێوانلێو بوون لە چەوساندنەوە و ستەمکاری.
جا، ئەمە گۆڕان و پێشکەوتنێکی کۆمەڵایەتیی گەورە بوو لە ناوچەکەدا کە لەسەر بنچینەی ئابووری و شێوازی حوکمڕانی و دەوڵەتداری ڕوویدا و مۆتیڤە سەرەکییەکەشی حاجەت بوو بۆ بەدەسهێنانی دەسەڵات و سامان کە چیتر تەنیا بە کۆیلە کۆکردنەوە دەست نەدەکەوتن، بۆیە فۆکەس خرایە سەر زەوی و زار کە سەروەتی ڕاستەقینەی لەسەربوو. لێرەدا دەبێ ئەوەش بڵیین کە لە دەوری فیۆدالیش کۆیلایەتی هەر بەردەوامبوو، ئەگەرچی شێواز و ڕوخساریتری بەخۆوە گرت- زۆربەی جوتیار و بێ دەرامەتەکان مامەڵەی کۆیلەیان لەگەڵدا دەکرا و ئەم بارە درێژەی کێشا بۆ قۆناگەکانی دواتریش.
لە قۆناغی دەرەبەگیدا، سەبارەت بە کورد، واتە سەردەمی باڵادەستیی خاوەن زەوی و ناوچەکان، لە سەدەی نۆیەم و دەیەمی زایینیەوە دەوڵەتداریی شێوەی «میرنشینی» هاتە کایەوە؛ ئەمە دیاردەیەکی مێژوویی- سیاسی نوێ بوو و لە ناوەرۆکدا ئاستێکی بەرزی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی لەخۆ گرتبوو. دەبێ سەرنجی ئەمەش بدەین کە بەشی زۆری ئەم میرنشینانە، بە چەندین پێوەر، لە ڕاستیدا دەوڵەت بوون: ئەردەلان، دۆستەکی، هەکاری، بۆتان، بابان- وەکو چۆن کوردناسی گەورەی ڕووس خاتوو ئی. ڤاسیلیەڤا ڕاشکاوانە ئەمە دەڵێ؛ کەچی مێژوونووسانی ئێمە، بێجگە لە بەڕێز عەبدوڕەقیب یوسف، ئەمە ناسەلمێنن و بەردەوامن لە دووپاتکردنەوەی چەمکی «میرنشینی»... نەهەر ئەوە، مێژوونووسێکی گەورەی وەکو لۆنگریک میری ئەردەلان خەسرۆخانی مەزن لە ڕیزی مەلیکان دادەنێ، بۆ بابان وسۆرانیش دەستەواژەی «ئیمپراتۆریای سلێمانی» و «ئیمپراتۆریای میر محەمەد» ی بەکارهێناون. بەم بۆنەیەشەوە، زانا و پسپۆرانمان بانگهێشت کراون بۆ پیاچوونەوە بە مێژوو و چەمک و ناوەکاندا، چەمکی خۆماڵیی ڕاست و شیاو دابنێن بۆ دیاردە مێژوویی و نەتەوەییەکانمان – وەکو میللەتانی دنیا ئێمەش با مێژووەکەمان بە دەستی خۆمان بنووسینەوە.
ئەم دەوڵەتە کوردییانە وەکو چۆن خۆیان بەرهەمی پڕۆسەی گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بوون، ئاواش ڕۆڵی مەزنیان بینیووە لە گۆڕان و بەرزبوونەوەی ئاستی ژیان و بژێوی دانیشتوانی ناوچەکانیاندا- دروستبوونی شاری پایتەخت، دەزگای دەوڵەتی، سوپا، کاری دیپلۆماسی، ئاوەدانکردنەوە، بازرگانی، کشتوکاڵی و سەنعەتکاری... ئەمەش بێگومان واتە پێشڤەچوون.
ئەمانە ئەگەرچی بەشێوەی کاتی و پچڕپچڕ بوون، بەڵام بوون بە ئەزموون و پاشخانێکی مێژوویی- شارستانی و ئالقەیەک لە پڕۆسەی بەرەوپێشچوونی زیاتری لەمەودوا.
کورد لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەوە قەوارە و کیانە سیاسییەکانی خۆیی لەدەستدان و کەوتە بەر هێز و هەژموونی هۆکاری دەرەکییەوە... بەڵام ئەو پاشخانە مێژووییەی، کە لێوانلێو بوو لە ڕووداو و ئەزموونی چەندین سەدە، کوردی لە داڕووخانی یەکجارەکی پاراست؛ ئەوەبوو زۆری نەبرد هەڵسایەوە، بەشێوەیەکیدی و گونجاو لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا خۆی نواند... ئیتر لەو سەردەمەوە قۆناغی بزاڤ و ڕابوون و شۆڕشی نەتەوەیی کورد دەستیپێکرد کە دەرهاویشتە هەرەدیار و گەورەکەی شۆڕشی شێخ عوبەیدولڵای نایری بوو ساڵی١٨٨٠- ئەمەش ئالقەیەکیتر بوو لە پڕۆسەی پێشڤەچووندا.
بێگومان ناوەرۆکی ئەم پڕۆسەیە، قۆناغ و وێستگەکانی بریتیبوون لە گۆڕان و پێشکەوتنی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و کولتووریی خەڵک و دانیشتوانی ناوچە کوردییەکان- لە پەیوەندییەکانیان، ڕەفتار و هەڵسوکەوت، هەڵوێست و شێوازی بیرکردنەوەیان؛ هەروەها لە بوارەکانی کولتووری ماددیدا- جلوبەرگ، چەک و تفاق، ئامێرەکانی گواستنەوە و گەیاندن، ڕاگەیاندن و... ئەمانە لەگەڵ گەیشتنی هێزەکانی وڵاتانی کۆلۆنیالیست بۆ ئێرە، ژمارە و کاریگەرییان زیاتر و زێتر دەبوون. هەموو ئەمە بوون بە هەوێنی ئاستێکی بەرچاوی پێشکەوتنی کورد لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی- کولتووری، سیاسی و نەتەوەییش؛ بەڵگەش بۆ ئەمە سەرهەڵدان و وردەوردە گەشەکردنی دیاردەی «هوشیاریی نەتەوەیی» بوو کە بە ئەوپەڕی ڕوونی و ئاشکرایی بەرجەستە بوو لە شۆڕشە سەرانسەرییەکەی شێخی نایریدا.
لە ڕاستیدا، زەمینەی دەرکەوتنی هوشیاریی نەتەوەیی کورد دەگەڕێتەوە هێشتا بۆ سەرەتای سەدەی نۆزدە، کاتێک هەوڵ و تەقەڵاکانی میر و سەرانی کورد بۆ لێک نزیکبوونەوە و نەهێشتنی ناکۆکییەکانی نێوانیان لە ئارادابوون- بەناوبانگترین هەوڵەکان بانگاشەی میری بۆتان بەدرخانی مەزن بوو لە سەرەتای چلەکانی سەدەی نۆزدەدا بۆ یەکبوونی سەرانی کورد... هەر ئەوەش بوو بە هۆی دەستوبرد و ڕێککەوتنی ئێرانی- عوسمانی بۆ گەلەکۆمەکێی لەناوبردنی ئەو «میرنشینانە»- دیارە کە ئەو لێک نزیکبوونەوەیەی کورد دەرئەنجامی ڕەوتی پەڕینەوەیان بوو لە حاڵەتی «خۆناسیی ئێتنیکی»یەوە بۆ هوشیاریی نەتەوەیی و ئەمەش، بێگومان، پێویستی بە ئاستێکی شیاوی مەعریفە و هوشیاری هەبوو کە کورد پێی گەیشتبوو؛ بەڵام ئەم پڕۆسەیە دووچاری هۆکاری دەرەکی بووەوە و بۆ ماوەیەک پەکی کەوت... لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە هەنگاوێک بوو بەرەو پێشڤەچوون و وەکو وزە و پۆتێنسیال مایەوە تا دواتر، وەکو گوتمان، بە شێوازی شۆڕش و بزاڤی نەتەوەیی دەرکەوتەوە و بەردەوامیی وەرگرت.
دواتر زنجیرەی ڕاپەڕین و بزاڤی نەتەوەیی نەپسایەوە، سەدەی بیست تژیبوو لە دەربڕین و دیاردە پێشکەوتووەکانی هوشیاریی نەتەوەیی- درستبوونی حیزب و کۆمەڵەی سیاسی، خەباتی سیاسی، خەباتی چەکداری، ڕاگەیاندن، چالاکیی دیپلۆماسی، پەیوەندیی نێودەوڵەتی.
ڕەهەندی کۆمەڵایەتیی ئەو خەبات و چالاکییانەی کورد، لەوەدا بوو کە هەر تایبەت نەبوو بە ئێلیتی سیاسی و ڕۆشنبیری و پێشمەرگە، بەڵکو سەرلەبەری ژیانی خەڵک و جەماوەری نەتەوەکەشیان تەنیبوو – زێدەڕۆیی نابێ بڵێین کەسێک نەبوو بەشێوەیەک، بە جۆرێک و بە ئاستێک بەشدار نەبووبێ یان هەرنەبێ پڕوشکی ئەم خەبات و چالاکییانەی بەرنەکەوتبێ.
«حیزب»، «پێشمەرگە» و «خەباتی چەکداری» بوون بە چەمکی کولتووری، هەمیشە لەسەر زاران و باسی ڕۆژانە ئامادەگییان هەبوو؛ ئەمە جگە لەوەی خەڵکی سەرانسەری کوردستان بەلای کەمەوە کەسوکاریان، یان گوند و لادێکانیان لەناو جەرگەی خەبات و شەڕ و پێشمەرگایەتیدا بوون- کەواتە ژیانی کۆمەڵایەتی بەگشتی گرێدراوبوو بەو ڕەوشەوە و تارماییەکانی خەباتی سیاسی و نەتەوەیی بەسەر تەواوی لایەنەکانی ژیانی کوردەواریی ڕەنگیان دابووەوە.
ئەم بارە، ئەگەرچی پڕبوو لە نائارمی، نەهامەتی و پەژارە، شەهیدبوون، بەندکردن و لەسێدارەدان، ماڵوێرانی و کاولکاری و دەربەدەری... بەڵام ئاکامەکانی پێشڤەچوونیشی تیا بەرجەستە ببوون - لە شێوازەکانی خەباتی سیاسی و چەکداری، زێدەبوونی مەعریفە و زانست، فراوانبوونی توێژی ڕۆشنبیران، بەرزبوونی ئاستی هوشیاریی خەڵک...
لە هەشتاکانی سەدەی بیستەوە، کوردستان بە چەندین ڕووداوی گەورە و ترسناکدا تێپەڕی: جەنگی عێراقی- ئێرانی، شەڕی ناوخٶی هێزەکانی پێشمەرگە، داگیرکردنی کوێت، کۆڕەو، گەمارۆی ئابووری، دیسان شەڕی ناوخۆ... تا دەگات بە هێڕشی تیڕۆڕیزمی داعش؛ لە نێوان هەموو ئەمانەشدا لێرە و لەوێ ڕووداوی ترسناک و نەخوازراو لە جۆری تەقینەوە، تیرۆرکردن، بزرکردن و تۆقاندن هەمیشە قەوماون - هەر یەکێک لەو ڕووداو و مەترسیانە بایی خۆی کاریگەریی نەرێنی هەبووە لەسەر ڕەوشی کۆمەڵایەتی- کولتووری و ئابووری و خەڵکی کوردستانی خستۆتە ژێر هەژموونی خۆیەوە لە ڕووی دەروونی، پەیوەندییەکان، بیروباوەڕ، هەڵوێستی سیاسی...
لە ساڵی ١٩٩٢ەوە کورد خاوەن کیانێکی سیاسی-ئیداری بەڕادەیەکی باش سەربەخۆیە، لەگەڵ ئەوەی لە چەندین ڕووەوە هەندێ پێشکەوتن فەراهەم بووین، کەچی لەبەر ئەو ڕەوشەی لە سەرەوە ئاماژەی بۆ کرا، کە دەتوانین زۆرینەی بە هۆکاری دەرەکی لەقەڵەم بدەین، پێشکەوتنەکان سنووردار و خەوشدارن.
بۆ بڕەودان و کاراکردنی پڕۆسەی پێشڤەچوون و نەهێشتنی خەوش و کەموکوڕییەکانی، دەبێ درک بەو ڕاستییە بکەین کە مرۆڤ، کۆمەڵگا و نەتەوە تەنیا بە دەسکەوتە مادییەکان پێش ناکەون، بەڵکو ئەوە کولتوور و توخمە مەعنەوییەکانیەتی (زمان، ئایین، بەها، دابونەریت، زانست و هونەر) دەبن بە بناغەی دروستبوونی جۆری کەسایەتیی تاکەکانی کۆمەڵگا؛ جا ئەو کەسایەتییە تاچەند لەبارە بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و هاوچەرخ کە سیما هەرە گرنگ و زەڕووڕییەکانی بریتیبن لە: یاساسەروەری، یەکسانی و دادپەروری، خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و پێگەیاندن و تەندروستی...
بۆیە دەسەڵات ئەگەر پێشڤەچوون بە ئامانجی ستراتیجیی خۆی دەزانێ، دەبێ بگەڕێ بەدوای میکانیزمەکانی کارکردن لەسەر گۆڕینی بەها و توخمە کولتوورییەکانیتر... ئەگینا هەمان ئەو بەها و ئەو کولتوورەی ئێستاکەی کۆمەڵگاکەمان هەمیشە ڕیسی دەسەڵات دەکاتەوە بە خوری.


Top