گەڕانەوە بۆ بەغدا و كای كۆن بەباكردن

گەڕانەوە بۆ بەغدا و  كای كۆن بەباكردن
دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق جارێكی دیكە كورد گەڕایەوە بەغدا و، بەنیازە لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا بەشدار بێتەوە، بینیمان لە چەند رۆژی رابردوودا كەوا لایەنە عێراقییەكان چۆن سەرۆكی كۆماری عێراقیان هەڵبژارد، كەوا بەدەر بوو لە سازانی كوردستانی، لە خولەكانی رابردووی سەرۆك كۆماردا هەمیشە پەیڕەوی سازانی نیشتمانی كوردستانی دەكراو لایەنە كوردستانییەكان بەیەكەوە پاڵێوراوێكیان دەپاڵاوت بۆ سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام شێوازی ئەمجارە وایكرد، كەوا ئەم سازانە كوردستانییە نەمێنێت و لایەنە عێراقییەكان و كەسانی دیكە لە جیاتی گەلی كوردستان بڕیاربدەن كە كێ بكەن بە سەرۆك كۆماری عێراق، بێگومان ئەمەش پێشینەیەكی باش نییە بۆ داهاتوو، (من وەك خۆم باوەڕم بە عێراق نییە و باوەڕم بە هیچ دەسەڵاتێكی رابردووی عێراق نەبووە و باوەڕم بەهیچ دەسەڵاتێكی ئێستا و ئایندەی عێراقیش نابێت)، بەڵام لەو روانگەیەی كە تا ئێستاش ئێمەی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی نەخشەی داتاشراوی عێراقدا ماوینەتەوە، پێویستە لەسەر تەواوی ئەو پرسانەی پەیوەستن بە كوردستان و عێراق سازانی نیشتمانی كوردستانیمان هەبێت.
بێگومان دوای دەستبەكاربوونی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كۆمار، بەڕێز عادل عەبدولمهەدی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق راسپێردراوە، لە رۆژانی داهاتوودا پێكهێنانی ئەو حكومەتە لەلایەن عەبدولمهەدی-یەوە دەبینین، بێگومانم لەوەی كەوا دووبارەكردنەوەی هەمان سیناریۆكانی پێشووی (عەلاوی و جەعفەری و مالیكی و عەبادی) یەو هیچی دیكە، واتە كای كۆن بەباكردنە، نەك دەوڵەتداری و بیناكردنی حكومەتێكی دامەزراوەیی و سیستماتیك و مۆدێرن..
لە عێراقدا خەڵك كێشەی گۆڕینی دەم و چاوەكانی نییە، بەڵكو كێشەی سەرەكیی خەڵكی عێراق گۆڕینی عەقڵییەت و شێوازی بیركردنەوەیە، گۆڕینی شێوازی مامەڵەكردنە لەگەڵ پێكهاتەكانی لە چوارچێوەی نەخشەی داتاشراوی عێراقدا، كێشەی خەڵكی عێراق ئەوەیە كەوا پێكهاتەیەك دەبێتە كوێخاو خۆی دەكاتە دەمڕاستی هەموو لایەك و بە چاوی هاووڵاتیی پلە دوو سەیری پێكهاتەكانی دیكە دەكات، ئەمەش وای كردووە كێشەكانی عێراق بەردەوام بن و بێچارەسەر بمێننەوە.
گەڕانەوەی كورد بۆ بەغدا و بەشداربوونەوەی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بەو رەوشەی ئێستای كەوا زۆربەی لایەنە كوردستانییەكان لەگەڵ یەك ناكۆكن و سازانی كوردستانی وەك جاران نەماوە، ئەوە وادەكات كورد لە بەغدا بە لاوازی سەیر بكرێت، ئەمە لە لایەك، لە لایەكی دیكەوە لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ و ٢ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٨، بەغدا بە چاوی كاراكتەرێكی لاواز و پێكناكۆك لە كورد دەڕوانێت، هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقیش بەم شێوازەی ئێستا وایكردووە لایەنە عێراقییەكان بە چاوێكی نزمتر لە جاران سەیری كورد بكەن، بۆیە پێویستە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان هەڵوەستەی جددی لەسەر ئەم خاڵانە بكات، ئنجا بەشداری حكومەتی داهاتووی عێراق بكات.
ئەگەر كورد وەك جارانی پێشوو بێ سوود وەرگرتن لە رابردوو ئەمجارەش بەم رەوشەی ئێستای لەم حكومەتەی عێراقدا بەشداربێت، ئەوا كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت، لەبەرئەوەی سەركردایەتیی كورد لە كاتی رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە 2003وە تا ئێستا لە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا بەشدار دەبێت و، بەردەوام لە دانوستان و گفتوگۆدایە بۆ وەدەستهێنانی خواستەكانی گەلی كوردستان، كەچی تائێستا پرسەكان بە هەڵواسراوی ماونەتەوەو چارەسەر نەكراون. كاتی خۆی عەلاوی چارەسەری دۆسیەی كوردی بۆ جەعفەری بەجێهێشت، جەعفەری دۆسیەی كوردی بۆ مالیكی بەجێهێشت، هەموو لایەكیش دەزانین مالیكی لە جیاتی چارەسەر دۆسیەكەی پڕكێشەو ئاڵۆزتر كردو بۆ عەبادی بەجێهێشت، عەبادییش گۆڵمەزێكی ناوەتەوە، كێشەكانی قووڵتر كردۆتەوەو بۆ عادل عەبدولمهەدی بەجێدەهێڵێـت، دڵنیابن عەبدولمهەدیش بۆ ئەوەی دوای خۆی بەجێی دەهێڵێت، واتە ئەم یارییە سەرەتای هەیە و كۆتایی نییە، بۆیە پێویستە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان هیچی دیكە كات بەفیڕۆ نەدات و بەو دەستی دەستییە رازی نەبێت و، بەڕاوێژ لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان بڕیاری نەتەوەیی و نیشتمانی و یەكلاكەرەوەی خۆی بدات و، بە زووترین كات ئەنجومەنێكی سیاسی لە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێكبهێنێت و بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق ئەو ئەنجومەنە بڕیاربدات، نەك هەر كەس و لایەنێك چی بخوازێت ئەوە بكات، پرسی ئێمە لەگەڵ بەغدا پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە، بۆیە پێویستیمان بە كۆدەنگی هەیە، نەك كەسانێك بە ئارەزووی خۆیان و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بازرگانی بەم پرسە بكەن.
ئەو رەوشەی ئێستا كەوا كوردی تێدایە، لە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دەخوازێت سوودی لێوەربگرێت و لەدەستی نەدات و، بەهاوكاری و پشتیوانیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان وەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئەنجومەنی سیاسی، یا بەرەیەكی فراوانی كوردستانی پێكبهێنێت و هیچ لایەنێك پەراوێز نەخات، لەبەرئەوەی هەموو لایەكمان دڵسۆزیی بەشێكی زۆری لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەبینین كەوا چۆن بەرەڤانی لە دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان دەكەن و پشتیوانی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانن، هەقە لەمەودوا سەركردایەتیی كوردستان ئەمە بە هەند وەربگرێت و چاو بەهەڵوێست و سیاسەتەكانیدا بخشێنێتەوەو زیاتر ناوەندی سیاسیی كوردستان رێبكخاتەوە و بەهێزی بكات و، قسەو بیروڕاو بۆچوونی وڵاتپارێزو دڵسۆزانیش بەبایەخەوە وەربگرێت و بەسینگێكی فراوانیشەوە بەپیر رەخنە و گازندەكانی خەڵكەوە بچێت و لەخەمی چارەسەركردنی گرفتەكانی خەڵكدا بێت، ئەوەی كە بۆ ئەملاو ئەولای دەكات با بۆ خەڵكی كوردستانی بكات، ناعەدالەتی و پەراوێزخستن لە كوردستان هەیە، ئەمە واقیعێكە و پێویستە دانی پێدابنێین و، كار بۆ نەمانی ئەو دیاردانە بكەین، لەم رەوشەدا پێویستە بەگیانێكی كوردستانییانە كار بكەین و راوێژی تەواو لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكاندا هەبێت، بێگومان ئەگەر بەو ئاراستەیە كار نەكەین لە ناوخۆی كوردستان و لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەش بە لاوازی سەیر دەكرێین.
لێرەدا جارێكی دیكەش جەخت دەكەمەوە سەر ئەوەی كەوا پێویستە هەموو لایەكمان لەم قۆناخ و رەوشە هەستیارو ناسكەدا جلی حزبایەتی فڕێبدەین و جلی كوردایەتی بپۆشین، لەبەرئەوەی ئەو هەڕەشانەی كە هەن لەسەر كوردن، نەك ئەم حزب و ئەو حزب. كە دەمانكوژن، ناپرسن: كام حزبن؟ بەڵكو كە سەیردەكەن كوردین بە چاوێكی دیكە سەیرمان دەكەن و دەمانكوژن.
بە درێژایی مێژوو پرسی ئێمە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە، لە رابردوودا دەسەڵاتدارانی عێراق بەردەوام هەوڵیانداوە كورد وەكو نەتەوە بە خاك و خەڵكەوە نەهێڵن، ئەمڕۆش بە هەمان شێوە دەسەڵاتدارانی عێراق چاویان بە پێشكەوتنەكانی گەلی كوردستان هەڵنایەت و شەڕی كورد و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان دەكەن، لە هەوڵی لاوازكردن و سنوورداركردنی دەسەڵاتی كوردستاندان، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمانە كەوا بەخۆماندا بچینەوەو سیاسەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانی پێڕەو بكەین و كار بۆ نەتەوەو نیشتمان بكەین، نەك حزب، پێویستە حزب بكەینە هۆكارێك بۆ خزمەتكردنی گەلی كوردستان، نەك گەلی كوردستان بخەینە خزمەتی حزب.
لایەنە عێراقییەكان سەرەڕای ناكۆكیی نێوانیان هەموویان لەسەر لاوازكردنی پێگەی كورد یەكهەڵوێستن و بەردەوام كار لەسەر ناكۆكی و دووبەرەكیی لایەنە كوردستانییەكان دەكەن، بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە هەوڵبدەن پێگەی كورد لاواز و بێكاریگەر بكەن، بێگومان باشترین چەكی ئێمەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پیلانە یەكڕیزی و یەكدەنگیمانە، بێگومان یەكدەنگی و یەكڕیزیمان دەبێتە چەكی كاریگەرو فاكتەری سەرەكیی سەركەوتن و گەیشتن بە ئامانجەكانمان و پووچەڵكردنەوەی پیلانەكان .
كاركردنی هەموو لایەكمان بەو ئاراستەیەی كە باسمان كرد، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان زیاتر دەكەنە جێی ئومێدی جەماوەرو بوونێكی كاریگەریشمان دەبێ لە ناوەندی سیاسی و هەمیشە بە بایەخەوە لە هەڵوێست و كارەكانمان دەڕوانری و، عێراق و وڵاتانیش بەردەوام بیرو بۆچوونەكانمان بە هەند وەردەگرنو مامەڵەیەكی گونجاوترمان لەگەڵ دەكەن، بەدەر لەمە هەموو لایەكمان زیانمەند دەبین و لە رەوتی نیشتمانی و نەتەوەیی دەردەچین، بۆیە پێویستە بە وریاییەوە هەنگاو بەرەو یەكدەنگی و یەكڕیزی بنێین و، ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە هەموو لایەكمان كارمان بنیادنانە، نەك تێكدان.









* سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
Top