نەتەوەی عەرەب هاوشێوەی نەتەوەی كورد رووبەڕووی دابەشكردن و لێكترازان بۆتەوە و بەسەر دەوڵەتاندا دابەشكراوە

نەتەوەی عەرەب هاوشێوەی نەتەوەی كورد رووبەڕووی دابەشكردن و لێكترازان بۆتەوە و بەسەر دەوڵەتاندا دابەشكراوە
بیرمەند و نووسەری ناوداری عەرەبی پڕۆفیسۆر عەبدولحوسێن شەعبان لە میانی بەشداریكردنی لەم دیالۆگەدا لە وتەیەكدا باسی لە گرنگیی ئەم مێزگردە كرد بە ئاراستەی بەتینكردنی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو نەتەوەی عەرەب و كورد، لە وتەكەیدا سەرەتا سوپاسی كۆڕبەندی فیكری عەرەبی كرد بۆ دەستپێشخەرییەكەی تایبەت بە رێكخستنی ئەم مێزگردە گرنگە، بەتایبەتیش لەم هەلومەرجەی ئێستادا، هەروەها سوپاسی میر حەسەن كوڕی تەڵاڵی كرد كە چاودێریی ئەم مێزگردەی كردووەو داوای دەستپێكردنی ئەم دیالۆگەی كردووە كە رۆشنبیرو ئەكادیمیست و چالاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە عەرەب و كورد تێیدا بەشدارن، لە وتەكەیدا روونی كردەوە كە پێش هەموو شتێك ئامانجی ئەم دیالۆگە ئاڵوگۆڕكردنی بۆچوونەكان و تێكەڵكردنی بیروڕاكانە بۆ دروستكردنی وێنایەكی گشتی، ئەمە یارمەتیدەر دەبێ بۆ هاندانی لێكنزیكبوونەوەو لێكگەیشتن و هاوكاری بە بەرزكردنەوەی رادەی كۆدەنگی و كەمكردنەوەی جیاوازییەكان و رێزگرتنیان، بەتایبەتیش بۆ پڕكردنەوەی كەلێن لەنێوان بڕیاربەدەست و سیاسەتمەداران و كاربەدەستان و پەیوەندیدارانەوە لەلایەك و رۆشنبیرو ئەكادیمیست و بیرمەندان لە لایەكی دیكەوە، بۆ قەناعەتهێنان بەوەی كە هەر گۆڕانكاری و پەرەپێدانێكی راستەقینە پێویستی بەم جۆرە دیالۆگە هەیە، لێكگەیشتن بۆ هاوكاری كە رەچاوی بەرژەوەندیی هەموو لایەك بكات، هەروەها هەر هەوڵێكی ئەرێنی لەم بوارەدا بە شێوەیەكی ئەرێنی رەنگدانەوەی بۆسەر دەوڵەتانی ئیقلیمی و پەیوەندیی مێژوویی گەلانەوە هەیە.
دكتۆر شەعبان ئاماژەی بەوە كرد كە ئێمە لێرەدا وەك دوو تیمی پێكناكۆك كۆنەبووینەتەوە تا هەر لایەك رای خۆی بخاتەڕوو، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ركابەری، یان بێزاركردن خۆمان پیشان بدەین، بەڵكو كۆبووینەتەوە وەك رۆشنبیر كە خەمی هاوبەشمان هەیە، ئەمەش مانای ئەوە نییە كە جیاوازیمان نەبێت دەربارەی مێژوو و هەلومەرجی ئێستا و ئایندە كە ئەمەش شتێكی سرووشتییە، پێویستە دانی پێدا بنێین، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر هاوبەشە مرۆییەكان كە ئەمانە بنەمان لە پەیوەندیی عەرەب و كورددا، پێویستە هەبن لە پەیوەندییەكانی دەوڵەتە ئیقلیمییەكان لەنێوان خۆیاندا، بەتایبەتیش كە گەلانی ناوچەكە هەموویان ئامانجیانە كە پەرەپێدانی بەردەوام بێتەدی، كە رەهەندی مرۆیی هەبێت لەسەر بنەمای ئازادی و یەكسانی و دادپەروەری، نەخاسمە كۆمەڵایەتی و بەشداری و شەراكەت لە دیاریكردنی چارەنووسیاندا، ئەمەش بەبێ بوونی پەیوەندیی ئاشتییانە لەسەر بنەمای برایەتی و دراوسێیەتیی باش و سوود و بەرژەوەندیی هاوبەش نایەتەدی، درووشمی بزووتنەوەی نیشتمانیی عێراقیش لەوەتەی ساڵانی سییەكاندا بریتی بووە لە: (لەسەر زەمینەی برایەتیی عەرەب و كورد هەموو پیلانەكانی كۆلۆنیالیزم و كۆنەپەرستان تێكدەشكێت).
زۆر شت عەرەب و كوردو گەلانی دیكەی ناوچەكە لە فارس و تورك كۆدەكاتەوە، كە دەكرێ لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی فراوانی دیالۆگدا بەرجەستە بێت و رۆشنبیرانی ئەو گەلانە بگرێتەخۆ، هەروەها دەكرێ فراوانتربێت تاكو ئەو قەوارانەش بگرێتەوە كە هەمان ئاراستەو بۆچوونیان هەیە، هەر ئەوەشە كە میر حەسەن داوای دەكات تایبەت بە دەستپێكردنی دیالۆگ لەنێوان گەلانی گەورەی هەرێمەكەدا. بۆیە ئەگەر نەتەوەی عەرەب دوچاری دابەشكردن بووبێتەوەو بەم هۆیەوە پەرش و بڵاو و لێكترازابێت و بەسەر دەوڵەتاندا دابەش بووبێت و لەمپەرو بەربەست خرابێتە بەردەم یەكگرتنی، ئەوا نەتەوەی كوردیش بەهەمان شێوە رووبەڕووی دابەشبوون بۆتەوە، كورد بەسەر چوار وڵاتدا دابەشبووە، توركیا و ئێران و عێراق و سووریا. هەردوو نەتەوەی عەرەب و كورد رووبەڕووی پیلانی نهێنی بوونەتەوە كە دەوڵەتانی ئیمپریالی لەمیانی جەنگی دووەمی جیهاندا جێبەجێیان كردووە، كاتێ رێكەوتننامەی سایكس- پیكۆ لەپشتی هەردوو نەتەوەوە لە ساڵی 1916 لەنێوان بەریتانیاو فەرەنسا واژۆكرا، سەرەتا رووسیاش هاتە ناویەوە، بەڵام دواتر لێی جیابۆوە، بەپێی رێكەوتننامە نهێنییەكان دوای شۆڕشی بەلشەفی لە ساڵی 1917. ئەو رێكەوتننامەیە لادان بوو لەو بەڵێنانەی كە هاوپەیمانان دابوویان كاتێ شۆڕشی شەریف حوسێن لە 1916 بەرپابوو، ئەوەیش بەوەی سەربەخۆیی دەدەنە عەرەب و دەوڵەتێكی یەكگرتووی عەرەبی پێكدەهێنن. هەروەكو چۆن رێككەوتننامەی لۆزانی ساڵی 1923 بۆ بەرژەوەندیی توركیا رێككەوتنامەی سیڤەری لە ساڵی 1920 دواخست كە دانی بە بەشێكی مافی كورد دانابوو.
ئەو زیاتر جەختی كردەوە كە ئەگەر مافی چاری خۆنووسین وەك پرەنسیپێكی یاسایی و سیاسی دانپێدانراو بێت لەلایەن پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان و شەرعییەتی نێودەوڵەتیش وەك مافی مرۆڤ دانی پێدا نابێت، ئەوا ئەو مافە هەمیشە بە ئامانجی ئەو دوو نەتەوە دێرینە دەمێنێتەوە، جێبەجێكردنیشی لە هەر وڵاتێكدا پشت دەبەستێت بە پەیوەندییەكانی نێوان لایەن و هێزە سیاسییەكان و ئاستی تێگەیشتن و هاوكاریی نێوانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەكان، تەنانەت بۆ چارەنووسە هاوبەشەكان، لەگەڵ رەچاوكردنی تەحەددی و مەترسییەكان كە رووبەڕووی ناوچەكە دەبنەوە لەلایەن دووژمنان و لەپێشەوەیان ئیسرائیل، كە هەندێ جار ناكۆكی و هەڵوێستە جیاوازەكانی نێوان عەرەب و كورد دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ململانێكە زیاتر بكات و گیانی رق و كینەو كوشتار بڵاوبكاتەوە، بەتایبەتیش لە هەلومەرجی لاوازیی متمانە و ناكۆكیی هەڵوێستەكان.
دكتۆر شەعبان دووپاتی كردەوە كە پەنابردن بۆ توندوتیژی و هۆكاری سەربازی و شەڕو چەكداری بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد هەموویان شكستیان هێنا، چ لەلایەن حكومەتەكانەوە كە هەوڵیانداوە مافی رەوای كورد پێشێل بكەن و بزووتنەوەی كوردی لەناوبەرن، چ لەلایەن خودی بزووتنەوەی كوردییەوە كە پەنای بۆ چەك و توندوتیژی بردووە، هەتا ئەگەر ناچاریش بووبن، ئەمەشە كە هەندێ لایەنی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەوڵدەدەن بیخەنەگەڕ بە بیانووی ئەوەی كە كورتترین رێگەیە بۆ بەدەستهێنانی مافەكان، بەڵام توندوتیژی و هۆكارە سەربازییەكان ئەو لایەنانەیان نەگەیاندە ئامانجەكانیان بە قەدەر ئەوەی كە هەڵوێستەكانیان زیاتر ئاڵۆز كردووە، بەتایبەتیش كە دەستتێوەردانی هێزە دەرەكییەكان هاتنەناوەوە، دوژمنانی هەردوو نەتەوەی عەرەب و كورد هەلی گونجاویان قۆستەوە بۆ لاوازكردنیان و بەلاڕێدابردنی رووی راستەقینەی ململانێكان.
لەبەر ئەم هۆیەو هۆی دیكەی بابەتی بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە ئایین و مێژوو و جوگرافیاو پێكەوەگرێدانی شارستانی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و خێزانی، وێڕای بەرژەوەندیی هاوبەش كە لەوەتەی سەدان ساڵە هەردووكیان بەیەكەوە دەبەستێتەوە، هەروەها كە لەوەتەی فتوحاتی ئیسلامی تا دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عێراق لە 1921 هیچ شەڕو پێكدادانی بەخۆیەوە نەدیوە، لەبەرئەوە پێویستە دیالۆگ ئەنجام بدرێت وەك رێگەیەكی بنەڕەتی بۆ چارەسەری هەمیشەیی و چەسپاو و دادپەروەرانە لەسەر بنەمای مافی چارەی خۆنووسین و گەڕان بەدوای شێوازی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی لەسەر ئاستی یاسایی و دەستووری كە لەگەڵ پەرەسەندنی نێودەوڵەتیدا بگونجێت. شایانی باسە ئەم جۆرە داوایە لایەنی زۆری بزووتنەوەی سیاسیی عێراقی قەناعەتیان پێی هەیە، بۆیە لەوەتەی ساڵی 1992 ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوە بیرۆكەی فیدڕاڵی وەك پەرەسەندنێكی بیرۆكەی ئۆتۆنۆمی گرتەبەر، ئەمەش لە دەستووری هەمیشەییدا لە ساڵی 2005 دوای داگیركردن بڕیاری لێدرا، یەكەم دەستووری عێراقی كە داندەنێت بە شەراكەتی عەرەب و كورد، دەستووری ساڵی 1958 بوو، بەڵام دەستووری ساڵی 1970 لەو پێشكەوتووتر بوو كاتێ دانی نا بە بوونی دوو نەتەوەی سەرەكی لە عێراق، ئەمەش دوای بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970 كە بەپێی ئەو بەیاننامەیە یاسای ئۆتۆنۆمی لە ساڵی 1974 داڕێژرا، بەڵام بەداخەوە شەڕ هەڵگیرسایەوە و نزیكەی ساڵێكی خایاند و تا واژۆكردنی رێكەوتننامەی جەزائیر لە 1975 لەنێوان جێگری سەرۆكی عێراق سەدام حوسێن و شای ئێران محەمەد رەزا پەهلەوی، كە دواتر زنجیرەی سەركوتكردن و چەوسانەوە بەردەوام بوو و شەڕی عێراق و ئێرانی بەدواداهات لە 1980 تا 1988، هەروەها هەڵمەتەكانی فراوانی راگوێزانی دەیان هەزار كوردی فەیلی بە پاساوی پاشكۆیەتیی ئێرانی دەستی پێكرد.
هەر لە درێژەی وتەكەیدا دكتۆر شەعبان گوتی: من لەبیرمە كە ئێمە دیالۆگێكمان سازكرد بە هەمان شێوەی ئەمڕۆ (دیالۆگی عەرەبی – كوردی) لە چوارچێوەی رێكخراوی عەرەبی بۆ مافی مرۆڤ لە لەندەن، بەندەش سەرۆكی بوو، كە هەر خۆم دوام كردبوو، پێموایە یەكەم دیالۆگی عەرەبی- كوردی بوو، كە بژاردەیەكی فیكری و رۆشنبیری تێدا بەشداربوو، كە لە 50 رۆشنبیری عەرەب و كورد پێكهاتبوو، تێیدا باسیان لە هەندێ كێشەی پەیوەندییەكانیان كرد، لەوانە: مافی چارەی خۆنووسین، فیدڕاڵی، كۆنفیدڕاڵی، ئایندەی دامەزراندنی دەوڵەتێك، یان زیاترو چارەسەری گونجاو، هەروەها دواتر لە ساڵی 1998 دیالۆگێكی دیكەش لە قاهیرە بەڕێوەچوو. دواتر چەندین كۆمەڵەی دۆستایەتیی عەرەبی- كوردی دامەزران و دیدارو چالاكیگەلی گشتی رێكخران كە هەندێكیان نزیك بوون لە پێكهاتەی سیاسی، بەڵام ئەشكالیات و گومانی پەیوەندی تا ئێستاش هەر بەردەوامن و پێویستیان بە دینامیك و بزاڤ هەیە، تاكو رۆشنبیران بەشداری تێدابكەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرەكان لەسەر بنەمای دروستكردنی متمانەو لێكگەیشتن .من پێموایە چاودێریكردنی میر حەسەن بۆ دیالۆگی مەعریفی و رۆشنبیری و فیكری لەم ئاستەدا دەتوانێت بەشداری بكات لە گەڵاڵەكردنی تێڕوانینی تازە. بەتایبەتیش ئەگەر فراوان بكرێت و چالاكانی سیاسی لە عەرەب و كورد بێنە ناویەوە بە ئامادەبوونی كەسایەتیی لێهاتوو لە رۆشنبیرانی عەرەب، هەروەها دەكرێ شێوازێكی دامەزراوەیی پێ بدرێت بەپێی میكانیزمێك كە كۆڕبەندەكە پشتی پێ ببەستێت و جێبەجێی بكات لە چوارچێوەی بەرنامەكانیدا بە هاوكاریی لەگەڵ دامەزراوەی دیكەی دۆستدا كە هەموو لایەك لێی سوودمەند بن، ئەمەو بەڕێزیان دەستپێشخەربوون لە گەیاندنی ئەو بانگهێشتە ویجدانییە بۆ دیالۆگ، چونكە قەناعەتی بە هاوبەشە مرۆییەكان هەیە، بەتایبەتیش دوای ئەو درزەی كەوتە نێو هەندێ لایەنی پەیوەندییەكانی عەرەب- كورد، دوای ریفراندۆمی كورد لە 25ی ئەیلوولی 2017، هەروەها ئارەزووی بەڕێزیان لە بەردەوامیی پەیوەندیی و كارلێك و لێكگەیستن بۆ دەربازبوون لە هەندێ بەربەست و لەمپەر كە رووبەڕووی ئەو ئەزموونە ساوایە بۆوە. ئەمەش پێویستی بە هەندێ پاشەكشەی دوو لایەنەو چارەسەری نیشتمانی هەیە كە عەرەب پشتگیری بكات، هاوكات دیالۆگی بەردەوام بۆ خۆشكردنی زەمینەو گەڕان بەدوای چارەسەری ئاشتییانە كە یەكێتیی خاك و گەلی عێراق بەهێزبكات، لە هەمان كاتدا مافەكانی كورد و خواستە رەواكانیان لە دیاریكردنی چارەنووس وەدی بهێنێت، كە ئەمەش گونجاو بێت لەگەڵ بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و هەلومەرج و بارودۆخی دەوڵەتانی ئیقلیمی. بۆیە ئەگەر داوەتنامەكە بۆ ئەو ژمارە دیاریكراوەی عێراق بێت لە كوردو عەرەب و ژمارەیەك لە رۆشنبیرانی عەرەب لە غەیری عێراق كە داوەتنامەی تایبەتە، ئەوا ئامانجەكە كردنەوەی كەناڵی پەیوەندییە بە شێوەیەك كە ئەو جۆرە دیالۆگە ئامرازێكی پەیوەندی بێت، دەكرێ فراوان بكرێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ و بە فیعلی بزانرێت: عەرەب چی لە كورد دەوێت، كوردیش چی لە عەرەب دەوێت؟ ئەمەش پەلدەكێشێت بۆ دانانی وردەكاری تایبەت بە رۆشنبیری و ئەدەب و هونەرو كەلەپوورو مێژوو و زمان كە رایەڵەی پەیوەندی بەهێزبكات، هاوكات بەشداریبكات لە دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی و یاسایی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و مرۆیی بۆ كێشەكان، هەروەها دۆزینەوەی دەرفەتی تازە بۆ گەڕان بەدوای پێشهاتەكانی ئەو پەیوەندییە كە دەبێت هاوسەنگ بێت و لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەری تایبەتمەندییەكان لە چوارچێوەی پێناسەی گشتیی عێراقی یەكگرتووی خاوەن سەروەری كە رووەو پەرەپێدان هەنگاو بنێت.
بۆیە ئەركی دەوڵەتە، هەر دەوڵەتێك بیەوێت رێگەی پەرەپێدانی دیموكراسیی ئازادو راستەقینە بگرێتەبەر، رەچاوی ناسنامە لاوەكییەكان بكات و بواری تەواویان پێ بدات بۆ ئەوەی گوزارشت لە خۆیان بكەن بەو شێوەیەی كە دەیانەوێت و لەگەڵ بەرژەوەندییە هاوبەشەكاندا بگونجێت.
بۆ ئەوەی پەیوەندیی مێژوویی عەرەب- كورد پەرە بسێنێت، پێویستە ئیشكالیاتی ئێستا تێپەڕێنین كە لە ئەنجامی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان بێ رەزامەندیی حكومەتی فیدڕاڵ هاتنەئاراوە، بەتایبەتیش لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، هەروەها كاردانەوەی بەغدا بەرامبەر هەنگاوی هەولێر كە دۆسێیەكی سەختی واڵاكرد كە بۆ دەیان ساڵ دەگەڕێتەوە، چ ئەوەی پەیوەستن بە كەركووك و نەوت و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی فیدڕاڵ بەسەر فڕۆكەخانەو دەروازە سنوورییەكاندا بەو ناوەی كە كێشەی سیادین بەپێی دەستوور، كە دەستوورێكە پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە، یان داڕشتنەوەی دەستووری تازە كە سوود لە ئەزموون و گومان و كێشەكان وەربگیرێت.
لە كۆتایی وتەكەیدا روونی كردەوە كە بۆ ئەوەی پەیوەندییەكان بەردەوام بن و رێچكەیەكی دروست بگرنەبەر، پێویستە لەسەر بنەمای كارلێك و پەیوەندیی و پێكەوەگونجان بنیاد بنرێن، نەك قازانخوازی و دەستڕۆیشتوویی و هەڵوەشاندن و لێكترازان، چونكە ئەمە زیان بە عەرەب و كورد دەگەیەنێت، چ لە عێراق، یان لە سووریا، یانیش لە دەوڵەتانی ئیقلیمی. بەتایبەتی هاوبەشە گشتییەكان كە ناوەڕۆكی بنەڕەتیی پەیوەندی و ئایندەی ئەو پەیوەندییە پێكدەهێنن. بۆیە پێویستە ئەو راستییە بزانرێت كە هەر پێكدادانێك لە نێوانیاندا رەنگدانەوەی دەبێت بۆسەر رەوشی ئیقلیمی، كە ئەزموونی مێژوویی سەلماندوویەتی، بەتایبەتی كە سوودمەند تەنیا دوژمنانی ئەو دوو نەتەوەن.

Top