ريفراندؤم ته نيا به هانه يه ك بوو
February 28, 2018
وتار و بیروڕا
خۆ كەس باسی ریفراندۆمی نەدەكرد كە مالیكی تانك و زریپۆشەكانی بەرەو خانەقین و دەورووبەری ڕەوانە دەكرد و دەیویست بە زەبری هێز ئەو ناوچانە داگیر بكات.
خۆ بڕینی مووچە و بوودجەی هەرێم دوای ریفراندۆم دەستیپێنەكرد، بەڵكو سێ ساڵ پێش ریفراندۆم ئەوان ئەو كارەیان دەستپێكرد.
پشتگوێخستنی ماددەی 140 و لەمپەرخستنە بەردەم جێبەجێكردنی زۆر لە پێش بابەتی ڕیفراندۆمەوە بوو.
كەواتە مەسەلەی ریفراندۆم و كردنە پاساوی ئەو دەستدرێژییە ناڕەواو و نایاسایی بوو كە كرا بەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بە هاوكاری خیانەتكارانی پارە و دەسەڵات و بە هاوكاری وڵاتانی ئیقلیمی جێبەجێكرا. دەنا ئەوە بڕیارێكی زۆر پێشوەختەبوو، چونكە ڕیفراندۆم بكرایە یان نەكرابایە ئەوان ئەو پیلانەیان هەر جێبەجێ دەكرد.
ئەوانە نەهاتبوونە سەر دەسەڵات بۆ بنیاتنانی وڵاتێكی دیموكراتی و ئازاد و سەربەست كە تێیدا هەموو هاووڵاتیانی بەجیاوازی ڕەگەز و نەتەوە و ئایین و مەزهەبەوە تێیدا بە ئازادی و سەربەست بژین، بەڵكو ئەوانە هەر لە سەرەتای دەستگرتنیان بە دەسەڵاتەوە زۆر بە پەلە و بە بەرنامەیەكی داڕێژراو هەوڵی ئەوەیان دەدا كە بە زووترین كات دەسەڵاتی مەزهەبێكی دیاریكراو بەسەر هەموو عێراقدا زاڵ و فەرز بكەن و دەوڵەتێكی تیۆكراسی دابمەزرێنن كە تەنها خۆیان و مەزهەبەكەیان لێی سوودمەند بن.
ئەوەتا وا پانزە ساڵ بەسەر رووخاندنی ڕژێمی دیكتاتۆری سەددامدا تێدەپەڕێت، بەڵام هیچ گۆڕانێكی گەوهەری لە عەقڵیەت و دەوڵەتداری و بیركردنەوەی ئەمانەدا بەدی ناكرێت و نە تەنیا ئەوەش، بەڵكو ئەمانیش بە هەمان میتۆد دەیانەوێ سەركوت و گەمارۆی دەستكەوتەكانی كورد بدەن و لە هەموو ناوەڕۆكێك كە دەستوور دانیپێداناوە، بەتاڵ بكەن و بە كرداریش دەیانەوێ هەرێمی فیدراڵ لێكهەڵوەشێنن و نیزامی پارێزگاكانی عێراق وەك دەسەڵاتی پێش خۆیان جێبەجێ بكەن.
بۆیە ئەم هەوڵانەی ئەمڕۆ كە لەلایەن بەغداوە دەدرێ هەر لەبەردەوامی بوودجە و مووچە بڕین تا داخستنی فڕۆكەخانەكان و تا داوای دەستبەسەرداگرتنی خاڵە سنوورییەكانی هەرێم هەمووی هەر تەنها بۆ ئەوەیە كە ناوەڕۆكی فیدراڵ لە هەرێمدا نەهێڵن و بۆ ئەوەش ئێستا زۆر بە چڕی خەریكی ئەوەن كە دەسەڵاتی زۆرینە لە پەرلەمان و حوكمڕانیدا بسەپێنن و لە پەرلەمان شەرعیەتی پێبدەن بۆ ئەوەی هیچ مەجالێك بۆ هەرێم نەمێنێ كە پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی كە بە خوێنی شەهیدان هێناویەتەدی، بكەن.
بۆیە ئەمانە ڕیفراندۆمیان كردۆتە بەهانە بۆ جێبەجێكردنی ئەو پیلانە، دەنا ئەمەی ئێستا دەیكەن بەو عەقڵیەتەوە هەر دەیانكرد.