كەركووك (ئەلزاس) و كفری (لۆرین)ـە

كەركووك (ئەلزاس) و كفری (لۆرین)ـە
هەرێمی (ئەلزاس) و (لۆرین) لە هەردوو ناوچەی (ئەلزاس) و (لۆرین) پێكدێت كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی فەرەنساوە، بە درێژایی سنووری نێوان فەرەنسا و ئەڵمانیا لە رۆژهەڵاتەوەو لەگەڵ سنووری لۆكسۆمبۆرگ و بەلجیكاش لە باكوورەوە.
ئەلزاس و لۆرین بۆ چەندین سەدە كێشەی نێوان فەرەنسا و ئەڵمانیا بووە، دواتر ئەڵمانیا دەستی بەسەردا گرت هەتا ساڵی 1918، كە لەو ساڵەدا فەرەنسا گێڕایەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، بەڵام جارێكی دی ئەڵمانیا لە جەنگی دووەمی جیهانیدا لەساڵانی نێوان 1939 بۆ 1945 دەستی بەسەردا گرتەوە، بەڵام بە رووخانی ئەڵمانیا لە كۆتایی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا كەوتەوە دەستی فەرەنسا هەتا ئەمڕۆ.
شاعیری نەتەوەیی كورد عەبدولخالق ئەسیری كە لە ساڵی 1890ی زایینی لە شاری كەركووك لە بنەماڵەیەكی زانستدۆست و ئایینپەروەر لەدایكبووە و بۆ خوێندنی مەلایەتیش زۆر لەشارەكانی كوردستانی باشوور و رۆژهەڵاتی كردووە، دواجار هەر لە كەركووك لەلای مامۆستا مەلا عەلی حیكمەت سیامەنسووری ئیجازەی زانستی وەردەگرێت.
ئەسیری لەساڵی 1920دا دەچێتە ئیستانبوڵ و هەر لەوێش چاوی بە نەجمەدین ئەفەندی برای و شێخ عەبدولقادر شەمزینی دەكەوێت و لەوانیشەوە ئاشنای خەباتی كوردایەتی و نەتەوایەتی دەبێت و دواتریش لەساڵی 1921دا دەگەڕێتەوە كەركووك و دەست دەكات بە هۆنینەوەی شیعرو هۆنراوەی نەتەوەیی و كوردایەتی.
ئەسیری شاعیر لە 18ی حوزەیرانی ساڵی 1962داو لە تەمەنی 72 ساڵیدا كۆچی دوایی دەكات و لەگۆڕستانی شێخ محێدینی شاری كەركووك بەخاكی كوردستان دەسپێردرێت
بەهەستی نەتەوایەتی بەرزی خۆی، ئەسیری شاعیر لەو سەردەمەدا، لەبیری ئەوەدا بووە كە دەبێت كورد هەمیشە لەخەمی پاراستنی كەركووك و كفری و ناوچەكانی دیكەی كوردنشین بێت و هەمیشەش هەوڵی گێڕانەوەو بەستنەوەیان بدات بە شارەكانی دیكەی كوردستانەوە، بۆیە لە هۆنراوەیەكی زۆر جواندا، كەركووك بە ئەلزاس دەچوێنێت و كفریش بە لۆرین، كاتێك دەڵێت:
كەركووك (ئەلزاس)ـە و كفری (لۆرین)ـە
لێرەوە بۆ ئێمەی كوردستانییانی ئەم سەردەمەو بۆ نەوەی نوێی ئەمڕۆمان، بووژاندنەوەی ئەم هەستە نەتەوەیی و نیشتمانییە چەندە گرنگە، كە (ئەسیری)ی شاعیر و دەرچووی حوجرەی مەلایەتی و سەر بە رێبازی نەقشبەندی چەند جوان هەستی نەتەوایەتی و ئایینپەروەری تێكەڵ بە یەكدی كردووەو لە بۆتەی نیشتمانی كوردستاندا كۆیكردوونەتەوە.
ئەم رێبازە جوانەی پێشینانمان پێمان دەڵێت كە ئێمەش وەك هەموو مرۆڤێكی سەر ئەم زەمینە، مافی سروشتی و خواپێداوی خۆمانە خاك و نیشتمان و زێدی باب و باپیرانی خۆمان خۆش بوێت، بەتایبەتی كوردستانی ئێمە كە وێڕای ئەوەی جگە لەخۆمان خەڵكان و گەڕیدەو پسپۆڕ و مێژوونووسانێكی زۆر، شایەدیی ئەوەی بۆ دەدەن كە خاوەنی زۆر سیفات و تایبەتمەندێتی جۆراوجۆرو كەم وێنەیە، خوای گەورەش لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژە بۆ شوێنی بەرچاو و هەڵكەوتووی كوردستان دەكات وەك خاكێكی پڕ خێر و بەرەكەتی نەبڕاوە كە شایانی ئەوە بوو، ببێتە شوێنی نەجات بوون و لانكەی دووەمی مرۆڤایەتی لەدوای تۆفانی سەردەمی (نوح)ـەوە – علیە السلام- تا كۆتایی ژیانی مرۆڤ لەسەر ئەم زەوییە، بۆیە كوردستان لەو رۆژەوە لە روانگەی بڵاوبوونەوەی مرۆڤ بەسەر ئەم گۆی زەوییەدا، بووەتە سەنتەری دیمۆگرافیاو چەقی بازنەی ژیانی مرۆڤایەتی.
(ئەسیری) لەگەڵ رووداوەكانی جیهاندا ژیاوەو ئاگای لە گۆڕانكارییەكانی دنیاش بووە، بەڵام هەمیشە لە خەمی ئەوەدا بووە كە رێڕەوی رووداوەكان بە ئاراستەی سەربەستی بۆ كورد و سەربەخۆیی بۆ كوردستان بوونایە بە كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەریەوە.
لە ئەمڕۆدا كە شەڕی ماددەكانی دەستوور دەكەین، سڵاو لەگیانی پاكی (ئەسیری) كە زیاتر لە نیو سەدەیە لە گۆڕستانی شێخ محێدینی شاری كەركووكەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی كەركووك بۆ كوردستان دەكات.

Top