تەرهیب (باو بژە )دەرچوو، تەرغیبیش وادەی بەسەرچوو

تەرهیب (باو بژە )دەرچوو، تەرغیبیش وادەی بەسەرچوو
ئەوانەی لە ناوخۆدا، خەڵكی كوردستانیان بە (تەرهیب و ئەگەری لەشكركێشی عەسكەری و لە برسا كوشتن) لە ریفراندۆم دەترساند و سارد دەكردەوە، دەركەوت قەوانێكی ژەنگاوی بەكاردێنن. ئاخر نە سەردەمی لەشكركێشی ماوە و نە ئەنفال و قەتلو عام، كوردە بۆرەی ئەنفال دیدەش سەدام و گورگی بینی و نەتۆقی و تەسلیم نەبوو، ئێستا كوو لە مالكی و چەقەڵ دەترسێ. نەیارانی كورد لە عیراق و ناوچەكە پێشتر بۆ سەركووتی كورد هەرچییان لەدەست هات كردییان و هیچیان بۆ ئێستا هەڵنەگرت. برسیشیان كردین و لە داعش خوێنڕێژتریشیان شك نەبرد تێمان بەردەن. بۆیە ئیدی هەگبەی تەرهیب و هەڕەشە و چاوسوركردنەوەیان جگە لە باو بژە و قسەی رووت هیچی تیانەماوە.
ماوەتەوە تەرغیب، واتا تەماع وەبەرنان وەعد و بەلێنی قەبە و نیشاندانی ئامادەیی بۆ جێبەجێكردنی هەر داوایەكی كورد هەیبێ بەس جیانەبێتەوە و دەست لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەڵگرێت. ئەمیشیان هەم درەنگە و وادەی بەسەرچووە، هەم لە بەرزترین ئاستیدا كەمترە لەو مافەی ئاسمان و زەمین بە كوردی رەوا بینیوە، كوردێك كە ئەگەر لەوان زیاتر نەبێ، كەمتر نییە و چیتر مومكین نییە بە كەمتر لە مافێك كە ئەوان هەیانە، رازی بێت.
بە چی تەماعمان دەخەنە بەر و لە سەربەخۆیی پەشیمانمان دەكەنەوە؟ مەگەر تەماعێك، دەستورێك، وەعد و بەڵێنی شەراكەتێك، زیاتر لەوە شك دەبەن كە ساڵی 2003 و كاتێ بەسەر پشتی ئێمەدا گەیشتنە بەغدا و دەسەڵات، بە كوردییان دا!! چەندیان لێ جێبەجێكرد تا ئەم جارە جێبەجێی بكەن؟ مەگەر كورد بەدەم ئەو بەڵێنانەوە نەچوو، مەگەر ئەوكات دەستی لە سەربەخۆیی بەرنەدا و دوبارە خۆی لەگەڵ بەغدا نەسازاندەوە، هەرچی لەدەستهات نەیكرد تا عێراقی نوێ و عێراقی هەموان بێتە وجود، كوا كامەبوو ئەو عێراقە؟؟ ئێستا چ عەقڵ و لۆژیكێك قبوڵ دەكات جارێكی دیكە كورد هەمان هەڵەی ستراتیجی دوبارە بكاتەوە. دوبارە دەسخەڕۆ بكرێ؟؟ كەواتە تەرغیبیش بێ جەدوایە و درەنگە و زۆریش درەنگە.
كەواتە نە چەكی ژەنگاویی(تەرهیب) فیشەكی تێدا ماوە و نە تەماعی (تەرغیب)یش زەررەیەك متمانە.
سەربەخۆیی تاكە رێگا و دەرەتانە، میللەتیش یەكجار بڕیار دەدات.
Top