ئەوینی لەنێو جەرگەی كارەساتدا

ئەوینی لەنێو جەرگەی كارەساتدا
لە عەرەبییەوە/ بەهادین جەلال...........(( هەندێ كەس جگە لە خۆیان خەڵكانی دیكە بە مرۆڤ نازانن، بەشێوەیەك لێیان دەڕوانن وەك بڵێی بێ گیان بن، هەموو شتێكیان لەگەڵدا دەكەن)).. ئەم دەستەواژەیە خانمە گۆرانیبێژێكی ئەمریكی بە رەچەڵەك ئەرمەنی كە ناوی(شیر)ە دوای ئەوەی فلیمی(بەڵێن - THE PROMISE "ی بینیوە ئەمەی گوتووە، لەمەدا باسی كۆمەڵكوژیی ئەرمەن دەكات كە لە 24ی نیسانی 1915 و لە سەروبەندی رووداوەكانی جەنگی یەكەمی جیهان(1914-1918) روویداوە، كە سەرەتاكانی هەرەسهێنانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو.
فلیمەكە باس لە قوتابییەكی ئەرمەنی دەكات كە ناوی مایكل بوغوسیان بووە، ئەكتەرەكەش (ئۆسكارئیزاك- ئەمریكی بە ڕەچەڵەك گواتیمالی) رۆڵەكەی بینیوە، ئەو قوتابییە خەونی بەوەوە دەبینی سیستەمی پزیشكیی لە وڵاتەكەی پەرەپێبدات، لە باشووری توركیا كەسەدان ساڵە موسڵمان و كریستیان تێیدا بەیەكەوە دەژین.
كاتێ بوغوسیان سەرەتای خوێندن لە شاری قستەنتینە(ئەستەنبول)ی فرەنەتەوەو كەلتوور دەست پێدەكات، بە شۆخێكی ئەرمەنی(ئەننا) دەگات( خانمە ئەكتەری فەرەنسی شارلوت لۆ بۆن) و دەكەوێتە داوی ئەڤینیی ئەو شۆخەوە، هەرچەندە ئەو كچە پەیوەندیی لەگەڵ رۆژنامەنووس و وێنەگری ئەمریكی(كریس مایرز) دا هەبوو كە رۆڵەكەی(كریستیان بێلی ئەكتەری بەریتانی)دا بینی، ئەو رۆژنامەنووسە دەفتەرێكی بچووكی لا بوو كە كردەوەكانی كۆمەڵكوژیی رۆژانەی تێدا نووسرابوو، بەڵام كە لێی دەگیرێ لە ئەنجامدا دەستگیردەكرێت، ئەگەر هەواڵی دەستگیركردنەكەی نەگەیشتایە باڵیۆزخانەی ئەمریكا چارەنووسی نادیار دەبوو وەك سەدان هەزار كەسی دیكە كە بێ تاوان بوونە قوربانی، بەڵام باڵیۆزخانەی ئەمریكا هاتە ناو مەسەلەكەوەو رزگاریكردو دواتر لەوێ دوورخرایەوە.
ئەو فلیمە بە رووداوی درامی و مەینەتیی جیادەكرێتەوە، دەرهێنەرە ئێرلەندییەكەی ئەو فلیمە( تیری جۆرج) مامەڵەی هونەری زۆر جوانی لەگەڵدا كردووە، بە تایبەتیش كە ئەو پێشتر لە بابەتی كۆمەڵكوژییدا كاری كردووە بەتایبەتی لە فلیمێكی خۆیدا بە ناوی( ئۆتێل رواندا) كە پاڵێوراو بوو بۆ خەڵاتی ئۆسكار.. تێچووی فلیمی(بەڵێن) 100 ملیۆن دۆلارە، كە بزنسكارێكی ئەرمەنی بەناوی( كیرك كۆریان) لە ئەستۆی گرتبوو، ئەو پیاوە كاتی خۆی لە كۆمەڵكوژییەك رزگاری بووبوو، بەڵام دواتر كۆچی دوایی كرد.
فلیمەكە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ هەڵوێستڵكی چەند گروپێكی دیكەی كەلتووری و ئیتنی و سەرجەلەیی و زمانەوانی، لە كاتێكدا دەبیین كە ئەمڕۆ كرداری پاكتاوكردنی دڕندانە دەرحەق گەلی فەلەستین ئەنجامدەدرێت كە وا بۆ حەوت دەیە دەچێت لە مەینەتیدایە، لە هەمان كاتیشدا هەست بەو مەینەتی و كارەساتەی ئێزیدییەكان دەكەین لەسەر دەستی داعش دوای داگیركردنی شاری موسڵ، بە تایبەتیش كوشتنی لاوەكان و كەنیزەكردنی ئافرەتەكانیان، پێش ئەوەش چی بەسەر سابئەی مەندائیدا هاتووە لە عێراق، كە رووبەڕووی كوشتن و راوەدوونان بوونەوەو لە ئەنجامدا هەزاران كەس لەوانە ناچاربوون وڵات بەجێ بهێڵن، هەروەكو چۆن كریستیانیش بە تایبەتی لە عێراق و سوریا رووبەڕووی كارەساتێكی راستەقینە بوونەوە بە هۆی دەمارگیری و توندڕەوی و تیرۆرەوە.
ئەو كارەساتەی بەسەر گەلی ئەرمەندا هات پۆزشی بۆ نەهێنرایەوە، دیارە ئەو چیرۆكە مێژووییەی كە فلیمەكە هەوڵی داوە رۆشنایی بخاتە سەری دەڵێت: نزیكەی یەك ملیۆن و نیو لە ئەرمەن بە غەدر كوژراون، ئەگەر مێژوو بە قسەی هیگل فێڵكار بێت، ئەدی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو هەموو واقیعانە چی بكرێت، كە هەمووان دەبێ هەر یەكە بە توانای خۆی كاربكات بۆ پاراستنی مرۆڤ و دانانی سنوورێك بۆ كارەساتە مرۆییەكان بە چاوپۆشین لە ئایین و ئیتن و زمان و رەنگ و رەچەڵەكی كۆمەڵایەتی، هەموو ئادەمیزادێك مافی هەیە بە ئاشتی و ئاسوودەیی و بێ ترس ژیان بباتەسەر.
ئاسانترین شت كە پێشكەش بە قوربانیان بكرێت برتییە لە جووڵاندنی ویژدانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ داننان بەوەی روویداوەو پۆزش هێنانەوە و دەرخستنی راستیی تەواو و قەرەبووكردنەوەی قوربانیان و زیانەكان و كاركردن بۆ چاككردنی سیستەمەكانی یاسایی و دادوەری، تاكو ئەوەی روویدا دووبارەنەبێتەوە و تاوانبارانیش لە سزا رزگاریان نەبێت.
ئەگەر فلیمی بەڵێن - THE PROMISE " رەنگدانەوەی مەینەتیی راستەقینەی مێژوویی گەلی ئەرمەن بێت، بەڵام ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع روودەدات پێویستی بە كاری جیددی و بەرپرس هەیە لە هەموو كایەكانی فیكری و كەلتووری و ئایینی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و یاسایی و دیبلۆماسی بۆ بنبڕكردنی دەمارگیری و پەڕگیری و تیرۆر و بڵاوكردنەوەی كەلتووری لێبووردەیی و ئاشتی و برایەتی بەپێچەوانەی كلتووری رق و كینەو تۆڵەسەندنەوە.
دوا سەرنج ئەوەیە كە پێویستە ئاماژە بە فلیمەكە بكرێت بەوەی كە سەرباری هەوڵی وێنەگرتنی قێزەونیی تاوانەكە، بەڵام لە تێپەڕاندنی پڕۆپاگەندەیەكی ئاراستەكراو بەدەرنییە، وەك شارستانێتیی ئەمریكییەكان و فەرەنسییەكان و رۆئاوا بەگشتی و داكۆكیكردنیان لە مافەكانی مرۆڤ، هەروەها ناوی (جوولەكە) دەخرێت نێو فلیمەكە بە شێوەیەك كە بەرپرسێكی تورك قسە لەگەڵ كارمەندێكی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنكەرا دەكات و پێی دەڵێت: (تۆ داكۆكیی لە ئەرمەن دەكەیت چونكە تۆ ئەرمەنیت) هاوسۆزییەكی ساختە پیشاندەدات، لەكاتێكدا كە عارەب لە حەلەب و موسڵ و بەیروت و عەممان و قاهیرەو شارەكانی دیكەی عەرەبی پێشوازیان لە ئەرمەن كردووەو ئاسایش و پاسەوانیان بۆ دابینكردوون، نابێ ئەوەش لەبیر بكەین كە چەند خێزانێكی تورك بەشدارییان كرد لە رزگاركردنی خێزانەكان ئەوانەی دراوسێ و ناسیاویان بوون لەگەڵ ئەرمەنەكان ئەویش بە دابینكردنی حەشارگە، هەروەها ئەو منداڵانەیان پەروەردەكرد كە باوك و دایكیان لە ئەنجامی كۆمەڵكوژییەكە لەدەستدابوو.
هەروەك ئەمڕۆ چۆن داواكارییەكان زۆرن بۆ ئەوەی پۆزش بۆ ئەرمەن بهێنرێتەوە، بەم شێوەیەش داوادەكرێت پۆزش لەلایەن فەرەنسییەكان بهێنرێتەوە لەبەرامبەر داگیركردنی جەزائیردا و ئەو كردەوە دڕندانەیەی ئەنجامیان داوە، هاوكات پۆزشهێنانەوەی ئەمریكییەكان بۆ دانیشتوانە رەسەنەكەی و ئەو رەشەكوژییەی دەرحەقیان كردوون، هەروەها پۆزشهێنانەوەی بەریتانییەكان لەسەر بەڵێنی بلفۆر كە زیانێكی زۆری بە گەلی فەلەستین گەیاند. بۆیە بەچاوپۆشیی لە هەموو شتێك، ئەو فلیمە بریتییە لە تابلۆیەك لە تاوان، تەنانەت بەڵگەنامەیەكی پڕۆتستۆكردنە چونكە مەینەتی و كارەساتی راستەقینەی گەلێك دەخاتەڕوو كە رووبەڕووی كۆمەڵكوژی بوونەتەوە.
========================================================
Top