ریفراندۆم لە یاسای نێودەوڵەتی.... ئاماژەپێكردنێكی تایبەت بە مەشروعیەتی یاسای ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان

ریفراندۆم لە یاسای نێودەوڵەتی....  ئاماژەپێكردنێكی تایبەت بە مەشروعیەتی  یاسای ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان
ریفراندۆم بەیەكێك لە میكانیزمە یاسایی و سیاسییەكان ئەژمار دەكرێت و جۆرەكانی زۆرن، بۆ نموونە ریفراندۆمی دەستووری لەسەر پرۆژەی دانانی دەستوور و پەسەندكردنی یاخود هەمواركردنی، هەروەها ریفراندۆمی یاسایی بەمەبەستی بەشداری هاووڵاتییان لە دانان و دەرچوونی یاساكان، بەڵام گرنگترین شێوازی ریفراندۆم، ریفراندۆمی سیاسییە، كە بریتییە لە رێگادانان بۆ وەرگرتنی ڕای گەل لە بڕیارێكی سیاسی تایبەت وەك ریفراندۆمی چارەی خۆنووسین، ریفراندۆمی دەستنیشان كردنی شێوازی فەرمانڕەوایی سیاسی، ریفراندۆمی بەئەندامبوون لە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی یاخود هەرێمی یاخود پەیماننامەیەكی نێودەوڵەتی، ریفراندۆمی پەیوەست بە یاساییە داراییەكان.ئەمانەی سەرەوە ئاماژە پێكراو بەبنەما سەرەكی و بنەڕەتی یاسایی هەژمار دەكرێن لە مەسەلەی ریفراندۆم.
ئەگەر بێینە سەر عێراق و هەرێمی كوردستان، لەسەرەتاوە دەبێت ئاماژە بەو خاڵە گرنگە بدەین، كە لەدووەم بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراق لەدوای گۆڕانكارییەكانی زەمینلەرزە سیاسییەكەی 9/4/2003 هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای شەراكەتی نیشتمانی بەشداری كرد لەم ئەزموونە، لەبەر رۆشنایی پێشەكی دەستووری 2005 و ماددەكانی (1 و 117 – یەكەم و 131 و 120) لە هەمان دەستوردا، هەروەها ماددەی/ 56 لە یاسای پەرلەمانی كوردستان ژمارە (2)ی ساڵی 1992، و ماددەی /2 لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەموار كراو، و ماددەی / 2 لە یاسای دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ریفراندۆم ژمارە (4)ی ساڵی 2014، هەموو ئەم ماددانەی سەرەوە كە ئاماژەپێكراو بەبنچینەی یاسای مەشروعیەتی دەستنیشانكردنی رۆژی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان هەژمار دەكرێت، جگە لەمانەی سەرەوە، سەبارەت بە پەرلەمان وەك دەسەڵاتێكی تەشریعی هەڵبژێردراو لە نێو گەل دا، گەل لە هەمان كاتدا چۆن مافی هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆی هەیە، لە هەمان كاتدا مافی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات لە مەسەلەیەكی گرنگی زیندووی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی وەك ریفراندۆم.
پرسیار لە رەهەندە (نێوخۆیی، عێراق، هەرێمی، نێودەوڵەتی) دەكرێت لەم مەسەلەیە، لە راستیدا ئەمە لەسەر ئەكتیڤی جانتای دیپلۆماسی كوردستان رادەوەستێت پاڵپشت بە فاكتەرەكانی ئابووری و بەرگری و بەرژەوەندییەكان و چۆنیەتی خوێندنەوەیان بە سیاسەتێكی واقیعی و عەقڵانی و بەخوێندنەوەی ئەزموونەكانی (تەیموری رۆژهەڵات، باشووری سودان، كۆسۆڤۆ، بیابانی رۆژئاوا، قوبرس، بەشێك لەناوچەكانی یەكێتی سۆڤێتی پێشوو، چیكوسلوڤاكیا.. هتد)، لە ئێستاوە دەبێت كار بكرێت لەسەر ئەوەی گروپێكی پسپۆری خاوەن ئەزموون (سیاسی، ئابووری، یاسایی) نیشتمانی، بەبەشداری هەندێك لە پسپۆرانی نێودەوڵەتی بۆ ئەم مەسەلەیە و خوێندنەوەی هەموو سیناریۆو ئەگەرەكان بكرێت بەبەرنامەو پرۆژەیەكی زیندووی ستراتیژی و دوارۆژی هەژمار دەكرێت، هەرێمی كوردستانی ئەمڕۆ جیایە لە كوردستانی نیو سەدەی پێش ئێستا، كوردستانی ئەمڕۆ گۆڕەپانی بەرژەوەندییە ئابووری و سەربازی و سیاسی ستراتیژییەكانی نێودەوڵەتی و هەرێمییە، كوردستان پێگەیەكی جیۆپۆلیتیك و جیۆستراتیژو جیۆئابووری گرنگی هەیە، لەهاوكێشەكانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكاندا، لاپەڕەكانی بەهێزی ئاسایشی نەتەوەیی هەیە، دامەزراوەكان تا رادەیەك ئەزموونیان هەیە، و جۆرە سەلماندنێك هەیە لە سەركەوتوویی بەڕێوەبردن نەك لەباری سروشتی بەڵكو لەكاتی قەیرانە ئابووری و سەربازی و سیاسییەكانیش.
لە راستیدا هەڵەیە بڵێین ریفراندۆم تەنها مەسەلەیەكی نێوخۆیی عێراقییەو پەیوەستە بە یەكپارچەیی عێراقەوە، بەڵكو مەسەلەی گەلێكە ئەگەر ددان نەنرێت بەمافەكانی ئەوا ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەكەو نێودەوڵەتی تووشی مەترسی و ترسناكی دەبێت، گەلێكە تاوانی نێودەوڵەتی لەدژی بەكارهێنراوە وەكو تاوانەكانی: جینۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، جەنگ، بۆیە مافی خۆیەتی داوای قەرەبوو نەك تەنها لەعێراق بەڵكو لە كۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتیش بكاتەوە بەپێی یاسای نێودەوڵەتییەكان، چونكە ئەمانە بەرپرسیارن بە شێوازی جۆراوجۆر بەرامبەر ئەم میللەتە هەر لە بێدەنگی خۆیان لەكاتی خۆی تا بەرژەوەندییەكانی ئەمڕۆ، بۆیە بڕیاری ریفراندۆم وەڵامدانەوەیەكی مەشروعی یاساییە لە هەرێمی كوردستان دژ بە زوڵمی مێژوویی، جوگرافی، سیاسی .

Top