ئەوین لەنێو جەرگەی كارەساتدا
June 3, 2017
وتار و بیروڕا
فیلمەكە باس لە قوتابییەكی ئەرمەنی دەكات كە ناوی مایكل بوغوسیان بووە، ئەكتەرەكەش (ئۆسكارئیزاك- ئەمریكی بە رەچەڵەك گواتیمالی) رۆڵەكەی بینیوە، ئەو قوتابییە خەونی بەوەوە دەبینی سیستەمی پزیشكیی لە وڵاتەكەی پەرەپێبدات، لە باشووری توركیا كەسەدان ساڵە موسڵمان و كریستیان تێیدا بەیەكەوە دەژین.
كاتێ بوغوسیان سەرەتای خوێندن لە شاری قستەنتینە(ئەستەنبول)ی فرەنەتەوەو كەلتوور دەست پێدەكات، بە شۆخێكی ئەرمەنی (ئەننا) دەگات (خانمە ئەكتەری فەرەنسی شارلوت لۆ بۆن) و دەكەوێتە داوی ئەڤینیی ئەو شۆخەوە، هەرچەندە ئەو كچە پەیوەندی لەگەڵ رۆژنامەنووس و وێنەگری ئەمریكی (كریس مایرز)دا هەبوو كە رۆڵەكەی ئەكتەری بەریتانی (كریستیان بێلی) بینی، ئەو رۆژنامەنووسە دەفتەرێكی بچووكی لا بوو كە كردەوەكانی كۆمەڵكوژیی رۆژانەی تێدا نووسرابوو، بەڵام كە لێی دەگیرێ، لە ئەنجامدا دەستگیردەكرێت، ئەگەر هەواڵی دەستگیركردنەكەی نەگەیشتایە باڵیۆزخانەی ئەمریكا چارەنووسی نادیار دەبوو، وەك سەدان هەزار كەسی دیكە كە بێتاوان بوونە قوربانی، بەڵام باڵیۆزخانەی ئەمریكا هاتە ناو مەسەلەكەوە و رزگاری كردو دواتر لەوێ دوورخرایەوە.
ئەو فیلمە بە رووداوی درامی و مەینەتیی جیادەكرێتەوە، دەرهێنەرە ئێرلەندییەكەی ئەو فیلمە( تیری جۆرج) مامەڵەی هونەری زۆر جوانی لەگەڵدا كردووە، بەتایبەتیش كە ئەو پێشتر لە بابەتی كۆمەڵكوژییدا كاری كردووە بەتایبەتی لە فیلمێكی خۆیدا بەناوی( ئۆتێل رواندا) كە پاڵێوراو بوو بۆ خەڵاتی ئۆسكار. تێچووی فیلمی(بەڵێن) 100 ملیۆن دۆلارە، كە بزنسكارێكی ئەرمەنی بەناوی( كیرك كۆریان) لە ئەستۆی گرتبوو، ئەو پیاوە كاتی خۆی لە كۆمەڵكوژییەك رزگاری بووبوو، بەڵام دواتر كۆچی دوایی كرد.
فیلمەكە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ هەڵوێستی چەند گروپێكی دیكەی كەلتووری و ئیتنی و سەرجەلەیی و زمانەوانی، لە كاتێكدا دەبینین كە ئەمڕۆ كرداری پاكتاوكردنی دڕندانە دەرحەق گەلی فەلەستین ئەنجامدەدرێت كە وا بۆ حەوت دەیە دەچێت لە مەینەتیدایە، لە هەمان كاتیشدا هەست بەو مەینەتی و كارەساتەی ئێزیدییەكان دەكەین لەسەر دەستی داعش دوای داگیركردنی شاری موسڵ، بەتایبەتیش كوشتنی لاوەكان و كەنیزەكردنی ئافرەتەكانیان، پێش ئەوەش چی بەسەر سابئەی مەندائیدا هاتووە لە عێراق، كە رووبەڕووی كوشتن و راوەدوونان بوونەوەو لە ئەنجامدا هەزاران كەس لەوانە ناچاربوون وڵات بەجێ بهێڵن، هەروەكو چۆن كریستیانیش بەتایبەتی لە عێراق و سوریا رووبەڕووی كارەساتێكی راستەقینە بوونەوە بە هۆی دەمارگیری و توندڕەوی و تیرۆرەوە.
ئەو كارەساتەی بەسەر گەلی ئەرمەندا هات پۆزشی بۆ نەهێنرایەوە، دیارە ئەو چیرۆكە مێژووییەی كە فیلمەكە هەوڵی داوە رۆشنایی بخاتە سەری دەڵێت: نزیكەی یەك ملیۆن و نیو لە ئەرمەن بە غەدر كوژراون، ئەگەر مێژوو بە قسەی هیگل فێڵكار بێت، ئەدی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو هەموو واقیعانە چی بكرێت، كە هەمووان دەبێ هەر یەكە بە توانای خۆی كاربكات بۆ پاراستنی مرۆڤ و دانانی سنوورێك بۆ كارەساتە مرۆییەكان بە چاوپۆشین لە ئایین و ئیتن و زمان و رەنگ و رەچەڵەكی كۆمەڵایەتی، هەموو ئادەمیزادێك مافی هەیە بە ئاشتی و ئاسوودەیی و بێ ترس ژیان بباتەسەر.
ئاسانترین شت كە پێشكەش بە قوربانیان بكرێت بریتییە لە جووڵاندنی ویژدانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ داننان بەوەی روویداوەو پۆزش هێنانەوە و دەرخستنی راستیی تەواو و قەرەبووكردنەوەی قوربانییان و زیانەكان و كاركردن بۆ چاككردنی سیستەمەكانی یاسایی و دادوەری، تاكو ئەوەی روویدا دووبارە نەبێتەوە و تاوانبارانیش لە سزا رزگاریان نەبێت.
ئەگەر فیلمی بەڵێن - THE PROMISE » رەنگدانەوەی مەینەتیی راستەقینەی مێژووی گەلی ئەرمەن بێت، بەڵام ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع روودەدات پێویستی بە كاری جددی و بەرپرس هەیە لە هەموو كایەكانی فیكری و كەلتووری و ئایینی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و یاسایی و دیپلۆماسی بۆ بنبڕكردنی دەمارگیری و پەڕگیری و تیرۆر و بڵاوكردنەوەی كەلتووری لێبووردەیی و ئاشتی و برایەتی بەپێچەوانەی كەلتووری رق و كینەو تۆڵەسەندنەوە.
دواسەرنج ئەوەیە كە پێویستە ئاماژە بە فیلمەكە بكرێت بەوەی كە سەرباری هەوڵی وێنەگرتنی قێزەونیی تاوانەكە، بەڵام لە تێپەڕاندنی پڕۆپاگەندەیەكی ئاراستەكراو بەدەرنییە، وەك شارستانێتیی ئەمریكییەكان و فەڕەنسییەكان و رۆئاوا بەگشتی و داكۆكیكردنیان لە مافەكانی مرۆڤ، هەروەها ناوی (جوولەكە) دەخرێت نێو فیلمەكە بە شێوەیەك كە بەرپرسێكی تورك قسە لەگەڵ كارمەندێكی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنكەرا دەكات و پێی دەڵێت: «تۆ داكۆكی لە ئەرمەن دەكەیت، چونكە تۆ ئەرمەنیت..» هاوسۆزییەكی ساختە پیشاندەدات، لەكاتێكدا كە عارەب لە حەلەب و موسڵ و بەیروت و عەممان و قاهیرەو شارەكانی دیكەی عەرەبی پێشوازییان لە ئەرمەن كردووەو ئاسایش و پاسەوانیان بۆ دابینكردوون، نابێ ئەوەش لەبیر بكەین كە چەند خێزانێكی تورك بەشدارییان كرد لە رزگاركردنی خێزانەكان ئەوانەی دراوسێ و ناسیاویان بوون لەگەڵ ئەرمەنەكان ئەویش بە دابینكردنی حەشارگە، هەروەها ئەو منداڵانەیان پەروەردەكرد كە باوك و دایكیان لە ئەنجامی كۆمەڵكوژییەكە لەدەستدابوو.
هەروەك ئەمڕۆ چۆن داواكارییەكان زۆرن بۆ ئەوەی پۆزش بۆ ئەرمەن بهێنرێتەوە، بەم شێوەیەش داوادەكرێت پۆزش لەلایەن فەڕەنسییەكان بهێنرێتەوە لەبەرامبەر داگیركردنی جەزائیردا و ئەو كردەوە دڕندانەیەی ئەنجامیان داوە، هاوكات پۆزشهێنانەوەی ئەمریكییەكان بۆ دانیشتووانە رەسەنەكەی و ئەو رەشەكوژییەی دەرحەقیان كردوون، هەروەها پۆزشهێنانەوەی بەریتانییەكان لەسەر بەڵێنی بلفۆر كە زیانێكی زۆری بە گەلی فەلەستین گەیاند. بۆیە بەچاوپۆشیی لە هەموو شتێك، ئەو فیلمە بریتییە لە تابلۆیەك لە تاوان، تەنانەت بەڵگەنامەیەكی پڕۆتستۆكردنە چونكە مەینەتی و كارەساتی راستەقینەی گەلێك دەخاتەڕوو كە رووبەڕووی كۆمەڵكوژی بوونەتەوە.