پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كارێكی نیشتمانییە با نەكرێتە كارێكی حزبی

پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كارێكی نیشتمانییە با نەكرێتە كارێكی حزبی
دروستكردنی بۆردێك، یان ئەنجومەنێكی سیاسی بۆ بڕیاردان لەسەر كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم
پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە و دەبێت بەو ئاراستەیە كاری بۆ بكرێت كە ببێتە پرۆسەیەكی دەستەجەمعیی هەموو حزبە سیاسییەكان و پێكەوە ئەم بڕیارە سیاسییە دروست بكەین، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا ئەم پرسە لە كوردستاندا نەیتوانیوە چوارچێوەی چەند حزبێكی بەشدار لەناو حكومەت تێپەڕێنێت و هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان بگرێتەوە و بەشداری تێدا بكەن. بۆیە پێشنیاری ئێمە لەسەر ئەم پرسە بەو جۆرەیە كە پێویستە كار بكرێت بۆ ئەوەی بۆردێك، یان ئەنجومەنێكی سیاسی دروستبكرێت و ئەم بۆردە، یان ئەم ئەنجومەنە سیاسییە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆبكاتەوە، نەك چەند حزبێك و پەراوێزخستنی ئەوانی دیكە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە هەموو لایەنە سیاسییەكان لەو بڕیارە سیاسییەدا بەشدار بن و بە بڕیاری خۆیانی بزانن. ئەوەی تا ئێستا تێبینی دەكرێ، پرۆسەكە بەشێوازێكی حزبی كاری بۆ دەكرێ و داواكردنی نوێنەریش بۆ لیژنە، یا كۆبوونەوەكان بەپێی میزاجی حزبی بووە، پێویستە ئەم هەڵەیە راست بكرێتەوە.
پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا ئەوكاتە دووچاری ئیفلیجبوون هات كە پرۆسەكە لە نێوان پێنج حزبدا بەرتەسك و بچووك كرایەوە و حزبەكانی دیكە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان خرانە پەراوێزەوە، لە ئێستادا ئەو راستییە بە تەواوەتی لای سەرۆكی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و تا رادەیەكیش یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرا بووە كە ئەزموونی بچووككردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە نێوان پێنج حزبدا شكستی هێناوەو، لەبری ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ماوەی چوار ساڵ بۆ كوردستان فەراهەم بكات، كەچی وەك دەبینین جۆرێك لە ناسەقامگیری سیاسی و پەكخستنی پەرلەمان و حكومەتی لێكەوتۆتەوە، بۆیە ئەگەر لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا پارتی و سەرۆك بارزانی لەژێر گوشاری چوار لایەنەكە (گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو) بە سنوورداركردنی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان رازی بووبن، ئەوا لەسەر پرسی ریفراندۆم دەبێت ئەو هەڵەیە راست بكەنەوەو ئەم پرسە نیشتمانی و نەتەوەییە لەو چوارچێوە حزبییە تەسكە رزگار بكەن.
پرسی سەربەخۆیی كوردستان گەیشتۆتە قۆناخێك دەبێت هەنگاوی پراكتیكی و دووربینانەی بۆ هەڵبگیرێت. پرسەكە لەوە دەرچووە كە دوو بۆچوونی جیاواز لەناو خەڵكی كوردستاندا لەسەر ئەوە هەبێت، ئایا ئێمە دەمانەوێت سەربەخۆبین، یان هەر بە پاشكۆیەتی عێراقی بەزۆر دروستكراو بمێنینەوە؟ نەخێر، نەك هەر خۆمان، بەڵكو دەتوانین بڵێین تا راددەیەك رای گشتیی جیهانیش لەوە دڵنیا بۆتەوە كە جارێكی دیكە كوردستان ناتوانێت وەك بەشێك لە عێراق بمێنێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە، كورد ماوەی 80 ساڵ حوكمڕانیی عەرەبی سوننەی تاقیكردەوە، سەرەنجامەكەی ئەنفال و كیمیاباران و كاولكردنی كوردستان بوو، هەروەها ئەوە ماوەی نزیكەی 15 ساڵیشە حوكمڕانی عەرەبی شیعەمان تاقیكردۆتەوە، سەرەنجامی ئەمەشیان بڕینی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان بوو، هەروەها پێشێلكردنی ئەو دەستوورە بووە كە لەساڵی 2005 بۆ بونیادنانەوەی عێراقێكی نوێ پەسەندكراوە.
كەواتە ئەم باكگراوەندە مێژووییە ئەوەمان پێدەڵێت، چۆن لە بنەڕەتدا كوردستان بەشێك نەبووە لە عێراق و بەزۆر بە عێراقەوە لكێندراوە، ئەوا سەرچاوەی هەموو ئەو نەهامەتی و دەردەسەرییەی بەسەر كوردستاندا هاتووە، ئاكامی ئەو غەدرە بووە كە بەزۆر كوردستان بەعێراقەوە لكێندراوە، ئەم پێكەوەلكاندنە زۆرەملێیەش هەموو كات سەرچاوەی هەموو كێشەكانی كوردستان بووە، هەتا ئەم غەدرەش راست نەكرێتەوە، ئەوا نە عێراق ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت و نە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.
لەناو ئەو هەموو غەدرو زوڵمەی لە كوردستان كراوە، بەڵام كوردستان توانیویەتی لە چوارچێوەی حكومەتی كوردستاندا، نموونەیەكی تازە و جوان پیشانی جیهان بدات و هەروەها توانیویەتی چەندین خاڵی بەهێز دروست بكات كە سەرنجی جیهان رابكێشێت و لە بەرامبەریشدا جیهان بە شێوەیەكی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ حكومەتی كوردستاندا دەكات، بۆیە ئێستا كوردستان خاوەنی پەیوەندییەكی دیپلۆماتیی زۆر فراوانە لەگەڵ زۆربەی زۆری دەوڵەتانی جیهان و هەمووشیان بەچاوی رێز و سۆزداری مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكەن، هەروەها ئێستا كوردستان خاوەنی هێزێكی قارەمانی وەك هێزی پێشمەرگەی كوردستانە كە توانیویەتی لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش سەركەوتنی گەورە تۆمار بكات، هەر ئەم هێزەش ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی كوردستانی پاراستووە، لەسەر ئاستی رێكخستنەوەی ژێرخانی ئابووریش؛ لەگەڵ ئەوەی گەندەڵییەكی زۆر لە كوردستاندا هەیە و سەرباری ئەوەش ئەوە چەندین ساڵە حكومەتی بەغدا بودجە و مووچەی لە كوردستان بڕیوە، بەڵام هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە دەستكراوە بە ریفۆرمێكی سەرتاسەری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بۆ ئەوەی بتوانرێت سیاسەتێكی ئابووریی ئەوتۆ دابڕێژدرێتەوە كە ژێرخانی ئابووریی كوردستان رێكبخاتەوە. ئەمانە هەموویان خاڵی گرنگن بۆ سەربەخۆیی كوردستان و كوردستانی گەیاندۆتە ئەو ئاستەی كە پێی بگوترێت دەوڵەتی ئەمری واقیع، یان دەوڵەتێكی رانەگەیەندراو.
كەمتەرخەمی، یان هەوڵنەدان بۆ ئەوەی ئەم فرسەتەی كە هاتۆتەپێشەوە وەك خۆی سوودی لێوەرنەگیرێت، غەدرێكە دەرهەق بە مێژووی خەبات و قوربانیی رابردوو و ئێستا، هەروەها غەدرێكە دەرهەق بە نەوەكانی ئایندەشمان، بۆیە هەر كەس و هێز و لایەنێك ئەوجا لەژێر كاریگەری ئەجیندای دەرەكی بێت، یاخود بۆ هەر مەبەستێكی دیكە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان رابوەستێتەوە، ئەوا مێژوو خاڵێكی رەشی لەسەر تۆمار دەكات و نەوەكانی ئایندەش لێی خۆش نابن. لەسەر ئەم پرسە دەخوازم ئاماژە بە قسەیەكی سەرۆك مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستین بكەم كە لەیەكێك لە سەردانەكانمدا بۆ فەلەستین پێی گوتم: «پێشنیاری من بۆ جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و گەلی كوردستان ئەوەیە هەنگاوی پراكتیكی بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەڵبگرن و دەمەوێت ئەم پەیامەی من بە سەرۆكی كوردستان بگەیەنیت، هەتا ئەگەر لەسەر تەنیا گوندێكی كوردستانیش دەتوان دەوڵەت رابگەیەنن، بێ دوودڵی بڕیار بدەن و رای بگەیەنن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر بوونە دەوڵەت، ئەوا دواتر بە یاسای نێودەوڵەتی دەتوانن هەموو خاكی كوردستان بگەڕێننەوە بۆ ناو دەوڵەتەكەی خۆتان.» ئەم قسەیەی بەڕێز مەحمود عەباس سەرۆكی فەلەستین بەرهەمی ئەزموونێكی دوور و درێژە و راستكردنەوەی چەندین هەڵەیە لە پرۆسەی راگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستیندا، هەر بۆیە كاتێك مەحمود عەباس بە ئێمە دەڵێت: «با سەرۆكی كوردستان ئەگەر لەسەر رووبەری تەنیا یەك گوندیش دەوڵەت رادەگەیەنێت، با رای بگەیەنیت»، ئەمە مانای ئەوەیە ئەو فرسەتەی ئێستا بۆ كوردستان هاتۆتەپێشەوە بە هەموومان سوودی لێوەربگرین و لەدەستی نەدەین.
ئێستا كە بەوردی رەوشی باشووری كوردستان دەخوێنینەوە، هەموو چاودێرێكی زیرەك هەست بەوە دەكات كە هاوسۆزییەكی گەورەی نێودەوڵەتیمان لەپشتە، بەڵام كێشەی سەرەكی نێوماڵی كوردستانە كە نەمانتوانیوە لەسەر ئەم پرسە نیشتمانی و نەتەوەییە یەكڕیز و یەكدەنگ و یەك ئیرادە بین.
شكستی حوكمڕانیی پێنج حزبەكە
تێكەڵكردنی هەردوو چەمكی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات
ئەو ململانێ حزبییە ناتەندروستەی لەنێوان پێنج حزبەكەی دەسەڵات لەكوردستاندا هەیە، دابەشبوون و جەمسەربەندییەكی روون و ئاشكرای لە كوردستاندا دروستكردووە، لەهەمانكاتدا تێكەڵكردنێكی تەواوی لە نێوان چەمكی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دروستكردووە. ئەو پێنج حزبە هەر یەكەیان بەپێی قەوارەی خۆی پشكدارە لە پەرلەمان و حكومەتی كوردستاندا، لەهەمانكاتدا هەر خۆشیان بوونەتەوە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێكی ناتەندروست بۆ ناشیرینكردنی كوردستان و هەڵوەشانەوەی بنەماكانی حكومەت و حوكمڕانی لە كوردستاندا، هۆكاری سەرەكیش بۆ دروستبوونی ئەم دیاردە قێزەوەنە لە كورستاندا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو لایەنە سیاسییانەی لە كابینەی شەشەم و حەوتەمی حكومەتی كوردستاندا خۆیان وەك ئۆپۆزسیۆن ناساندبوو، رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێكی ناتەندروستیان پیادە دەكرد، نەك ئۆپۆزسیۆنێكی ئەرێنی كە ململانێ لەسەر بەرنامەی باشتر لەگەڵ حكومەتەكەی خۆی بكات. لە كابینەی شەشەم و حەوتەمدا كە بەحیساب ئەوان رۆڵی ئۆپۆزسیۆنیان دەگێڕا، بە هاتنیان بۆ ناو پەرلەمان هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بوو كە بازنەی ئازادی سیاسی لەكوردستاندا بچووك بكەنەوە، ئەمەش بە بڕینی بودجەی سەرجەم ئەو حزبە سیاسییانەی لە دەرەوەی ئەو پێنج حزبە بوون، ئامانجی ئەم هەنگاوە بۆ ئەوە بوو كە بێجگە لەو پێنج حزبە هیچ حزبێكی دیكە لە كوردستان نەمێنێت و لەناو پێنج حزبەكەشدا گەلەكۆمەكییەك لە پارتی و شەخسی سەرۆكی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی هەردووكیان ناشیرین بكەن. لەم پرسەدا پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبی سەرەكی و خاوەنی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان، نەدەبوو لە ژێر گوشاری ئەو چوار لایەنە؛ پڕۆژەی پێنج حزبی سەرەكی قبووڵ بكات و تەواوی حزبە سیاسیەكان بەهێز و لایەنە سیاسییەكانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستانەوە پەراوێز بخات. ئەمەش وایكرد كە پەرلەمانی كوردستان ببێتە سەكۆیەك بۆ ململانێی حزبی و داهێنانی نەریتی ناجۆر لە ناو پەرلەماندا وەك شەڕەجنێو و بوتڵ تێگرتن و تەپڵ و فیكەلێدان!
لە پێكهێنانی كابینەی هەشتەمیشدا كە جارێكی دیكە ئەم پێنج حزبە رێككەوتن پێكەوە حكومەت پێكبهێنن، لەسەر ئەو بنەمایە رێككەوتن كە كوردستان پێویستی بە سەقامگیری و ئارامی هەیە، بەڵام پاشان دەركەوت نەك هەر نەیانتوانی ئارامی و سەقامگیریی كوردستان بپارێزن، بەڵكو هەر خۆیان بوونە هۆكاری ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان بە بیانووی هەمواركردنەوەی (یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان) پەك بخەن.
لێرەدا بۆ مێژوو، باس لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانی جەنابی سەرۆكی كوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەم كە خۆم لە كۆبوونەوەكە ئامادەبووم، پێش ئەوەی چوار لایەنەكەی دیكە (گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو) پڕۆژەیەكی هاوبەشیان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ببەنە ناو پەرلەمان، لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی كوردستان رووی كردە سەرجەم حزبە سیاسییەكان و پێی گوتن: «لە من ئاسانتر نییە بۆ دەستاودەستكردنی سەرۆكایەتی، بەڵام ئەگەر ئێوە دەزانن دەرچەیەكی یاسایی نییە بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە، ئەوا ئێوە وەك سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كەسێك دیاری بكەن بۆ ئەوەی دەور و تەسلیمی لەگەڵ بكەم، ئەمەش گرنگە من بزانم كێ دێتە شوێنی من، لەبەر ئەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پۆستێكی گرنگە و كۆمەڵێك ئەرك و بەرپرسیاریەتی هەیە، دەبێت تەسلیمی ئەو كەسەی بكەم كە دێتە شوێنی من، هەروەها ئامادەم پێویست بكات ماوەیەك هاوكاری بكەم، هەتا تەواو لە ئەركەكان شارەزا دەبێت.» هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بووە وادەی نوێژی عەسر، سەرۆكی كوردستان پێی گوتین: «من وا دەڕۆم، ئێوە خۆتان بڕیاری لەسەر بدەن.» سەرۆكی كوردستان بەمجۆرە ئامادەیی خۆی بە تەسلیمكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی بە حزبەكان راگەیاند، بەڵام لایەنە سیاسییەكان لەبەر ئەوەی بەدیلی سەرۆك مسعود بارزانی-یان نەبوو، كە رۆیشتن، نە توانییان كەس دەستنیشان بكەن، نە توانیشیان بڕیار بدەن، بەڵام دواتر ئەو لایەنانە راشكاوانە كەوتنە بەرپاكردنی شەڕێكی ناڕەوا لە دژی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان و ویستیان وای پیشانبدەن، كەوا سەرۆك بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكایەتی نابێت و ئەوان دەیانەوێ بە زۆر لای ببەن و دواتر بڵێن بەزۆر سەرۆكی كوردستانمان دەركردووە. بۆیە ئەو بەزمەیان لە پەرلەمان دروستكرد، بۆ ئەوەی كەسایەتی سەرۆكی كوردستان ناشیرین بكەن، ئەمەش غەدرێكی گەورە بوو بەرامبەر بە كەسێك كە هەموو ژیانی هەر پێشمەرگایەتی و خەبات و قوربانیدان بووە لە پێناوی گەلەكەیدا، سەرەنجامیش وەك هەموو لایەك ئاگادارن لە 23ی حوزەیرانی 2015 پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ خوێندنەوەی یەكەمی بۆ (هەمواركردنەوەی پڕۆژەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم) كرد و لەماوەی نزیكەی دوو مانگدا تا وەكو 19ی ئابی 2015 هەموو هەوڵێك بە ئامادەبوونی ئەمریكا و بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكان خرایەگەڕ بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەم پرسە بگەنە رێككەوتن، بەڵام وەك لە 19ی ئابی 2015 بینیمان سەرۆكی پەرلەمان بەشێوەیەكی دیكە مامەڵەی لەگەڵ ئەم پرسە گرنگە كرد و كۆبوونەوەی حزبەكانی بێبایەخ كرد و سوور بوو لەسەر ئەوەی كە دانیشتنی پەرلەمان هەر بكات، بەڵام سەرەنجام نیسابی یاسایی دروست نەبوو، بەمەش پرسەكە گەیشتە بنبەست و بەكردەیی پەرلەمان پەكی كەوت و دوای رووداوەكانی مانگی ئۆكتۆبەری 2015ش كە رێگە نەدرا سەرۆكی پەرلەمان بگەڕێتەوە بۆ هەولێر و بەمەش پەرلەمان پەكی كەوت.
لەگەڵ ئەوەی لەدوای ئۆكتۆبەری 2015 عینادیی سیاسی جۆرێك لەچەقبەستوویی لەناو پێنج حزبەكە بەگشتی و لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دروستكردووە، بەڵام كردنەوەی ئەم چەقبەستووییە پێویستی بە وەلانانی دووبارەكردنەوەی ئەزموونی شكست خواردووی ئەو پێنج حزبە هەیە و، كاتێك باس لە كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكرێت، پێوستە بیر لە میكانیزمێكی تازەش بكرێتەوە.
كاراكردنەوەی پەرلەمان گرنگە
بەڵام نابێتە رێگر لەبەردەم ئەنجامدانی ریفراندۆم
لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان باس لە كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكەن، پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستان، بەڵام هێندەی من تێیگەیشتووم پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم، هێندەی پێویستی بە دامەزراندنی بۆردێك، یان ئەنجومەنێكی سیاسی هەیە كە نوێنەری هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی تێدا بێت، هێندە پێویستی بە پەرلەمان نابێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پرۆسەی ریفراندۆم پێویستی بە بڕیارێكی سیاسی هەیە و پێویستە هەموو لایەنەكان تێیدا بەشداربن، دوای ئەم بڕیارە سیاسییەش ئەگەر لایەنە سیاسییەكان لەسەر میكانیزمێك بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان رێكبكەون، دەكرێت ئەو بڕیارە سیاسییە ببردرێتە پەرلەمان و لە پەرلەمانیش پەسەند بكرێت.
بۆ وەلانانی ململانێ حزبییەكان و كاراكردنەوەی پەرلەمان پێشنیاری من ئەوەیە كە پێویستە لەم قۆناخە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات و دەستەیەكی سەرۆكایەتی كاتی بۆخۆی هەڵبژێرێتەوە، ئەو دەستەی سەرۆكایەتییە سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بكات و پاشان هاوپەیمانێتییەكی نوێ لەبەر رۆشنایی بەركەوتەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و پاشان بە دەنگدان سەرۆك و جێگر و سكرتێرێكی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە لەم پرۆسەیەدا ئەوەیە كە بە ئەقڵییەتێكی نوێ و بە كاراكتەری نوێ سەرۆكایەتی پەرلەمان دروست بكرێتەوە، راستە خەڵكی كوردستان بۆ پەرلەمان دەنگی بەحزبەكان داوە، بەڵام دەنگی پێداون بۆ ئەوەی پەرلەمان دەزگایەكی نیشتمانی بێت، نەك ببێتە دەزگایەكی حزبی، بەمەش لەو پەتایە رزگار دەبێت كە لەدوو خولی دوایی پەرلەماندا، پەرلەمان ببووە ئامرازێك بەدەست حزبەكانەوە، لەم حاڵەتەدا ئەم شێوازە كۆتایی دێت و پەرلەمان دەبێتەوە بە نوێنەری خەڵكی كوردستان و دەتوانێت لە هەموو پرسە نیشتمانییەكان و كاراكردنەوەی دامەزراوەكان رۆڵی كاریگەری خۆی بگێڕێت، لەهەمانكاتیشدا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم كە بەبێ پەرلەمانیش دەتوانرێت ئەنجام بدرێت، بەڵام بوونی پەرلەمانێكی كارا دەبێتە هۆكاری یەكڕیزی و یەكدەنگی و پشتگیرییەكی باش بۆ سەرخستنی پرۆسەكە.

* سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

Top