سەربەخویی لە سیاسەتی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان

سەربەخویی لە سیاسەتی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان
رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی ئاشتیی پاریس، سایکس- پیکو، سێڤەر و لۆزان وەکو ئەڵقەیەکی پێکەوەگرێدراو ھەر یەکەیان درێژەپێدەری دانوستاندنەکانی داڕشتنی نەخشەی سیاسی، پاراستنی بەرژەوەندی و دروستکردنی ھەژمونی بە سەر جیھان لە لایەن دەوڵەت و ئیمپراتۆرە زلھێزەکان و داگیرکەرانی خاک و موڵکی نەتەوە ژێردەستەکانیانن. ئەمانە پێکەوە بە ھۆی پێشێلکردنی مافە رەواکانی کۆمەڵێک نەتەوە و لە پێناوی بەرفراوانکرنی سنووری دەسەڵات و سەپاندنی ھێزی خۆیان کاریگەری گەورەیان بە سەر نەخشەی ئێستای جیھاندا ھەبووە و ھەشیانە.
زورێک لە ناکۆکییەکانی سیاسی و یاسایی ئێستای جیھان و بەتایبەتی بێمافکردن و بێبەشکردنی نەتەوە و کەمە نەتەوەکان لە مافدارێتی ھەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، بوونەتە ھۆی وێرانکردن، جینۆساید، راگوێزرانی بە زۆرەملێ لەلایەن حکومەتی دەوڵەتانی خاوەن سەروەری، لە رووی یاسایی نێودەوڵەتییەوە، بە زەقی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە. یاسا نێودەوڵەتییەکانی ئێستا بە درێژەپێدەری ‎‎رێککەوتنی ئاشتی ڤێستفالیا‎ (١٩١٩، (The Treaty of Versaillesدێنە وێناکردن و ناوزەدکردن کە ئامانجی ھەرە پێشینە بریتی بووە ‎ لە ‎دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی بەرژەوەندیی ستراتیژیکی ‎کۆمەڵێک ئیمپراتۆریەتی بەھێزی ئەوروپای خاوەن ویستی پاوانخوازی جوگرافی.
لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە زۆربەی ناوچەی باکووری ئەفریقیا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی و ئەوروپاشی لە ژێر دەسەڵاتداری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بوو، زلھێزەکانی ئەوروپا گوشارەکانیان لە سەر ئەم‎ ئیمپراتۆریەتە بەھێزتر کرد، یەکێک لە ھۆکارەکانیش بریتی بوو لە ھەڵوەشاندنەوە، لاوازکردن و بەرتەسککردنی سنووری جوگرافیی دەسەڵاتداری، کە بە ھەردوو رێککەوتننامەی لۆزان و سێڤەر کوتایی پێھات و ‎رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ‎ دابەش کرا بۆ سەر کیانە تازەپێکھاتووەکان، کە مافی چەندین نەتەوە و کەمە نەتەوە لەم ناوچەیە پێشێل کرا. لە لایەکی دیکەوە مافی سەربەخۆیی بۆ کۆمەڵێک نەتەوە، لە وانەش کورد لە دوای پەماننامەی لۆزان دەستەبەر کرا، بەڵام ئەم مافە بوو بە قوربانیی بەرژەوەندیی زلھێزەکان کە بە پەیماننامەی سێڤەر کوتایی پێھات، دواییش ویلایەتی موسڵ کە ناوچەیەکی کوردنشین (ئێستای ھەرێمی کوردستان) بوو، بە ھۆی پێکدادانی بریتانییەکان و تورکیای نوێ بە دەوڵەتی عێراقی نوێوە لکێندرا.
دەرکەوتنی داعش لە سووریاو عێراق و ھێرشکردن بو سەر عێراق لە مانگی شەش و ھەرێمی کوردستان لە مانگی ھەشتی ٢٠١٤ وایکرد لە سەر ئاستی جیھانی بوونی دەوڵەتێکی کوردستانی، لە لایەن زۆربەی شرۆڤەکارانەوە بە پێویست دەبیندرێت. ئەمە بێجگە لەبوونی دژایەتی لە بەرامبەر ئەم خواستە و مافداریی مێژووی گەلی کورد، ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی سەرۆکی ھەرێم، مەسعود بارزانی لە دەستپێکی ھێرشی داعش بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ دروستبوونی ژینگەیەکی سیاسیی نوێ لە عێراق کرد. ژینگەیەک کە رێکخوشکەرە ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە شێوازی پێوەندییەکانی داھاتووی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و جیھان بڕیاری کۆتایی خوی بدات‎. ئەمە دەرئەنجامی بێبەرھەمیی ‎بەشداری کورد بوو لە ئاوەدانکردنی عێراقی نوێ، واتە کورد لە ساڵانی ٢٠٠٣ ھەتا ٢٠١٤ ھەموو ھەوڵەکانی خۆی بۆ بونیادنانەوەی عێراقێکی نوێ خستەکار، بەڵام ھەموو مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان یەک لە دوای یەک پێشێل کران، تا ئێستاش دەیانەوێت بە پڕۆژەی جیاواز و سەپاندنی حوکمی زۆرینە، دەسەڵاتێکی دیکەی داپڵۆسێنەر بە سەر کورددا بسەپێنن. ‎
ئەمە لە کاتێکدایە دروستبوونی دەوڵەتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە دەستکردی وڵاتانی کۆڵۆنیالیستی و ئەوروپی دەبینرێت، ئەم پێکەوەلکاندانەش دژی خواستی نەتەوەکانی ھەرێمی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوو، نەبوونی ئاشتی و کەشوھەوای گونجاو بۆ پێکەوەژیان، بەشێکی پێکەوە گرێدراوە بە بوونی ناکۆکی لەگەڵ یەکتر لەم بوارەوە. بۆیە نەک تەنیا کێشەی عێراق، بگرە رۆژھەڵاتی ناوڕاست لە روانگەی Mordechai Kedar پسپۆڕی بواری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە زانکوی Bar Ilan ‎چارەسەری لەوەدایە کە عێراقی دەستکردی سیستەمی جیھانی بێتە لێکترازان بە سەر کیانی تایبەت بە نەتەوەیی، کە لە رووی کەلتوور، مێژوو و پێکھاتەوە یەکانگیر و ھاورەنگ بن، دێتە دیتن.
ھاودەنگ و رەنگ لەگەڵ بیرۆکەی ئاماژە پێکراو لە سەرەوە ھۆکارەگەلێک ھەن، ئاماژە بە عێراق وەکو دەوڵەتێکی ‎ شکستخواردوو دەکەن، لەم رەوانگەیەشەوە‎ پارێزگاری لە سەروەریی خاکی عێراق بابەتێکی دۆڕاوە و بێ ئاستەنگ نییە. لە خۆ نزیککردنێک لە پسپۆڕی کۆمەڵناسی عادل باخەوان مامۆستای زانکوی پاریس پەیوەست بە پرسی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد، بە جەختکردن لە سەر پرەنسیپەکانی سیستەمی جیھانی و یاسایی نێودەوڵەتی گرینگە جەخت لەو خالە بێتەکردن کە "لە رووبەری سیاسیدا، پرەنسیپی ماف ھەمیشە پرەنسیپێکی ئیفلیجە، خانەنشین و پەراوێز خراوە"، ھوکارەکەشی بو ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ھەمان یاسای نێودەوڵەتی کە ماف بە نەتەوەکان دراوە، دەوڵەتی خویان ھەبێت، پرسی "سەروەری و یەکڕیزیی خاکی دەوڵەت" وەکو دروستکردنی باڵانسێک خراوەتە ناو پرەنسیپەکان، بۆیە "ئەوەی لەم رووبەرەدا کاردەکات و کارایی دادەنێت و ھەژموون بەسەر دەرەوەدا دەکات، پرەنسیپی بیناکردنی واقیعی کۆنکرێتییە"، کە لێرە ھەمان دەستەواژەی پێشوو کە ئاماژە پێکران، ئامانجە. بۆیە بۆ دروستکردنی ئەم واقیعە ‎سەربەخۆیی ناوخۆی، کە بریتییە لە پتەوکردنی یەکڕیزی لە گوتاری سیاسی وەکو یەکێک لە پرسە ھەرە گرینگەکانی سەربەخۆیی کوردستان دێتە وێناکردن.
بۆیە، مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان لە زۆر لاوە کەوتووەتە بە‎ر رەخنە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە‎ لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە نەتەوەکان مافدار کراون، بەڵام رێگەی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بۆمبڕێژ کراوە. واتە لە ھەمان یاسای نێودەوەڵەتی بۆ ‎جێگیرکردنی چەمکەکانی "سەروەریی دەوڵەت و یەکگرتوویی خاک"، بنەماکانی مافداریی نەتەوە ژێردەستەکان لە چوارچێوە دیارکراوەکانی ھەمان یاسادا پێشێل کراون و دەکرێن. ‎ئەگەر یاسای نێودەوڵەتی بە شێوەیەک کە بتوانێت داخوازی نەتەوە و کەمەنەتەوەکانی کە نەکەوتوونەتە ژێر چەتری دەستەواژەکانی "کۆڵۆنیالیزم و داگیرکەری"، گەلی کوردیش یەکێکە لەو گەلانەی کە کۆڵۆنی کراوە و دەکرێت. ‎ئەمە لە کاتێکدایە، کە گەلی کورد لە پرەنسیپدا بووەتە قوربانیی سیاسەتی چەپەڵی جیھانی‎ کە رێگرییان لە گەلی کورد کرد، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان و لە دژی ئەم خواستەی نەتەوەی کورد. کوردستانی ئەمڕۆکە کە ویلایەتی موسڵی ئەو کاتی ئیمپراتۆری عوسمانی بوو، بووەتە یەکێک لە کێشە ئاڵۆزەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەم راستییەش ناشاردرێتەوە ‎ کە گەلی کورد بوونەتە قوربانیی سیاسەتی دەوڵەتە زلھێزەکانی ئەو کات، بەتایبەتی کە فەرانسە، بریتانیا و ئێتاڵیا رێککەوتننامەکەیان واژوو کردبوو لەگەڵ ئیمپراتۆری عوسمانی، بە شێوەیەک کە کۆمەڵەی نەتەوەکانی ئەو کات ئەرکی سەرپەرشتیکردنی رێکخستنی ریفراندۆمی پێسپێردرابوو لە ژێر سایەی رێککەوتنی سێڤەر. رێککەوتنی سێڤەر بووە ھۆی ھەڵوەشاندنەوە و دابەشکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لە پەیماننامەی سێڤەریش نەتەوەی کورد ئەو مافەی بۆ رەوا بینرابوو کە دەوڵەتی خوی ھەبێت.
لە لایەکی دیکەوە لە دوای ساڵەکانی ١٩٩٠ و بە ھۆی گۆڕانکاری لە سەر سیستەمی سیاسیی جیھان لە دوو جەمسەری، دەوڵەتی سوڤیەت ھەڵوەشاوەو کۆمەڵێک نەتەوە و دەوڵەت سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند. ھاوکاتیش جەنگ و تەنگەژەی ناوخۆیی لە ناو کۆمەڵێک دەوڵەت ھاوشێوەی یوگوسلاڤیا و بە ھۆی دەستوەردانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی ئەمریکا، کۆسۆڤوییەکان کە خاوەن پێگەی ھەرێمێکی ئۆتۆنۆمی بوون و پێگەی یاسایی و دەستوورییان دیارکراو بوو لە دەستووری کۆماری فیدڕاڵیی یوگوسلاڤیا، سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند. کێشەی تەیمووری رۆژھەڵات و باشووری سوودان بە ھۆی ئاسانکاری و پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە سەر ئاستی ھەرێمایەتی و جیھانی، سەربەخۆیی خۆیان لە دەوڵەتی ناوەندی بە دەست ھێنا، بەڵام نەبوونە ھوی تێکدانی سیستەمی جیھانی!
لێرە جێگای خویەتی ئاماژە بەوە بکرێت، کە ئەم سێ نموونەیە بە ھۆی پشتگیری و رەخنە لە دیدوبۆچوونەکان، واتە‎ یاسای نێودەوڵەتی و دادگای نێودەوڵەتی دێتەگرتن کە ھەتا ئێستا نەیانتوانیوە لە ئاستی پێگە و شەرعییەتی دامەزراوەکانیان ‎ھەڵسوکەوت بکەن. لە راستیشدا دۆزینەوەی میکانیزمە جیاوازەکان بۆ پرسێک وەکو پرسی سەربەخویی ھەرێمی کوردستان، دەبێت یەکێک لە ئەرکە ھەرە لە پێشەکانی ئەم دوو دامەزراوەیە بێت. بویە بە قەناعەتی من، یەکێک لە ھەرە بالکێشترین پێنگاوەکانی بەرپرسانی سیاسیی ھەرێمی کوردستان لە دوای ریفراندۆم دەبێت ئەوە بێت کە پرسەکە ببەن بو "دادگای نێودەوڵەتی" لە پێناو شەرعییەتدان بە پرسی سەربەخۆیی کوردستان. ئەمەش گرینگە بە دیتنی من، چونکە ئەو کات سەرکردایەتی سیاسیی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئاستەنگەکان بەتایبەتی دژایەتی دەوڵەتانی جیران لە کوردستان دووردەخاتەوە. ‎ بە قەناعەتی منیش دادگای نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان بڕیار دەدات.
ئێستا لە دوای سەدەیەک قوربانیدان و وێرانکردن و بەتاڵانبردنی موڵک و ماڵی کورد، بە ئاشکراو بێ شەرم دەبێت پرسی سەربەخۆیی کوردستان بخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی عێراقی. بۆیە لێرە چوار خاڵی بەھێز و سەرەکی دێنە پێش چاو کە پێویستی بە رەچاوکردن ھەیە، یەکەم: دەبێت پرسی سەربەخۆیی کوردستان لە سەر ئاستی جیھان بە شێوەیەک ھەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت، کە نەبێتە ھوکارێک بۆ ئەوەی دەوڵەتان دەرگاکانیان لە رووی ئێمە دابخەن. دووەم: بوونی پرسی سەربەخۆیی کوردستان بە بەشێک لە ئەجێندای دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەوەی کوردستان کە لە قوناغی ئێستا پێویستی بە تێگەیاندن و وەراندنی ترسی کۆمەڵێک دەوڵەت ھەیە کە بەرژەوەندیی تایبەتیان لەگەڵ عێراق و دەوڵەتانێک ھەیە کە بەشێک لە جوگرافیای کوردستان و نەتەوەی کورد پێکھێنەری پێکھاتەو چوارچێوەی دەوڵەتەکەیانە. سێیەم: ھاوکات پرسی سەربەخۆیی و ریفراندۆم دەبێت بە شێوەیەک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بکرێت، کە بەشێک بێت لە کۆتاییھێنان بە مادەی ١٤٠ی عێراق. واتە لە راستیشدا ھەر وایە و بە پێکەوە گرێدانی پرسی ریفراندۆم لە ھەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە، ھەرێمی کوردستان بە یەکجاری خاڵی کۆتایی لە سەر پرسی مادەی ١٤٠ دادەنێت. بۆیە ھەڵسوکەوتکردن لەگەڵ بەغدا پێویستی بە دانوستاندنێکی چڕ و پڕ ھەیە لەم بوارەوە، بۆ ئەوەی کارەکان لە رووی تەکنیکییەوە، نەک سیاسی، بە شێویەکی خێرا و لە سەرخۆ پێشڤەچوون بە خۆیانەوە ببینن. خاڵی چوارم: بریتییە لەوەی کە ھەرێمی کوردستان لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، بەتایبەتی ئەمە گرینگییەکی خۆی ھەیە بۆ دانپێدانان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و یەکێتتی ئەوروپا، خاڵێکی دی کە دەبێت جێبەجێێ بکرێت و پشتگوێ نەخرێت،. بریتییە لەوەی چونکە ئێستا یاسای بنەڕەتی دەوڵەتی داھاتووی کوردستان دانەڕێژدراوە، ئەمە پێویستی بە وەسیقەیەکی یاسایی-سیاسی ھەیە کە لە پەرلەمان دەربچێت، بۆ دیارکردنی سنوورەکانی دەوڵەتی کوردستان لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە ئاماژە بەوە بکرێت، کە ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک تمووحی خاکی ھیچ وڵاتێکی نییە، و کوردستان ئەولەوییەتی سیاسەتی دەرەوەی بریتی دەبێت لە کارکردن بۆ دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێکانی. بە ھەبوونی وەسیقەیەکی وەھا، بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان یەکێک لە ھەرە گەورەترین بەستەڵەکەکانی دانپێدانانی دەوڵەتە جیرانەکان دەشکێنێت. بۆیە ئێستا کە فاکتەرەکان و ھۆکارەکان ئاشکران لە بەر دەستی سەرکرادیەتی کوردستان و درگاکان کرانەوەیان پێوە دیارە بۆ ئەم پرسە، گرینگە پرسی سەربەخۆیی چیدیکە دوانەخرێت، لە کاتێکدا جیھان ھەر ھەمووی چاوەڕوانی ئەو رۆژەیە کە کورد سەربەخۆیی خۆی رابگەیێنێت.
پێشنیار:
- دۆزینەوەی میکانیزمە جیاوازەکان بۆ پرسێک وەکو پرسی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، دەبێت یەکێک لە ئەرکە ھەرە لە پشەکانی ھەر دوو دامەزراوەی دادگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بێت.
- ‎بە قەناعەتی من، یەکێک لە ھەرە باڵکێشترین پێنگاوەکانی بەرپرسانی سیاسیی ھەرێمی کوردستان لە دوای ریفراندۆم دەبێت ئەوە بێت کە پرسەکە ببەن بۆ دادگای نێودەوڵەتی لەپێناو شەرعییەتدان بە پرسی سەربەخۆیی کوردستان.

*پسپۆڕی دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان- زانکوی دھۆک
سپۆت:
مەسعود بارزانی لە دەستپێکی ھێرشی داعش بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ دروستبوونی ژینگەیەکی سیاسیی نوێ لە عێراق کرد. ژینگەیەک کە رێکخوشکەرە ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە شێوازی پێوەندییەکانی داھاتووی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و جیھان بڕیاری کۆتایی خوی بدات

یەکێک لە ھەرە باڵکێشترین پێنگاوەکانی بەرپرسانی سیاسیی ھەرێمی کوردستان لە دوای ریفراندۆم دەبێت ئەوە بێت کە پرسەکە ببەن بۆ دادگای نێودەوڵەتی لەپێناو شەرعییەتدان بە پرسی سەربەخۆیی کوردستان
دۆزینەوەی میکانیزمە جیاوازەکان پێویستە بۆ پرسێک وەکو پرسی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان و دەبێت یەکێک لە ئەرکە ھەرە لە پشەکانی ھەر دوو دامەزراوەی دادگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بێت

پرسی سەربەخۆیی و ریفراندۆم دەبێت بە شێوەیەک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بکرێت، کە بەشێک بێت لە کۆتاییھێنان بە مادەی ١٤٠ی عێراق
دوای سەدەیەک قوربانیدان و وێرانکردن و بەتاڵانبردنی موڵک و ماڵی کورد، بە ئاشکراو بێ شەرم دەبێت پرسی سەربەخۆیی کوردستان بخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی عێراقی
مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان لە زۆر لاوە کەوتووەتە بە‎ر رەخنە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە‎ لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە نەتەوەکان مافدار کراون، بەڵام رێگەی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بۆمبڕێژ کراوە
کورد لە ساڵانی ٢٠٠٣ ھەتا ٢٠١٤ ھەموو ھەوڵەکانی خۆی بۆ بونیادنانەوەی عێراقێکی نوێ خستەکار، بەڵام ھەموو مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان یەک لە دوای یەک پێشێل کران، تا ئێستاش دەیانەوێت بە پڕۆژەی جیاواز و سەپاندنی حوکمی زۆرینە، دەسەڵاتێکی دیکەی داپڵۆسێنەر بە سەر کورددا بسەپێنن

Top