دابەشنەکردنی عێراق.... سەربەخۆیی کوردستان (۳)
February 7, 2017
وتار و بیروڕا
لە خاڵی دووەمی دەستپێشخەرییەکەی (التحالف الوطنی العراقی للتسویة الوطنیة- هاوپەیمانێتی نیشتمانیی عێراقی بۆ چارەسەری نیشتمانیی) کرۆکی ئەم پرۆژەیە ئاشکرایە کە بۆ پاراستنی یەکێتی عێراق و پتەوکردنییەتی. دواییش لە چەندین خاڵدا زۆر کۆنکرێتییانە دووپاتی دەکاتەوە ( نابێ بە هیچ شێوەیەک عێراق دابەش بکرێ) ئەم دووپاتکردنەوەیە تەنیا رووی لە کوردستانیانە کە ئامانجیان سەربەخۆییە و برا شیعەکانمان بە دابەشکردنی عێراق لە قەڵەمی دەدەن.
لە پرۆژەکەدا بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی و هاوڵاتی دەکەن لە جیاتی عێراقێکی بەشبەشکراو، بەڵام هەرگیز دان بەوەدا نانێن کە "رۆڵەکانی عێراق" بە شێوەیەکی راستەقینە و هاوسەنگ بەشدار بن لە دەسەڵات و سامانیدا. بەڵکو بە پێچەوانەوە لە هەموو دێڕەکانی پرۆژەکەدا هەست بە دەنگی براوە بەرامبەر دۆراو دەکەین. بە واتایەکی دیکە ئەو عێراقەی ئەم پرۆژەیە دایدەمەزرێنێ هی هاوڵاتییە براوەکان "شیعە" و هاوڵاتییە دۆڕاوەکانە "سوننە و کورد و ئەوانی دیکە".
دارێژەرانی ئەم پرۆژەیە شیعەیەتی خۆیان فەرامۆش نەکردووە. زۆریان دووپاتکردۆتەوە کە ئەم پرۆژەیە و هەرچییەک دەکرێ بە موبارەکەی مەرجەعییەت دەبێ. بەڵام نازانرێ کام مەرجەعییەت؟!
پاراستنی رەمز و شوێنە پیرۆزەکانی شیعەیشیان زۆر بەلاوە گرنگە. بەڵام هیچ ئاماژەیەک ناکەن بۆ پیرۆزییەکانی ئایین و ئایینزاکانی دیکە و سیمبوولە نەتەوەیەکانی کورد و نەتەوەکانی دی.