چارەسەر له بەغدا نييه

چارەسەر له بەغدا نييه
ئەمە بۆیە دەڵێین، چونكە وا سیانزە ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی دیكتاتۆری سەدامدا تێدەپەرێت كەچی نەك هەڵویستێكی دڵخۆشكەرمان لە بەغدا نەدیت، بەڵكو هەست دەكەین رەفتاری رۆژ لە دوای رۆژ دەرهەق هەرێم خراپتر دەبێت. ئەوەتا لە 2014 وە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕیوە بە پاساوی بێ مانا كە خۆشیان دەزانن بێ بنەمایە. سەیر، ماوەی دوو ساڵە، جوتیارانی هەرێمی كوردستان بەروبوومی كشتوكاڵییان رەوانەی بەغدا دەكەن و تائێستا بەغدا پارەیان بۆ سەرف ناكات و دەستی دەستییان پێدەكات. ئەوە مادەی(140) بە هەموو شێوەیەك دژایەتی دەكەن و لەسەرزاری بەرپرسانیان خۆیان لەمپەر لە دوای لەمپەری بەرامبەر دادەنێن و نایانەوێ جێبەجێی بكەن. فەرموون بڕواننە هەوڵی مالیكی بۆ داگیركردنی خانەقین و دەوروبەری. ئەوە دامەزراندنی عەملیاتی دیجلە تەنها بۆ خۆ ئامادەكردن بوو بۆ هێرشكردنە سەر هەرێم. ئەوەش هزری فەرماندە سەربازییەكانی كە بە مالیكی یان دەووت، كەی دەتەوێت بە دوو كاتژمێر، هەولێرت بۆ دەگرین! هەمووش دوا هەوڵی وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراهیم جەعفەریمان دیت كە نەیهێشتووە نوێنەری هەرێم بەشداری لە كۆبوونەوەیەكدا بكات كە پێشمەرگە لەسەر زەوی فاكتەری سەرەكی شەڕی دژی داعشە. ئەوەتا كەی بیانەوێ پەرلەمانتار لیباس سز دەكەن و بەپێی پەتی ڕاوی دەنێن، ئەوە لە پەرلەمانیشدا بە ئاشكرا دژایەتی خۆیان لەسەر زاری پەرلەمانتارە عەرەبەكان بۆ كیمیاباران و ئەنفال دەردەبڕن. ئەوە هیچ لە سایت و ماڵپەرە عێراقیەكاندا، رۆژانە سووكایەتی بە كورد و بە پیرۆزییەكانی دەكەن و ئاڵاكەی دەخەنە ژێر پێ و دەیسوتێنن و بە ئاشكرا و راستەوخۆ هەڕەشە لە كوردی هەرێم دەكەن. گەر بمانەوێت نموونەی تر بهێنینەوە ئەوا سەدان نموونەی تر و بەڵگەی تر هەن كە بەغدا خۆی كێشە بۆ هەرێم دروست دەكات، ئیدی چۆن دەیەوێت كێشەكان چارەسەر بكات. بۆیە ئیتر دەبێت بزانرێت ئەوە ئێمە نین كە نامانەویت لەگەڵ بەغدا پێك بێین و كێشەكان -كە خۆیان خوڵقێنەرین- چارەسەر بكەین، ئەوە بەغدایەو دەسەڵاتدارانی ئەوانە كە دەرگای بەغدایان بەكردار لەسەر هەرێم قوفڵ داوە، بۆیە پاش سیانزە ساڵ ئیدی كاتی ئەوە هاتوو كورد و دانیشتوانی هەرێم بگەرێن بۆ چارەسەرێكی تر كە دەبێت خودی خەڵكی هەرێم و حزبەكانی ئەو چارەسەرە پەیدا بكەن ئەویش بە بڕیاردانی مافی چارەی خۆ نووسینە كە ئەمڕۆ یان لە كۆنفیدراڵیدا یان لە دەوڵەتێكی سەرخۆدا خۆی دەبینێتەوە، چونكە تاقیكردنەوەی بەغدا، جارێكی تر، دوای ئەو هەموو ساڵە و چاوەڕیی ئەنجامێكی تر بكەیت خۆدانە لە گێلێتی. ئەنیشتاین گەورە زانای فیزیا دەڵێت: »گێلێتی ئەوەیە كارێك دووجار بكەیت، بە هەمان شێوە و شێواز و چاوەڕوانی ئەنجامی جیاوازی لێبكەیت«.
Top