فەرماندەیەكی سوپای پاسداران هەڕەشە لە كوردستان دەكات. هەڕەشەكانی توند بوون، وەلێ ئێران، وەك دەوڵەت، لەوە زیرەكترە، هیچ نەبێت لەم كاتەدا، بە هەڕەشەكانی ئەو فەرماندەیەی بكات. ئاخر كوردستان، لەم كاتەدا، بە درێژایی هەزار و ئەوەندە كیلۆمەترە، شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكات، دەچێتە عەقڵەوە، ئێران، وا بە ئاشكرا، دەستباری داعش بێت دژی كوردستان؟ دژی ئەمریكا و هەموو دنیاش؟ ئێران، خۆی بەرگەی ئەو شەڕە دەگرێت؟ دەشێت كاربەدەستانی ئێران بیریان چووبێتەوە، نێزیكەی دە ملیۆن كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەژین؟ مەگەر نازانن ئەوەی ماڵە درواسیێەكەی بسووتێنێت، نابێت بە تەمای سەلامەتی ماڵەكەی خۆی بێت؟ دوای ئەوە هەرێمی كوردستان چی كردووە تا شایانی ئەو شەڕپێفرۆشتنە بێت؟ لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەدا بۆمان مەعلووم دەبێت؛ ئێران، نە دەتوانێت، نە ئامادەشە بۆ شەڕێكی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو دژی هەرێمی كوردستان. بۆیە تەنیا مەترسیی، دەردە كوردەكەیە. شەڕی بە وەكالەت. ئەمیشیان دوورە. خۆشمان بیكەین، ئەمریكا ناهێڵێت. لەبەر خۆشمان نەبێت لەبەر داعش.
كەواتە؛ هەڕەشەكە، تەنیا چاوترساندنە. زیڕەزیڕی زەردەواڵەیە، ناخۆشە، بەڵام ناگاتە پێوەدان.