شێخ ئەحمەد بارزانی، یەكێک لە گەورە زانا و هەڵگرانی هزری مرۆڤایەتی و نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزی کوردستان
یەكێک لە گەورە زانا و عارف و هەڵگرانی هزری مرۆڤایەتی و نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزی لە کوردستان، شێخ ئەحمەد بارزانییە. شێخ ئەحمەد لە ساڵی 1896 لە دەڤەری بارزان و لە خانەوادەیەكی كوردپەروەر و ناودار لە دایکبووە، دوای شەھیدبوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانی برا گەورەی، شێخ ئەحمەد شوێنی ئەوی گرتەوە و درێژەی بە بزووتنەوەی بارزان و خەباتی مرۆڤایەتی و شۆڕشگێڕی دا، هەروەها لە سەردەمی ئەودا چاکسازی کۆمەڵایەتی کرا و خەڵکی لەسەر تەحەممولکردن و سەر نەوینەکردن بۆ هیچ ستەمکار و زۆردارێک ڕادەهێنا. شێخ ئەحمەد بارزانی دوای تێكچوونی باری تەندروستی لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا لە 11ی كانوونی دووەمی 1969 كۆچی دوایی كرد.
شێخ ئەحمەدی بارزانی، دوای شەھیدبوونی برا گەورەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، ڕابەرایەتی بزووتنەوەی بارزان دەكەوێتە سەرشانی، كە ئەمەش ھاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی جیھانی یەكەم كە لە ئەنجامی ئەو شەڕە جیھانییە سەرەڕای ئەو ھەلومەرجە سەختەی كە بزووتنەوەی بارزان تێیكەوت، ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی كەوتە بەردەم گۆڕانكاری گەورە بە تایبەت لە ڕووی جوگرافی سیاسی كورد و كوردستان لە ئەنجامی ئەم گۆڕانكاریانە زەرەرمەندی سەرەكی بوون، ئەویش بەھۆی پارچە بوونی كوردستان لە دوو پارچەوە بۆ چوارپارچە، ھەروەھا ئەو فشار و گوشارانەی كەوتنە بەردەم بزووتنەوە و شۆڕشەكانی گەلی كورد لە ھەرچوار پارچەی كوردستان، تاڕادەی سەرکوتکردن و دامركانەوە چوون، لەوانە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشی ئاگری لە باكووری کوردستان، شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید لە باشووری کوردستان و شۆڕشی سمكۆی شكاك لە رۆژھەڵاتی کوردستان.
لەم ھەلومەرجەدا بارزان بە ڕابەرایەتی شێخ ئەحمەدی بارزانی، بووە جێگای ئومێد و ھیوای گەلی کوردستان، سەرەڕای ئەو دۆخە ناھەموارەی كە خودی بزووتنەوەی بارزان لە ئەنجامی شەھیدبوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و زوڵم و ستەمی دوژمنانی كورد و كوردستان تێیكەوتبوو. لە ھەمان كات بووە تەنیا ئومێدی بەھاناوە چوون و داڵدەدانی شۆڕشگێران و لێقەوماوانی سەرجەم پێکاهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان.
ڕۆڵی ڕۆحانییەتی شێخ ئەحمەدی بارزانی، بوو بە ناوەندێكی بەھێزی ئیلھام بەخش بۆ شۆڕشگێڕانی بارزان و شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی، كە بارزان ھەمیشە ببێتە كەشتی نەجاتی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی كورد لە قۆناغە سەختەكانی مێژووییدا، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێبازی ڕەوشت بەرزی، لێبوردەیی و یەكسانخوازی بزووتنەوەی بارزان، لە پشتگیری خەڵكی ھەژار و ستەم لێكراو و حەقانییەتی ئەو ڕێبازە بۆ دەستخستنی مافی حەقخوراوان و پەناگەیەکی ئارام بۆ هەموو لێقەوماوان و ژینگەیەکی ئارام بۆ سەرجەم نەتەوە و ئایینەکان.
ئەم رێبازە بوو بە بنەمای كاری ڕابەرایەتی كردن لە بواری سیاسی و كۆمەڵایەتی و كلتووری، بۆ ئەمڕۆی دۆزی كورد و لە ھەمان كات وەكو ئەزموونێكی كارا و دەوڵەمەند، بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ھەرێمی كوردستان، لەسەر دەستی ڕابەری ئەمڕۆی گەلی كوردستان سەرۆك مەسعود بارزانی، كە درێژەپێدەری ئەم ڕێبازەیە و لە بارەی ھیوا و ئومێدی خەڵكی كوردستان، بۆ گەیشتن بە كەناری ئارامی و كامەرانی ھەمان میراتگری ئەم ڕێبازەیە.