بۆچی دژایەتیی بارزانی دەكەن؟

بۆچی دژایەتیی بارزانی دەكەن؟
شتێكی ئاساییە كە دەبینین زۆر جار كەسایەتیی نەتەوەیی و نیشتمانی لەلایەن هەندێ دەوڵەتان و چەند لایەنێكی ناوخۆییەوە دەكەونە بەر هەڵمەتی ناڕەوای میدیا و دەزگاكانی راگەیاندنەوە، ئەوەی لەم دواییەدا بینیمان دیارترین بەڵگەیە لەو هەڵمەتە ناشارستانییانەی كە كەناڵی ئاسمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجامی دا، بەڵام وەڵامی بارزانی وەك بۆمبێك بوو بە ڕووی ئەو بزووتنەوەیەدا، كاتێ بەڕێزیان گوتی: «داوا لە خەڵكی سەربەرزی كوردستان دەكەم كە كەس لەسەر من وەڵامی ئەم هەڵمەتە و قسەكانیان نەداتەوە و كەس بۆ ئەو ئاستە نزمە دانەبەزێ..» بەم وشانە سەرۆك بارزانی ئاوێكی ساردی بە دڵ و دەروونی خەڵكەكەدا كردەوە لەو مانگە پیرۆزەی رەمەزاندا، مانگی خێر و پەرستن و برایەتی و خۆشەویستی، بۆیە من پابەند دەبم بەو قسانەو داكۆكی لە بارزانی ناكەم، بەڵام ناچار دەبم هەندێ راستی دەربارەی بارزانی بخەمەڕوو، تاكو خوێنەر پێیان ئاشنا بێت و بە هەندێ درۆ و دەلەسەی لایەنە قین لەدڵ و قەڵەمە درۆزنەكان هەڵنەخەڵەتێت.

من تەنیا وەك رەخنە لەسەر كەسایەتییە سیاسییەكان دەنووسم، چونكە بەدەگمەن سیاسەتمەداری پاك و راستگۆ دەبینیت، لە عەقڵییەتی خەڵكەكەی عێراق و هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە وێناكراوە كە هەموو سیاسەتمەدارێك گەندەڵە، بەڵام ئەمە راست نییە، بەڵێ سیاسەتمەداری گەندەڵ و ناپاك هەیە چ لە عێراق یان لە كوردستاندا، بەڵام نەك هەموو سیاسەتمەدارێك گەندەڵە، كاتێ باسی كەسایەتییەكی وەك بارزانی دەكەم بە هەموو دڵسۆزیی و قەناعەتێكەوە لێی دەدوێم، ئەو پیاوە زۆر ستەمی دەرحەق كراوە، وێنەكەی شێوێندراوە، بوختانی بۆ هەڵبەستراوە، ئەوەی دەرحەق ئەو گوتراوە هیچ عەقڵێكی دروست قبووڵی ناكات، تەنانەت هیچ مرۆڤێكی خاوەن ویژدانی زیندوو پێی قایل نابێت، لێرەدا نابێ رۆڵی هەندێ نووسەری عێراقی و كوردی ناپاك لەبیربكەین ئەوانەی ئایین و دنیاو مۆڕاڵ و ویژدانیان فرۆشتووە لەپێناو دەستكەوتنی پلەو پایەو ناوبانگ و پارە، ئەو تاقمە نەیارە قەڵەمەكانیان بۆ تانە لێدان لە كەسایەتیی بارزانی و شێواندنی وێنەو مێژوو و هەڵوێستە نیشتمانییەكانی خستۆتە گەڕ، بەڵام گەلی كوردستان چاك دەزانێت ئەو قەڵەمانە بەكرێگیراو خیانەتكاری نیشتمان و مێژوون، بارزانیش تاكە كەسایەتیی نیشتمانی نییە كە دەكەوێتە بەر ئەم شاڵاوە قێزەوەنانە، دوا كەسایەتیش نابێت، مێژووش پڕیەتی لەو نموونانە، زۆر جار لە لاپەڕەكانی مێژووی نەتەوەكان دەخوێنینەوە كە تابووری پێنجەم دەستیان هەبووە لە تانەلێدان لە بەهاو پایەو دڵسۆزیی و هەڵوێستی كەسایەتییە نیشتمانییەكان، بەڵام ئەو كەسایەتییانە لە بەرچاوو لەعەقڵی گەلاندا هەمیشە بە پاكیی و بەرزیی و بەهێزیی و دڵسۆزیی دەمێننەوە، ئەو قەڵەمە خیانەتكارانەش فڕێدەدرێنە زبڵدانی مێژووەوە، نموونەش بۆ ئەمە زۆرن، بەڵام لەم وتارەدا بواری هێنانەوەی ئەم نموونانەمان نییە.


بارزانی هەموو ژیانی لە خزمەتی ئەم نیشتمانەدا داناوە، ئەو هەردەم بەوە رازی نەبووە كە بە ملكەچی و ژێردەستەیی بژێت، بەڵكو ژیانی لە ئاوارەییدا پێ باشتربووە لەوەی كە لە سایەی دوژمنانیدا ژیان بگوزەرێنێت، دیارە تاڵیی و ناخۆشیی ئاوارەییش چۆنە، ئەو دەیتوانی ژیانێكی زۆر بەختەوەرو دەوڵەمەندانە بۆ خۆی هەڵبژێرێت، تەنانەت دوژمنەكانیشی هەر ئەوەیان گەرەك بووە، بەڵام ئەو ئەمەی رەتكردۆتەوەو پێی باش بووە لەگەڵ پێشمەرگەكاندا لە شاخ و داخەكاندا بژێت، چونكە هەموو جار ئەوەی دووپات كردۆتەوە كە پێشمەرگایەتی چاكترین شانازی و سەربەرزییە بۆ ئەو، ئەو بنەماڵەیە لە مێژوودا بەوە ناسراوە كە قوربانییەكی زۆریان داوەو كەسیش ناتوانێت نكۆڵیی لەوە بكات، لێرەشدا باس لەوە ناكەم، چونكە باسكردنی ئەم لایەنە چەندین كتێبی پێویستە.
بۆچی دژایەتیی بارزانی دەكرێت؟

من پێموایە كە هۆكاری ئەو دژایەتیكردن و رق و قینەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بارزانی بڕوای بەو پرەنسیپانە هەیە كە بەكورتی باسیان دەكەم، هەروەها ئەو هەڵوێستانەی لە ژیانیدا پەیڕەوەی كردوون، دەكرێ بەم خاڵانە بەكورتی روونیان بگەینەوە:

* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە بەیەكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایین و ئاینزاو نەتەوەكان بناغەی ژیانێكی ئاسوودەیە، هەروەها بنەمایەكی سەقامگیریی سیاسییە، بۆیە ئەو رێگە نادات جیاكاریی ئایینی و ئایینزایی و ئیتنی لە كوردستان بێتەئاراوە، ئەم قەناعەتەش لە كوردستان پەیڕەوكراوە بە پێچەوانەی عێراق، بۆیە دەبینین ئەو ئاوارانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە (كریستیان و ئێزیدی و شەبەك و سوننەو شیعەو سابئە)یان تێدایە، دەشبینین حاڵ و گوزەرانی هەندێ تایفە لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق چۆنە، هەر لەبەر ئەوە ناچار بوون رووبكەنە كوردستان كە رەوشی ئاسایش و بەیەكەوە ژیانی تێدا سەقامگیرو سەلامەتە، دیارە هەندێ لە دەوڵەتانی ناوچەكەو لە سەروویانەوە بەغدا بەو سیاسەتە راست و دروستە پەست بوونە.


* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە دیموكراسییەت چاكترین چارەسەری كێشەی دەوڵەتانە لەنێو سیستەمی سیاسیدا، فیدڕاڵییەتیش دروستترین چارەسەرە لە عێراق، بە دڵنیاییشەوە ئەو سیاسەتە راستە هەندێ لەو دەوڵەتانەی نیگەران كردووە كە باوەڕیان بە دیموكراسییەت و فیدڕاڵییەت نییە.

* بارزانی بڕوای وایە كە سیستەمی فیدڕاڵییەت لە عێراقدا شكستی هێناوە، بۆیە پێویستە پەنا ببرێتە بەر بژاردەی دیكە، وەك كۆنفدڕاڵییەت یان سەربەخۆیی سیاسی، دیارە ئەو قەناعەتەش بۆ هەندێ دەوڵەت جێگەی مەترسییە، كە ئەو پرەنسیپە بنەڕەتییانە لە فەرهەنگی ئەواندا بوونیان نییە.

* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە دیاریكردنی چارەنووس مافی گەلانە self-determination كە پرەنسیبێكە یاسای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان پشتگیریی دەكەن، مافی نەتەوەی كوردیشە قەوارەیەكی سەربەخۆی هەبێت، دەبینین هەندێ سیاسەتمەداری كورد بڕوایان بەو مافە نییە، بۆیە دژایەتیی دەكەن، بەوەی كە بە هەڕەشەی دەزانن بۆ سەر یەكێتیی عێراق وەك هەندێ پەرلەمانتاری سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان، بۆیە دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە كە بزووتنەوەی گۆڕان نزیكترین بزووتنەوەیە لە بەغدا، بە هۆی ئەو هەڵوێستەیان كە پشتگیرییە لە عێراق و دژی سەربەخۆیی كوردستانە.


* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە سەربەخۆیی كوردستان دەبێتە فاكتەری سەقامگیریی ناوچەكە، بەڵكو نابێتە فاكتەری هەڕەشە بۆ سەر هیچ دەوڵەتێك، بۆیە پێویستە پێوندیی دۆستایەتی و بەرژەوەندی و رێزگرتنی هاوبەش لە نێوان كوردستان و دەوڵەتانی دراوسێ بێتە ئاراوە.

* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداو هەولێر پێویستە بە رێگەی ئاشتی و دانووستان چارەسەربكرێن، مانەوەشیان هەر وا بە هەڵپەسێردراوی قەیرانی دیكە بۆ هەردوولا دێننە ئاراوە، بۆیە ئەگەر ئەو كێشانە بێ چارەسەر مانەوە، ئەوا چاكترە پەنا ببرێتە بەر دیالۆگی بنیادنەر لەپێناو ئەوەی كە ببینە دوو دەوڵەتی دراوسێ و بە ئاشتی و سەقامگیریی بژین.

* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش مەترسیدارترین هەڕەشەیە بۆ جیهان، ئەوەی كە رێگەی بە داعش داو هێنایە ناو عێراق نوری مالیكی بوو، هەر ئەویش هۆكاری كەوتنی موسڵ بوو، جا لەبەر ئەوەی كە داعش مەترسییەكی گەورەیە، بەڕێزیان راستەوخۆ سەرپەرشتیی بەرەكانی جەنگ دەكات لەپێناو بەرگری لە كوردستان.

* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە حەشدی شەعبی جێگەیان لە كوردستان نابێتەوە، هەر ئەوەیش وای كردووە كە سەرانی حەشدی شەعبی دژایەتیی سەرۆك بكەن، هەروەها لەلایەن ئەو دەوڵەتەشەوە كە لە رووی ئایدیۆلۆژییەتەوە وەك یەكن، بۆیە زۆر هەڕەشەی ئەوانەمان گوێ لێ بوو، بەڵام بوو بە بڵقی سەر ئاو، لەو شتانەی كە بارزانی بە برایانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی راگەیاندووە، بوونی حەشدی شەعبییە لە كەركووك، كە رێگە نادات بێنە ناوچەكەوە، لەبەر ئەوە دەبینین رۆژانە كێشە لەنێوان حەشدی شەعبی و هێزەكانی پێشمەرگە لە خورماتوو سەرهەڵدەدات، كە بە پێی بەڵگەكانی مێژوو و جوگرافیا ئەو ناوچانە كوردستانین.

* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە كێشەی كورد نەتەوەیی و نیشتمانیی و مێژووییە، نەك كێشەی ئایینی و ئایینزایی و تایفی، بۆیە كوردستان نابێتە لایەنێك لە هیچ ململانێیەكی ئایدیۆلۆژی، جا لەبەر ئەو هەڵوێستە نەگۆڕەی بارزانی، دەوڵەتێكی ئیقلیمی لەمیانی هەڵمەتێكی دڕندانەی راگەیاندن و وەكیلەكانیان لە كوردستان دا دژایەتییەكی تەواوی بارزانی كرد، دیارە ئەمەش لە رێگەی چەند كەناڵێكی كوردی و هەندێ ماڵپەڕو رۆژنامەو گۆڤاری ناسراوی بەدناوەوە لە هەرێمی كوردستان.

* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە شەڕی ناوخۆ تاوانە، نابێ كورد بە دەستی كورد بكوژرێت، هەندێكیش فیتی ئەم كارە قێزەوەنە دەدەن و دەیانەوێت پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەم كارە پەلكێش بكەن.

* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە گەندەڵیی ئیداری هەڕەشەیە بۆ سەر ئاییندەی كوردستان، بۆیە پێویستە ئەو گرێیە مەترسیدارە ریشەكێش بكرێت، هەر لە بنەماڵەی خۆیەوە دواتر حزبەكەی و ئەوجا لە حكومەتیشدا.

* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە پێویستە پەرلەمان رۆڵی كارای هەبێت لە پرسە یاسایی و چارەنووسسازەكاندا، نابێ ئەو دامەزراوە باڵایەی یاسادانان بكرێتە ئامرازێكی حزبی بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی، پێویستە ئەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكات كەسێكی لێهاتوو و پەسندكراو بێت، نەك گەنجێكی سەركێش كە پرۆتۆكۆڵ و ئەتەكێتی سیاسی نەزانێت و رەچاوی رێكەوتنە سیاسییەكان و بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات نەكات.
* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە كەمینەو زۆرینە نییە، بەڵكو پێویستە رەچاوی هەموو توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستانی بكرێت، هەمووان لەم نیشتمانەدا شەریكن، یاساش لەسەر هەموو كەسێكەوەیە.

* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە سازانی نیشتمانی باشترین چارەسەری سەقامگیریی سیاسییە لە عێراق و كوردستان، ئەوەی كە عێراقی بەم چارەنووسە گەیاند رەچاونەكردنی سازانی نیشتمانی بوو، ئەوەی كە كوردستانیشی بەم قەیرانە گەیاند سەپاندنی ئیرادەی ئیقلیمی بوو بەسەر زۆرینەدا، هەروەها رەچاونەكردنی مافی هەڵبژاردنی گەل بوو.

* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە كێشەی كورد لە هەر پارچەیەكی كوردستان پێویستە بە ئاشتی چارەسەر بكرێت، ئەویش ئامادەیە هاوكارییان بكات، زۆر یارمەتی كوردانی داوە لە هەر شوێنێك بووبن، ئەو سوپاسگوزاریی و ستایشی ئەوانی پێویست نییە، بەڵكو تەنیا سەقامگیریی بۆ گەلی كورد مەبەستە كە ماوەیەكی زۆرە رووبەڕووی مەینەتی بووەتەوە.

* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە كێشەی پارتی كرێكارانی كوردستان لە توركیا بە شەڕ چارەسەرناكرێت، بەڵكو پێویستە بگەڕێنەوە سەر مێزی دانووستان، لەبەر ئەو سیاسەتەی بارزانی توركیا هەڕەشەی لە كوردستان و لە بارزانی دەكرد، لە هەمان كاتدا پەكەكە دژایەتیی بارزانی دەكرد، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات توركیا قەناعەتی بە پێشنیارەكەی بارزانی هات و داوای یارمەتیی شەخسیی لێكرد، بەم شێوەیەش پەكەكە قەناعەتی هات، بۆیە پڕۆسەی ئاشتی چەند قۆناغێكی پێشكەوتووی بڕی، بەڵام دواتر هەرەسی هێنا، چونكە هەندێ دەوڵەت و حزب و كەس بە پڕۆسەی ئاشتی زەرەرمەند بوون.

* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە پەرەسەندنی ئاوەدانی و تەكنۆلۆژیی مەرجێكی پێشكەوتنی كوردستانە، بۆیە بەو توانا كەمە بە بەراورد لەگەڵ بەغدادا زۆر گەشەی سەندووە، با بێین و بەراوردی نێوان ئەو دوو شارە بكەین، ئەو قسەیە هی من نییە، بەڵكو تێڕوانین و رای كەسانی میوانە كە سەردانی هەولێر دەكەن، بەتایبەتیش برایانی عێراقی كە لە پارێزگاكانی باشوورەوە دێن.

* بارزانی بڕوای بەوە هەیە كە سەرباری ئەو تەحەددیاتە سەختانەی رووبەڕووی كوردستان دەبنەوە، بەڵام پێویستە ژیان بەردەوام بێت، بەڵێ قەیرانێكی سەختی دارایی هەیە، شەڕی داعش و قەیرانی ئاوارەكان لە ئارادایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین كە ژیان بەردەوامە هەرچەندە زەحمەتیشە، بۆیە ئەگەر هەر دەوڵەتێكی دیكە بوایە لەباتی كوردستان یەكسەر هەرەسی دەهێنا.

من پێموایە كە بەهۆی ئەو هەڵوێست و سیاسەت و بڕوا چەسپیوە، دەوڵەتان و حزبە عێراقی و كوردییەكانیش دژایەتیی بارزانی دەكەن، چونكە ئەو هەڵوێستانە سیمای سەركردە نیشتمانپەروەرەكانە، ئەوانەی كە هەستی نیشتمانی و نەتەوەییان هەیەو نەتەوەكانیان بەرەو كەناری ئارام دەبەن، بۆیە هەندێ دەوڵەت بەردەوام لە هەوڵی شێواندنی وێنەی بارزانیدان و دەیانەوێت لە بەهاكەی كەم بكەنەوە، تاكو گەلی كورد قەناعەتی بە كەسایەتیی و پڕۆژە نیشتمانییەكەی نەبێت، نەك راستەوخۆ بەڵكو لەڕێی كەناڵە بەكرێگیراوو قەڵەمە ناسراوەكانەوە، هەموو ئەو هەوڵانەیان بۆ لەناوبردنی خەونی دەوڵەتی كوردییە، بەڵام من لەو قەناعەتەدام كە گەلی كورد باش دەزانێت بارزانی كێیە؟ بۆیە حزبە كوردییەكان ترسیان لەوەیە كە سەرۆكی هەرێم لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت، سوورن لەسەر ئەوەی كە لە رێی پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت تاكو حەزو ئارەزووی راستەقینەی گەل بكوژن، زانراویشە ئەو سەرۆكەی كە گەل هەڵیدەبژێرێت بەهێزترەو زیاتر جێگەی راستییە لەوەی كە لەنێوان ژمارەیەكی دیاریكراوی پەرلەمانتارانەوە دێتە هەڵبژاردن، بە دڵنیاییشەوە گەلی كوردستان سووردەبێت لەسەر ئەوەی بارزانی بە سەرۆكی كوردستان هەڵبژێردرێت، تاكو پڕۆژە نیشتمانییەكەی تەواوبكات و خەونی هەموو كوردێكی ئابڕوومەند بێنێتە دی، ئەویش دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە كە خۆشگوزەرانی و ژیانێكی بەختەوەرو بەیەكەوە ژیان و ئاشتیی تێدا بەرقەراربێت.


* پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق


Top