هەنگاوى یەکەمى دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان

هەنگاوى یەکەمى دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان
لەوانەیە مێژوو پەیامەکەى دوێنێ (٢٣ حوزەیران ٢٠١٦)ى بەڕێز سەرۆکى هەرێم مەسعود بارزانى، بەیەکەم هەنگاوى پراکتیکى دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان لەقەڵەم بدات. بارزانى لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا لەگەلێک بۆنەدا، لە گەلێک لە چاوپێکەوتنە رۆژنامەوانیەکانیدا، دڵنیام لەگەلێک دیدارى نهێنى ناوخۆیى و دەرەکیشدا باسى لەمافى گەلى کوردستان لەدامەزراندنى دەوڵەتى خۆیدا کردووە، بەڵام بێگومان ماف هەرچەند سرووشتى و بەڵگە نەویست بێت، لەخۆوە ناکەوێتە بوارى کارپێکردن و دەبێت خاوەن ماف بیسەپێنێت و لەچوارچێوەیەکى سیاسى و یاسایدا بەرجەستەى بکات، بۆیە هەمیشە قۆناغى پراکتیزە کردنى ماف پێوویستە.
ئەوەى لەپەیامەکەى بەڕێز سەرۆکى هەرێمدا تێبینیم کرد و، وام لێدەکات چاوەڕوانبم ئەم پەیامە ببێتە سەرەتاى دەستپێکردنى پرۆسەى جاڕدانى دامەزرانى دەوڵەتى کوردستان، ئەوەیە کە مکوڕبوونێکى گەورەى بارزانى بۆ گەیشتنى گەلى کوردستان بە مافى سەربەخۆبوون، لەم ساتە وەختە هەستیارەى عێراق و ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستى پێدا تێپەڕدەبێت، دەبینرێت.
لەلایەکى دیکەوە بارزانى یەکەم سەرەتا و هەنگاوى بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستانى لەو پەیامەدا بەوە دیاریکرد کەبەڕاشکاوى دەڵێت (هەنگاوی یەكەم ئەوەیە لەگەڵ بەغدا بكەوینە گفتوگۆی ڕاشكاوانە و برایانە) . لێرەدا دەربڕینەکانى (هەنگاوى یەکەم)، (گفتوگۆ)، (بەغدا) بەسەریەکەوە لە پەیامەکەدا و بەیەکەوە لەیەک دێڕدا، پاشان ڕاسپاردنى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم بۆ سازدانى کۆبوونەوەیەکى تایبەت بەو مەبەستە، بەلاى منەوە دوو پەیامى لێ دەخوێنرێتەوە، ئەوانیش بریتین لە:
پەیامى یەکەم، کە بۆ گەلى کوردستانەو دەیەوێت بڵێت ئەوە هەنگاوى یەکەمە بەرەو جێبەجێ کردنى ئەو پەیمانەى پێمانداون لە کارکردن بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان. لەهەمان کاتدا دەیەوێت بەسەرجەم هێزە سیاسیەکانیش بڵێت کە مەسەلەى دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان جیدیە و بەم زووانە دەست پێدەکات و کێشە و گرفتى ناوخۆ نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئەو بڕیارە چارەنووس سازەدا.
پەیامى دووەم، کە بەئاشکرا ڕووى لەبەغدا و بەپەنهانى ڕووى لە جیهانە، دەیەوێت بڵێت بۆ بەدیهێنانى مافى سەربەخۆبوونى کوردستان بەگفتوگۆ و ئاشتیانە دەست پێ دەکەین، چونکە ئێمە ئەگەر لە چوارچێوەى عێراقیشدا نەبین ئەوا هەر دراوسێین و گەلێک بەرژەوەندى هاوبەش بەیەکەوە کۆمان دەکاتەوە،بەڵام دەبێت بزانن کە گفتوگۆ تاکە ڕێگەچارە و ئەڵتەرناتیف نیە، بەڵکو ڕازینەبوونتان (واتا رازى نەبوونى بەغدا) نابێتە ڕێگر لەبەردەم وویستى گەلى کوردستان بۆ بەدیهێنانى سەربەخۆیى، بەڵکو ئێمە سوورین لەسەر ئەو مافەمان و هەنگاوى دیکەش هەن لەئەگەرى ڕازینەبوونتاندا، وەک جاڕدانى سەربەخۆیى کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا. هەروەها بارزانى دەیەوێت بەجیهانیش بڵێت ئێمە تا ڕێکەوتن و تێگەیشتن مومکن بێت بۆ جیابوونەوە لەبەغدا ئەوا بەو ئاراستەیە کاردەکەین، بەڵام ئەگەر ئەوە مومکن نەبوو، ناکرێت دەستەوسان دابنیشین و واز لەو مافەمان بێنین، بۆیە بڕیارى خۆمان دەدەین و گلەیش مەکەن و پشتیوانمان بن.
بۆیە دەڵێم ئەم پەیامە خاڵى وەرچەرخانى سەرەکى دەبێت لە یەکلایەى کردنەوەى مەسەلەى سەربەخۆبوونى کوردستان لەسەر هەموو ئاستەکانى ناوخۆى کوردستان و عێراق و جیهانیش.
Top