گەمەیەكی مەترسیدارو پەسنی جنێوفرۆشان

گەمەیەكی مەترسیدارو پەسنی جنێوفرۆشان
تەفسیریشیان هەر لەسەر یەكێتییە. یەكێتییەكەی مام جەلال، نەك ئەوەی چل ڕۆژێكە تەسلیمی بێ ئامانترین برادەرەكانی مام كراوەتەوە.
نەوشیروان، سەروەختی كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنگرانی كەلار و كفریدا، هەڕەشەی زۆر ڕوونی لە پارتی كرد. دوێنێش لە حزووری میدیاكارانی یەكێتیدا، پەسن و شاباشی جنێوفرۆشانی بەرهەتاو و سێبەری میدیای حزبەكەی كرد. جنێوفرۆشان، تاكوتەرای لێدەركەی، تەواوی میدیای سلێمانی دەگرێتەوە.
ڕاستتان دەوێت؛ نەوشیروان بە پشتگەرمی یەكێتی هەڕەشە دەكات و جنێوان دەدات. دەنا، لە هەموو دنیادا، كەس هێندەی نەوشیروان پارتی ناناسێت، كەسیش هێندەی ئەو شكستی بەرانبەر پارتی نەخواردووە.
دڵنیام، ئەم گەمە مەترسیدارەی نەوشیروان و هەڕەشەكردن لە بنباڵی یەكێتییەوە، زۆر زوو كۆتایی دێت. ئەوانەش كە كۆتایی پێدێنن، ئەو تێكۆشەرانەی نێو یەكێتین كە نە باوەڕیان بە براكوژیی ماوە نە بە نەوشیروان.
كاتێك لای میدیاكارانی یەكێتی، بە جنێوفرۆشانی بەردەستیدا هەڵدەدات، پەیامێكی ڕاستەوخۆ و ڕوونی تێدایە: من دەبمەوە براگەورەتان، بۆ ئەوەی بمێننەوە و شاباش بكرێن، جنێو بدەن و غەیری جنێو نا.
بەڵام بەو حوكمەی زۆربەی میدیاكارانی یەكێتی، جگە لە هاوپیشەیی، برادەرمانن، دڵنیام لەوەی ئەم پەیامەی نەوشیروان دەنگدانەوەیەكی وای نابێت لە نێویاندا. ئەوانەی ئامادە نین، لەبەر خاتر و بۆ مەسڵحەتی شەخسی نەوشیروان جنێو بدەن، زۆرینەی ڕەهان.
بەم تەمەنەوە و پاش پەنجا ساڵی ڕێك لە شكستی بەردەوام، تازە بەتازە نەوشیروان، ملی لەبەر ملی پارتی ناوەتەوە، لە كاتێكدا سوور دەزانێت، شكست زیاتر هیچی تری لێ شین نابێت.
گوتەیەكی جوان و بەناوبانگ هەیە دەڵێت: نەزان ئەو كەسەیە لە تاقیكردنەوەكانیدا هەمان كەرەسەی پێشوو بەكاردێنێت، كەچی چاوەڕوانی ئەنجامی جیاوازە.
Top