ئەوەی بە قسه لەگەڵ سەربەخۆیی نەبێ، بە دەست و دڵیش لەگەڵی نییە
June 22, 2016
وتار و بیروڕا
ئەوانەی یەكڕیزی نیشتمانییان تێكدا، هەڕەشەیان لە ئاساییشی گشتی كرد، دووبەرەكی و تەفرەقەیان نایەوە و بەرەی نێوخۆییان شێواند، ئەوانەی وورەی پێشمەرگە دادەبەزێنن و لاقرتێ بە سەركەوتن و قوربانییەكانیان دەكەن، كۆمەڵانی خەڵك بەگژیەكدا دەكەن و نەعرەی شارچێتی و لەهجەچێتی لەسەر حسابی كوردستانیبوون، كانتۆنچێتی و فرە ئیدارەیی و فرەهەرێمی لەسەر حسابی سەربەخۆیی و یەكپارچەیی كوردستان هاندەدەن، جنێو و سوكایەتی و داشۆرین لە جێی گەنگەشە و دیالۆگی سیاسی دەكەن بە كولتوری یەكدی دواندن و دەستخۆشی لە جنێودەر و دەم پیسان دەكەن. ئەوانەی بە قسە خەڵكی ئەم ووڵاتەیان لێكدی خانەگومان كرد، هەر ئەوانەشن كە بەكردەوە هەرچییان لەدەست بێت بۆ دژایەتی سەربەخۆیی و لەدەستچوونی دەرفەتی رەخساو و بەدیهاتنی مەرامی نەیارانی كورد، بێ درێغی كردویانە و دەیكەن.
سەربەخۆییخوازی ئاواتی تاك بەتاكی نەتەوەی كورد و گەلی كوردستانە، هێزێكی سەرشێت و بێ ئایندە و بێ منەتی وەك پەكەكەی لێ دەرچێ، هیچ هێزێكی دیكەی بەرەی دژە سەربەخۆیی جورئەتی ئەوە ناكات بە ئاشكرا و راست و رەوان دژی سەربەخۆیی بدوێ، چونكە دەكەوێتە بەر نەفرەتی تەنانەت لایەنگر و هەوادارەكانی خۆیشی، بۆیە دەبێ بۆ بەهانە و بڕوبیانوو بگەڕێ. هەموو ئەوانەی دەڵێن : كاتی نییە، ئامادەنین، ماویەتی، لە دیموكراسیدا نوقسانین، گۆڕینی پارسەنگی هێز ئەولەوی ترە، سەربەخۆیی بەقسە نابێ . هتد ) نەیارە بێ جورئەتەكانی سەربەخۆیین. ناوێرن پەكەكە ئاسا بە ئاشكرا دایەتی خۆیان رابگەیەنن، ئیدی ئەم بڕوبیانوو و بەهانانە دەبیننەوە.
دەنا جگە لە میللەتی كورد، هیچ میللەتێكی سەرزەمین بەر لەوەی بوبێتە دەوڵەت نیوهێندەی كورد نەیتوانیوە ئامادەباشی بكات و بەكردەوە تەدارەكی سەربەخۆیی و دەوڵەت بوون بسازێنێ:
- كورد بە دەست و بازووی خۆی ووڵاتی خۆی پاراست و دوژمنی شكاند و بەرلەوەی دەوڵەت بێ خاوەنی قارەمانترین لەشكری جەنگاوەرە لە دونیادا .
- كوردستان بەرلەوەی دەوڵەت بێ نەوت و سامانی خۆی خستەكار و بناغەكانی ئابوری سەربەخۆی داڕشت و لە پاشكۆیەتی ئابوری قورتار بوو.
- كوردستان بەر لەوەی دەوڵەت بێ، دە هێندەی دەیان ووڵاتی سەربەخۆ، رایەڵەی پەیوەندی دیبلوماسی وسیاسی و ئابوری لەگەڵ ووڵاتان هەیە و پێگە و ئیعتبارە مەعنەوییەكەی لە دەیان ووڵاتی سەربەخۆ بەقەدر و قیمەتترە.
- كوردستان بەرلەوەی دەوڵەت بێ، ئاڵاكەی لە ووڵاتان دەشەكێتەوە و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان نەك هەر مامەڵەی لەتەكدا دەكەن، بەڵكو ئەزمون و شارەزایی خۆیانی دەخەنە بەردەست تا شایستەتر ووڵاتی خۆی بەڕێوەببات.
- كوردستان بەرلەوەی دەوڵەت بێ، تاكە سەرزەمینی سەقامگیر و پڕ ئەمن و ئەمانە لەنێو ناوچەیەكی بێ ئۆقرە و ئاگرباراندا و داڵدەدەری ملیۆنان ئاوارەیە كە دەوڵەتە سەربەخۆكانی خۆیان نەیانتوانی ژیانیان بپارێزن.
كوردستان ساز و ئامادەیە بۆ سەربەخۆیی و ئەوانەی كە بە قسە داوای سەربەخۆیی دەكەن، دەمێكە بە كردەوە بناغەكانی دادەڕێژن. گرفتی میللەتی ئێمە تەنیا و تەنیا دوژمنە نێوخۆییەكانی سەربەخۆییە، ئەو كینەلەدڵە بێ جورئەتانەی ناوێرن بە ئاشكرا دژایەتی خۆیان بۆ سەربەخۆیی رابگەیەنن، بۆیە ئەم جۆرە بڕو و بیانوەی پێ دەگرن.