پلان بی سیستمی كۆنفیدڕاڵی

پلان بی  سیستمی كۆنفیدڕاڵی
هەر كاتێك باسی كۆنفیدڕاڵی بكرێت، ئەم پرسیارە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: ئەگەر سیستمی كۆنفیدراڵی بریتیی بێت لە كۆی زیاتر لە دەوڵەتێك و ئێمەش كە دەوڵەتی سەربەخۆ بووین، ئەوسا چ پێویستییەكمان بە سیستمی كۆنفیدڕاڵی دەبێت؟
ئەم پرسیارە ڕەوایە و وەڵامەكەشی ئەوەیە كە لە حاڵەتی ئامادەنەبوونی رای نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، وەك قۆناغێكی راگوزەر هەندێك جار ناچار دەبیت بە دوو هەنگاو بگەیت بە ئامانجێك كە یەك هەنگاوت بۆ تەرخان كردووە لە پێشتردا.
لێرەوە قسە دێتە سەر ئەوەی پێی دەڵێن: پلان بی.
لە كۆی ئەو پێناسانەی بۆ زاراوەی (پلان بی)كراون، دەتوانین تێكڕایەك وەربگرین كە دەڵێت: پلان بی وەك جێگرەوە، یان ئەڵتەرناتیڤ، بریتییە لە كردەیەكی دیكە، یان زنجیرەكردەیەكی دی بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی كە رێگەی گەیشتنی پێشووت پێی كورت دەهێنێت.
مەبەست لەم پێشەكییە زۆر كورتە ئەوەیە كە ئێمە سوورین لە سەر راگەیاندنی سەربەخۆیی تەواو، كە ئەمەش مافێكی رەها و رەوای خۆمانە، بەڵام ئەگەر ئەوەش رای فەرمی ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا بێت كە دەڵێن ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان بە هەر نرخێك بێت، ئەوسا پێویستە ئێمەش پلان بی، یان پلانی یەدەكمان ئامادە بێت.
لای من وەك لە زۆرێك لە سیمینارەكانی ئەم دواییانەدا ئاماژەم پێكردووە، پلان بی بریتییە لە راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان لە چوارچێوەی سیستمی كۆنفیدراڵیدا، كە ئەمەش بژاردەیەكە ئاسانترە بۆ قەبوڵكردن لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆی عێراقیشدا.
بە لێكدان و كۆكردنەوە كورتكردنەوەی زۆر راپۆرت و شیكردنەوەی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، كە لە چەندین سەنتەری توێژینەوە و دیراساتی عەرەبی و بیانی بەرچاوم كەوتوون، وا دیارە كورتەی سیناریۆی ئایندەی عێراق بەرەو ئەم گریمانانەی لای خوارەوە دەچێت، یان دەبرێت:
1. قەناعەتپێكردنی عێراقییەكان بەوەی كە مانەوەی عێراق بەم شێوەیەی ئێستای لە بەڕێوەبردن و فەرمانڕەواییدا زۆر زەحمەتە، تا ڕادەی مەحاڵ.
2. هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی پلانی ئازادكرنی ناوچە سوننییەكان بەپێی مەرجەكانی ئەمریكا و رێككەوتنی نێوان پێكهاتەكانی.
3. كردنەوەی پردێكی ئاسمانی بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە سوننییەكان لە ماوەیەكی پێوانەیی و گێڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان.
4. لادانی دەم و چاوە سیاسی و ئیدارییە سوننییە كۆنەكان، كە چیدی سوننەكان بە نوێنەری خۆیانیان نازانن.
5. راگەیاندنی ماوەیەكی ئینتیقالی بۆ گواستنەوە لە فیدڕاڵییەوە بۆ كۆنفیدراڵی لە ڕێگەی هەمواركردنەوەی دەستوور و رێكارە یاساییەكانەوە.
6. راگرتنی كاركردن بە دەستوور و یاسا كۆنەكان.
7. بەردەوامبوونی هەوڵەكان بۆ ئەوەی عێراق بۆ سێ دەوڵەتی كوردی و سوننی و شیعی دابەش بكرێن.
8. كۆتاییهێنان بە میلیشیا و دەسەڵاتە لاوەكییەكانی نێو عێراق.
9. هێشتنەوەی عێراق وەك یەكێتییەكی لاواز لە رووی دەرەوە و دروستكردنی سێ دەوڵەتی بەهێز بۆ هەر سێ پێكهاتەكە.
10. پێدانی دەسەڵاتی نیمچە ڕەها بە هەر سێ دەوڵەتەكە.
11. بەهێزكردنی ئابووری و وەبەرهێنانی دەرەكی لە هەر سێ دەوڵەتەكەدا.
12. هاتنەوەی ئەمریكا بۆ بینینی رۆڵی خۆی لە پاراستنی ئەم سیستمە نوێیەی حوكمڕانی.
13. داواكردنی ئەمریكا لە ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی پێش ساڵی 2003 و كەمكردنەوەی پەلهاویشتنەكانی لە نێوخۆی عێراقدا.
14. هەوڵدانی دەوڵەتانی پێوەندیدار بۆ وەرگرتنی پاڵپشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دامەزراندنەوەی عێراق بە سیستمی كۆنفیدڕاڵی، نزیك لە سیستمی یەكێتیي ئەوروپا.
15. پاڵپشتیی و هاندانی توانا زانستی و ئابوورییەكان بۆ گەڕانەوە و بەشداربوون لە بونیادنانی وڵاتی خۆیاندا.
16. ناساندنی عێراقی كۆنفیدڕاڵی وەك ناوچەیەكی ستراتیژیی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا.
بۆ هەموو ئەمانەش هەوڵەكان بەم میكانیزمانەدا دەڕۆن:
1. ئامادەكرنی ڕای گشتی و قەناعەتپێكردنی پێكهاتەكان بەم بژاردەی كۆنفیدڕاڵییە.
2. روونكردنەوەی خاڵە ئیجابییەكانی ئەم بژاردەیە بۆ حزبە شیعی و بزاڤە سوننییەكان.
3. ئاگاداركردنەوەی وڵاتانی عەرەبی و بیانیی پێوەندیدار لەم بژاردەیە.
4. هەوڵدان بۆ قەناعەتكردن بە سوننییەكان بۆ راگەیاندنی هەرێمی سوننەكان.
5. ناولێنانی هەردوو هەرێمی شیعە و سوننەكان بە ناوی نزیك لە ڕەهەندی جوگرافی و دوور لە تائیفی.
6. جارێكی دی داڕشتنەوەی سنووری نێوان ناوچەكانی هەر سێ پێكهاتەكە لە بەر رۆشنایی بارودۆخە نوێیەكەی دوای شەڕی وەدەرنانی داعش.
Top