ڕێكەوتنی كەرتكەرتكردن

ڕێكەوتنی كەرتكەرتكردن
هاوڕێیەك پرسیارێكی لێكردووم: ڕێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان تەئسیری چی دەبێت لەسەر دەنگدان و پارتی بەگشتی؟ ئەگەرچی، چ هەڤاڵانێكی زۆری پارتی و چ بەندە، لە ڕۆژی ڕێككەوتنەكەوە، زۆرمان باس كردووە، بەڵام دیارە هێشتا ڕوونكردنەوەی زیاتری گەرەكە. بۆیە بەڵێنم بەو هاوڕێ بەڕێزە دا، بە پۆستێكی كورت وەڵام بدەمەوە، تا وەڵامەكە بۆ گشتی بێت. پێشەكیش سوپاسی دەكەم ئەم دەرفەتەی ڕەخساند.
جارێ‌ ئەو ڕێككەوتنە، هی شەخسی نەوشیروانە لەگەڵ زۆرینەیەكی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی. كەواتە، نە لە گۆڕانەكەی نەوشیرواندا، نە لە نێو یەكێتیدا، كۆدەنگی و ئیتیفاقی هەمووانی لەسەر نییە. ناڕازییەكانی نێو گۆڕان، جارێ‌ دەرنەكەوتوون، چونكە ناوێرن فزە بكەن، هەر بیكەن، لە گۆڕان دەركراون و تەخوینیش كراون، ئاخر نەوشیروان لە ژیانیدا، هەروا سیاسەتی كردووە، بۆیە كە باسی دیموكراسی و ئازادیی دەكات، یەك بە باری خۆم گاڵتەی تەواویشم پێ نایەت. هۆكاری ناڕازیبوونیشیان نیشتیمانپەروەرانە نییە، بەڵكو شەخسییە و دەزانن بە گەڕانەوەیان بۆ نێو یەكێتی، دەبنە ئاردی نێو دڕك و كەس حسابیشیان بۆ ناكات.
ئەمەیان گۆڕان، هەرچی یەكێتییە، نەخێر ڕەوشەكەیان جیاوازە. هەر لە یەكەمین چركەوە، كۆمەڵێك ئەندام مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی و خەڵكانێكی تریش، بە تایبەتی لە نێو فەرماندەكانی پێشمەرگە و ئۆرگانە ناوەندییەكاندا، لەگەڵ ئەو ڕێككەوتنە نین و نەیانشاردووەتەوە. دوو هۆكاریش بۆ ناڕەزایەتییەكەیان هەیە: زۆربەی ئەو بەڕێزانە دەزانن، ڕێككەوتنەكە دژی پارتییە، ئەم دژایەتییەش؛ هەم ماڵوێرانی كوردستانی بەدواوەیە، هەم دژی نەهجی مام جەلالە. ئەوانی تریان، كێشەی شەخسییان لەگەڵ نەوشیروان هەیە، زەڕەیەك متمانەیان پێی نییە، بۆیە ئامادە نین جارێكی تر بچنەوە بندەستی و ئیهانەكانی قبووڵ بكەنەوە.
لە هەموو ئەمانە چیمان دەست دەكەوێت؟ با زۆر بەئاشكرایی ڕوونی بكەمەوە: نەوشیروان و دەستڕۆیشتووانی یەكێتی، تەنیا و تەنیا بۆ پشت لە ئەرزدانی بارزانی و پارتی ئەو ڕێككەوتنەیان كردووە، ئەو مەرامە نانیشتیمانییەش، لە نێو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی و فەرماندە سەربازییەكان و كادیرانی پێشكەوتووی یەكێتیدا، ئیتیفاقی لەسەر نییە، بگرە زۆریش دژین.
بۆیە ئەو ڕێككەوتنە، هیچ تەئسیرێكی نە لە دەنگدان و نە لە هیچ ڕوویەكەوە بۆ سەر پارتی نییە و نابێت. لەوەش واوەتر، ئەگەر پاشەكشەی لێ نەكەن، نەك حزبەكەی نەوشیروان و یەكێتی، بگرە هەر چوار حزبەكەی 23ی حوزەیران كەرتكەرت دەبن.
Top