ھەر وا دەکەین سەرۆک

ھەر وا دەکەین سەرۆک
ھەر وامان کردووە و ھەر واش دەکەین سەرۆک . ئێمە بۆ پاڵپشتیی پێشمەرگە و سەرخستنی کوردستان لە شەڕی داعش، بۆ پەڕاندنەوەی گەلەکەمان بەرەو سەربەخۆیی، بۆ چاکسازیی و قەڵاچۆی گەندەڵی سیاسیی و ئابوری، بۆ عەدالەت و سەروەریی یاسا و دەربازبونی گەلە کۆڵنەدەرەکەمان لە قەیران و تەنگانە، ھاتوینە مەیدان. ستراتیژمان دیارە و بەرچاومان رۆشن.
دڵنیابە بە ھستیریای پیاوێکی داخ لە دڵ و حەرەکەیەکی دۆڕاو و بێ ئایندە و ھیچ لە باردا نەبوو، تەنگاو نابین. ھەموو ئەو جنێو و قسە سوک و چروکانەی خۆی و دەست وپێوەندەکەی دەیدەن، رووی لە یاسا و داگا و حەق و عەدالەتە، نەک ئێمە. کێشە و گرفتی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ یاسایە نەک پارتی. یاسایەک چیتر ناھێڵێ وەک جاری جاران بە تەوەر بەربێتە موخالیفە سیاسییەکانی، بە قەمە و سەرەنێزە سکی ژنانی پێشمەرگە ھەڵدڕێ، نارنجۆک فڕێبداتە قوتابخانەی کچانەوە. پەنجەکان ھانبدات یەکتری بشکێنن. ئاسایشی کوردستان تێک بدات و کونسوڵەکان بکوژێ و رووی میللەتی کورد لە بەرچاوی دونیا رەش بکات. پەرلەمان بکاتە منداڵبازاڕ و حکومەت بنکۆڵ بکات. یوسف محەمەد بنێرێتە ووڵاتان تا تۆمەت بۆ پێشمەرگە دروستبکات و ھانی دەوڵەتان بدات ھاوکاری نەکەن. بە ناوی دژایەتی گەندەڵییەوە حزبێک دووکەرت بکات و سەنگەری لێ بگرێ و بە ناوی چاکسازییەوە گەنجان دەسخەڕۆبکات و دواتریش ببێتەوە برای گەندەڵکاران! . لە پەنای درۆی گەورەی چوارساڵ ئارامییەوە بە منداڵ و ھەرزەکارانی کاڵفام پەلاماری بارەگاکانی ئەو لایەنە بدات کە ھێنایە ناوپرۆسەی حوکمڕانیەوە و حسابی بۆ دەنگەکانی کرد گەرچی سوور دەیزانی بە چەواشەکاری بەدەستیھێناون.
ئێمە چۆن لە سەرکەوتنی گەلەکەمان و ھەنگاوە پتەوەکانی بەرەو سەربەخۆیی و سەرکەوتن لە شەڕی نیشتمانپارێزی و سەرکەوتنی پرۆسەی ریفۆرم و چاکسازیی بە پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دڵنیاین، ئەوھاش لە شکستی دوایین ھەوڵ و ھەناسە بڕکێ و ھیستریای دوا ساتەکانی ئەم پیاوە شەڕانگێزە و حەرەکە ئەنارشیستە بێ بەرنامە و کینەخوازەکەی دڵنیاین. کەسێک لە ھەڕەتی لاوی و لە تێکڕای ھەوڵ و پیلانەکانی پێشویدا شکست خواردوو بوبێت، لەم کۆتایی تەمەنەشیدا ھیچی پێ ھەڵناکڕێ. دواجاریش وەک ھەموو جارەکانی رابردووی، مەیدان بەجێدێڵێ و لایەنگرەکانی نائومێد و شەریکەکەی بە تەنیا دێڵێتەوە.
دواجار کوردستان وەک چۆن لە شەڕی داعش و داگیرکەران و شەڕی برسیکردن و ئیرادە شکاندندا سەرکەوتووانە پێشڕەوی دەکات، لە نێوخۆشدا بەسەر بوغزلەسک و شەڕانگێزان و تەفرەقەچی و گێرەشێوێناندا سەردەکەوێ. فەرھەنگ و بەھا بەرزەکانی گەلەکەمان بەسەر کولتوری جنێودان و داشۆریندا سەردەکەوێ.
Top