کامیان دەبێتە ڕاستى، دابەشبوون یان یەکپارچەیى؟

کامیان دەبێتە ڕاستى، دابەشبوون یان یەکپارچەیى؟
ماوەیەکە بابەتەکانى لامەرکەزیەت، بەهەرێمکردنى کەرکووک و پارێزگاکانى دیکەى هەرێمى کوردستان، دووئیدارەیى و گەلێک چەمکى ئیدارى و سیاسیى دیکەى بەو ئاراستەیە، لەسەر زمانى ئەم یان ئەو سیاسى و پارێزگار و فەرمانبەر و نووسەر و ئەکادیمیانیش بانگەشەى بۆ دەکرێت و، بە شێوەیەک لە شێوەکان وەها تیۆریزە دەکرێن، وەک ئەوەى ئەم جۆرە بڕیارانە زۆر کەسی بن و بەتەنها به‌ سەرەقەڵەمى کەس و لایەنێکى سیاسى بدرێن و بخرێنە بوارى کارپێکردن و وەک دەڵێن (دووبەردیش تەققەى نەیەت).
لەوانەیە ئەم جۆرە هەوڵ و بیرکردنەوانە پتر مەبەستى سیاسى و کەسییان لە پشتەوە بێت، لەوانەیە لە کانیى لێڵ و پێڵەوە سەرچاوەیان گرتبێت، لەوانەیە لە بوئسى ئیدارەدانى ئەو ناوچانەوە سەرچاوەى گرتبێت و، هەوڵێک بێت، بیانەوێت لە ڕاستى ڕابکەن و شکستێک لە شتێکى وەهمى هەڵسوون، بەڵام دڵنیام لەوەى لە شرۆڤە و شیتەڵێکى ڕاست و درووست و زانستیانەى دۆخەکەوە سەرچاوەى نەگرتووە، دڵنیام لەوەى خوێندنەوەى مێژوویى بۆ نەکراوە، لە بارێکدا ئەگەر هەر نیەتێکى پاکیشى لە پشتەوە بێت، ئەوا نیەتێکى سادە و ساکار و سەرپێییە و نە ئەنجامى دەبێت و نە ئەنجامەکەشى گەر بیبێت بە خێر دەشکێتەوە بۆ کورد بە گشتى و دانیشتووانى ئەو ناوچانەش بەتایبەتى.
سادەیى و سەرپێیبوونى ئەم جۆرە بانگەشانە لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە، کە پێیان وایە یەکپارچەیى یان چەند پارچەیىی خاکى نەتەوە و وڵاتێک تەنها و تەنها لە بڕیار و ئیرادەى سەرکردە سیاسییەکانەوە سەرچاوەى گرتووە، گەر ئەمە ڕاست بوایە ئەوا دەمێکە داگیرکەرانى کوردستان نەک تەنها لەنێوان چەند پارێزگایەکدا دابەشیان کردووین، بەڵکو لەنێوان چەند وڵاتێکیشدا دابەشیان کردووین، بەڵام هێشتا یەک نەتەوە و خاوەنى یەک ماف و خەبات و تێکۆشانین و لە یەکدى جیا نەبووینەوە. ئەوان ئەو ڕاستییەیان لە بیر چووە کە بڕیارى لەوچەشنە بگرە بەتەنیا لە دەستى خەڵکانى ئەوناوچانەشدا نییە نەک لە دەست سیاسییەکانیاندا، چونکە ئەوە بڕیارێکى نەتەوەیىی چارەنووسسازە و دەبێت سەرجەم گەلى کوردستان لە هەرێمى کوردستاندا بڕیارى لەبارەوە بدەن و، بە ڕاپرسیى گشتیش. ئەمە قسەى من نییە، ئەوە بڕیارى نەتەوەیەکە کە بە مێژوو داویەتى، با بچنەوە سەر ڕووداوەکانى ئەم سەد ساڵەى ڕابردوو. هەموو ڕووداوەکان، هەموو ئاراستەکان، ئاماژەن بۆ یەک ڕاستى، ئەویش ئەوەیە کە باشوورى کوردستان یەک پارچەیە و تەنها و تەنها دەشکرێت بە یەکپارچەیى بمێنێتەوە.
ئەو وەختەى بارزانیی باوک بە بڕیارى شێخ ئەحمەدى بارزانى، لە سەرەتاکانى سەدەى بیستەمدا، ئەو ساتانەى هێشتا پارێزگاکان دروست نەببوون و قسە و باس لەسەر هەرێم هەرێمانێ نەبوو، لە بارزانەوە بۆ کۆمەکى شێخى گەورە لە شەڕى داگیرکەرانى کوردستاندا بەرەو سلێمانى دەکەوێتە ڕێ.
ئەو ساتەوەختانەى بارزانیى نەمر، لە چلەکاندا، لەلایەن ئینگلیزەوە بۆ سلێمانى دوور دەخرێتەوە و وەک سەرکردەیەکى شۆڕشگێڕى نەتەوەیى لەلایەن نیشتمانپەروەرانى ئەو شارەوە باوەشێکى گەرمى بۆ دەکرێتەوە و پشتیوانى لێ دەکرێت.
ئەو ساتانەى کە پارتى دیموکراتى کوردستان لە ساڵى ١٩٤٦ لە هەموو شۆڕشگێڕ و نەتەوەپەروەر و سیاسییەکانى سەرجەم باشوورى کوردستان، بەبێ ڕەچاوکردنى پارێزگا و هەرێم، پێک دەهێنرێت.
ئەو ساتانەى کە گەلێک لە زاخۆوە تا خانەقین لەژێر سایەى شۆڕشێکى گەورەى وەک شۆڕشى ئەیلوولدا خەبات دەکات و ڕۆڵەکانى بارزانییەکان لە گەرمیان و گەرمیانییەکان لە بادینان و خانەقینیەکان لە هەولێر و هەولێرییەکان لە پشدەر بەتەنیشت یەکتریەوە شەهید دەبن.
ئەوساتانەى دوژمنەکانمان بەیەکەوە قڕیان دەکردین و کیمیاباران و ئەنفالیان دەکردین. ئەوساتانەى بەیەکەوە ڕاپەڕینمان کرد و یەک پەرلەمان و یەک حکوومەتمان دامەزراند، بەعس لە خاکى هەموومان تێکڕا سەرى خۆى هەڵگرت و نەگەڕایەوە.
هەموو ئەو ساتانە و ساتەکانى دیکەى هاوشێوەیان، یەک ڕاستیمان پێ دەڵێن، ڕاستییەک نەک تەنها نەوەیەک بەڵکو چەندین نەوە بەشدارى لە دروستکردنیدا کردووە، ڕاستییەک لە سەرووى حزب و کەسایەتییە سیاسییە سەرتاپاگیر و لۆکاڵییەکانیشەوەیە، ڕاستییەک لە رۆحى مێژووەکەمان و پیلانى دوژمنەکانمانەوە ده‌خوێندرێته‌وە، ئەویش ئەوەیە:
باشوورى کوردستان هەموو بەشەکانى بەیەکەوە خەبات دەکەن و بەیەکەوە قوربانى دەبەخشن و بەیەکەوە سەردەکەون و بەیەکیشەوە بەهێزن. باشوورى کوردستان لە ڕووى جیۆگرافى و نەتەوەیى و کۆمەڵایەتى و ئابوورییەوە یەک خاک و گەل و کۆمەڵگا و بازاڕە و، بۆیە یەک قەوارەى سیاسییشى هەیە و دەبێت. ناکرێت، لەژێر هەر ناو و بیانوویەکدا بێت پارچە پارچە بکرێت و لە یەکدى جیا بکرێتەوە، ئەمە هەموومان شارەکانمان، کۆمەڵگاکەمان، بازاڕەکانمان، پێگەى سیاسیى ناوخۆیى و نێودەوڵەتیمان دادڕ دادڕ دەکات و هێز و توانا و بڕستمان لێ دەبڕێت، بچووکمان دەکاتەوە و دەمانکاتە پۆڕى خوراو.
پێتان وانەبێت وەک ئێستا بەهێز دەبین، بەڵکو گەلێک خراپتریش دەبین. بەوەنییە ورد نەبوونەتەوە، ئێمە دەمێکە یەک کۆمەڵگاین، یەک بازاڕى ئابووریمان هەیە و یەک سەرچاوەى هزرى و ماددیمان هەیە.
باشوورى کوردستان بە خاک و خەڵک و ئاو و هەواکەیەوە یەکپارچە و یەکمێژووە و یەک پاشه‌ڕۆژیشى دەبێت.
Top