دادگاییکردن له‌ نه‌ستی نه‌وشیرواندا

دادگاییکردن له‌ نه‌ستی نه‌وشیرواندا
له‌ قسه‌ و درووشمه‌ سیاسییه‌کانی نه‌وشیروان و به‌رده‌سته‌کانی و گۆڕانبازه‌کان گه‌ڕێن، واز له‌ داکۆکییه‌کانی کاک سه‌عدی پیره‌ و باقی براده‌رانی تری یه‌کێتی بێنن، چونکه‌ داکۆکییه‌که‌یان، قسه‌ی سیاسییانه‌ن و به‌های قانوونیان نییه. ئه‌وه‌ قسه‌ی عه‌لی باپیر و سۆران و به‌رده‌سته‌کانی تر هه‌ر هیچ. خۆشتان به‌ شایه‌تی زووری یه‌کگرتووه‌ تامگۆڕانه‌کانی سلێمانی وه‌ک ئه‌بوبه‌کر هه‌ڵه‌دنی و هاوتامه‌کانییه‌‌وه‌ خه‌ریک مه‌که‌ن، چونکه ئێمه‌ش خه‌ڵکی شارین و ئاگامان لێیه‌ له‌ بن مێزه‌کانه‌وه‌ چ ده‌گوزه‌رێت و ئه‌و برا به‌ڕێزانه‌ی سلێمانی چه‌ند "یه‌کگرتوون".
ده‌ڵێم، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دروستیی هه‌ڵوێسته‌کانی پارتی، ڕاستیی تۆماره‌ ده‌نگییه‌کانی نه‌وشیروان مسته‌فا، دڵنیا بن، هه‌موو ئه‌م هه‌راوزنا سیاسییه‌ بێ جه‌دوایه‌ پشتگوێخه‌ن و که‌مێک قووڵتر له‌ دوا قسه‌کانی نه‌وشیروان خۆی، داکۆکییه‌کانی گوته‌بێژه‌که‌ی و جنێوه‌کانی میدیاکه‌ی وردبنه‌وه‌.
کاتێک نه‌وشیروان قسه‌ی بۆ لایه‌نگرانی خۆی له‌ کفری و که‌لار و ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ ده‌کرد، به‌ ئه‌نقه‌ست یان نه‌زانی، هه‌موو سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی و به‌رده‌سته‌کانی خۆی به‌ درۆ خسته‌وه‌ و به‌ ئاشکرا ڕایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا به‌ره‌وڕووی تاکڕه‌ویی(له‌ قامووسی نه‌وشیرواندا واته‌ پارتی) ده‌بینه‌وه‌. که‌واته‌ ئه‌مه‌ مه‌رامی ڕاسته‌قینه‌ی ڕێککه‌وتنه‌که‌ی نه‌وشیروان و یه‌کێتییه، ئیتر قسه‌کانی تر هه‌مووی درۆ و دیکۆرن.
له‌و قسانه‌یدا، نه‌وشیروان، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بکات، ترسی خۆی له‌ دادگاییکردنه‌که‌ی ده‌ربڕی و سه‌لماندی غایله‌ی دادگاکردنی له‌ نه‌ستیا هه‌راشه، کاتێک ئاماژه‌ی به‌وه‌دا گوایه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن (ئه‌م باره‌ ئابووریی و داراییه‌ی ئێستێ چاککه‌ن و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ش بده‌نه‌ دادگا که‌ وه‌زعه‌مکه‌یان به‌م ڕۆژه‌ گه‌یاندووه‌).
ئاخر نه‌وشیروان له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ کێشه‌ و شه‌ڕی ناوخۆ ده‌خوڵقێنێت، شه‌ڕی بارزانی و پارتی ده‌کات، هه‌موو تاوانێکی ئه‌نجامداوه‌، تۆمه‌ت نییه‌ هه‌ڵینه‌به‌ستبێت، سووکایه‌تی نه‌ماوه‌ نه‌یکردبێت، ناوناتۆره‌ نه‌ماوه‌ له‌ پارتی و بارزانی نه‌نابێت، به‌ڵام هه‌رگیز باسی دادگاییکردنی که‌سی نه‌کردووه‌. بۆیه‌ ئیلهامی ئه‌م دادگاییکردنه‌ی له‌ دادگاییکردنی خۆیه‌وه‌ بۆ هاتووه‌.
گوته‌بێژی گۆڕان، شۆڕش حاجی، له‌ میانی باسکردنی هه‌ڵسوکه‌وتی گۆڕان له‌گه‌ڵ فایله‌که‌دا، باسی ئه‌وه‌ی کرد که‌ داوای گواستنه‌وه‌ی فایله‌که‌یان کردووه‌ بۆ دادگای سلێمانی، ئه‌ویش‌به‌ گوێره‌ی "ئیختساسی مه‌کانی" واته‌ گۆڕان پێیوایه‌ مادام تاوانه‌که‌ له‌ سلێمانی ڕوویداوه‌ ده‌کرێت که‌یسه‌که‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ دادگای سلێمانی.
جارێ، ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان نایه‌وێت یان ناوێرێت بێته‌ هه‌ولێر، ئه‌ی شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی کوردستان بۆچی ده‌کات؟ یان ده‌یه‌وێت وه‌ک مورشیدی ئه‌علا، کۆمه‌ڵێک یوسف و عه‌بدوڵڵا و عه‌لی به‌رداته ئه‌و داووده‌زگه‌ و خه‌ڵکه‌، خۆشی له‌ گرده‌که‌وه‌ حاکمی موتڵه‌ق و بێ به‌رپرسیارێتی کوردستان بێت.
بگه‌ڕێینه‌‌وه‌ سه‌ر داکۆکییه‌که‌ی کاک شۆڕش حاجی که‌ له‌ ناوه‌خنیدا ئیعتیرافه‌ به‌ تاوانه‌که‌. ئاخر ئیعلامی پارتی و ئه‌وراقی دادگاش که‌سیان باسی ئه‌وه‌یان نه‌کردووه‌ که‌ تاوانه‌که‌ له‌ سلێمانی، یان له‌ هه‌ر شوێنێکی تر ڕوویداوه‌، ئیتر نازانم کاک شۆڕش بۆچی په‌نا بۆ "ئیختیساسی مه‌کانی" ده‌بات؟ مه‌گه‌ر خۆی له‌وێ بووبێت و سوور بزانێت که‌ نه‌وشیروان ئه‌و قسه‌ و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌ شوێنێکی سلێمانیدا کردووه‌.
هه‌رچی میدیای نه‌وشیروانه‌، ئه‌وه‌ هه‌ر باسی مه‌که‌. ئه‌و هیستیریایه‌ی گرتوویه‌تی، به‌ ئاشکرا پێمان ده‌ڵێت، نه‌وشیروان، ڕۆحی له‌ دادگاییه‌که‌ی چووه‌، چونکه‌ خۆی چاک ده‌زانێت هه‌موو تۆمه‌ته‌کان ڕاستن، ده‌شزانێت چ که‌تنێکی لێ ئاشکرا بووه‌.
Top