هەڕاجكردنی سلێمانی
June 16, 2016
وتار و بیروڕا
لەو مەسەلەی ئابووریی و شتانە گەڕێن، درۆیەكە وەك ئەوانی تر. مەحاڵە پارێزگاری سلێمانی و ئەنجوومەنەكەی شار، بێ نەوشیروان و دەستڕۆیشتووانی یەكێتی، بتوانن بڕیارێكی وا مەترسیدار بدەن، بگرە هەر بڕیارەكە هی نەوشیروان و دەستڕۆیشتوانی یەكێتییە. كەواتە ئەم بڕیارە، بە ڕەزامەندیی و تەگبیری نەوشیروان و یەكێتی دەرچووە. ئەڵبەت تەنسیقی پێشوەختەش لەگەڵ بەغدا و تاراندا كراوە. ئەمە ئەگەر لەسەر داوای ئەوان نەبووبێت. بە دڵنیاییەوە، بەغدا و تاران، بەڵێنێكیان بە نەوشیروان و یەكێتی داوە، لە بەرانبەر فرۆشتنی خاكی سلێمانیدا بە عەرەب. ڕۆژانی داهاتوو، نیشانەكانی ئەو بەڵێنانە دەردەكەون.
ئەم بڕیارەی یەكێتی و گۆڕان، كە میدیا (پرۆفیشناڵ و ئەهلی و سەربەخۆ و بێلایەن)ەكەی سلێمانی لێی بێدەنگە، سەرەتای ئەو بەڵێنەیە، كە بە تارانیان داوە: هەموو شتێك بكەن، تا بارزانی بواری نەبێت، ڕیفراندۆم بكات، یان سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت. ئەو دوو سێ ساڵە ئەم برادەرانە خەریكی ئاستەنگ دروستكردنن، دواترینیان؛ جیاكردنەوەی سلێمانییە لە كوردستان. ئەم بڕیارە بەشێكە لە هەوڵی دابڕین و جیاكردنەوەی سلێمانی.
لەم كێشمەكێش و ئاژاوەگێڕییەی نەوشیروان و بەردەستەكانیدا، سەرنجی خوێنەران بۆ دوو خاڵ ڕادەكێشم.
یەكەم: كاربەدەستانی سلێمانی ڕاست ناكەن كاتێك دەڵێن لە هەولێر و دهۆكیش وایە. با هەموو كوردستان و هاوشارییەكانم بزانن و دڵنیا بن؛ ئەو قسەیە درۆیە و لەم دوو شارە شتی وانییە، ئەو درۆیانەی ئیدارەی سلێمانی، پاكانەیەكە بۆ خیانەتەكەیان.
دووەم: باوەڕ ناكەم بە هیچ كلۆجێك خەڵكی شار ڕازی بن سلێمانی هەڕاج بكرێت؟ خەڵكی سلێمانی چۆن مەجالی ئەو فێڵە دەدەن، چۆن دەهێڵن ئەم كاربەدەستانە كە هیچیان خەڵكی شارەكە نین، ئەم خیانەتەش بكەن؟ مەحاڵە بواریان بدەنێ ئەم غەدرەش لە سلێمانی بكەن؟ چۆن دێڵن نەوشیروان و بەردەستەكانی سلێمانی هەڕاج بكەن.