بیر بکەرەوە، بخۆ، پاشەکەوت بکە

بیر بکەرەوە، بخۆ، پاشەکەوت بکە
رۆژی جیھانیی ژینگە میکانیزمی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ ھاندانی ھۆشیاریی لە تەواوی جیھاندا و بۆ کارکردن لە پێناوی چاککردنی ژینگە لە سەر ھەر دوو ئاستی حکومەتەکان و گەلاندا. ئەمەش لە پێناوی خۆشگوزەرانی مرۆڤایەتی و ئابوورییەکی باشتر و بەڕێوەبردنێکی بەرپرسیارانەی دەرامەتە سروشتییەکانی گۆی زەویدا.
راستە ساڵانە نەتەوە یەکگرتووەکان دروشمێکی تایبەت دیار دەکات بۆ ئەم رۆژە، بەڵام بە ڕای من ھێشتا ئێمە پێویستیمان بە جێبەجێکردنی دروشمی ساڵی (٢٠١٣)ـەیە کە دەڵێت: (بیرکەرەوە، بخۆ، پاشەکەوت بکە.) بەتایبەت لەم بارودۆخە نالەبارەی جیھان و لەم قەیرانە داراییەی کە بەرۆکی گەلی ئێمەی گرتووە.
دروشمی رۆژی جیھانیی ژینگە لە (٢٠١٣)دا بریتیی بوو لە (بیرکەرەوە، بخۆ، پاشەکەوت بکە.)
واتە : بیربکەرەوە پێش ئەوەی بخۆی، کەخواردیشت بیر لە پاراستنی ژینگە بکەرەوە.
ھەر لەو بەیاننامەی (پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە - یونیپ)ی تایبەت بە رۆژی جیھانیی ژینگە لەو ساڵەدا ھاتووە کە:
"بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (فاو) ساڵانە نزیکەی (١.٣) ملیار تۆن لە خۆراکی جیھان لە ئەنجامی فڕێدانی زیادەی خۆراکەوە بەفیڕۆ دەڕوات. نزیکەی (١) ملیار مرۆڤ لە کۆی (٧) ملیار دانیشتووانی جیھان برسین. ساڵانە نزیکەی سێیەکی خۆراکی بەرھەمھێنراوی جیھان بە ھۆی زیادەڕەوی لە بەکارھێناندا بەفیڕۆ دەچێت." بۆیە لە بەیاننامەکەی ئەو ساڵەی رۆژی جیھانیی ژینگەدا ھاتووە کە: "کەمپینی دەستگرتن بە خۆراکەوە دەست پێبکە لە ماڵی خۆتەوە و لەو شوێنەی خۆت خاوەن بڕیاری تێیدا."
(کورتەی بەیاننامەکە تەواو بوو)
کەواتە با بێینەوە لای خۆمان. ئێستا تۆ لە ماڵی خۆتدا دەتوانیت چی بکەیت؟
توێژەرانی ئەم بوارە ئەم رێنماییانەمان دەدەنێ:
یەکەم: ئەو بڕە خۆراکەی کە بۆ رۆژێک، یان ھەفتەیەک پاشەکەوتت کردووە لە ماڵەوەدا بەکاری بھێنە بە تەواوی، ئینجا بڕە خۆراکی دیکە بکڕە.
دووەم: ئەوەندە خواردن لێ بنێ کە زیاتر نەبێت لە ژمارەی ئەندامانی خێزان و ئامادەبووانی سەر سفرە وخوان.
سێیەم: ھیچ پاشماوەیەکی خۆراک مەھێڵەوە بۆ فڕێدان.
چوارەم: بۆ ھەر کەسەو بە قەدەر پێویستیی خۆی خواردن بکەرە قاپەکەیەوە.
پێنجەم: شیر و چای و قاوەی ساردەوەبوو فڕێ مەدە، یەڵکو پاش تێکەڵکردنیان بە بڕێک لەئاو، بیانکەرە ژێر درەخت و رووەکەکانەوە.
شەشەم: خواردن پێکەوە بخۆن، نەک بە تەنیا، چونکە بە ھەموو گەرمکردنەوەیەکی تر، وزەی کارەبا و غازی زیاتر لە دەست دەدەن.
حەوتەم: ئەگەر ھەر پاشماوەی خۆراکت ھەبوو، بیکە بە پەینی سروشتی بۆ باخچەکەت.
ھەشتەم: ئەو میوەیەی کە ئارەزووی خواردنی ناکەیت، فڕێی مەدە، بیکە بە مڕەبا.
نۆیەم: خۆراک و میوەی زیاد ھەڵمەگرە، ھەر لە سەرەتاوە بیکە بە دیاری بۆ خزمێک، یان دراوسێیەک.
دەیەم: کە بە مۆبایل دیلیڤەری داوا دەکەیت، داوای زۆر مەکە، بەڵکو بەقەدەر پێویستی خۆت داوا بکە.
یازدەھەم: ھەندێک لەو سەوزانەی دەمێننەوە، دەتوانیت وشکیان بکەیتەوە بۆ وەرزێکی دی.
دوازدەھەم: وردە نانی زیادە و تڵپەچای و توێکڵی میوەکان بکەرە ژێر خۆڵی باخچە و رووەکەکانی ماڵەوە.
سێزدەھەم: توێکڵی زۆری میوە قەبارە گەورەکانی وەک شووتی و کاڵەک بخەرە بەر ھەتاو بۆ کەمبوونەوەی کێش و لەدەستدانی بڕی ئاوەکەی، بەمەش بارستەی تەنەکەخۆڵەکەت سووکتر دەبێت، ئاویش ناخەیتە حاویەی خاشاک کۆکەرەوەکانەوە.
چواردەھەم: بزانە کە لە ڕووی ئایینییەوە ئەوە فەرمانی خودایە کە فەرموویەتی: بخۆن و بخۆنەوە و زیادە مەسرەفیی مەکەن (ۆکُلُوا ۆاشْرَبُوا ۆلا تُسْڕفُوا ) (الاعراف ٣١)
پازدەھەم: ئەوەش بزانە کە زۆر خواردن لەم سەردەمی دانیشتن و کەم جووڵەییەدا زیانی تەندروستیی زۆری بەدواوەیە.
شازدەھەم: دەکرێت ئەگەر خواردنت لەبەر مایەوە، بیخەیتە بەردەمی ئەو ئاژەڵ و پەلەوەرانەی کە خۆت ھەتە لە ماڵەوە، یان بیبەخشیتە کەسێکی نزیکت کە ئەو خاوەنی پەلەوەر بێت.
حەڤدەھەم: بەشدار بە بە ھەر ھۆکارێک بۆ رێگرتن لە برسێتی، چونکە برسێتی دۆستی تیرۆرە.
ھەژدەھەم: ئەوە بزانە کە ئاسایشی خۆراک کلیلی ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتییە.
نۆزدەھەم: بەفێڕۆدانی خواردن بکەرە دەرەوەی فەرھەنگی ژیانی رۆژانەت.
بیستەم: بیربکەرەوە پێش ئەوەی ھەر شتێک بکڕیت، بەمەش بۆ پاراستنی ژینگە یارمەتیدەر دەبیت.

Top