نامەكەی سەرۆك بارزانی لە نیسانی 2015: مەترسیەك هەڕەشە لە ئایندەی نەتەوەكەمان دەكات و یەكریزی و یەكگوتاری لەبار دەبات

نامەكەی سەرۆك بارزانی لە نیسانی 2015: مەترسیەك هەڕەشە لە ئایندەی نەتەوەكەمان دەكات و یەكریزی و یەكگوتاری لەبار دەبات
رۆژی 16ی نیسانی 2015 بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نامەیەكی كراوەی ئاراستەی (پەرلەمان، حكومەت، حزب و لایەنە سیاسییەكان و جەماوەری كوردستان) كرد و تیایدا راشكاوانە ئەو مەترسییەی پیشاندا كە هەڕەشە لە ئایندەی نەتەوەكەمان دەكات، ئەو هەڕەشەیەش لەباربردنی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی و یەكگوتاری نەتەوەكەمانە كە لە ئێستادا لە هەموو كاتێكی دیكە زیاتر نەتەوەكەمان پێویستی پێیەتی. سەرۆكی كوردستان دەستی خستە سەر ئەو راستییەی كە ئەو سەركەوتنانەی هەتا ئێستا بەدەست هاتوون، دوای پشتیوانی خوا، بەرهەمی ئەو یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە بووە كە تا ئێستا هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان پاراستوویانە و ئێستا هەنگاو بۆ دەستكەوتی زیاتر و سەركەوتنی گەورەتر دەنێین، بۆ ئەمەش سەرۆكی كوردستان داوای لە پەرلەمان و حكومەت و حزبە سیاسییەكان كردووە، كە رێگەچارەیەك بۆ رێگرتن لەو هەوڵانە بدۆزنەوە كە هەوڵی لە باربردنی ئەو یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی و یەكگوتارییەی نەتەوەكەمان دەدات، هەروەها لە نامەكەیدا داوای كردووە ئەو رێگەچارەیەی كە پەرلەمان و حكومەت و حزبە سیاسییەكان دەستنیشانی دەكەن، بە رێگەی دەسەڵاتی دادوەری و لە چوارچێوەی سەروەری یاسادا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.
ئەم نامەیە ئەگەر لە سۆنگەی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیی كوردستانەوە خوێندنەوەی بۆ بكرێت، دەبینین مەبەست و ئامانجی سەرۆكی كوردستان لەم نامەیە لەو كاتەدا چی بووە و دەكرێت لێرەدا بە چەند خاڵێك ئاماژەی پێبكەین:
1. سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەم نامەیەی لەسەر ئەو پرەنسیپە نووسیوە كە هەموو كات و بە درێژایی تەمەنی پێشمەرگایەتی جەختی لەسەر كردۆتەوە، ئەو پرەنسیپەش ئەوەیە (ئەگەر نەتەوەكەمان یەكڕیز و یەكهەڵوێست بێت، هیچ هێزێك ناتوانێت تێكمان بشكێنێت)، لەسەر ئەم پرەنسیپە هەموو حزبەكانی كوردستان بە حزبەكانی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان لەسەر ئەوە كۆكن كە بێجگە لە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی هیچ شتێك بە هانای ئەم قۆناخە هەستیار و پڕمەترسییەی نەتەوەكەمانەوە نایەت، ئەمەش مانای ئەوەیە كۆی حزبە سیاسییەكانی كوردستان هەمان ئامانج و مەبەستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان هەیە، بۆیە هەر كەسێك هەوڵبدات بە لێدوانی نابەرپرسیارانە ئەم یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە بە لاڕێدا بەرێت، لێدوانی نابەرپرسانەی ئەو كەسە (ئەوجا هەر كەسێك و سەر بە هەر لایەنێكی سیاسی بێت) تەعبیر لە رای فەرمی حزبەكەی ناكات و دەبێت سنووری بۆ دابنرێت.
2. ئەوكات كە ئەو نامەی نووسی بوو، ماوەی 10 مانگ بوو شەڕێكی سەخت و نەخوازراو یەخەی كوردستان و تاك بە تاكی نەتەوەكەمانی گرتبوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستان خۆی وەك پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوەیە و بڕیاری (شەڕی مان و نەمان)ـی دابوو، بەڵام بارودۆخی نائاسایی لە كوردستان رانەگەیاندووە، دیارە رانەگەیاندنی باری نائاسایی لەو روانگەیەوە بووە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان قەناعەتێكی لە بن نەهاتووی بە هەموو حزبە سیاسییەكان و دامەزراوە شەرعییەكانی كوردستان هەیە، بەوەی هەست بە بەرپرسیاریەتی ئەم بارودۆخە ناسكە دەكەن و پێویست نییە بارودۆخی نائاسایی رابگەیەندرێت، ئاكامی ئەم سیاسەت و بڕیارانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جێگەی شانازییە بۆ مێژووی نەتەوەكەمان و وێڕای ئەوەی لە شەڕێكی سەخت و دژوار و نابەرانبەردا سەركەوتنی گەورە بەدەستهاتوون، بەڵام باری نائاسایی رانەگەیەندراوە و نەتەوەكەمان هێندە هۆشیارە كە لە ئاستی بارودۆخە ناسك و هەستیارەكاندا بێت.
3. لە ماوەیەدا لەگەڵ ئەوەی لە شەڕدا بووین،بەڵام بەردەوام كادرە سیاسییە ناكامڵەكان لە ناو هەموو حزبەكانی كوردستاندا لێدوانی نابەرپرسیارانەیان بە رێگەی هۆیەكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاو كردۆتەوە، هەروەها وەڵام و وەڵامدانەوەش هەبووە و زۆر جار قسەی زبریش لە رووی یەكتریدا كراوە، هەموو ئەمانە وەك دەرهاویشتەی كاردانەوەی لابەلای حزبییانە و تێنەگەیشتنی هەندێك كادری سیاسی سەیر كراوە، بەڵام سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم نامەیەدا راشكاوانە روو لە هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەكات و ئاگاداریان دەكاتەوە، ئەو دەنگ و هەوڵانەی ئێستا بۆ تێكدانی یەكڕێزی كورد دەردەكەون، پەیوەندی بە سیاسەتی حزبەكانی كوردستانەوە نییە و هەندێك كەسن كە حزبەكانی خۆیان كردووە بە چەتر بۆ ئەوەی مەرامی خەڵكانی دیكە جێبەجێ بكەن، بۆیە ئەگەر بە وردی نامەكەی بارزانی بخوێندرێتەوە، هەست دەكەین ئاستی نامەكە لەوە بەرزترە كە وا پیشان بدرێت، ئەم نامەیە كاردانەوەی هەندێك لێدوانی نابەرپرسانەی كادیرانی پارتی و یەكێتییە، بەڵكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان راشكاوانە دەستنیشانی كردووە ئەو جۆرە هەوڵانە خیانەتن، بەكارهێنانی وشەی خیانەت لە نامەكەی سەرۆكی كوردستاندا، هەروا مەسەلەیەكی سانا نییە بەسەرماندا تێپەڕێت، پێویستی بەوە هەیە هەموومان پرسیار لە ویژدانی خۆمان بكەین: ئایا لە ویژدانی هەر تاكێكدا خیانەت چ مانایەكی هەیە؟ با پرسیار لە خۆمان بكەین: ئایا ئەگەر كادرێكی گۆڕان لە روانگەی حزبی خۆیەوە گەورەترین تەشهیر بە پارتی بكات و بەپێچەوانەوەشەوە كادرێكی پارتی گەورەترین تەشهیر بە بزووتنەوەی گۆڕان بكات، ئایا بەمە دەگوترێت خیانەت؟ بێگومان نەخێر، لەبەر ئەوەی رۆژانە لە هۆیەكانی بیستراو، نووسرا و بینراو، هەروەها بە رێگەی تۆڕەكانی ئینتەرنێتیش، هەموو حزبەكان هەموو شتێك بە یەكتری دەڵێن، كەسیش نەیوتووە ئەوە خیانەتە، راستە ناخۆشە ئەو شەڕە دەنووكە هەبێت، بەڵام شەڕە دەنووكی حزبایەتی ئاساییە و بە خیانەت هەژمار ناكرێت و ئەو وشەیەشی بۆ بەكار نایەت، بۆیە گرنگە لەسەر بەكارهێنانی وشەی خیانەت لە خۆمان بپرسین: مانای خیانەت چییە؟ بێگومان خیانەت ئەوەیە كوردێك خۆی بە سیاسەتمەدار و تێكۆشەر بزانێت و جورئەتی ئەوە بكات بڵێت: (شنگال، یان خانەقین، یان كەركووك) كوردستان نییە، جورئەتی ئەوە بكات و بەیاننامە دەربكات و بڵێت: (جیاوازی لە نێوان حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگە) نییە، كادری سیاسی هەبێت ناڕاستەوخۆ و بەناوی ئازادی رادەربڕینەوە شەرعییەت بە پارچەپارچەبوونی كوردستان بدات، ئایا ئەمانە ئازادی رادەربڕینن، یان خیانەتی نیشتمانین؟!
4. هەندێك لە سیاسەتمەداران ئەوكات جۆرێك لە سەرسوڕمانیان سەبارەت بە نامەكەی بارزانی پیشاندەدا و بەوجۆرە تێڕوانینی خۆیان لەسەر ئەو نامەیە دەخەنەڕوو، وەك ئەوەی نەزانن مەبەست لە ناوەرۆكی نامەكە چییە! بەڵام دوای ئەم نامەی بارزانی كە لە 16ی نیسانی 2015 ئاراستەی پەرلەمان و حكومەت و هەموو حزبەكانی كوردستانی كرد، درەكەوت چ پیلانێك بۆ ئاژاوەگێری و لێدانی كونسڵخانە و كۆمپانیاكانی نەوت و تێكدانی ئارامی سەقامگیری كوردستان بوونی هەبووە، كە ئێستا داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستاندا ئەو كەسە بە فەرمی بانگهێشتی دادگا دەكات كە بە دەنگی تۆمار كراوی خۆی هەموو ئەو مەترسیانە ئاشكرا دەكات، كە سەرۆك بارزانی حكومەت و پەرلەمان و حزبە سیاسیەكان و تەواوی خەڵكی كوردستانی لێ ئاگادار كردبووەوە.
Top