نه‌وشیروان و ته‌زکییه‌

نه‌وشیروان و ته‌زکییه‌
هه‌ر که‌س و حزبێک پاشکۆ، براده‌ر، یان بچووکی نه‌وشیروان مسته‌فا بێت، گه‌نده‌ڵ نییه‌، ئه‌گه‌ر ڕۆژی سه‌د ته‌نکه‌ر نه‌وتی قاچاخیش ئاودیو بکات. ئه‌گه‌ر پئچه‌وانه‌که‌ی بێت، فربشته‌ش بێت، هه‌ر دز و جه‌رده‌یه‌ و ده‌که‌وێته‌ به‌ر غه‌زه‌بی تێبه‌ردانی میدیای سێبه‌ری سلێمانی.
ئه‌مه‌ قسه‌ی من یا هیچ که‌سێکی تر نییه‌؛ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ بێسه‌روبه‌ره‌یه‌ که‌ هه‌ر مرۆڤێکی ساده‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕێککه‌وتنه‌که‌ی نه‌وشیروان و به‌شێکی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی لێی ده‌رده‌چێت. ئاخر نه‌ک ئه‌و به‌شه‌ی یه‌کێتی که‌ ڕاده‌ستی نه‌وشیروان بوونه‌وه‌، بگره‌ هه‌موو یه‌کێتی، له‌ نه‌زه‌ر و به‌قسه‌ی نه‌وشیروان و میدیاکه‌یدا، به‌ هه‌تاو و سێبه‌رییه‌وه‌، تا چه‌ند ڕۆژێک پێش ڕێککه‌وتنه‌که و تابچوکایه‌‌تیان بۆ نه‌وشیروان نه‌ده‌کرد، گه‌نده‌ڵترین گه‌نده‌ڵانی کوردستان و دنیا بوون، که‌چی هه‌ر که‌ چوونه‌وه‌ بنده‌ستی نه‌وشیروان، ته‌په‌تۆزی گه‌نده‌ڵیان لێ ته‌کاندن و بگره‌ به‌ پێی ده‌قی ڕێککه‌وتنه‌که‌، بوونه‌ته‌ له‌شکری نه‌وشیروان بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی!!
ئه‌وانه‌ی تا دوێنێ، به‌ قسه‌ی نه‌وشیروان و میدیاکه‌ی، ته‌نیا درۆ و دراویان شک ده‌برد، به‌ ته‌زکییه‌ی نه‌وشیروان بوونه‌ پارێزه‌ری ماڵی گشتی!!
ئه‌و ته‌زکییه‌یه‌ی نه‌وشیروان بۆ ئه‌و به‌شه‌ی براده‌رانی یه‌کێتی، له‌ پسووڵه‌ی لێبووردنی پاپاکانی سه‌ده‌The کانی ناوه‌ڕاست و کلیلی گیرفانی پاسدارانی هه‌شتاکان و داعشه‌کانی ئه‌مڕۆ ده‌چێت: ئه‌وانه مژده‌ی به‌هه‌شت به‌ قوربانییه‌کان ده‌ده‌ن، نه‌وشیروان مزگێنی و شه‌هاده‌ی پاکبوونه‌وه‌ له‌ گه‌‌نده‌ڵی ده‌به‌خشێته‌وه‌.
ته‌سلیمبوون به‌م تێگه‌یشتنه‌ سه‌قه‌ت و نا مه‌نتیقییه‌، قانوون و عه‌داله‌ت ڕه‌وانه‌ی گۆڕستان ده‌کات، نه‌وشیروانیش له‌ سه‌رۆکێکی هه‌ڵنه‌بژێردراوی حزبۆکه‌یه‌که‌وه‌ ده‌کات به‌ مورشیدی ئه‌علا.
ئاخر ته‌نیا مورشیدان، توانای ته‌زکییه‌کردن و شایه‌تیی پاکوبێگه‌ردی خه‌ڵکیان هه‌یه‌. هه‌ر ئه‌وانن قسه‌یان له‌ سه‌روو قانوونه‌وه‌یه‌ و که‌سیش بۆی نییه‌ قسه‌ له‌ قسه‌یاندا بکات.
ئێستا ده‌زانن بۆچی نه‌وشیروان نه‌ سیستمی سه‌رۆکایه‌تی ده‌وێت و نه‌ سه‌رۆک؟ بۆ ئه‌وه‌ی عه‌بدوڵڵا و عه‌لی و یوسف)ه‌کان به‌ناوی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌رداته خه‌ڵک، جه‌نابیشیان (مورشیدی ئه‌علا) بێت.
باوه‌ڕ ناکه‌م برایانی یه‌کێتی نه‌زانن که‌ نه‌ نه‌وشیروان ئه‌هلی ده‌ستنیشانکردنی پاکیی و پیسیی خه‌ڵکه‌، نه‌ به‌ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان که‌س پاک ده‌بێته‌وه‌، نه‌ ته‌زکییه‌ی نه‌وشیروان بۆ ئه‌مدیو تاسلووجه‌ ده‌خوات.
Top