ئێمە گەلێكی بێ دەوڵەت و بێ سنور و بێ شورەین، ئەوە پێشمەرگەن بە خوێنی خۆیان دەمانكەنە خاوەن دەوڵەت، سنورەكانمان بۆ دەكێشن، شورەمان لە دەور ئەكێشن. تەنیا ئەوانن نیشتمانمان بۆ دەسازێنن. تەنیا ئەوانن دەڕۆن بۆ ئەوەی ئێمە بمێنین. دەست لە ژیان بەردەدەن تا ئێمە دەستمان لە ژیانێكی سەربەرزانە گیر بێ. تەنیا ئەوانن مناڵەكانیان بێناز و بە نابەدڵ جێدەهێڵن، تا مناڵەكانی ئێمە ئاسودەتر بژین. تەنیا ئەوانن وەجاغی ماڵی خۆیان كوێردەكەنەوە، چرای ماڵی خۆیان خامۆش دەكەن تا وەجاغی نیشتمان ئاوەدان و چرای نیشتمان گەشتر بسوتێ. تەنیا ئەوانن سەردەنێنەوە تا ئێمە لەبەرچاوی دۆست و دوژمن سەربەرز بین. تەنیا ئەوانن بێ بەش دەبن لە نیشتمان تا ئێمە ببینە خاوەنی. تەنیا ئەوانن لە بری هەمومان بە گیانی خۆیان باجی گرانی ئازادی دەدەن، بە خوێن مەسرەفی سەربەخۆیی دەكێشن تا ئێمە چیتر مل كەچ و بندەست نەبین. تەنیا ئەوانن لە زمانی چاوچنۆكانەی سیاسەت و بەرژەوەندخوازی و پۆست و پلە و پایە تێناگەن، خۆنەویستانە و بێ داوا و بێ نیاز سنگ دەكەنە قەڵغان و بەدەم ناوی كوردستانەوە هەرزان و بێ مەرام و بێ خواست خۆ بەدەم روباری شەهادەتەوە دەدەن. تەنیا ئەوانن پشت لە ناكۆكی و شەڕی بێ مروەتانەی ئەحزاب و تەماعكارانەی بازرگانانی سیاسەت، تەنیا چاوی سەرۆك و دڵی نیشتمان دەبینن و بێ باكانە هەڵمەت دەبەن. لەم دونیا پڕ خۆپەرستی و كینەخوازی دووروییەدا، تەنیا پێشمەرگەن سەرفی نەزەر لەو هەموو بێمروەتی و بێ ویژدانییە دەكەن و هێشتاش ئێمە بە شایستەی سەربەخۆیی و ئاسودەیی دەزانن و لە پێناوماندا گیانێك بەخت دەكەن كە لە گیانی هەر هەمومان بە نرختر و پیرۆزترە.
تەنیا پێشمەرگە نیشتمانسازن، تەنیا ئەوان و رەوانی شادی هاوسەنگەرە شەهیدەكانیان خاوەنی راستەقینە و شەرعی ئەم نیشتمانەن. ئەوانەی پێشمەرگە نین و خۆشیان بە خاوەن و ئایندەسازی ئەم ووڵاتە ئەزانن، دەبێ شەرمی خوێنی پێشمەرگە بیانگرێ. دەبێ شەرمی ئەم میللەتە ستەمچەشتووە بیانگرێ كە لەسەر سوفرەی بەتاڵ نزای خێر و سەلامەتی و سەركەوتن بۆ پێشمەرگە دەكات. ئەوانەی لە رۆڵ و گیانبازیی ئەفسانەیی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدان كەمدەكەنەوە، دەبێ سەری لوتی خۆیان رەش كەن و شەرمەندانە و سەركزانە لە نیشتمانێكدا بێ دەنگ بژین كە رۆژانە بە خوێن درێژە بە مانەوەی دەدرێت.
دەبێ تەنیا پێشمەرگە دەنگ و ئیرادە و بڕیاردەر و رەنگڕێژی ئایندەی ئەم نیشتمانە بن، نەك ئەوانەی لەم شەڕە چارەنوسساز و هەڵمەتی گیانبەخشینەدا، خۆیان لە كونەكانیان ئاخنیوە و هێندەش رووقایم و بێ ویژدانن هێشتاش رێبەخۆیان دەدەن،سوك سەرنج بدەنە پێشمەرگە و قوربانییەكانی.
ئەوانەی نیشتمان دەسازێنن، دواجار هەر دەشبێ ئەوان خاوەنی بن.