میدیای سێبەری سلێمانی
May 30, 2016
وتار و بیروڕا
میدیای سلێمانی كە بە باش و بە خراپ، خۆی لەم هەواڵە مەترسیدارە نەبان دەكات، هەرچی قسەی گەورە و ئیدعاكانێتی دەكەوێتە بەردەم گومانێكی زۆر جیددی خەڵك. بۆیە دەڵێم خەڵك، ئێمەومانان دەمێكە دەزانین ئەم جۆرە میدیایە چییە و دەستی لە گیرفانی كێدایە و خزمەت بە كێ دەكات.
باشە، ڕۆژنامەیەكی نێودەوڵەتی بە ئاشكرا بڵاوی كردووەتەوە كە ئێران خەریكی ڕۆنانی بنكەیەكی سەربازییە لە سەیدسادق، ئەم میدیا جوانە، ئەگەر تا ئەمڕۆش لەو بنكەیە بێئاگایە كە بێئاگا نییه، بۆچی تەحقیقێك لەم هەواڵە ناكات؟ دەزانم میدیای سێبەری سلێمانی، لەبەر خاتری خاتران، خۆی كەڕ دەكات، بەڵام با هیچ نەبێت ئەگەر بە درۆش بێت كە پیشەی سەرەكی ئەم میدیایە، ناڕاستی ئەو هەواڵانەمان بۆ بسەلمێنێت.
ئەو ڕۆژانەی باس لە هاتنی چەند یەكەیەكی سوپای توركیا بۆ دەوروبەری موسڵ دەكرا، ئەو ڕۆژانەی پەكەكە، هاواری لێ هەستابوو گوایە هەرێمی كوردستان لە سنووری كوردستانی ڕۆژئاوا خەندەقی لێداوە، ئەم میدیا (سووپەر پرۆفیشناڵە) لە هەڵایان دابوو، بە هیچ هێور نەدەبووەوە. كەچی ئێستا، وا لە پەنای گوێیاندا، باس لە بنكەیەكی سەربازیی ئێران دەكرێت، بێ ئەوەی سلێمانی و سەید سادق هیچ سنوورێكیان لەگەڵ داعشدا هەبێت و هیچ مەترسییەكی داعشیان لەسەر بێت، ئەم میدیا گوماناوییە، فزەی لێوە نایەت. بە هەمان شێوە، ئێستێ پەكەكە، نەك نێوان هەرێم و كوردستانی باكوور و ڕۆئاوای خەندەقڕێژ كردووە، بەڵكو هەموو شار و گوندەكانی بندەستی بە خەندەق لێكدابڕیووە، بگرە لە نێوان گەڕەكەكاندا دەبێت بە مۆڵەت لە خەندەقەكان بپەڕیتەوە، كەچی میجدیای سلێمانی تەقەی سەری دێت. .
ڕاستتان دەوێت، ساڵانێكە ساغ بووەتەوە كە میدیای سێبەری سلێمانی، لە دۆڵێكدا دەژی و میدیای پیشەییش لە دۆڵێكی تر.
دەگوترێت، هەر حوكمێكی ڕەها لەسەر هەر دیاردە و گۆڕاوێكی نێو كۆمەڵگە، خراپە، هاوزەمان زانستیش نییە، بەڵام وا دیارە میدیا سێبەرەكەی سلێمانی، گومانی لەسەر ئەم ڕاستینە سادەیەش دروست كردووە، ئاخر ئەم میدیایە بە گشتی، دەڵێی كۆپی یەكترن، جاری وا هەیە، خاڵبەندیی ڕاپۆرتەكانیشیان وەك یەكە.
هەر كەسێك، هەفتەیەك، تەنیا هەفتەیەكی بەسە بۆ ئەوەی دەرك بكات، ئەم مۆدێلەی میدیا كە لە سلێمانی باوێتی، ناكەوێتە چوارچێوەی هیچكام لە مۆدێلەكانی میدیا لەو بەشەی دنیادا كە كەمتازۆرێك ئاگامان لێیەتی.
ئەوەی میدیای سێبەری سلێمانی، دەیكات، بە بڕیار و بەرچاوڕوونییەوەیە، نەك نەزانێت یان بێئاگا بێت.
بۆیە ئەزمەكەی ئەم میدیایە، ئەخلاقییە، نەك پیشەیی.