با بپرسین: بۆچی هەموو خەڵك لە وەزعی زانستیی زانكۆكان نیگەرانە؟

با بپرسین: بۆچی هەموو خەڵك لە وەزعی زانستیی زانكۆكان نیگەرانە؟
زانكۆكانی سەرتاسەری دنیا جێگای رۆشنبیری و توێژینەوەی زانستین. ئەو قسەیە ڕاستە ئەگەر بێتو زانكۆكان كاری خۆیان بكەن وەك بۆی دامەزراون و لە نێوان خۆشیان كێبڕكێ بكەن، بەڵام ئەوەندەی زانیاری و بەدواداچوونم هەبووە بۆ زانكۆكانی دنیای پێشكەوتوو، ئەوەم لا گەڵاڵە بووە كە ژمارە و ڕێژەیەكی كەم لە خوێندكاران دەتوانن و بۆیان مەیسەر دەبێ كە خوێندنی زانكۆیی تەواو بكەن.
لە ساڵی (٢٠٠٥) لە سەفەرێكم بۆ وڵاتی بەریتانیا پرسیم ئایا لەو شوێنەی كە خوێندنی پێش زانكۆیی تیا دەخوێندرا، چەند كەس و چ ژمارەیەك دەگاتە زانكۆ؟.
لە وەڵامدا پێیانوتم: تەنیا (٢٠% - ٢٥%) لە ژمارەی گشتیی خوێندكارانی ئامادەیی دەتوانن لە زانكۆكانیان بخوێنن و باقی ئەوانی دیكە دەچن بۆ كار و خوێندنی پیشەیی و لە تەمەنی گەنجی و لاوی و لە خولی جیاجیا ڕاهێنانیان بۆ دەكەن و دواتر دەچنە بواری پیشە و پارە پەیداكردنەوە، چونكە خوێندنی زانكۆیی و ئەكادیمی لەلایەك قورسە و ئاسان نییە تەواوكردنی و لەلایەك پارە و پولی زیاتر و كاتیشی دەوێت بۆ تەواوكردن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەكالۆریوس. هەرزوو لەوە تێگەیشتم كە بۆچی تەنیا ڕێژەیەكی كەمیان دەتوانن بچن بۆ خوێندنی زانكۆ. چونكە هۆكارەكانی دیار و ڕوونن (خەڵك سەیری توانا و ئامادەیی خۆی دەكات) كە ئایا بۆ چ بوارێك بەتوانایە و هەم خۆی حەزی لێیە و بەهرەمەند دەبێ، هەمیش گرانی لەسەر كۆی گشتی بودجە سووك دەكات.
بۆیە من چەند دیاردەیەك باس دەكەم لە خوارەوە كە هەموویان پێمان دەڵێن لەو بارەیەوە گرفتی گەورە لە كوردستاندا هەیە:
بۆ نموونە:
1. ئایا بۆچی ئەم ژمارە زۆرە گەنجە دەیانەوێت و هەر دەبێ بەكالۆریوس بە دەست بهێنن و ئایا ئەو خوێندكارانە بۆ بڕینی ئەم ڕێگا دوورو درێژە ئەو توانا باشەیان هەیە؟
2. وەك تێبینی دەكەین كە ڕۆژ بە داوی ڕۆژ هاوسەرگیری كچان و كوڕانی زانكۆ زیاددەكات، خوێندكار هەیە هەر لەگەڵ وەرگرتنی لە زانكۆ لە ساڵی یەكەم هاوسەرگیری دەكات. واتە زانكۆكان جگە لەوەی وەك شوێنی فكر و بیرو زانست سەیر بكرێن، وەك شوێنی تێركردنی ئارەزووەكان سەیر دەكرێن.
3. سەرەتای ساڵ درەنگ دەوام دەست پێ دەكات و زۆربەی ساڵەكان هەفتەی یەكەمی خوێندن كە زانكۆ ڕایدەگەیەنێ هەر زۆر بە ئاسایی خوێندكاران نایەن بۆ زانكۆ واتە هەفتەیەك (طرح)ـە.
4. بەگشتی جگە لە پشووە فەرمییەكان نزیك بە یەك مانگ لە ساڵی خوێندن دەڕوات بەس بە لێدانی خوێندكاران لە پێش بۆنە و پشووەكان و دوای بۆنە و پشووەكان هەندێك جار بە بێ بۆنەش دەوام بۆ چەند ڕۆژێك هەر لێی دەدرێت. ئەوە ئەگەر وەزع و بارودۆخ زۆریش ئاسایی بێت!
هەر خۆی ئەم چەند خاڵەی سەرەوە ئەوەمان پێ دەڵێ كە ئاستی زانستی زانكۆكان دەبێ نزم بێ، چونكە دیاردەكان و واقیعەكە بە ڕوونی پێمان دەڵێن كە خەڵك وا دەزانن زانكۆ بۆ خۆدەرخستن و كات بە سەربردن و وەرگرتنی بڕوانامەی بەكالۆریوسە.
دیاردەی وێنەی (دەرچوون) كە ساڵانە زانكۆكان لە كۆتایی مانگی (٤) و سەرەتای مانگی (٥) ئەنجامی دەدەن، دەیكەن بە كەرنەڤاڵی خۆ نمایشكردن بە جلوبەرگ و جۆرەها وێنەی بە یەكەوەیی و بە كۆمەڵ و بە تاك دەگرن، ئەوەش ئەو پرسیارەمان بەرسەردا دەسەپێنێ كە ساڵانە ئەم هەموو خەرجییە لەم پڕۆسەیە دەكرێ و چەندین وێنەی (داهێنان) دەگیرێ و پێشكەش دەكرێت. كێبڕكێیەكە لەسەر ئەوەی كە كام بەش و كۆلێج و فاكەڵتی خوێندكارەكانی جوانترین (وێنەیان) نمایش كردووە.
ئەرێ بۆچی ساڵانە لە هەر زانكۆیەك یەك خوێندكار شتێكی نوێمان پێ ناڵێ و توێژینەوەیەك ئەنجام نادات؟ ئەوە پرسیارێكە دەبێ زانكۆكان و سەركردەكانی زانستی و كارگێڕی هەڵوێستەی لەسەر بكەن. تاوەكو هەم خوێندكار خۆی، هەم زانكۆش سوودمەند بێت.
بۆیە ئەم بابەت و دیاردانە دەبنە هۆكاری ئەوەی كەسێك لە دەرەوەی زانكۆش بێت بۆچوونی وای لادروست بێت كە مادام ئەم هەموو دیاردە نازانستییە نالۆجیكە لە زانكۆكان دەگوزەرێ، ساڵانە لە جیاتی تەواوكردنی پڕۆگرام و خوێندنی (٣٠) هەفتەی خوێندنی ساڵ بە نیوەی ئەم ماوەیە یاخود شتێك زیاتر ساڵ تەواو دەبێت. زۆرجار وابووە هیچ لێپێچینەوە لەم هەموو دەوام نەكردن و لێدانی دەوامە نەكراوە و لەوانەشە خوێندكاران تا ڕادەیەك بە نمرەی باشیش دەرچووبن! بەو هەل ومەرجەش چۆن ئاستی زانستیی زانكۆكان و توانستی دەرچووانیان ناكەوێتە ژێر پرسیارەوە و بەگشتی گلەیی لە زانكۆكان ناكرێت؟
* بابەتێكی دیكە ئەوەیە زانكۆكان لە چەند ساڵی ڕابردوو هیچ داهێنان، یاخود توێژینەوە و بیرۆكەیەكی وایان نەخستۆتە بەردەست و ڕێگاچارەی هیچ گرێیەكیان نەدۆزیوەتەوە.
زۆرجار لە مامۆستایانی زانكۆ و ئەكادیمییەكانم بیستووە كە دەڵێن: بۆچی سیاسییەكان و بەرپرسە باڵاكانی هەرێم بۆ چارەسەری گرفتێك پرس بە زانكۆكان و مامۆستایانمان ناكەن و ڕاو بۆچوونیان وەرناگرن؟ ئەمە دەكەنە گلەیی و ڕەخنە. ئەمەش گرفتێكی گەورەیە، دەبێ زانكۆكان خۆیان خۆیان بسەپێنن و بسەلمێنن، دەبێ ڕاگەیاندنی زانكۆ چالاكانە توانستی زانكۆ و داهێنانەكان بگەیەنێتە دەرەوەی زانكۆ. دەبێ زانكۆكان ڕایەڵەی پێوەندی بە دەرەوە توندوتۆڵ بكەنەوە، و دەزگاكانی دەوڵەتی ناچار بكەن سوود لە توێژینەوەكان و بۆچوونەكانی زانكۆكان وەربگرن. واتا نابێ ئەكادیمیستان و زانایانی زانكۆ چاومان لەوە بێت دەرەوەی زانكۆ بڵێن لە كوێن، دەبێ ئێمە بڵێین ئا ئەوەتە لێرەین.

*سەرۆكی زانكۆی كۆیە

Top