کێشەی نەبوونی فەلسەفە لە سیاسەتی ئابووريی کوردستاندا

کێشەی نەبوونی فەلسەفە لە سیاسەتی ئابووريی کوردستاندا
سیاسەتمەدارانی کوردستان کەم تا زۆر تا ئێستا بۆ ئابووریی کوردستان باس لە بازاڕی ئازاد دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدا کە حکومەت گەورەترین وەبەرهێن و زۆرترین ژمارەی کارمەندی لە چاو بازاڕی ئازاد هەیە، لە هەمان کاتدا وەزارەتێکیشی بە ناوی وەزارەتی پلاندانان هەیە، ئەمانەش هەموویان لە ڕووی سیاسەتی ئابوورییەوە دژبەیەکن، لە هەمان کاتدا خۆی لە خۆیدا نەبوونی فەلسەفەیەکی ڕوون بۆ چۆنێتی بەڕێوەبردن و پێشخستنتی ئابووریی کوردستان دەگەیەنێت. ئەو سیاسەت و ڕوانگەیە لە ڕووی فەلسەفەی ئابوورییەوە دوو کێشەی سەرەکییان هەیە. یەکەم: پێشبینی دەکرێت لە سایەی بازاڕی ئازاددا حکومەت هیچ دەستێوەردانێک لە بازاڕدا نەکات، جگە لە دانانی چوارچێوەی یاسایی بۆ کارکردنی بازاڕ، بەڵام حکومەت نەک هەر دەست وەردەدا لە کاروباری بازاڕدا، بەڵکو بە هۆی سیاسەتی دەستێوەردانەوە بازاڕی کاریشی بە خراپ تێکداوە. دووەم: لەو سیاسەتەدا، حکومەت بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی هەستیاریی قۆناغی گەشەکردنی ئابووریی کوردستانی وەک ئابوورییەکی ناگەشەکردوو نەکردووە. هەر بۆیە زۆربەی گوتارەکان قسەی سەرزارەکین و هیچ تێگەیشتن و لێکدانەوەیەکی ئەکادیمیانەیان لە پشتەوە نییە، ئەم خاڵەش پێویستی بە هەڵویست و شیکردنەوەی تایبەتی خۆی هەیە.
فەلسەفەی بازاڕی ئازاد

چەمکی فەلسەفەی بازاڕی ئازاد، سەرچاوەی لە ڕوانگەی گەورە ئابووریناسی بەریتانیاوە، ئادەم سمیس-ـەوە (Adam Smith 1723-1790) هەڵگرتووە. ئادەم سمیس لە کتێبە بەناوبانگەکەی، سامانی وڵاتان (The Wealth of Nations) باس لەوە دەکات کە ئەگەر حکومەت دەست لە کاروباری ئابووریی وڵاتدا وەرنەدات، ئەوا دەستێکی شاراوە هەیە کە هەموو کات ئابووری دەهێنێتەوە باری هاوکێشەیی. بە واتا هێزەکانی داخوازی و خستنەڕوو هەموو کات یەکسان دەبن. ئادەم سمیس ئەرکەکانی حکومەت لە ئابووریدا لەوەدا دەبینێتەوە کە دەبێت چوارچێوەی یاسایی بۆ کاروبار و ئاڵوگۆڕەکان دابنێت و ئەمن و ئاسایشی بازاڕ و نەتەوە بپارێزێت. لێرەدا، ئادەم سمیس دانی لە سەر دوو هێزی بازاڕ بۆ پێشکەوتنی ئابووری داگرتووە. یەکەم: دابەشکردنی کار، دووەم: یاسای کەڵەکەکردنی سەرمایە. لە ڕوانگەی ئادەم سمیسەوە، کەڵەکەکردنی سەرمایە و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و پسپۆڕیی کرێکار و بازرگانیی ئازاد سەرچاوەی گەورەبوونی سامانی نەتەوەن.

بیروباوەڕەکانی ئادەم سمیس لە کاتێکدا برەوی سەند کە بەریتانیا بە شۆڕشی پیشەسازیدا تێدەپەڕی (1750-1840). ئەم قوتابخانەیە بوو بە بناغەی سەرهەڵدانی قوتابخانەی ئابووریی لیبڕاڵی کە بە مانچیستەر لیبڕاڵەکان ناوبانگی دەرکردبوو. لە پاڵ ئەم ڕوانگە و بۆچوونەدا، قوتابخانەی مارکسیزم لە ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا بڕوای وابوو سەرمایەداری قۆناغێکی گوزەرییە لە قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و خۆی لە ناخی خۆێدا کێشەی گەشەکردنی دیالێکتیکی هەیە کە تۆوی لەناوبردنی خۆی دەچێنێت. بە بڕوای کارل مارکس (Karl Marx, 1818-1883) شێوەی خاوەندارێتی تایبەتی و پێوەندیی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی سەرمایەداری دوو جەمسەری دژبەیەکن و لە ئەنجامی ئەمەشدا سەرمایەداری لە ناو دەچێت. لە دەرەوی قوتابخانەی مارکسیزم، بیروڕاکانی قوتابخانەی ئابووری لیبڕاڵەکان لە ڕووی سیاسەتی حکومەتەکانی ئەو کاتەی بەریتانیا و ئەوروپاوە بە تەواوی پەیڕەوی لێدەکرا.
قەیرانی کۆتایی بیستەکان و سەرەتای سیەکانی سەدەی ڕابردوو کە بە نشێوی مەزن (The Great depression) نێوبانگی دەرکردووە، قوتابخانەی ئابووریی لیبڕاڵی خستە ژێر پرسیارەوە. لەو قەیرانەدا کە هەموو سیستەمی سەرمایەداری گرتبووەوە، دەیان هەزار کۆمپانیا تێکشکان و ڕێژەی هەڵئاوسان هێندە بەرز بووەوە کە لە هەندێ وڵاتی وەک ئەڵمانیادا گەیشتبووە 2000% ، لە هەمانکاتدا ڕێژەی بێکاری لە ڕادەبەدەر بەرز بووبوەوە و نرخی کاڵا خاوەکانیش داشکاندنێکی یەکجار زۆریان بەسەردا هاتبوو.


ئابووریناسان، بەتایبەت جۆن ماینەرد کێنزی بەریتانی (John Maynard Keynes, 1883-1946) پرسیاری ئەوەیان دەکرد کە بۆچی سەرمایەداری تووشی ئەم نوشستییە گەورەیە بووەتەوە لە کاتێکدا حکومەتەکان بە پێی پەیڕەوی کردنی قوتابخانەی ئابووری لیبڕاڵیزم هیچ دەستێوەردانێکیان لە بازاڕی ئازاددا نەکردووە! لە وەڵامدا، کێنز گەیشتە ئەو بڕوایەی کە سەرمایەداری خۆی کێشەی بنچینەیی هەیە، تەنانەت ئەگەر حکومەتیش هیچ دەستێوەردانێک لە بازاڕدا نەکات، ئەوا سیستەمی ئابووریی سەرمایەداری هەر تووشی قەیران دەبێت. بۆیە ئامۆژگاری حکومەتەکانی کرد کە دەبێت بە شێوەیەکی کارا هەوڵبدەن لە هەڵبەز و دابەزەکانی بازاڕی ئازاد کەم بکەنەوە، بەوەی کەرتی گشتی (کەرتی حکوومی) نەخشێکی زۆر کارای لە ئابووریدا هەبێت. هەر دوای جەنگی جیهانی دووەم، حکومەتەکانی ئەوروپا بەتایبەتی بەریتانیا پەیڕەوی سیاسەتە ئابوورییەکانی کێنزیان کردو هەموو گەورە پیشەسازییەکانیان خستە ژێر دەسەڵاتی حکومەتەوە و حکومەت بوو بە گەورەترین بەکاربەری هێزی کار. ئەو ماوەیە هەتا ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی پێشوو، ئابووریی وڵاتە ئەوروپییەكان گەورەترین ڕێژەی گەشەکردنی ئابوورییان کرد و ڕێژەی بێکارییان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاند.


ئەڵبەتە لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی پێشوودا قوتابخانەی کێنزیەنیزم تووشی کێشە بوو. لە ساڵی 1973 نرخی نەوت لە بازاڕدا سێ قات بەرزبووەوە، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری لە وڵاتە سەرمایەدارییە پێشکەوتووەکاندا. قەیرانەکە بە شێوەیەک بوو کە بە پێچەوانەی پێشبینییەکان و بناغەکانی قوتابخانەی کێنزیەنزمەوە، ڕێژەی بێکاری و هەڵئاوسانی نرخ لە هەمان کاتدا زۆر بەرزبوونەوە. نەبوونی لێکدانەوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ ئەو دیاردەیە ڕێگەی خۆشکرد بۆ هاتنەکایەی قوتابخانەی ئابووری لیبڕاڵی نوێ کە دەستێوەردانی حکومەتی بە هۆکاری سەرەکی دەزانی بۆ سەرهەڵدانی ئەو قەیرانە. بۆیە ئەو قوتابخانە نوێیە جاڕی بۆ بە تایبەتی کردنی پیشەسازییەکانی حکومەت دا، لە هەمان کاتدا بە پێویستی زانی کە حکومەت چیدی دەست لە کاروباری ئابووری وەرنەدا و قەبارەی خۆی بچووک بکاتەوە. لەو کاتەوە، ئەم قوتابخانەیە زاڵە لە ڕووی سیاسەتی ئابووریی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا.
ئەزموونی وڵاتە هەژارەکان


بەسەرهاتی وڵاتانی هەژار، ناسراو بە وڵاتانی جیهانی سێیەم، زۆر جێاوازە لە ئەزموونی وڵاتە پێشکەوتووەکان. زۆربەی ئەو وڵاتانە لە شەستەکانی سەدەی پێشوودا سەربەخۆییان لە وڵاتانی داگیرکەری ئیمپریالی بەدەستهێنا. بە پێچەوانەی پێشبینی سیاسەتمەدارانی ئەو کاتەی جیهانەوە، گەشەکردنی ئابووریی ئەو وڵاتانە بەو شێوەیە نەبوو کە بۆ پێشکەوتنی کومەڵایەتی و سیاسی ڕێگە خۆش بکات. هەرچەندە هەندی ئابووریناسی ڕۆژئاوایی ئازادبوونی ئەو وڵاتانە لە دەست داگیرکەرانیان بە دووڕیانی وەرچەرخان (Critical Juncture) ناودەبەن و لۆمەی ئەو وڵاتانە دەکەن کە ئەو هەلەیان نەقۆستەوە بۆ گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەو وڵاتانە لە ڕووی مێژوویی و گەشەکردنی کۆمەڵایەتییەوە ئامادە نەبوون بۆ قۆستنەوەی ئەو هەلە. هەر لەبەر هەمان هۆ، لە زۆربەی ئەو وڵاتانە دیکتاتۆری تاکە کەسی یا دیکتاتۆری سوپا فەرمانڕەواییان گرتەدەست و ئەو سامانە سنووردارەی کە وڵاتەکانیان هەیانبوو، بەفیڕۆیان دا. هەر لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی پێشوودا بەرەی یەکێتی سۆڤیێت بانگەشەی ئەوەی دەكرد کە ئاستەمە وڵاتانی جیهانی سێیەم لە سایەی سەرمایەداری جیهاندا گەشە بکەن، چونکە وڵاتە ئیمپریالیستەکان ناهێڵن تەکنەلۆجیایان پێبگات و لە بەرژەوەندی وڵاتانی گەشەکردوودا نییە وڵاتانی هەژار پێشبکەون. هەر بۆیە جاڕی ئەوەیان دەدا کە ئەو وڵاتانە دەبێت ڕێگای سۆشیالیستی هەڵبژێرن و بە یارمەتی بەرەی سۆشیالیستی پێشکەوتنی ئابووری و سیاسی بەدەست بهێنن. ئەڵبەتە لەو ڕوانگەیەوە تێزێکی ئابووری هەڵقوڵا کە پێی دەگوترا: تێزی وابەستەیی (Dependency Theory) کە لەم وتارەدا بوار نییە بە ورد و درشتیدا بچینەوە. هەر بە بیانووی هەمان هۆ، یەکێتی سۆڤیێت پشتیوانی سەرسەختی لە گەلێک ڕژیمی دیکتاتۆری وەک ڕژیمی جەمال عەبدول ناسر و حافیز ئەسەد و ڕژیمی بەعسی بەغدا و دەیەها ڕژیمی دیکتاتۆری خۆێنڕێژی لەو جۆرەی کرد.


لە کۆتایی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە هۆی چەند هۆکاری لە یەک جیاواز، وڵاتانی هەژار (گەشەکەر) بوون بە ژێر هاواری قەرزێکی دەرەکی بێ ئەندازەوە. ئامۆژگاری سەندوقی دراوی جیهانی (International Monetary Fund) و بانکی جیهانی (The World Bank) کە لە ژێر کارتێکەری ئایدیۆلۆجی لیبڕاڵی نوێدا بوون، ئەوە بوو کە ئەو وڵاتانە دەبێت پەیڕەوی بنەڕەتەکانی بازاڕی ئازاد بکەن و قەبارەی کەرتی گشتی کەم بکەنەوە و ئابوورییان بە تەواوی ئازاد بکەن لە دەستی دەستێوەردانی حکومەتەکانیان، ئەگینا ئەو دوو ڕێکخراوە ئامادە نین هیچ کۆمەکێکی دارایی ئەو وڵاتانە بکەن. ئەمەش بوو بە پێشمەرجی یارمەتی و قەرز پێدان.


لە ژێر کارتێکەری ئەو پاڵەپەستۆیەدا زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای لاتینی دەرگای بازرگانیان ئاواڵا کرد و کۆمەکە ئابوورییەکانیان بۆ پیشەسازی و کاروبارە ئابوورییەکانیان بڕی و کەوتنە ژێر ڕکێفی ئەو دوو ڕێکخراوە جیهانییەوە، دەرئەنجامی ئەو سیاسەتەش بۆ وڵاتە گەشەنەکردووەکان بەپێچەوانەی پێشبینییەکانی قوتابخانەی لیبڕاڵی نوێوە ماڵوێرانی و پاشکەوتنی ئابووری بەسەرهێنان.

گەر بڕوانینە خشتەی خوارەوە بۆمان دەردەکەوێت کە وڵاتانی ئەفریقا و ئەمریکای باشوور لە دەیەکانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا نەک هەر گەشەی ئابوورییان لە سایەی ئەو سیاسەتەی لیبڕاڵی نوێدا نەکرد بەڵکو ئابووریان بە شێوەیەکی بەرچاو داچوو. هەر بۆیە زۆر لە ئابووریناسان ئەو دوو دەیەیە بە دەیەی وونبوو ناوزەد دەکەن. لە لایەکی دەیکەوە تەنانەت وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقاش گەشەیەکی ئابووری ئەوتۆیان نەکرد لەو دوو دەیەیەدا. زۆر ئابووریناسان لەو بڕوایەدان کە ئایدیۆلۆجی لیبڕاڵی نوێ کێشەی زۆر گەورەی هەیە بۆ وڵاتانی گەشەکەر. لەوانە، شکستی بازاڕ، نەبوونی ڕوانگەیەکی ئاشکرا بۆ ئابووریی نیشتمانی لە لای بازاڕی ئازاد و زاڵبوونی کۆمپانیا فرەنیشتمانییەکان (Multinational Corporation) و ڕیگەگرتن لە کەڵەکەکردنی سەرمایە کە زۆر پێویستە بۆ دروستکردنی ژێرخانی ئابووریی وڵات لە قۆناغی سەرەتایی گەشەکردنی ئابووری و نەبوونی دامودەزگای پێویست لە وڵاتانی هەژاردا بۆ سەرپەرشتیکردنی کێشەکانی بازاڕی ئازاد و زۆری تر. لە هەمان کاتدا، بازاڕی ئازاد نەک هەر تێگەیشتنی نییە بۆ تەندروستی و کارایی ئابووری نیشتمانی، بەڵکو بەلاشییەوە مەبەست نییە، چونکە بازاڕی ئازاد ڕەهەند و ئامانجی خۆی هەیە کە جیاوازە لە ڕەهەند و ئامانجی نیشتمانی و گەشەکردنی کۆی ئابووریی نیشتمانێک.

ئەوەی جێگەی تێڕامان و هەڵوێستە، ئەزموون و ئاڕاستەی گەشەکردنی وڵاتانی باشووری ئاسیایە کە بە پێچەوانەی فەلسەفەی بازاڕی ئازادی لیبڕاڵی نوێەوە بەڕێوەچووە. بە پێچەوانەی وڵاتانی ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و پاسفیک کە ئوسترالیا و یابان و کۆریای باشوور و تایوان و تایلاند و سنگاپور و هۆنگ کۆنگ و چین و مالیزیا و نیوزیلەند و فلیپین و کەمبۆدیا و هەندی وڵاتی بچووکی دیکەش دەگرێتەوە لە تەواوی دەیەکانی هەشتاکانەوە هەتا دەگاتە ساڵی 2005 کە خشتەکە دەیگرێتەوە گەشەکردنێکی ئابووری بێ وێنەیان بە خۆوە بینی.
ڕێژەی سەدی گەشەکردنی داهاتی ساڵانەی تاکەکەس بە پێی کۆی گشتی بەرهەمهێنانی ناوخۆ بە دۆلاری ئەمریکی نەگۆڕ . 1970-2005
ناوچە جیاوازەکانی جیهان
1970
1975 1975
1980 1980
1985 1985
1990 1990
1995 1995
2000 2000
2005 2000
2005
ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و پاسفیک 3.8 5.2 5.9 5.8 8.9 5.3 7.3 6.0
ئەمریکای باشوور و وڵاتانی کاریبی 3.4 2.9 -1.6 -0.16 1.7 1.6 0.9 1.3
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا -- 0.7 1.5 -1.2 1.4 2.4 2.2 1.1
باشووری ئاسیا -0.03 1.3 3.1 3.6 3.0 3.5 4.6 2.7
نیمچە بیابانەکانی ئەفریقا 2.0 0.07 -1.7 -0.35 -1.4 0.8 2.0 0.1
وڵاتە کەم دەرامەتەکان 0.4 0.9 2.3 2.7 1.7 2.9 4.1 2.0
وڵاتە بەرزدەرامەتەکان 2.4 2.8 1.9 2.9 1.7 2.0 1.5 2.2
سەرچاوە: World Bank, World Development Indicators Online.

حکومەتی گەشەکەر (Developmental State)
پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئایا ئەو نهێنیيە گەورە و چارەنووسسازە چيیە کە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیای لە وڵاتانی هەژاری دیکەی جیهان جیاکردووەتەوە؟ ئابووریناسان لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی پێشوودا بەو بڕوایە گەیشتن کە هۆکاری سەرەکی بۆ گەشەکردنی ئابووری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا نەخشی حکومەتە لە ئابووریدا. هەر لەو دەمەوە زاراوەی حکومەتی گەشەکەر هاتەکایەوە. ئەڵبەتە بیرۆکەی چەمکی حکومەتی گەشەکەر دەگەڕێتەوە بۆ کارەکانی چاڵمەر جۆنسن (Chalmers Johnson 1931-2010) لە بارەی گەشەکردن و نۆژەنکردنەوەی ئابووری یابانەوە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە. هەر لەو دەمەوە مشتومڕێکی زۆر کراوە لە سەر پێکهاتەکانی حکومەتی گەشەکەر. بە کورتی حکومەتی گەشەکەر ئەو حکومەتەیە کە هێندە هێز و توانای سیاسی و ئابووری هەیە کە بتوانێ چوارچێوەیەک بدا بە ئابووریی وڵات و هەوڵبدات ڕێژەیەکی گەشەکردنی ئابووری بەدیبهێنێت کە بە گەشەکردن بناسرێت، ئەو ڕێژەیەش دەبێت لە %5 کەمتر نەبێت. بە واتەیەکی دیکە، ئامانجی سەرەکی حکومەتی گەشەکەر گەشەکردنی ئابووريیە و هەموو سیاسەتەکانی لە پێناوی ئەو ئامانجەدا چوارچێوە دەگرێت.


بێگومان، حکومەتی گەشەکەر پێکهاتە و خەسڵەتگەلێکی خۆی هەیە کە لەمانەدا کۆ دەبنەوە: هەبوونی هەڵبژاردەیەکی خاوەن دیدی گەشەکردن، ئۆتۆنۆمی حکومەت لە بەرژەوەندیيە تەسکەکانی چین و توێژە کۆمەڵایەتييەکان، دەسەڵاتێکی بێروکراتی کە بتوانێ چوارچێوە و ڕواڵەتی گەشەسەندن بە ئابووریی وڵات بدات. لاوازیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەدەستهێنانی ڕەوایی کۆمەڵایەتی لە ڕیگەی ئەدای فەرمانڕەوایی سەرکەوتووانەوە. بە واتایەکی دیکە، حکومەتی گەشەکەر ئەو حکومەتەیە کە ڕوانگەیەکی گەشەکەردنی درێژخایەنی هەیە بۆ ئابووریی وڵات و کەرەسە و ئامرازەکانیشی (سەرمایەی پێویست و هێزی کاری کارامە) بۆ دەگونجێنی.


کوردستان و فەلسەفەی ئابووری
پێی ناچێت حکومەتی کوردستان هیچ خەسڵەتێکی حکومەتی گەشەکەری تێدا بەدیبکرێت لە چەشنی ئەوانەی لە سەرەوە باسکران. حکومەت نەک هەر ڕوانگەیەکی تایبەتی بۆ گەشەکردنی ئابووری پاشەڕۆژی کوردستان نەبووە، بەڵکو تا ئێستا لە گێژاوەیەکی سیاسی ئابووریشدا سەرەوکاری ئابووری کوردستانی کردووە. ڕاستە ماوەیەک بەڵێنی ئەوەی کوردستان وێنەی دوبەی لێدەکەین، دووبارە بووەتەوە، بەڵام دوبەی هیچ کات مۆدێلێکی گەشەکردنی ئابووری نەبووە بۆ کوردستان. گەر هەموو تایبەتمەندییەکانی دوبەی بەلاوە بنێین، تەنیا پشتبەستن بە داهاتی نەوت بۆ کوردستان مایەی شکستی ئابوورییە. بۆیە پێویستە لێرەدا باس لەو چوارچێوە فەلسەفییە ئابوورییە بکەین کە حکومەتی کوردستان دەبوایە و ئێستاش دەبێت بەهەند وەری بگرێت، ئەگەر بیەوێت لە درێژخایەندا وەک حکومەتێکی مۆدێرن ڕەفتار بکات.

بە کورتی نەخشە ئابوورییە مێژووییەکانی حکومەتی کوردستان دەبێت لەمانەی خوارەوەدا بەدی بێت:
یەکەم: نەخشی سەرپەرشتیار؛ دەبێت حکومەت ئەرکی یاسادان و جێبەجێکردنیان بگرێتە ئەستۆ. لە کوردستاندا هەرچەندە ڕەنگە یاسای هاوشانی یاساکانی وڵاتانی پێشکەوتوو هەبن، بەڵام حکومەت توانا و دەزگای پێویستی بۆ جێبەجێکردنیانی تا ئێستا نییە.
دووەم: نەخشی بەرهەمهێنەر؛ پێویستە حکومەت سەرمایەی کۆمەڵایەتی (Social overhead) پێویست بەرهەم بهێنێت کە ڕێگە خۆشبکات بۆ گەشەکردنی ئابووری. بۆ نموونە جادەوبان و قوتابخانە و خەستەخانە و باخچە و جێگە گشتییەکان و...تاد.
سێیەم: نەخشی مامانی؛ پێویستە حکومەت یارمەتی کەرتی تایبەت بدات بۆ بەرهەمهێنانی نوێ، بەتایبەتی لەو بوارانەی کە لە بەرژەوەندی نەتەوەدان. ئەمەش ئەو بەرهەمانە دەگرێتەوە کە کەرتی تایبەت لە بەر هۆکاری مەترسی، یا کەم ڕێژەی قازانج ئارەزووی دامەزراندیانی نییە، هەرچەند بە پێشەسازی ستراتیجیش هەژماربکرێن. لەو بوارانەدا، ئەرکی حکومەتە مامانی لە دایکبوونی ئەو پیشەسازییانە بکات.
چوارەم: نەخشی شوانێتی؛ پێویستە حکومەت هەوڵی دامەزراندنی پیشەسازی نوێ بدات و ڕێگە خۆشکردنیان بۆ سازبکات. بۆ نموونە، بە شێوەیەکی گشتی توێژینەوە و گەشەپێدان ئەرکی حکومەتی گەشەکەرە و سوودەکانی بۆ هەموو نیشتمانە، بەڵام تێچووی زۆریان هەیە کە کەرتی تایبەت لە وڵاتانی هەژاردا توانای پاڵپشتکردنیانی نییە. لە هەمان کاتدا، هەندێ لایەنی پیشەسازی هەن کە تەکنەلۆجیای گرانبەها، یا ئاڵۆزیان پێویستە کە کەرتی تایبەت نە ئامادەیی هەیە بەکاریان بهێنێت و نە سەرمایەی ئەوتۆی هەیە بەدەستیان بهێنێت. لێرەدا ئەرکی حکومەتە ڕێ خۆش بکات بۆ وەدەستهێنان و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای لەو جۆرە کە بایەخی ستراتیجیان بۆ ئابووری و ئاسایشی نیشتمان هەیە.
بەداخەوە گەر بەو نەخشانەدا بچینەوە تێدەگەین کە حکومەتی کوردستان زۆر کەم لەو نەخشانەی بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانیوە و لە دەرەوەی دامەزراندن و گەشەپێدانی کەرتی نەوت و گاز ئەرکە ئابوورییەکانی وەک حکومەتێکی گەشەکەر بەجێنەهێناوە. لە ڕووی ژێرخانی ئابوورییەوە کە نەخشی دووەم دەگرێتەوە، حکومەت تا ڕادەیەک کاری لە سەر کردووە، بەڵام زۆر بە نیوە ناچڵ کە حەسوودییان پێنابرێت. لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێین کە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا سیاسەتی ‹بگەم بە دراوسێکانمدا›یان پەیڕەوکرد. واتە پلاندانان بۆ ئەوەی لە ڕووی گەشەکردنی ئابوورییەوە بگەنە دراوسێکانیان بە تایبەتی یابان. هەر بۆیە پلانی پێنج ساڵە و دە ساڵە و تەنانەت بیست و پێنج ساڵەشیان هەبوو. بۆیە حکومەتی کوردستانیش دەبێت سەیری ئابووری دراوسێکانی بکات و پلان دابنێت بۆ ئەوەی لە پاشەڕۆژدا بەوان بگات. تەنیا پشت بەستن بە داهاتی نەوت، وڵاتی شکستخواردوو درووست دەکات و ئێستا هەموو گەلی کورد باجی ئەو سیاسەتە نادروستە دەداتەوە. هەرچەندە ئێرە جێگەی ئەوە نییە بڵێین کە هەوڵەکانی چاکسازی ئێستای حکومەت لە کاتی قەیرانی دارایی ئێستادا ناچنە چوارچێوەی ئەو ئەرکانەی لەو چوار نەخشەی سەرەوەدا بەدی دەکرێن. لەوە دەچێت کە حکومەتی کوردستان جارێکی دی چاوەڕوانی ئەوە بێت نرخی نەوت بەرزببێتەوە و لە سەر شێوەی بەڕێوەبردنی ئابووریی جارانی بەردەوام بێت. گەر وابێت، کوردستان وەک هەموو وڵاتە نەوتییەکان لە جەژنەوە چاوەڕوانی قاتوقڕییەکی دیکە دەکات.

Top