دۆسیەی یاسایی پەیوەست بە مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی كوردستان- عێراق* (2) لە (3)
February 25, 2016
وتار و بیروڕا
و. لە عەرەبییەوە:
مەرجەكانی لكاندنی باشووری كوردستان بە عێراقی پێشنیازكراوەوە
هەرچەندە بڕیاری لكاندنی باشووری كوردستان بە عێراقەوە بە زۆرەملێ بوو، بەڵام كۆمەڵێك مەرجی یاسایی و سیاسی و نیشتمانیی پابەندكار هەبوون كە هاوكاتی پڕۆسەی لكاندنەكە بوون، گرنگترینیان بریتین لە:
أ: ماددەی(16)ی یاسای ئینتیداب لە ساڵی 1920.
ب: كۆنگرەی قاهیرە ساڵی 1921.
ج: بەیاننامەی بەریتانیی عێراقی هاوبەش ساڵی 1922.
د: راسپاردەكانی لێژنەی كۆمەڵەی گەلان (ویلایەتی موسڵ) ساڵی 1925.
ع: بڕیاری كۆمەڵەی گەلان سەبارەت بە داواكارییەكانی كورد لە ساڵی 1925.
ف: بڕیاری كۆمەڵەی گەلان لە ساڵی 1932.
ك: بەڵێننامەكانی عێراق – مەرجەكانی قەبووڵكردنی عێراق لە كۆمەڵەی گەلان لە ساڵی 1932.
لكاندنی كوردستان بە عێراقەوە بەپێی خواستی گەلی كورد نەبوو، تەنانەت لەو ریفراندۆمە رووكەشەشدا رەتكرایەوە كە بەریتانییەكان لە سەر هەندێك لە پیاوماقووڵان فەرزیان كردبوو، چونكە بەشداریپێكردنی هاووڵاتیان لە ریفراندۆمەكدا بەپێی پێوەرگەلێكی تایبەت بوو، وەك لە فەرمانگەی پشتپێبەستراوی باڵای بەریتانیی لە وڵاتی نێوان دوو رووباردا (A-8635 بەغداد) لە 1/6/1921 دا هاتبوو:
لە شاری سلێمانیی تەنیا ئەو هاووڵاتییانە مافی دەنگدانیان هەیە كە نرخی خانووەكانیان لە سەرووی 2000 رۆپییەوەیە. (ئەم مەرجەش تەنیا 200 ماڵی دەگرتەوە، كە 168یان لە دژی لكاندنەكە دەنگیان دا)، بەڵام سەرەڕای ئەمەش بەریتانیا هەر سوور بوو لە سەر لكاندنی باشووری كوردستان بە عێراقی پێشنیاركراوەوە.
لێرەدا بڕیارەكانی لكاندنەكە و مەرجەكانی دەخەینەڕوو:
بڕیاری لكاندنەكە:
لە كۆتاییدا بەریتانیا بڕیاری دا كوردستانی باشوور بە عێراقی پێشنیاركراوەوە بلكێنێت لە (22/2/1921)دا و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش لە كۆبوونەوەیەكیدا بڕیاری لەم بارەیەوە دا.
زاراوەكانی (هەرێم، گەل، دەسەڵاتی سیاسی) لە دەستوور و رێككەوتننامە كوردی – عێراقییەكاندا
كورد و كوردستان لە دەستوور و یاسا عێراقییەكاندا
أ: یاسای بنەڕەتیی عێراقی ساڵی 1925
ب: یاسای ئاڵای عێراقی ساڵی 1931
ت: دەستووری ساڵی 1958
ج: دەستووری كاتیی ساڵی 1968
د: دەستووری كاتیی ساڵی 1964
ح: دەستووری هەمواركراوی ساڵی 1968 بەپێی رێككەوتننامەی ئاداری 1970
ع: دەستووری ساڵی 1970
ف: پڕۆژەی دەستووری عێراق ساڵی 1990
ق: یاسای كاتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ساڵی 2004
ك: دەستووری كۆماری عێراق ساڵی 2005
بەیاننامە و رێككەوتننامە كوردی – عێراقییەكان
أ: بەیاننامەی ساڵی 1964
ب: بەیاننامەی 29 حوزەیرانی ساڵی 1966
ج: رێككەوتننامەی ئاداری ساڵی 1970
د: یاسای ئۆتۆنۆمیی ساڵی 1974
ح: بڕیاری ژمارە 986 ساڵی 1995 ی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان
پاساوەكانی یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی كوردستان – عێراق
1. حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق پابەند نەبوون بە بەڵێننامە و مەرجە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، نە لە پێش و نە لە كات و نە لە دوای دامەزراندنەكە، ئەمەش روونكردنەوەی ئەم قسەیەیە:
یەكەم: پێش دامەزراندن: عێراق پابەند نەبوو بەم بەڵێننامە نێودەوڵەتییانە:
أ: ماددەی (4) لە رێككەوتننامەی قاهیرە ساڵی 1921
ب: ماددەی (16) لە لائیحەی ئینتیداب ساڵی 1921
ج: راسپاردەكانی لێژنەی كۆمەڵەی گەلان لە بارەی ویلایەتی موسڵەوە ساڵی 1921
د: بڕیاری كۆمەڵەی گەلان لە (16/12/1925)
دووەم: لە كاتی دامەزراندندا:
أ: پابەندنەبوون بە رێنماییەكانی كۆمەڵەی گەلان ساڵی 1922
ب: پابەندنەبوون بە بەڵێنە هاوبەشەكانی بەریتانیا و عێراق لە (28/11/1922)
ج: پابەندنەبوون بە عورف و بەڵێنەكانی كۆمەڵەی گەلان ساڵی 1932 كە وەك مەرج وابوون بۆ قەبووڵكردنی عێراق لە كۆمەڵەی گەلان.
سێیەم: لە دوای دامەزراندن:
1. حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق پابەندنەبوون بەو بڕیار و رێككەوتننامانەی كە لە نێوان كورد و ئەواندا مۆركرابوون:
أ: بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە (11/7/1923)
ب: بەیاننامەی شوبات ساڵی 1964
ج: بەیاننامەی (29/6/1966)
د: رێككەوتننامەی ئاداری ساڵی 1970
ح: یاسای ئۆتۆنۆمی ساڵی 1974
ع: پابەندنەبوون بەو ماددانەی كە پەیوەست بوون بە شەریكبوون لە فەرمانڕەوایەتیدا لە دەستوورەكانی ساڵانی (1958)، (1964)، (1968) و (1970)، ئێستاش وادەردەكەوێت كە حكومەتی عێراق زۆر پابەندنەبێت بە دەستووری ساڵی (2005)ـەوە.
2. هەوڵە رێكخراوەكان بۆ دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی گەلی كورد لە دەستوورەكانی عێراق و لە لای دەسەڵاتدارە یەك لە دوای یەكەكانی:
أ: لە دەستووری ساڵی 1958 كە لە (30)ماددە پێكهاتووە:
ماددەی (1): دەوڵەتی عێراق كۆمارێكی سەربەخۆی خاوەن سەروەریی تەواوە.
ماددەی (2) عێراق بەشێكە لە نەتەوەی عەرەب.
ب: یاسای ئەنجومەنی نیشتمانیی سەركردایەتی شۆڕش ژمارە (25) ساڵی 1963 كە لە (20) ماددە پێكدێت و تیایدا شراكەتی كورد و عەرەبی هەڵوەشاندۆتەوە.
ج: دەستووری كاتیی ساڵی 1964 كە لە (106) ماددە پێكهاتووە:
ماددەی (1): كۆماری عێراقی دەوڵەتێكی دیموكراتیی سۆشیالیستییە، بنەماكانی دیموكراسیی و سۆشیالیستییەكەشی لە كەلەپووری عەرەبی و رۆحی ئیسلامەوە وەردەگرێت. گەلی عێراقیش بەشێكە لە نەتەوەی عەرەب و ئامانجیشی یەكێتی عەرەبیی گشتگیرە كە حكومەت پابەند دەبێت بە كاركردن لەسەر بەدیهێنانی لە نزیكترین كاتدا بە دەستپێكردنی یەكگرتن لەگەڵ كۆماری عەرەبی یەكگرتوو.
د- دەستووری كاتیی (21/9/1968)
3- پاكتاوكردنی نەژادیی و بەعەرەبكردنی نەخشەبۆكێشراو:
أ: مەرسومی كۆماری دەرچوو لەلایەن سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقەوە و، واژۆكراو لەلایەن سەرۆك كۆمار(أحمد حسن البكر)ـەوە بە ژمارە (33) ی بەرواری 25/1/1976 كە چەند فرمانێكی لەخۆگرتبوو بۆ گۆڕینی ناوی ناوچە كوردییەكان بۆ ناوی عەرەبی و ئەنجامدانی گۆڕینی ئیداریی بەم ئاراستەیە.
ب: بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش ژمارە (199) لە (6/9/2001) كە دەڵێت: هەر كەس لەسەر زەوی عەرەب بژی، بە عەرەب ئەژمار دەكرێت، هەر كوردێكیش نەتەوەی خۆی بگۆڕێت بۆ عەرەبیی لە ئاسەوارەكانی پڕۆسەی تەعریب دەرباز دەبێت و گشت مافەكانی بۆ دەگەڕێتەوە).
ج: بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش واژۆكراو لەلایەن سەرۆك كۆمار(صدام حسین)ـەوە بە ژمارەی (850) لە (27/11/1988) كە لە (4)ماددە پێكدێت، لە یەكەمیاندا جەخت لە سەر قەدەغەكردنی گۆڕینی ناسنامەی عەرەبیی دەكات بۆ ناسنامەیەكی دی.
د: بڕیاری ژمارە (20/85)ی بەرواری (20/1/1997) بۆ دانانی میسرییەكان لە جێگەی كوردە كۆچپێكراوەكان.
4. دانپێدانانی فەرمیی عێراق بە تەعریب و جینۆساید:
حكومەتی عێراق بە شێوەیەكی فەرمی دانی ناوە بە روودانی پڕۆسەی تەعریبكردن لە دژی كوردان، ئەوەش لە:
ماددەی (8)ی رێككەوتنامەی 11 ئاداری ساڵی 1970
بڕگەی (ب) لە ماددەی (58) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی راگوازراوەیی ساڵی (2004).
ماددی (140) لە دەستووری عێراقی ساڵی (2005).
لێژنەی پێكهاتوو بەپێی فرمانی دیوانیی بۆ ناولێنانی سەرۆك و ئەندامانی لێژنەكە بە نووسراوی ژمارە (م ر ن /48/ 1373) لە (9/8/2006).
5. ئیدانەی نێودەوڵەتی:
بەهۆی هەوڵەكانی عێراقەوە لە كاتی داگیركردنی كوێتدا بۆ گۆڕینی پێكهاتەی دیمۆگرافیی دانیشتووانی كوێت، بڕیاری ئیدانەكردنی عێراق دەرچوو لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بە ژمارە (677) لە (28/11/1990).
6. دانپێدانانی فەرمیی عێراق بە جینۆساید:
لە دانیشتنی نۆیەمی پەرلەمانی عێراق لە(14/4/2008)دا، شاڵاوی ئەنفال بە جینۆساید و جەنگ لە دژی مرۆڤایەتی ناسێنراو، سەرۆكایەتی كۆماری عێراقیش ئەو بڕیارەی پەسەند كرد بە بڕیاری ژمارە(26)ی (2008)خۆی.
دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراقدا (4) بڕیاری دەرچوواند بەپشتبەستن بە
ئەحكامەكانی ماددەی (132)ی دەستووری هەمیشەیی ساڵی (2005).
ماددەی (204)ی یاسای مەدەنی ژمارە(140)ی ساڵی (1951).
كە تیایدا تاوانەكانی رژێمی پێشووی عێراقی دەرهەق بە گەلی كوردستان لە ئاوارەكردن و كۆچپێكردن و رووخاندنی گوندەكان و پرۆسەی ئەنفال و كیمیابارانكردندا بە قڕكردنی بەكۆمەڵ و جینۆساید ناساند.
تێبینی:
ئەم دۆسیەیە بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزیی ئامادەكراوە لەلایەن (بۆردی مافی چارەنووسی گەلی كوردستان – عێڕاق) سەر بە یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان، منیش وەك راوێژكاری بۆرد لەزمانی عەرەبییەوە وەرمگێڕاوە بۆ زمانی كوردی و، بەباشم زانی لەم ساتەدا بەسێ بەش خوێنەرانی گۆڤاری گوڵانی ئازیزی پێ ئاشنا بكەم . ئەمەش بەشی دووەمی بوو.